ئەوانەی، کە فەلسەفە و سیاسەتیان خوێندووە، بێ گومان لە گەڵ ناوی ماکیاوڵی ئاشنان. بیرمەند، سیاسەتمەدار و هەڵکەوتوویەکی ئیتالیایی، کە سیاسەتی لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەمین.
لەم رستەیەدا، کە زار بە زار دەیگێڕنەوە،حەقیقەتێکی ققڵ خۆی حەشار داوە.سیاسەت بە مانا ماکیاوڵیەکەی ریشەیەکی ئاسمانی نییە، بەڵکوو لە واقعە تاڵەکانی سەر زەمین تێر دەبێت. هیچ تاک، رێکخراو یان رەوتێک ناتوناێ ئیدیعای باڵادەستی بە سەر ئەوانی ترەوە بکات و بۆ ئەم ئیدیعایەش پشت بە شەرعییەت و رەوایی ئاسمانی ببەستێت.
سیاسیەکان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ دەسەڵاتی خۆیان و باڵادەستی بە سەر ئەوانیتردا دەستیان بە هیچ سەرچاوەیەکی ئاسمانی راناگات، ئەوان دەبێ لە پانتای واقعەکان و لە گۆڕەپانی واقع و پراکتیک پێ بنێنە ململانێ کانەوە. وە دەبی لە ململانێ بۆ وەدستهێنانی دەسەڵات تەنها پشت بە تیژبینی، دووربینی و ئیرادەی خۆیان ببەستن. دەبی دڵی خەڵکانی خۆیان بەدەست بهێنن، یان بە زۆر بێت یان بە زێر. گەمەی سیاسی سیاسیکاران لە جیهانی مۆدیڕن بە شیوەیەکە، کە ئەگەر ناتوانی پەنجەی شێرت هەبێ، دەبێ بیر و زەینی رێویت هەبێ، تاکوو نەکەویتە داوەوە. ئەگەر ئاوێتەیەک لەم قاعیدەیە هەبێ، چ باشتر.
ماکیاوڵی دوو چەمکی سەرەکی لە ئەندێشەی خۆی پەروەردە کرد. ڤیرتۆ و فورتونا، ڤیرتۆ ناکرێت بە فەزیلەت تەرجومە و مانا بکرێتەوە. ڤیرتۆ مرۆڤێکی داهێنەری ئەمڕۆییە، کە توانای ئافراندنی بەرهەمی هەتایی هەیە. شتێک، کە مانەوەی تاک مسۆگەر دەکات. ئەگەر بمانهەوێ لە کۆنتێکستی زەمەندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین،واتە مەردایەتی.ڤیرلیتێک کە ئیمکانێکە بۆ مانەوە و باڵادەستی.
لە یادمان بێت باڵادەستی و هەژمۆنی تەنها لە جیهانی پێش مۆدێڕن، بارێکی نگەتیڤی لە خۆیدا مانا دەکردەوە. لە سەردەمی پۆست ماکیاوڵی، بەڵام بارێکی پۆزەتیڤی هەیە و ئاماژە و نیشانەیەکە بۆ شیاوبوون. پێچەوانەکەشی سەلمێنەری ناشیاوبوون.
ماکیاوڵی باسی لە فورتونا کردووە، ئەو گوتی: بەخت و شانس، وەک ژێک وایە، کە خۆی فیدای ئەو پیاوانە دەکات، کە لێهاتووییان هەیە. فورتونا و بەخت و شانس تەنها روو لەو کەسانە دەکات، کە بە زمانی عام، جوربەزە و لێهاتووییان هەبێت و لە کۆنتێکستە خوازراوەکەیدا، پێچەوانەکەی دەبێتە پیاوێک، کە نەزۆک بێت.
گوتەی ماکیاوڵی ئەوە بوو، کە چارەنووس، بەختەوەری، گیانفیدایی و سەرکەوتن دیارییەک نییە، کە خوداکان ناردبێتیانە سەر زەمین. شتێکە، کە دەبێ لە سەر زەمین بەدەستی مرۆڤەکان دەستەبەر کرابێت. بەرهەمی خەبات و کۆڵنەدان، گیانفیدایی و رەنج و ئازارە. هەمان ئەو شتەی، کە ماکیاوڵی بە ئارتەی ناو دەبات. ئافراندنی شتێک کە غایبە و بوونی نییە و دەبێ هەبێ، تاکوو مانا بکرێتەوە و پڕ بێت لە مانا.
بۆ بنیاتنانی شارستانییەت، نابێ وەک قاڵاو چاو لە رێ بێ و لەم چڵەوە بۆ ئەو چڵ بناڵێنێت. بۆ بنیاتنانی سبەی، ناکرێ خۆت بە پەتی رزیوی مێژوو هەڵواسی، مێژوو رابردوو نییە. مێژوو بە مانا مۆدێڕنەکەی تۆمارکردنی کردەوەیە، کە بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە.
روانینم بۆ کوردەکان بەردەوام ستایشی لە گەڵ بووە، ئەوان لە مێژوو چیرۆک دروست ناکەن، بەڵکوو خودی مێژوو دروست دەکەن.