نوچەنێت
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هاوبەشی بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵدەبین.
رۆژی 9-11-2016 بارزانی لە نامەیەکدا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترامپ کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا، لە نامەکەدا بارزانی رایگەیاندبوو “هیوادارم لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییە گرنگ و تازەتان سەركەوتوو بن، هیواخوازیشین ئەو یارمەتی و هاوپەیمانییەمان لە ئاییندەدا زیاتر بەردەوام و پتەوتر بێت. گەلی كوردستان چاوەڕوانی پشتیوانییەكی تەواو لە جەنابتان دەكات بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی”.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر “هاوکاری و شەراکەتی نێوان هەردوولا کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبین”.
لەو نامەیەدا، ترامپ سوپاسی بارزانی کردووە، کە لەکاتی هەڵبژاردنیدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، نامەی پیرۆزبایی ناردووە و تەئکیدی کردووەتەوە “ئەگەرچی تەحەدیاتی زۆر لە رێگاماندا هەن، بەڵام بە هاوبەشی دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبین و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بپارێزین و ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوە دابینبکەین”.