بارزانی: کە سەرۆکایەتیم قبوڵکرد هەموو هیواو ئاواتم ئەوە بوو کە شەڕی خۆکوژی شەڕی ناوخۆی کورد نەهێڵم
نە خۆم بەسەرۆک دەزانم نە خۆم بەحاکمی کوردستان دەزانم من پێشمەرگەی کوردستانم
هەرکات ئێوە تەسەور بکەن بونی من لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆسپە لەڕێی پێشوەچونی کوردستان خۆم پێتان دەڵێم خوا حافیز
نوچەنێت
لەوتەیەکدا کە بۆ پیرۆزبایی نەورۆز ئاراستەی خەڵکی کوردستانی کرد. بارزانی سەرۆکی کوردستان ئاشکرای کرد. کە بۆچی بووە بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند خۆی بەحاکمی کوردستان نازانێت و هەرکات بزانێ کۆسپە لەبەردەم پێشکەوتنی کوردستان ئامادەی خواحافیزییە.
لە وتەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بەچەند خاڵێک بەرنامەی چاکسازی خستەڕوو. ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ حزبێک بۆی نییە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکانی دەرەوە هەبێت. داوای لەهەموو حزبەکانی کوردستانیش کرد زمانی توندی راگەیاندن لەدژی یەک راگرن و زمانی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزی بگرنەبەر و وتی”باش بیر بکەنەوە. بەم سیاسەتە کوردستان بەرەو کوێ دەچێت؟” ئەوەشی وت کە لەگەڵ حکومەتی بنکە فرەوان و چاکسازیە. بۆ گۆڕانکاریش گەڕانەوە بۆ سندوقەکانی دەنگدانی بە ڕێگای راست زانی وتیشی”حەزناکەم ئەجێندای حزبەکان تێکەڵ بەداوای رەوای خەڵک بکرێت”.
هەر لەوتەکەیدا سەرۆکی کوردستان تێگەشتنی بۆ گەنجان ئاشکراکرد و داوای لەگەنجان کرد، کە خەڵکی پێش ئەوان تائەمڕۆ هێناویانەو ئەوان لەئێستا بەدواوە مەسیرەکە تەواو بکەن، بەڵام رابردویان نەسڕنەوە، روو لەگەنجان وتی”ئێوە خۆشەویست و کوڕی ئێمەن، چاوتان ماچ دەکەم و ئایندە لەسەر شانی ئێوەیە”.
سەرۆکی کوردستان لەوتارەکەیدا ئاشکرای کرد کە بۆ چی مەبەستێک سەرۆکایەتی قبوڵ کردووە و تاکەی سەرۆکایەتی دەکات و وتی” بەنسبەت خۆم خوشک و برایانی خۆشەویست، جەماوەری تێکۆشەر، من کە سەرۆکایەتی هەرێمم قبوڵکرد، بۆ ئەوە نەبوو پێم بڵێن سەرۆکی هەرێم، یان ببمە حاکمی کوردستان، من مەبەستی ترم هەبوو، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە، یەک هەموو هیواو ئاواتم ئەوە بوو کە شەڕی خۆکوژی شەڕی ناوخۆی کورد نەهێڵم، دوو ، ماڵی کورد ڕێکخەینەوە ئاسەواری شەڕەکانی خۆکوژی نەهێڵین، سێ پەیوەندییەکی دیبلۆماسی لەسەر بنەمایەکی مەحکەم، لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروست بکەین، مەبەستم ئەوە بوو ئەم چەند ئامانجە بەجێبگەیەنم، تەقیمەکەش بۆ خەڵکی کوردستان بەجێدەهێڵم، ئەگەرنا من ئێستاش پێتان ئەڵێم پێشتریش وتومە لەمەودواش دەیڵێم، هەرکات ئێوە تەسەور بکەن بونی من لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆسپە لەڕێی پێشوەچونی هەرێمی کوردستان، کەس لەمن ئاسانتر نییە و خۆم پێتان دەڵێم خوا حافیز، ئێستاش دەڵێم نە خۆم بەسەرۆک دەزانم نە خۆم بەحاکمی کوردستان دەزانم من پێشمەرگەی کوردستانم و برای هەمووتانم”.
بۆ بینی تەواوی وتارەکەی سەرۆکی کوردستان کلیک لەم لینکە بکە.