هیوا فریادرەس : دەستپێشەخەری خۆپیشاندان لەلایەن رۆژنامەنوسان بەتاڵکردنەوەی رۆڵی میدیایە لەرووداوەکاندا
نوچەنێت . تایبەت
هیوا فریادرەس نوسەرو رۆژنامەنوس، بۆ نوچەنێت دەڵێت، ئەوەی ئەمرۆ میدیاکارانی کوردستان “هاوڵاتی و لڤین” لەسەر بودجە دەیکەن”بەتاڵکردنەوەی رۆڵی گرنگی میدیایە لەرووداوەکاندا، هۆکاری گەرموگوڕی قسەکردنیش لەسەر پرسی بودجە وا ناودەبات کە” پەیوەندی بەوەوە ھەیە لە بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگای ئێمەدا جیھانی ماتریالی لە ھەڵکشاندایە”.
ئەمرۆ باسکردنی لەبودجەی کوردستان و کەموکوڕی کەلێنەکانی بودجە، بووتە جێی قسەو باسی هەموو سیاسی و میدیاکارو رۆشنبیرو هەر خەڵکێکی ئاسایی کوردستانیش، گەرموگوڕی قسەکردن لەسەر ئەم پرسە گەشتۆتە ئاستێک کە باس کەوەرگرتنی هەڵوێست دەکرێت و بەشێک لەمیدیاکارانیشی ترازاندووە لەسەر سکەی کاری خۆیان و تێکەڵ بەکارو هەڵوێستی سیاسی کردوون، وێڕای ئەوەی کە بەشێک لە سیاسییەکانی کوردستان و چاودێران، ئەو گەرموگوڕییەی قسەکردن لەسەر بودجە، بە گەمەی سیاسیەکان دەزانن. بەڵام هیوا فریادرەس نوسەر و رۆژنامەنوس، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت، رایەکی تری هەیەو پێی وایە”ھەڵویست نیشاندان لە پەیوەندی بەو کێشانەی کۆمەڵگاکەت رووبەڕووی دەبێتەوە، تەنیا ماف نییە، بەڵکو لەھەمان کاتدا ئەرکیشە، ئەمڕۆ لەم ھەرێمە بچوکەی ئێمەدا کێشەی گەورە ھەیە و ئێستاش ئەوەی کەوتووەتە رۆژەڤ مەسەلەی ناشەفافیەتی بودجەیە، مەسەلەکە بۆیە زۆر گرنگ دێتە بەرچاو، چونکە پەیوەندی بە پارەوە ھەیە و لەم رۆژگارەشدا پارە تاکە بەھای باڵایە، ھەم لەلای تاکێکی ئاسایی و ھەمیش لەلای حیزبەکان و سیاسەتکارەکان، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە لە بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگای ئێمەدا جیھانی ماتریاڵی لە ھەڵکشاندایە، بە ھەمان ئەو رادەیەی کە گۆڕانکاریەکانی کەشوھەوا بە بیانبوونی لە خاکی ئیمەدا بەرەو بناری کێوەکان بردووەتە پێشەوە! ئەو بە ماتریاڵبوونەی بیرکردنەوە زۆر مەترسیدارترە لەو بە بیابانبوونەی خاک، ھەموو کەس قسەی ھەیە لەسەر پارە، لەسەر بودجە، لەسەر ھەر بوویەکی ماددی و ھەر کەرستەیەکی جیھانی ماتریاڵ، بەڵام ھیچ کەس ھیچ قسەیەکی نییە لەسەر مۆراڵ و بەھا رۆحیەکانی ئەم کۆمەڵگایە، کە خەریکە چیلکەیەکی تیادا نامێنێتەوە مرۆڤ ئومێدی خۆی پێوە ھەڵبواسێت. “متمانە” کە یەکێک لەو بەھایانەیە و بناغەی ھەر پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیە، خەریکە سفردەبێتەوە، کەچی ھیچ کەس ھیچ قسەیەکی لەبارەوە نییە، لەکاتێکدا کە بەبێ گەڕانەوە بۆ جیھانی ئایدیال و بەبێ ئامادەیی بەھا مەعنەوییەکان، ناتوانرێت لە ئاست کێشە ماتریاڵیەکان ھیچ چارەسەرێکی ریشەیی پێشبخرێت”.
فریاد رەس لەمەڕ هەڵوێستی میدیاکارانی کوردستان و ترازانیان لەسەر سکەی کاری میدیایی و تێکەڵ بوونیان بەگەمە سیاسیەکان، وەک ئەوەی کە سەرنوسەرانی هاوڵاتی و لڤین کردیان و هۆشداری خۆپیشاندانیان لەئەگەری تێپەڕاندنی بودجە دایە پەڕلەمان، لە لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت دەڵێت”ئەمڕۆ لە سەروبەندی کێشمەکێشی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەسەر بودجە، دەبینین سەرنووسەری رۆژنامەکان و چەندین رۆژنامەنووس لە دەستپێشخەریی رێکخستنی خۆپیشاندانن، ئەمە ئەگەر لەمانایەکدا ھەڵوێست وەرگرتنی ئەوان بیت وەک تاک و ھەستکردن بێت بە بەرپرسیاریەتی، لەمانایەکی تردا بە تاڵکردنەوەی رۆڵی گرنگی میدیایە لە رووداوەکاندا، تۆ کە رۆژنامەنووسیت و دەست بۆ خۆپیشاندان دەبەیت، ئەمە واتای وایە رۆژنامەنووسییەکەت کەم کاریگەرەو تۆ نائومێدبوویت لە میدیا و لەو کارەی خۆت، بۆیە پەنای بۆ کارێکی تر دەبەیت کە کاری تۆ نییە، من پێموایە رۆژنامەنووس ئەرکیەتی لەوەھا رۆژێکدا بێتە دەنگ و لە پەیوەندی بە بوجە و مەسەلەگەلێکی تر ئەرکی خۆی بەجێ بھێنێت، بەڵام پێویستە ئەو ئەرک بەجێھێنانە لە رێگای نوکی قەڵەم و میکی میدیاوە بێت.”
هیوا فریادرەس : دەستپێشەخەری خۆپیشاندان لەلایەن رۆژنامەنوسان، بەتاڵکردنەوەی رۆڵی میدیایە لەرووداوەکاندا
0
Share.