بارزانی لە ساڵیادی راپەڕین پەیامێكی بڵاوكردەوە

0

نوچەنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی 26 ساڵ بەسەر راپەڕینی خەڵكی باشووری كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بیست و شەش ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لەدژی ستەم و زۆرداری و داگیركاریدا تێدەپەڕێت. ئەو ڕاپەڕینەی ئەزموونێكی بێوێنەی مێژووی گەلی كوردستانە لە یەكڕیزی و سەركەوتندا. یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان و پاڵپشتیی گەل بوو بەهۆی بەدیهاتنی سەركەوتنی ڕاپەڕین كە خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێك لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بوو و ئەو پارلەمان و حكوومەت و هەڵبژاردن و ئازادی لێكەوتەوە.

یەكڕیزی و یەكدەنگی وانەی پڕبەهای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ـە هەم بۆ ئێستا و بۆ نەوەكانی ئاییندەیش. ئێستا كە گەلەكەمان لە قۆناغێكی پڕ لە دەرفەت و تەحەدیاتدا دەژیێت، لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە زیاتر لە هەر كاتێك پێویستیمان بە هەست بە بەرپرسیارێتی و یەكڕیزی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانە، بۆ ئەوەی سەركەوتنەكان مسۆگەر ببن و ئەو قۆناغە هەستیارە بە سەركەوتوویی تێبپەڕێنین.

یادی ڕاپەڕین لە كاتێك دەكەینەوە كە پێشمەرگە قارەمانەكانمان سەركەوتنی مەزنیان لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش تۆمار كردووە، گەلی كوردستان قوربانی داوە و تەحەمولی سەختی و قۆناغە دژوارەكانی كردووە، بۆیەشە باشترین وەفا و وەڵام بۆ ڕاپەڕین و پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلی كوردستان سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەكجارەكیە. بە پێویستی دەزانم ئەوە بە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان ڕابگەیێنم كە ئاییندەیەكی گەش و ڕووناك چاوەڕێی وڵاتەكەمان دەكات و ڕاپەڕین و خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەل بەرهەم و ئەنجامی دەبێت.

لە یادی ڕاپەڕیندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان و ڕێز و پێزانینم بۆ ئەو تێكۆشەر و قارەمان و هاووڵاتییانە هەیە كە ڕۆڵیان لە ڕاپەڕین و یارمەتیدانی پێشمەرگە و سەرخستنی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستاندا هەبوو.

مسعود بارزانی
5ـ 3ـ 2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com