پەیـ(کەر) ەکەی زیرەک میرە!
ھادی حەمەڕەشید
ووتراوە؛نوسەر و ھونەرمەند و داھێنەران تا ئەو ساتە خاوەنی بەرھەمەکانیانن کە پێشکەشیان نەکردووە و دوا وێنەیان نەخستووەتە بەرچاوی خوێنەر و بینەر و بیسەر…بەم پێودانگە گرنگ نییە بەلامەوە کە پەیکەرە نوێیەکەی ھونەرمەند(زیرەک میرە)لە دنیابینی خۆیدا کام پەیامی ھەڵگرتووە؟،چ بۆشاییەکی لە دنیای ھونەری ئێمەدا بەدی کردووە و ھەوڵی پڕکردنەوەی ئەدات؟بەڵکو لای بەندە گرنگە کەوا بەر لەھەر شتێک،لایەنی کەمی پسپۆڕی لەم بوارانەدا ڕەچاو بکرێت،خوێندنەوە و کنە و پشکنینێک کە پشتئەستوور بێت بە پسپۆڕی بەھا و سەنگی تایبەت دەدات بە ڕا و سەرنجەکانی خاوەنەکەی…،مادام بەرھەمەکە بۆ جەماوەری بوارەکەی خۆیەتی،سەرەتاییترین مافی ھەریەکێکمانە کە خۆبەخۆ پەیامە شاراوەکەی ئەو بەرھەمە ببینین و چۆن ئەمانەوێت لە زیھنی خۆماندا وێنای بکەین،بەڵام ئەوەی ناکرێت ئەوەیە کە ئەو تێگەیشتنانەی خۆمان وەک حەقیقەت بە ئەوانیتر بناسێنین..
لەدوای ڕاپەڕینەوە خەڵکی ھەرێم بە گشتی خەریکی دەست و پەنجە نەرمکردنین،لەگەڵ ڕایەکی باوی (تێشپەڕ)ی پێش وەخت بڕیار لەسەر دراودا،بە جۆرێک؛کە خەریکە گیرۆدەی بێسەروبەرەیی میدیایی و نازانستی خوێندنەوەی دۆخەکەمان دەکات.
ڕەنگە گرفتی پەلەبڕیاردان لەم جۆرە خوێندنەوەیە دا،گرفتی یەکەم و گرفتە گەورەکە نەبێت،بەڵکو کێشەی سەرەکی(جەھل)ی درک پێنەکراوە!.کاتێک کە یەکێکمان ئاگاداری وردینەی پرسێکی دیاریکراو نەبین،چۆن بتوانین قسە لە کەم وکوڕی و دزێوییەکانی،یان تەواوی و جوانییەکانی بکەین؟!
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و تایبەتتر فەیسبووک وەک میدیایەکی تاکەکەسی،ئاشکراکردنی ڕای ھەریەکێکمانی لەسەر بابەتێکی جیاواز خێراکردووە،و بەئاسانی ھەریەکێکمان دەستمان بە دنیابینی و بیروڕای ئەوی دی ڕادەگات…بەدەر لە ڕاپۆرت و بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکانی میدیاکان،بە بینراو و بیستراو و نوسراوەوە،سەرنج و کۆمێنتی ھەندێک لە ھاوڕێیان لە فەیسبووک،لەسەر ئەو کارە نوێیەی(زیرەک میرە) بۆ من جێگای سەرنج بوو،نامەوێت بە دیاریکراوی قسە لەسەر ھیچ یەکێک لەو سەرنجانە بکەم،چونکە ئەگەر کۆمێنتێکی کورت و خێرام ھەبوو بێت،ھەوڵمداوە لە چوارچێوەی ڕەوشتی ھاوڕێیەتی و دۆستانەدا بیخەمە ڕوو،بەڵام لە ھێڵی گشتی زۆربەی نووسین و کۆمێنتەکاندا،ھەڵگری پەیامێک بوون لە چەند خاڵێکدا،پەیامی سوکایەتیکردن؛بە مرۆڤ،ھونەر،پۆشاکی فەرمی(قات و بۆینباخ)،شاری ڕۆشنبیری(سلێمانی)…دواجار زۆربەیان سەریان سوڕماوە کە چۆن دەسەڵات مۆڵەتی دانانی ئەم پەیکەرە دەدات،بەڵام ڕێگری لە دانانی پەیکەری شەھید سەردەشت دەکات و چاوی بە پەیکەری شەھید گەرمیان ھەڵنایەت و لە پەنھاندا بەشێکی تێکدەشکێنێت!!.
من ئەمەوێت لە ڕستەی کۆتایی سەرنجەکانەوە دەست پێبکەم؛کە بەتەواوی ھاوڕام لەگەڵ ھاوڕێیاندا،بەئاسانی درک بە ترس و تۆقینی دەسەڵات دەکەین لە پەیکەری ئازادی کە ھونەرمەندانی ھەولێر بیریان لێکردبووەوە و گەڵاڵە و نەخشەکەیان بۆ داڕشت بوو،وەک ھێمایەک بۆ شەھیدی ئازادی کە سەردەشت عوسمان بوو،دیسانیش شکاندنی بەشێک لە پەیکەرە ژیکەڵەکەی شەھید گەرمیان لەچەمچەماڵ ئاماژەیەکی ڕوون بوو بە قەڵسی و بێزاری دەسەڵات لەو پەیکەرە،بەڵام بۆچی دەبێت کاتێک دەسەڵات بە زەبر و زۆری دەسەڵاتەکەی ڕێگری لە دانانی پەیکەر دەکات،ئێمەش وەک ئەو و لەژێر جەبری کۆمەڵایەتی و چەند پاساوێکدا تێبینیمان لەسەر دانانی پەیکەرێکی دیکە ھەبێت؟!
پاشان بۆ دەبێت؛ئێمە بە(تآمري) لەم پرسانە بڕوانین؟،پێمان وابێت؛مادام دەسەڵات ڕێگا بە دانانی چەند پەیکەرێک نادات،کەواتە ڕێگا بەھەر پەیکەرێک بدات،ئەوا پەیکەرسازەکە سەربەدەسەڵاتە و کارەکەشی کاری دەسەڵاتە؟!!ئەم تێڕوانینە تا دێت بەرەی دەسەڵات قەرەباڵغ و بەرەی جەماوەری ناڕازی و بێلایەنیش چۆڵ و چۆڵتر دەکات!.
ھەرچیش تایبەتە بە سوکایەتی ئەوا بەڕای بەندە؛پێویستمان بە وردەکاریی زیاتر دەبێت،ھەموومان ئەزانین ئەم کارە ھونەرییە و ھەر لێکدانەوەیەکیش کە داڕنرابێت لەتێڕوانینی ھونەری و لەدەرەوەی ھونەر بۆی بکرێت،بەرگی نالۆژیکی دەکات بەبەری ئەو لێکدانەوەیەدا…
(ڕەمز)یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ھونەر،و ھونەرمەند ناتوانێت بێ نیازبێت لێی،تەنانەت خوای گەورە لەزۆربەی پەیام و کتێبەکانیدا کە بۆ مرۆڤایەتی ڕەوانە کردووە
،ڕەمز چ وەک ھۆکاری ڕوونکردنەوە و ئاسانکردنی پەیامەکە،چ وەک جوانکاریی و ڕازاندنەوەی ڕستەکانی بەکار ھێناوە(ئەو پەیامانە وەک نموونەیەکی ئەدەبی و ھونەری باڵا)،لێرەدا تەنیا وەک نموونە؛چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز کە ھەندێک لە مرۆڤی خراپەکار و نەفامی وەک ئاژەڵان و تەنانەت(گوێدرێژ)و بگرە خراپتر وێنا کردووە،بە بێ ئەوەی چاوپۆشی لە پۆشاک و پیشە و شوێنی نیشتەجێیان بکات!.
ھەروەک دەبینین لە سورەتی(أعراف/١٧٩)دەفەرموێت:(….أُوُلَىئِك کالأنعامِ بَل هُم أضَلُ…. )
یان لە سورەتی (الجمعة/٥)دا دەفەرموێت: (مَثَلُ اڵذِین حُمِلُوا التَوراىةَ ثُمَ ڵم ێحمِلُوھا کَمَثلِ الحِمارَ ێحمِلُ أسفارا… )
ئەدەبی میللەتان و کوردیش بەدیاریکراوی لێوڕێژە لەم بەکارھێنانی ڕەمز و لوغزە،وەک ھونەرمەندی شێوەکار ئاماژەی پێداوە،ئیلھام و بیرۆکەی پەیکەرەکەی لە شیعرێکی(نالی)یەوە وەرگرتووە،کە یەکێک لە شاکارەکانی نالییە،و م.عەبدولکەریمی مودەریس ئەڵێت:ئەم شیعرە ھەستێکی بەرزی میھرەبانی بەرامبەر بە گیاندارانی تێدایە،نالی بەم شیعرەی شایانی ئەوەیە بەیەکەم ھونەرمەندی کوردی گیانەوەردۆست دانرێ.
شیعرەکە چەند بەیتێکە،ڕەنگە بیرۆکەی پەیکەرەکەی میرە لەم سىَ بەیتە ناوازەیدا کۆبووبێتەوە:
هــــهى كـــــهريَــــكــــم بـــوو،چ پــــهيــــــكــــهر؟تــــهى كـــــهرى هـــــهوراز و لـــيَـــــــــژ
ســـــيـــــنــــــه پـــــان و،مــــووچــــه كــــــورت و،شــــانـــــه بــــهرز و،گـــــوىَ دريَــــــــژ
* * *
عـــــاقـــڵــێ بــــــوو نــــــاوی (کــــەر) بـــــوو،قــــــــاتــیــعـی ڕێـــــــگــــەی ســـــەفـــــەر
خـــــۆش ســلـــووکــتــر بــــوو لــــە ســـــەد وێـــڵــداشــــی ھـــەرزە و گــــێــــژ و وێــــــژ
* * *
چــــــەنــــدە پــــــێـــــم خـــــــۆش بــــــوو،زوبــــانــــــی حــــــاڵــــی دەیــــــــوت”نـــــالــــیــا”
ھـــەردوو حــــەیــــوانــــیـــــن،ئـــەتــــۆ گــــوێ کــــورت و ئــــەمــــنــــیــــش گـــوێ درێـــژ
ئێستا پرسیارەکە ئەمە؛کە خوای گەورە،وەک زاتی بەدیھێنەری گەردوون،لە کتێبە پیرۆزەکانیدا فێری ڕەگەزێکی ھونەری وەک ڕەمزمان دەکات،بۆچی نەنگی بێت ھونەرمەندێک پەیڕەوی لێ بکات؟!!
یان چەندین زانا و شاعبر و داهيَنهرى وەک نالی ومەحوی و شێخ ڕەزا و قانیع پەیڕەویان لەم ھونەرە کردبێت،لەسەردەمێکی زۆر لە ئێستا دواکەوتووتر،بۆ دەبێت ئەم پەیکەرە تووشی شۆکمان بکات،ھەر یەکێک لەم نموونانە واتای قوڵ وھەڵگری پەیامی مرۆیی گەورەن،ھەروەک ناکرێت وا تێگەیشتبین ئەم ھونەرمەندە بەبێ بوونی پەیامێک ئەم پەیکەرەی دروست کردبێت…ئەو برادەرانەش کە خەمی (بێڕێزکردن)ی (قات و بۆینباخ)یان بووبێت،ئەوا بێباک بن؛ئەوە خودی پەیامەکەی(زیرەک میرە)یە،کە ئەیەوێت بڵێت: زۆرن بە پۆشاک پۆشتەوپەرداخن،بەڵام بەعەقڵ دەبەنگ و گەلۆرن!!
(زیرەک) بەم کارەی نەک شاری سلێمانی ڕووبەڕووی کاری ناشایستە نەکردووەتەوە، پەڵکو مەڵۆیەکیتر دەخاتە سەر خەرمانی ڕۆشنبیری شارەکە…دەستتخۆش بۆ بوێرییەکەت.