0

بەعس و . م. عەلی باپیر، تەحسین و ئەخلاق

رزگار رەزا چوچانی . سوید

تەحسین وتی م. عەلی باپیر پەیوەندی بەبەعسەوە هەیە، لایەنگرانی کۆمەڵێ ئیسلامیش ئەڵێن تەحسین بەدرەوشتە، ئاخر پەیوەندی هەبوون بە بەعسەوە بەتایبەت بۆ کەسێک کەسەرکردە بێت، بابەتێکی گشتییەو دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام بەدرەوشتی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بابەتێکی شەخسییە و کەس مافی نییە دەستی بۆ ببات، لەهەموو دنیا دەستبردن بۆ بابەتی گشتی ئاساییە، قسەکردن لە بابەتی سەخسیش نایاسایی.

لە کەناڵی نالیا تەحسینی مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز، سەرسورمانی دروستکرد، لەبارەی پەیوەندی مامۆستا عەلی باپیر بە حزبی بەعسەوە قورئانێکی دەرهێنا، دەستی پیاداو وتی ئامادەم ئەمە بسەلمێنم ئامادەم بۆ رووبەڕووبونەوە، مێژویی مامۆستا مەلا عەلی باپیریش بخوێنەوە سەرسوڕمان دروست دەکات، ئەو یەکێکە لەو کەسە بێ هاوتایانەی کە ئامادەبوو خوێنی برایەکی خۆی حەڵاڵ بکات و رێگا بە لەناو بردن و سزادانی بدات، لەسەر ئەوەی خیانەتی لەشۆڕشکردووە، ئەمە دوو لایەنن کە بۆ من جێی سەرسورمانە، ئەگەر مامۆستا عەلی باپیر بیەوێ خیانەت لەوڵات بکات، چۆن دەچێت خوێنی برای خۆی حەڵاڵ بکات بۆ لەناو بردن، ئەگەر باپیر ئەم پەیوەندییەی نییە چۆن دەکرێت تەحسین کە شارەزایە لەدین و کوری بنەماڵەیەکی ئاینپەروەرە، بەو ئاشکرا دەست بە قورئاندا بدات لەسەری، بەراستی زۆر زۆر جێی سەرسورمانە لام.

بەڵام دوای وردبونەوەم لەم دوو بابەتە جێ سەرسورمانە لام گەشتوومە ئەو وەڵامەی کە لەنێوان تەحسین و م. عەلی باپیردا، هەڵە تێگەشتنێک هەیە، تەحسین سوێند لەسەر ئەوە ئەخوات کە م. عەلی باپیر پەیوەندی هەبووە لەگەڵ بەعس ئەمەس تازە نییەو بێگومان سوێندەکەشی نەکەوتووە، چونکە پێشتر موشیر گەڵاڵی باسی کرد و پێم وایە کۆمەڵی ئیسلامیش نەیانشاردۆتەوە، کە حزبی بەعس داوای پەیوەندی لێکردوون، ئینکاری کۆمەڵی ئیسلامیش لەسەر ئەوەیە، کە م، عەلی باپیر خیانەتی نەکردووە، بۆیە دەکرێت ئەمە لەدانیشنێکی ئاشکرادا کە تەحسین داوای دەکات، کۆتایی پێبهێنرێت و ئەم باسە ئەوەندە نوێ نەکرێتەوە، چونکە تەحسین سورە لەسەر هەبوونی ئەو پەیوەندیە و کۆمەڵیش سوورە لەسەر خیانەت نەکردن، کە بەپێی ئەو بۆچونەی سەرەوە کەباسم کرد، تەحسین راست دەکات، لەگەڵ بەعس ئەو قسە گۆرینەوە هەبووە، چونکە بەعس هەوڵی لەگەڵ هەموو لایەنەکان داوە، ئەوەش مانای پەیوەندییە، خۆ ناکرێ بڵێی نا پەیوەندیی نییە، ئەی چۆن دەنگەکان بەیەک گەشتوون، ئەگەر پەیوەندی نەبووە؟ بەڵام رەنگە پەیوەندی نەبێت بەمانای خیانەت، کۆمەڵی ئیسلامیش رەنگە تەنها ئەو قسە گۆرینەوەی کردبێت کە خۆشیان باسی دەکەن، ئەوەش ناچیتە چوارچێوەی خیانەت. کەوایە هەردوولا راست دەکەن و لەیەک حاڵی نین.

ئەوەی لێرەدا جێی قسەلەسەرکردنە، هەڵەی لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامییە، پەنا بردنیانە بۆ ئەو حەرەکە کۆنە بەسەرچووەی کە هەموو لایەنە کوردییەکان پەنای بۆ دەبەن، هەڵدانەوەی لاپەرەی شەخسی ژیانی خەڵک و پەیوەندی شەخسی، وەک ئەوەی ئێستا لەوەڵامی ئەم قسانەی تەحسینی م. مەلاعەلی دا، لایەنگرانی کۆمەڵ دەستیان داوەتێ و پەخش و بڵاوی کۆمەڵێک وێنەی کاتی گەنجێتی تەحسین دەکەن، کە لەگەڵ ژن و کچاندا گرتویەتی، گوایە بەمە دەیسەلمێنن کە تەحسین ئەخلاقی نییە، یان بەد رەوشتە، ئەوەش نەک ناچێتە چوارچێوەی داکۆکیەکی رەوا لە ئەمیرەکەیان، کە وەڵام بێت بۆ تەحسین، بەڵکو تەحسین دەکاتە قوربانی ئەوانیش دەکاتە بکوژ، ئەمە ئەو پەری بێویژدانییە، ئەو پەڕی نەزانی و کەم ژیرییە، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ژیانی شەخسی کەسێکەوە هەیە و رەبتی بەو قسەو باسەوە نییە کە تەحسین لەسەر م.عەلی باپیر کردویەتی، ئەو باسی پەیوەندییەک دەکات کە رەبتی بەژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەوە هەیە، رەبتی بەهەموو هاو خەباتەکانی مامۆستا باپیرەوە هەیە، بەڵام ئەوەی لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی باسی دەکەن، تەنهاو تەنها رەبتی بە ژیانی شەخسی تەحسینەوە هەیە، ئەمەی لایەنگرانی کۆمەڵ دەیکەن شتێکی تازە نییە، وەک نەریتێکی کۆنی سیاسیەکانە لەکوردستان، کە ویستیان هەرکەس بکوژن ویستیان هەرکەس بشکێنن، پەنایان بۆ تۆمەتێکی ئەخلاقی بردووە، باسی ژنێک دەکەن کە لەگەڵ پیاوێک بووە، یان پیاوێک کە لەگەڵ ژنێک بووە، بەرای من ئەم شیوازەی پەنابردنە بۆ وەڵامدانەوە هەرگیز ئەوانە ناگەیەنێت ئەو ئامانجەی کەهەیانە، چونکە من ئەگەر ئامادەبم وێنە لەگەڵ ژنێک بگرم یان کارێکی لەشێوەیەک لەگەڵ ژنێک بکەم، بێباکیشم لەبڵاوکردنەوە، بەڵام دەبێت برادەرانی کۆمەڵ لەوە تێبگەن کە لەهەموو دنیاش وایە، قسەکردن لەسەر شتی شەخسی نا یاساییەو قسەکردن لەسەر بابەتی گشتی ئاساییە، بۆیە گریمان ئەو وێنانە راستن و وێنەی تەحسینن، خۆ دەبێت ئەوە بزانین تۆ کە لەئەورپا ئەژیت ناتوانی دەرگای ماڵەکەت دابخەیت و پەیوەندیت بەکەسەوە نەبێت، ئەگەر پەیوەندیشت هەبێت بێگومان ژن دەبینی و پیاو دەبینی، ئاخر من هاوینان لەگەڵ ژنگەلێک سودفەی یەکمان کردووە، کە دابنیشین، بە حسابی کوردی خۆمان بێت، جلی ژێرەوەیان لەبەربووە، ئایا ئەگەر وێنەیەکی یادگاریان گرتبێت لەو جێگای کەدانیشتووین، ئەمە مانای ئەوەیە ئەوان بەدرەوشتن و من بەدرەوشت؟ بێگومان شتی وا تەنها لەعەقڵێکی دۆڕاو چاوەڕوانکراوە.

ئەم جۆرە کارەی لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی بەرانبەر تەحسین دەیکەن، پێشتریش بەرانبەر زۆر کەسی تر تاقیکراوەتەوە لەلایەن لایەنەکانی ترەوە، یان هەوڵی شتێکی لەوجۆرە دراوە، بەڵام ئایا شتێکی ئەوتۆیان دەستکەوتووە، رەنگە دەستیان کەوتبێت لەگەڵ ئەوانەی کەدەترسن، بەڵام بێگومان لەگەڵ ئەوانەی باکیان بەو قسانە نیە مایە پووچ بوون، من لەگەڵ دەزگایەکی راگەیاندن کارم دەکرد، ئەو دەزگا راگەیاندنە بەڕێوەبەرەکەی گۆڕا، بەڕێوەبەری نوێ ویستی هەموو ستاف بگۆڕێت، بەڵام ئاسان نەبوو بۆی، بۆیە پەنای بۆ ئەم رێگا کۆنە برد، کۆمەڵێک کچی دامەزراند لەدەزگاکەی، زۆرینەی ئەو کچانەش کەدایمەزراندن هیچیان راگەیاندن کار نەبوون، بەڵکو لەلایەن مودیرەوە کردرابوون، لەزۆربەی ژوورەکان کامێرای نهێنی دانابوو، یەک یەک کەوتە راوی ئەوانەی کە دەیویست دەریان بکات، کچەکانی هاندابوو بچنە ژوورەکەیان، هەوڵی وروژاندنی ئەو پیاوەبدەن کە مەبەستە، دەستبکەنە ملیان، یان ماچێکیان بکەن، یەک دوو لەو پیاوانە تێکەوتن، بەدڵی کچەکانیان کرد ماچیشیان کردن و شتی تریش، ئەمە بە کامێرای تایبەت وێنە گیرابوو، پێش ئەوەی بزانن ئەم کلیپەیان لای مودیر هەیە، من دیمانەم لەگەڵ یەکێک لەو پیاوانە کرد، باسی کێشەکانی خۆی و مودیری نوێی کردو منیش چاپم کردوو بڵاو کرایەوە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا، مودیر بەهەرەشەی کلیپەکەی رونکردنەوەی بەو پیاوە بڵاوکردەوە لەهەموو دەزگاکانی راگەیاندن، کە ئەبێ بڵێ هەڵەبووم قسەکان راست نین و قسەکانی من لەلایەن رزگارەوە بە بەمەبەست شێوێنراون، دواتر بەڕێوەبەر یەک یەک بانگی دەکردن، کلیپەکەی خۆی پێشان دەدان و پێی دەوتن، ئەگەر تۆ بەزمانی خۆت نەڵێی من واز لەم دەزگایە دەهێنم، ئەوە کلیپەکەت بڵاو دەکەمەوە، ئەمە قورس بوو بۆ ئەو کەسانە چونکە لە کەرامەتی خۆیان دەترسان، بۆیە بەدڵی مودیریانکرد، وازیان هێنا، مودیر لەبەرچاوی خەڵک تکای دەکرد کە واز نەهێنن، لەژێرەوەش بەچکەگورگی کلیپەکەی پێشان دەدان، بۆیە ئەوان سوپاسی دڵسۆزی مودیریان دەکردو دەیانوت ناتوانین بەردەوام بین، زۆری نەبرد منیش لەگەڵ ئەم مودیرە کەوتمە کێشە، لەیەک رۆژدا چەند کچێکیان پەیوەندیان ئەکرد و دەستیان بە قسەی خۆش ئەکرد، منیش ئەمزانی چی باسە، چونکە چۆن مودیر ئاگای لەژووری کارمەندەکان بوو، منیش لەرێی لینکی خۆمەوە ئاگام لەژووری مودیر بوو، بەرلەوەی وەڵامی قسەی خۆشی کچەکان بدەمەوە، پەیوەندیم بە مودیرەوە کرد، وتم بزانە ئەگەر تۆ ئەوەنە پیاوی باشی کچ بۆ من پەیابکەیت و بۆمی بنێری، بێگومان ئەبێ منیش بەرانبەرێک بدەم بەتۆ، تۆ ئەم کچ پەیداکردنە، لەپێناو دەنگ تۆمارکردن و ڤیدیۆ گرتن ئەکەیت، تۆ بەڵێن بدە ئەو کچانە بنێری کەخۆم ئەمەوێ، منیش بەڵێن بێت، ئەو بەرانبەرەت پێ بدەم چونکە پیاوی ژن پەیاکەر و ئامادەکەر بۆ سەرجێ لەگەڵ کەسێکی تر لەکوردستان پێی دەڵێن”…..” ئێ دەبێ ئەوانیش بەرانبەریان پێبدرێت، پێموت من ئەو شتانەم نەکردووە، بەڵام بەڵێن بێت بێ دڵیت نەکەم لەبەرانبەریشدا تۆ بەدڵی خۆم پەیدای بکە. ئەم دەنگەشم لا هەبوو، دەنگی ئەم حیوارەی من و مودیر، مودیر دوای ئەوە یەک وشەی نەوت و کچەکانیش هەموو تەلەفۆنەکانیان بڕدرا، دواتر بەڕێگای تر کێشە لەنێوانمان دروست بوو، دوورکەوتینەوە لەکارکردن لەگەڵ یەکتر.

ئەوەی ئەو مودیرە ئەیکرد جیاواز نەبوو لەوەی حزبەکان دەیانکرد، ئەوانیش هەموو هەوڵی خۆیان ئەدا، بۆ ئەوەی شتێکی لەو شێوەیە لەسەر پیاوێک تۆمار بکەن، کە دەیانویست بەرانبەر منیش کرا. بەڵام مادام من ترسم نەبوو لەوەو ئەمزانی ئەنجام خەڵکی کورد تێ ئەگات لەوەی ئەوە پەیوەندی بەژیانی شەخسی خەڵکەوە هەیەو زیان لەکەسی ترنادات، زۆر کات بێ دڵیم نەکردوون و هەمووکاتیش بێ منەت بووم لێیان.

ئێستا دەبینم لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی بەهەمان رێگادا ئەرۆن، لەجێی کار لەسەر مەنتق کار لەسەر لایەنی شەخسی ئینسان ئەکەن، بێ ئاگا لەوەی ئەمە کارتێکی دۆڕاوو بەرماوەیە بۆ ئەو برادەرانە.

لەم نوانەدا لایەنگرانی کۆمەڵ دەبێت دڵنیابن و بزانن کە ئەوەی ئیستا ئەیکەن بەشێکە لەتیرۆر، تیرۆی کەسایەتی ئینسان، بۆیە هیوامە م. باپیر خۆی بەدەنگ بێت و ئەم مەهزەلەی لایەنگرانی رابگرێت، ئەم کارتە سووتاوو بەرماوە لەدەستیان وەربگرێتەوەو نەهێڵێت چیدی بەم عەقڵە کۆن و چەقبەستووییە مامەڵە بکەن و تیرۆی کەسایەتی خەڵک بکەن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com