ئازا حەسیب قەرەداغی: ئەو رۆژنامەنوسانەی هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن رۆژنامەنوس نین
نوچەنێت . تایبەت
ئازا حەسیب قەرەداغی بەنوچەنێتی راگەیاند، ئەو رۆژنامەنوسانەی هۆشداری خۆپیشاندان ئەدەن، رۆژنامەنووس نین بەڵکو بکەری سیاسین و لەناو میدیادا خۆیان حەشارداوە، خاوەنی پرۆژەیەکی میدیایی نین، بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسییان هەیە لە بەرگ و ناونیشانی رۆژنامەگەریدا.
ناردنی پرۆژەی بودجە لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە بۆ پەڕلەمان، وێڕای رەخنەو ناڕەزایی فراکسیۆنەکانی پەڕلەمان لە لەکەلێن و کەموکوڕییەکانی، سەرنوسەری ئاوێنەو لڤین داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەریانکردوو، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەند چالاکوانێک دەستەیەکیان دامەزراند، بەناوی دەستەی بەرگری جەماوەری لە بودجە، و هۆشداریان دایە سەرۆکایەتی پەڕلەمان، کە لەئەگەری تێپەڕاندنی بودجە بەکەموکوڕییەکانەوە خۆپیشاندان ساز دەکەن، لەبەرانبەردا بەشێک لەرۆژنامەنوسان پشتیوانیان لێکردن و هاوهەڵوێستیان راگەیاند، لەهەمانکاتدا بەشێک لە رۆشنبیران و سیاسی و رۆژنامەنوسان پێیان وایە، ئەوەی ئەو رۆژنامەنوسانە دەیکەن دەرچوونە لەکاری رۆژنامەوانی.
نوسەرو رۆشنبیر ئازا حەسیب قەرەداغی لەبارەی هەڵوێستی ئەو رۆژنامەنوسانەوە، لەمەڕ پرسی بودجەی کوردستان و هۆشداریدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری، لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت دەڵێت”وتەزایەک بۆتە وێردی سەرزمانی بەشێک لە میدیاکارانمان، کە دەڵێن رۆژنامەنووس (بکەری سیاسییە). ئەم وتەیە لەو سنوورەدا راستە کە رۆژنامەنووس لەدەرەوەی پیشەکەی و وەکوو هاوڵاتی بەشداری لە چالاکی سیاسیدا بکات. وەلێ لە پیشەکەیدا و بە مەبەستی کاری رۆژنامەگەریی، رۆژنامەنووس دەبێ پیشەوەر بێ و پابەند بێ بە ئاکار و ئەخلاقیاتی پیشەکەیەوە و ببێتە گوێزەرەوەی چالاکییە سیاسییەکان. بە واتایەکی تر نابێ رۆژنامەنووس پلە و پایە و سیفەتی پیشەکەی بەکاربهێنێ بۆ ریکلامی سیاسی و وروژان و هاندانی سیاسی”.
ئازا حەسیب، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەو قسانەی کە نابێ رۆژنامەوان ببێتە بکەری سیاسی، لە لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت دەپرسێت”مەگەر بینیومانە رۆژنامەنووسانی بواری زانستی ببنە (بکەری زانستی) و زانای گەردوونی یان داهێنەری تەکنەلۆژی؟ ئایا هەرگیز رۆژنامەنووسانی بواری ئابووری، خۆیان دەبنە (بکەری ئابووری) و بازرگان و بزنسمان؟ ئەدی بۆ دەبێ لە کایەی سیاسیدا رۆژنامەنووسان ببنە بکەری سیاسی؟ دیارە هەڵەیەک لەو تێزەدا هەیە، یان هەر لە بناغەوە ئەو بەڕێزانە رۆژنامەنووس نین، بەڵکو بکەری سیاسین و لەناو میدیادا خۆیان حەشارداوە. کارەکەشیان کاری رۆژنامەگەری نییە، بەڵکو سیاسییە و کەرەستەکەی میدیایە. خاوەنی پرۆژەیەکی میدیایی نین، بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسییان هەیە لە بەرگ و ناونیشانی رۆژنامەگەریدا. جیهانبینیشیان بۆ میدیا تەنیا جیهانبینییە بۆ سیاسەت و حزبایەتی کە دەرەنجام کۆششە بۆ دەسەڵات”.
ئازا حەسیب قەرەداغی: ئەو رۆژنامەنوسانەی هەڕەشەی خۆپیشاندان ئەکەن رۆژنامەنوس نین، بەڵکو بکەری سیاسین
0
Share.