نامق هەورامی
وشەی یەڵدا ریشەیەکی سریانى ھەیە بە واتای “لەدایکبوون” و “ھاتنە دنیا”یە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لە دایکبوونی میترا.
یەڵدا یەکێک لەو جەژنانەیە لەڕەچەڵەکی ئاینی مێھردا ھەیە و زۆر لە لێکۆڵەران و رۆژھەڵاتناسان بەشەوی لەدایک بوونی “میترا”ی ناودەبەن و پەیڕەوانی میترایسم ئەم شەوە بەشەوێکی پیرۆز دادەنێن، بۆیە لەو شەوە دا کۆدەبنەوە و لەدەوری ئاگر کەسەرچاوەی ڕووناکی و وزەبەخشە ئاھەنگ دەگێڕن، میتراییەکان بەڕێوڕەسمی تایبەت شەوی یەڵدایان بەڕێ دەکرد، تا ڕۆژی ٢١ی ١٢ جەژن بگرن، چونکە لایان وابوو ئەو ڕۆژە، ڕۆژی لەدایک بوونی خۆرە.
ڕۆمییەکان ئەو ڕۆژە بە “ناتالیس ئانایکتوس” یان “ڕۆژی لەدایکبوونی ڕوناکی” ناودەبەن.
ئەبورەیحان بیرونی زانای بەناوبانگی ئێران وەک جەژنی “لەدایکبوونی مەزن” یان “میلاد اکبر” باسی لەو جەژنە کردووە ئەوەش ھێمایەکە بۆ لەدایکبوونی میترای خواوەندی روناکی .
رۆمییەكان پاش ئەوەی بوون بە مەسیحی، ئەم ڕۆژەیان لە ساڵنامەی زەردەشتییەوە وەرگرت و ناویان نا ساڵڕۆژی لە دایك بوونی عیسا مەسیح، واتە (كریسمەس.
لە “ئاسارولباقیە”ی ئەبورەیحانی بیرونی و لە قانونی مەسعودی ئەو رۆژە وەک خۆرە روژ و خۆرەم روز واتە “رۆژی پیرۆز” ناوی براوە، ناکرێت بزوتنەوەی خوڕەمدیننەکان لەم بابەتە جیا بکرێتەوە.
بە پێی ھەندێک سەرچاوە ڕۆژی خۆر، ڕۆژی یەکسانی مرۆڤەکان بوو، پادشاکان بەرگێکی سپی و سادەیان لەبەردەکرد و لەو رۆژەدا نە پادشا و نەھیچ کەسێکی تر فەرمانی بەکەسانی تر نەدەکرد و سەرجەم کاروبارەکان بە بێ فەرمانکردن و بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە رادەپەڕێنران. لەو رۆژەدا ھەر جۆرە خوێنڕشتنێک، تەنانەت سەربڕینی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش قەدەغە کرابوو.
شەوی یەڵدا وەك درێژترین شەوی ساڵ، ئاكامی دیاردەیەكی سروشتیە كە لەودا هەتاو لە جووڵەی ساڵانەی خۆیدا، لە كۆتایی پاییزدا، دەگاتە نزمترین خاڵی ئاسۆیی باشووری ڕۆژهەڵات كە دەبێتە هۆی كورت بوونەوەی ماوەی ڕۆژ و زۆربوونی ماوەی تاریكی.
بەڵام بە دەسپێكی زستان، هەتاو سەرلەنوێ بەرەو باكووری رۆژهەلات دەگەڕێتەوە كە ئاكامەكەی زۆربوونی ماوەی ڕۆژ و كەمبوونەوەی تاریكییە.
هەندێک پێیان وایە زاگرۆس نشینەکانشەوی چلەیان بە شووم زانیوە، ئەمە دورە لەڕاستیەوە، زاگرۆس نشینەکان باوەڕیان وابوە کە:
لەشەوی چلەدا کە درێژترین شەوی ساڵە، هێرشی ئەهریمەنی تاریکایی و ڕەشایی بەسەر فریشتەی رووناکی دا ئەنجام دەبێ.ئەوان بۆ پوچەڵ کردنەوەی هێرشی ئەهریمەن و یارمەتی دانی فریشتەی رووناکی ، لەدەوری یەکتر کۆدەبوونەوە و ئاگریان دەکردەوە و تا دوولایی شەو میوە و شەوچەرەیان دەخوارد و سەما و شادیان دەکرد. باوەڕیان وابووە بەم کارانە لە دەسەڵات و هێزی دێوەزمەی تاریکی کەم دەبێتەوە و توانای فریشتەی رووناکی زیاتر دەبێ.
بەرەنگاربوونەوەی ئەهریمەن شادمانیان دەکرد بۆ هێنانەوەی خۆر ، لەدەوری ئاگر کۆدەبوونەوە.
دواتر رۆژەکەیان دەکردە پشوو، فەلسەفەی ئەم پشوە بۆ ئەوە ئەوە دەگەڕایەوە ئەو رۆژە جیا لە شەونخونی و بە ئاگابوونی خەڵک لە شەوەکەیدا هاوکات بۆ ئەوە بوو کە پێشگیری بکرێت لە ئەنجامدانی ھەر گوناھ و خراپەیەک، چوون بە پێی “ئایینی میترائیسم ” بچوکترین خراپەکاری لە رۆژی لەدایکبوونی خۆر بەگەورەترین تاوان ھەژمار دەکرا.
لە ناو کورداندا ئێستا بەو شتانەی کە شەوانە و پاش نانی شێوان و لە کاتی شەونشینیدا ئەخورێت ، پێی ئەڵێن شەوچەرە. بەڵام پێدەچی لە ڕاستیدا ناوی “شەوچەرە” هەر لە ناوی شەوی چلەوە گیرابێت ؛ ئەویش بەو شێوە بوو :
کاتێ کە لەبەر درێژبوونی شەوانی چلە ، خەڵکان هەر شەوێک و لە ماڵی یەکێک کۆ دەبوونەوە تا بێ تاقەتی خۆیان دەربکەن ، خەریکی خواردنی مێوژ و کاکڵە گوێز ومێوژو هەنجیری وشک و میوەی وشککراویان دەخوارد ، بە جێی ئەوەی کە ناوی ئەو هەموو شتانەی کە خواردبوویان، هەڵیدەن و ناویانبەرن، دەیانگوت: شەوچلەمان خواردوە؛ واتا ئەو شتانەمان خوارد کە لە شەوانی چلەدا ئەمانخوارد.
ئەو وشەیە لە گۆڕانکارییە زمانییەکاندا بوەتە “شەوچەرە” .
لە ناوچە شاخاویەکانی کوردستاندا، پێشینیانمان وەرزی زستانیان بە سێ بەش دابەش دەکرد.
یەکەم “چلە گەورە”یە کە لە یەکەم ڕۆژی بەفرانباری ڕۆژژمێری کۆچی-هەتاویەوە دەس پێدەکات و بە ماوەی چل رۆژ و تا دەیەمین رۆژی رێبەندان دەخایەنێت.
“چلە بچکۆلە” ماوەکەی “20” ڕۆژە و لە یازدەیەمین ڕۆژی رێبەندانەوە تا کۆتایی ئەو مانگەی پێدەچێت. ئەم بەشە کە ماوەکەی بیس رۆژە ، لەبەر ئەوەی کە زۆر سارد و سەخڵەتە و بە ئەندازەی چل رۆژەکەی یەکەم سارد و سەخڵەت و سەهۆڵبەندانە، ناوزەد کراوە بە “چلەی چکۆلە”.
بەشی سێهەمی وەرزی زستان کە تێیدا کەش و هەوا خۆش ئەبێت و بەفری وڵات روو لە توانەوە دەکەن، بە “رەشەمە” ناو براوە و مانگی کۆتایی زستانانی کوردییە.