نوچەنێت:تایبەت
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو لە لایەن چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبیە لە خورماتوو ھێرشکراوەتە سەر ماڵی ئەفسەرێکی پێشمەرگەی کوردستان و دەڵێت “نییەتی حەشدی شەعبی خراپە و دەیانەوێت لە و قەزایە جارێکیتر شەڕ هەڵگیرسێنن”.
لەمانگی نیسانی ساڵی رابردوو، لە قەزای خورماتوو شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکوردییەکان و هاوڵاتیانی ئەو قەزایە روویداو ،لەو کاتەوە تا ئێستا تەنیا شەڕ وەستاوە، ھەڵکۆتانە سەر ماڵان و دەرکردن و رفاندنی ھاوڵاتیانی شارەکە ھەر بەردەوامە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موقەدەم فارووق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، لەبارەی ھێرشکردنە سەر ماڵی ئەفسەرێکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو قەزایە رایگەیاند: شەوی رابردوو لەناو سەنتەری خورماتوو، لە لایەن چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبیەوە بە نارنجۆک ھێرشکراوەتە سەر ماڵی ئەفسەرێکی سەر بە یەکەکانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی ھیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
فارووق ئەحمەد دەڵێت “هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە لێدانی سەنگەر و دانانی بەربەست کردووە لە قەزای خورماتوو، ئەمش نیشانەی ئەوەیە، کە نییەتی حەشدی شەعبی خراپە و دەیانەوێت لەو قەزایە جارێکی تر شەڕ هەڵگیرسێنن، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا ھاوڵاتیانی کورد زیاتر دەکرێنە ئامانج”.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو لەبارەی باراستنی ئەمنی شارەکەوە گوتی “بڕیاربوو ھێزە سەربازییەکان لە شارەکە بچنە دەرەوە و پاراستنی رەوشی ئەمنی خورماتوو بکەوێتە ئەستۆی ھێزێکی ھاوبەش، بەڵام تائێستا ھیچ ھێزێک لە خورماتوو نەچووەتە دەرەوە”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات، کە ماڵی ئەو ئەفسەرە کوردەی، کە هێرشیکراوەتەسەر دەکەوێتە نزیک مەڵبەندی یەکێتی و ئەو ناوچەیە، کە زیاتر لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی حەشدی شەعبیدایە و ئەوان بەرپرسن لەپاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی کورد لەو ناوچەیەدا و دەشڵێت “ئەو بڕیارانەی بۆ ھێزە ئەمنییەکان دەرکرابوون، کە رەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ھیچیان جێبەجێ نەکراون”.