مه‌رگی دیكتاتۆره‌كان

0

مه‌رگی دیكتاتۆره‌كان

“مه‌رگی وه‌حشیگه‌ریی ئابوری‌و سیاسی‌و شارستانی”

دیكتاتۆر چه‌ند دڕنده‌ بیت له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌رپرسیار‌و زیندوودا جگه‌له‌ بونه‌وه‌رێكی زه‌لیل‌و تاوانبار‌و دۆڕاو هیچی دیكه‌ نییه‌

  ئاسۆ جه‌بار

مه‌رگی دیكتاتۆر، واته‌ مه‌رگی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های حیزب‌و سه‌ركرده‌‌و به‌رپرس‌و كاسه‌لێس‌و نائیسان‌و نانبڕ‌و مه‌رگی ده‌ره‌به‌گ‌و بكوژ‌و مه‌رگی میدیای زه‌به‌لاح‌و چه‌واشه‌كار‌و ئاشكرابوونی دۆسیه‌ قێزه‌وه‌نه‌كانی ئه‌و سیستمه‌ دیكتاتۆرییه‌ ناشرین‌و نائه‌خلاقییه‌ی كه‌ پێكڕا هێزگه‌لێكی ناشارستانی‌و نائیسانی بوون بۆ به‌رپاكردنی فه‌زایه‌كی كوشنده‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ئابوری‌و سیاسی‌و شارستانی‌و رۆشنبیری‌و كولتوریی. مه‌رگی دیكتاتۆر واته‌ مه‌رگی سانسۆر‌و ده‌ره‌به‌گایه‌تیی حیزبی‌و حكومی به‌سه‌ر ژیان‌و گوزه‌ران‌و چاپ‌و بڵاوكراوه‌كانه‌وه‌ـ واته‌ مه‌رگی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ چاوچنۆكه‌كانی حیزب‌و ئاشكرابوونی دزیی گه‌وره‌‌و پڕۆژه‌ی وه‌همی‌و تاڵانكردنی كۆمه‌ڵگه‌‌و ئاشكرابوونی ستراتیژی داگیركردن‌و تاكتیكی كوشنده‌.

ئه‌م نوسینه‌ ته‌رخانده‌كه‌ین بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر دیارده‌یه‌كی شارستانی زیندوو، دیارده‌یه‌ك كه‌ مێژوو ده‌توانێت شانازی گه‌وره‌ی پێوه‌بكات، كه‌ پێكڕا په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵ‌و هه‌مه‌لایه‌نی هه‌یه‌ به‌ ژیانی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوری سه‌رله‌به‌ری ئینسانه‌كانه‌وه‌. رووداواكانی ئه‌م دواییانه‌ پێمان ده‌ڵێن: دیكتاتۆره‌كان چه‌ند دڕنده‌ بن، كۆمه‌ڵگه‌یان بۆ خامۆش ناكرێت‌و شه‌قامه‌كانیان بۆ قفڵ نادرێت، چه‌ند بكوژ‌و چه‌وسێنه‌ر‌و عه‌سكه‌رتاری بن ناتوانن شاره‌كان گڕ تێبه‌رده‌ن‌و هاوڵاتیان ره‌شبه‌گیر‌و ره‌شه‌كوژ بكه‌ن.

وه‌كچۆن دیكتاتۆره‌كان له‌خۆیانه‌وه‌ دروست نابن، هاوكات سته‌مكاریش رێكه‌وتێكی خێرا‌و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ نییه‌، سته‌مكاریی ته‌نها بریتی نییه‌ له‌داپڵۆسین‌و كوشتن‌و وێرانكاری‌و پڕكردنه‌وه‌ی زیدانه‌كان، سته‌مكاری جیهانبینییه‌كی گه‌وره‌ی پێكهاته‌یی ئالۆزه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی شارستانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌واته‌ وه‌كچۆن سته‌مكاریی جه‌سته‌یی له‌ئارادایه‌، سته‌مكاریی مێژوویی‌و شارستانی‌و رۆشنبیری‌و حیزبی‌و په‌روه‌رده‌یی‌و ئابوری‌و سیاسی‌و ده‌روونی‌و به‌ڕێوه‌بردن پێكهێنه‌ری ئه‌و سیستەمه‌ نالۆژیكی‌و وێرانكاره‌یه‌ كه‌ وێرانكار‌و پێكهێنه‌ری كڵێشه‌یه‌كی دیاریكراوی كۆنترۆڵكردن‌و خاڵیكردنه‌وه‌ی هه‌ر پێكهاته‌‌و دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ له‌جیهانبینییه‌ جیاواز‌و سه‌ربه‌خۆكان‌و پڕكردنه‌وایان به‌ كه‌ره‌سته‌گه‌لێكی دیكتاتۆری‌و نائه‌خلاقی‌و نالۆژیكی تائاستێكی قوڵی زه‌بروزه‌نگ.

كاتێك دیكتاتۆره‌كان ده‌بن به‌خاوه‌نی هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی، هه‌ر له‌سوپای ئاماده‌باشه‌وه‌ تاده‌گاته‌ چه‌كی قورس‌و بۆمبی كیمیاوی‌و به‌كتریی‌و بایلۆژی‌و ئه‌تۆمی، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ دیكتاتۆر له‌دایك ده‌بێت، به‌ مانایه‌ك ته‌نها جه‌به‌روتی سوپا‌و هێزی میلیتاری ناتوانن دیكتاتۆر دروستبكه‌ن، نه‌خێر بۆنمونه‌ چۆن كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری دیكتاتۆره‌ راسته‌قینه‌كانن، هاوكات زۆركات یاسا ده‌توانێت مه‌ترسیدارترین سیستمی دیكتاتۆری بخولقێنێت، زۆرجار مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو یان ده‌سه‌ڵاتێكی ئاینی یان ئیئتلافێكی حیزبی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی پێكڕا ده‌توانن به‌رهه‌مهێنه‌ری زه‌به‌لاحترین سیستمی دیكتاتۆری بن، هه‌ر له‌دیكتاتۆرییه‌تی ئابورییه‌وه‌ تاده‌گاته‌ دیكتاتۆریه‌تی كارگێڕی‌و سه‌ربازی‌و داموده‌زگایی‌و پۆلیسی‌و میدیایی‌و ئیستیخبارێتی‌و نه‌ته‌وه‌یی. 

زۆر به‌ساده‌یی بۆنمونه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌كی ده‌ستوری ده‌توانێت له‌یه‌كچركه‌ی غافڵگیردا مه‌ترسیدارترین دیكتاتۆر‌و مه‌زنترین فاشیستت بۆ دروستبكات، هاوكات پێبه‌ندی‌و هوتافكێشانێَكی كوێرانه‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی شه‌ڵاڵ له‌گه‌نده‌ڵی‌و پێشێلكاری مافی مرۆڤ ده‌كارێت به‌رهه‌مهێنه‌ری دیكتاتۆرێكی راسته‌قینه‌‌و زیندوو بێت.

قوڕسترین شۆڕش، شۆرشه‌ به‌سه‌ر دیكتاتۆره‌كاندا، قوڕسترین شه‌ڕ شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دیكتاتۆره‌كاندا. به‌ڵام ئاسانترین كار دروستكردن‌و داتاشینی دیكتاتۆره‌، مێژوو ئه‌و راستییانه‌مان بۆ ده‌خاته‌ به‌رده‌ست كه‌ ئێستاكه‌ له‌م ساته‌وه‌ختی نوسینه‌دا ده‌بنه‌ به‌ڵگه‌لێكی زیندوو بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ سادانه‌ی كه‌ تائه‌ورۆكه‌ به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌.

بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوناسی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پیشه‌سازییه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی دروستكردن‌و زیندووكردنه‌وه‌ی دیكتاتۆر‌و سیستمی دیكتاتۆریه‌ت، پێویسته‌ به‌رله‌هه‌ر شتێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ستراكچه‌ری ئه‌و بونیاده‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ دیكتاتۆری له‌سه‌ر راده‌وه‌ستێت، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و نیزامی دابه‌شبوونه‌ی كه‌ سه‌رله‌به‌ری پانتاییه‌كان له‌ساته‌وه‌ختێكی درێژخایه‌نی بێ ئاگاییه‌كاندا داگیرده‌كات، ده‌كرێت ئه‌و رێكخه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ بخه‌ینه‌ به‌رده‌م پرسیار‌و راڤه‌كاری كه‌ فه‌زای بێده‌نگی‌و سه‌رزه‌مینی بێده‌نگ‌و خامۆش دروستده‌كه‌ن، پێویسته‌ ئه‌و ناوه‌ند‌و ده‌زگا‌و پانتاییانه‌ بناسین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان بێده‌نگی‌و زه‌بروزه‌نگه‌وه‌، كه‌ پردی په‌یوه‌ندین له‌نێوان خامۆشی‌و ده‌سه‌ڵاتدا، هاوكات سه‌رزه‌مینێكن له‌نێوان مه‌رگ‌و وه‌همدا. مه‌رج نییه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كاریزمایه‌ی كه‌ له‌ده‌وری ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ ته‌جه‌لاده‌كات، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و عه‌ده‌مییه‌ته‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كان، هه‌موو هه‌بووه‌كان به‌رپا ده‌بێت، كه‌واته‌ ئایا ئێمه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵگه‌یه‌ ده‌ژین، ئایا كه‌وتوینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌ بێسنوره‌ی كه‌ فه‌زاكانی دیكتاتۆر ده‌كێشن‌و دووباره‌ده‌بنه‌وه‌، ئایا له‌هه‌موو بوونه‌وه‌رێكدا ئه‌و كاریزمایه‌ دروست نابێت؟ تۆ بۆئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مۆنۆپۆلیزه‌یه‌ قسه‌بكه‌یت‌و رامانێكی دیكه‌‌و دنیابینیه‌كی دیكه‌ به‌رپابكه‌یت، ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وێرانه‌یه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ستراكتوره‌ كۆنكرێتییه‌ جارێكی دیكه‌ بڕوانیته‌ ئه‌و بونیاده‌‌و ئه‌و كاریزماو داگیركارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ دیكتاتۆر خه‌لقی ده‌كات‌و ده‌بێته‌ خالق‌و به‌رپاكه‌ری ئه‌و پانتاییه‌ كۆنترۆڵكراوانه‌ی كه‌ مرۆڤه‌كانی تیادا ده‌ژین. ئه‌و وه‌ك كورتكه‌ره‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ژیان، ته‌نها مه‌رگدۆستێكی كارا نییه‌ بۆ به‌رپاكردنی مه‌رگ؛ نه‌خێر ئه‌و له‌خودی مه‌رگ مۆدیلێكی دیكه‌ی ژیان به‌رپا ده‌كات‌و خه‌یاڵێكی سه‌رتاسه‌ری بێ ئیراده‌ی تاكه‌كان‌و ئیراده‌یه‌كی گشتی كۆنكرێتی دروستده‌كات، دیكتاتۆر خولقێنه‌رێكی گه‌وره‌ی فه‌نتازیا‌و حیكایه‌ته‌ وه‌همیه‌كانه‌، كاتێك ته‌واوی ناوه‌نده‌كان ده‌بنه‌ دارێژه‌ر‌و به‌رپاكه‌رانی كۆنتروڵ‌و چاودێریكردن‌و لێپرسینه‌وه‌‌و ته‌رجه‌مه‌كردنی شفره‌كان‌و هێماكانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌، تۆ به‌ئاسانی ناتوانیت سه‌ربازگه‌یه‌ك له‌مزگه‌وتێك جیابكه‌یته‌وه‌، ناتوانیت قوتابخانه‌یه‌ك له‌رێكخراوێكی حیزبی یان له‌ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵات جیابكه‌یته‌وه‌، یان زانكۆ له‌به‌ندیخانه‌ جیابكه‌یته‌وه‌، كاتێك سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كان ده‌بنه‌ موڵكی ده‌سه‌ڵات‌و حیزب؛ ئه‌وكاته‌ سیستمێكی ئاسۆیی كۆنترۆڵ‌و داگیركاریی به‌رپاده‌بێت، ئه‌وكاته‌ دیكتاتۆر‌و كاریزماكانی به‌سه‌ر ته‌واوی نێوه‌نده‌كاندا دابه‌شده‌بن، ده‌رئه‌نجام مامۆستایه‌ك یان مه‌لایه‌ك ده‌توانێت هه‌مان رۆڵ‌و كاریگه‌ریی دیكتاتۆر ببینێت، ئه‌وكاته‌ مزگه‌وتێك‌و خوێندنگه‌یه‌ك‌و زانكۆیه‌ك ده‌توانن هه‌مان رۆڵی حیزب‌و دیكتاتۆر ببینن، كاتێك دیكتاتۆر به‌سه‌ر ته‌واوی ناوه‌ند‌و موۆڤه‌كاندا دابه‌شده‌بێت، گرنگ نییه‌ دیكتاتۆر هه‌یه‌ یان نییه‌، راڤه‌كردنی ئه‌م بۆچوونه‌ زۆر به‌ ساده‌یی په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕوانین‌و دنیابینیه‌ هاوشێوه‌كان‌و له‌كارخستن‌و خه‌ساندنی سه‌رله‌به‌ری جیاوازییه‌ فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیری‌و شارستانییه‌كان‌و یه‌كسانكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ناوه‌نده‌ ژیارییه‌ به‌ پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئیراده‌یه‌كی گشتیی پاوانكراوی تاكڕه‌هه‌ند.

له‌كۆتاییدا دیكتاتۆریه‌ت‌و دروستكردنی دیكتاتۆره‌كان رێكه‌وتێكی ئه‌فسانه‌یی نییه‌، به‌ڵكه‌ پیشه‌سازییه‌كی راسته‌قینه‌‌و زیندووه‌ له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئابوری‌و په‌روه‌رده‌یی‌و دواجار بێده‌نگی دروستكارێكی راسته‌قینه‌ی دیكتاتۆر‌و سته‌مكار‌و بكوژه‌كانه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ فشار‌و ناڕه‌زایی‌و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن‌و دادگاییكردنی وه‌زیر‌و به‌رپرس‌و تاڵانچی‌و گه‌نده‌ڵخۆر‌و بكوژه‌كان رێگرێكی راسته‌قینه‌ن له‌به‌رده‌م ئه‌و پیشه‌سازییه‌ راسته‌قینه‌یه‌دا كه‌ كارخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ دروستكردن‌و جوانكردنی دیكتاتۆره‌كان.

له‌كۆتاییدا كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رپرسیار به‌رهه‌مهێنه‌ری هێزگه‌لێكی شارستانی‌و زیندووه‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان‌و ره‌خنه‌گرتن‌و ناڕه‌زایی‌و ئیراده‌‌و شكاندنی سانسۆره‌كان‌و ئاشكراكردنی فه‌زیحه‌‌و ئه‌و ئاسته‌ وه‌حشیگه‌رییه‌ی كه‌ دیكتاتۆره‌كان به‌رهه‌میان هێناوه‌.

دیكتاتۆر چه‌ند دڕنده‌ بیت، له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌رپرسیار‌و زیندوودا بێجگه‌له‌ بونه‌وه‌رێكی زه‌لیل‌و تاوانبار‌و دۆڕاو هیچی دیكه‌ نییه‌.

ده‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگه‌ به‌رپرسیارێكی راسته‌قینه‌‌و زیندووه‌ به‌رامبه‌ر گۆڕانكاریی سیاسی‌و كولتوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری، ئه‌و نائینسانیه‌ته‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆر‌و سته‌مكاره‌كان تاسه‌رئێسقان به‌رگری لێده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵگه‌ ده‌توانێت له‌یه‌ك چركه‌ی شارستانی‌و ئیسانپه‌روه‌ریدا تێكیبشكێنێت، به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بێئه‌ندازه‌ وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ شارستانی‌و ئه‌خلاقی‌و كولتورییه‌ی كه‌ هه‌ڵگری كایه‌یه‌كی مه‌عریفی زیندووه‌ بۆ پراكتیزه‌كردنی ئینساندۆستی له‌رووبه‌رێكی زیندووی شارستانیدا.

كه‌واته‌ ئایا ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ شارستانی‌و ئه‌خلاقی‌و كولتوریی‌و سیاسییه‌ن بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌‌و به‌رپاكردنی سه‌رزه‌مینێكی كراوه‌‌و كاریگه‌ر‌و یاسایی‌و سیاسی؟     

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com