ئایا پەڕلەمانتارانی سویدیش وەک پەڕلەمانتارانی کوردستان تەپڵ لێ ئەدەن؟ پەڕلەمانتارێکی سوید وەڵام دەداتەوە

0

ئایا پەڕلەمانتارانی سویدیش وەک پەڕلەمانتارانی کوردستان تەپڵ لێ ئەدەن؟ پەڕلەمانتارێکی سوید وەڵام دەداتەوە

ئیسماعیل کامیل:

لەپەرلەمانی سوید كە وەزیر دێت بۆ لێپرسینەوە بۆمان هەیە یەك دەقیقە پرسیار بكەین، وەزیریش دەبێ بە یەك دەقیقە وەڵام بداتەوە

لەكاتی پرسینەوەدا هەموو ئەندامان بۆیان نییە قسە بكەن، بەڵكو هەر پارتە نوێنەری خۆی دیاری دەكات بۆ پرسینەوە

رزگار رەزا چوچانی ـ  سوید

نوچەنێت گۆڤاری سڤیل

گۆڤاری سڤیل، لەسویدەوە هەوڵ دەدات بەراوردی كاری پەرلەمانی وڵاتێكی پێشكەوتووی وەك سوید بەپەڕلەمانی كوردستان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش، ئیسماعیل كامیل وەك كوردێكی پەڕلەمانتار لەپەڕلەمانی سویدو لەسەر لیستی پارتی گەل”فۆڵك پارتی” وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.
رزگار رەزا چوچانی: لەپەڕلەمانی كوردستان ئێستا گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە دەكرێت، بەڵام پەڕلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە، لەكاتی مناقەشە كەوتنە تەپڵ لێدان، بەهۆی ئەوەی سەرنجیان هەیە لەسەر پرۆژەكە، ئایا لەپەڕلەمانی سوید شتی وا ڕوودەدات؟
ئیسماعیل كامیل: من پێم وایە سیستەمی پەڕلەمانی كوردستان، جیاوازە لەوەی سوید، كە بێگومان ئەوەی كوردستان بەڕای من سیستەمێكی ناباشە، بۆیە ناتوانم بەراوردی سیستەمی سوید بەوێ بكەم، یان ئەوێ بەسوید بكەم، بەڵام من لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی پەڕلەمانی سوید لەسەر پرۆژەی بودجەی سوید و یان لەسەر ئەو پرۆژانەی كە لەلایەن حكومەتی سویدەوە دێنە پەڕلەمان قسە دەكەم، لەوێوە باخوێنەر خۆی بەراوردەكە بكات لەنێوان ئەو دوو سیستەمە، لەبارەی شكڵی پەرلەمانەوە رەنگە هاوشێوەیی هەبێت، وەك دانانی لیژنە جیاوازەكان، بەڵام لەشێوەی كاركردنی ئەو لیژنانە جیاوازی هەیە، پێشتریش لەسەردانێكمان بۆ پەرلەمانی كوردستان باسمان كردووە لەگەڵیاندا، كە لەئێستادا ناتوانرێ بەراوردی ئەو دوو پەڕلەمانە بكرێت، بەڵام باشترە وەك سیستەمی سوید كار بكەن، لێرە ئێمەش لیژنەی جیاواز جیاوازمان هەیە، وەك كۆمیتەی بودجە، سیاسی، دەرەوە، پەروەردە، كار، هتد.. بەپێی پێویستی بوارەكان لیژنە هەیە، لەبارەی بودجەی وڵاتەوە ئەگەر قسە بكەم، سەرەتا هەوڵ دەدرێت را و پێشنیاری خەڵك لەسەر بودجە بگاتە لیژنەی تایبەتمەند، یان حزبەكان لەڕێگای نوێنەرانی خۆیانەوە لەپەڕلەمان، رای خۆیان دەنێرنە ئەو لیژنەیە، لەو لیژنەیە موناقەشەی پێشنیارەكان و پرۆژەی بودجەكە دەكرێت، ئەو لیژنەیە بڕیار دەدات، كام پێشنیار قبوڵە و كام پێشنیار قبوڵ نییە، كاتێك ئێمە لەناو لیژنەكە لەسەر پرۆژەكە رێكدەكەوین، دواتر دێتە ناو هۆڵی پەڕلەمان بۆ قسە لەسەركردن، بەڵام مادام لیژنەی تایبەتمەند رێككەوتووە لەسەری، ئیدی ئەندام پەرلەمانەكانی ناو هۆڵی پەڕلەمان، بەئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە، هەموو پشتیوانی لەو پرۆژە پێشنیارە دەكەن، نەك هەر كەسەو رایەك بڵێت، ئەگەر ئەندامێكی ئەو لیژنە ناڕازی بێت لەو پرۆژەیەم دیكۆمێنت و ئەرگۆمێنتی خۆی دەهێنێت لەناو هۆڵی پەڕلەمان دەیخاتەڕوو، لەوێ موناقەشەی دەكات، ئەویش ئەو ئەندام پەڕلەمانە موناقەشەی دەكات، كە لەلیژنەی تایبەتمەندە، نەك هەموو ئەندام پەڕلەمانەكان، یانی ئەگەر ناڕەزاییش هەبێت لەپرۆژەیەك مناقەشەی گشتی نابێت، هەر پارتییەك نوێنەری خۆی هەیە، ئەو مناقەشە دەكات، ئەگەرچی تەنها پەڕلەمانتاری تایبەمەند بەو بوارە مناقەشە دەكات، بەڵام ئەوكاتیش كات بۆ قسەكردن سنوردارە، كاتی نۆرماڵ لەنێوان ٦ تا ٨ دەقیقەیە بۆ قسەكردن، كە ئەو كاتەی خۆت تەواو بوو ناتوانی جارێكی دیكە هەڵسیتەوەو قسە بكەیت، بەڵام ئەگەر پارتی ئۆپۆزسیۆن قسەی زیاتری هەبوو رێگەی دەدەن جاری دووەمیش قسە بكاتەوە، بەڵام ئەوانیش هەموویان نا تەنها پەڕلەمانتاری نوێنەری ئەو پارتە لەو بوارەی كە قسەی لەسەر دەكرێت قسە دەكات، نەوەك هەر هەموویان، لەبەرانبەر رەخنەی ئەودا ئێمەش وەك حزبەكانی ناو دەسەڵات وەڵامی خۆمان دەبێت، لەنێوانی ١-٢ دەقیقە، بۆیە دەكرێ بڵێین لەپەڕلەمانی سوید بەو شێوەیە نییە، كە لەناو هۆڵی پەڕلەمان دوای تەواوبوونی پرۆژەیەك لەلیژنەی تایبەتمەند، بە سەعات و بەدوو سەعات قسەی لەسەر بكرێت، شتی وانییە لەسوید.
رزگار رەزا چوچانی: واتە لای ئێوە لەپەڕلەمانی سوید مناقەشەی دوورودرێژ لەسەر پرۆژەكان لەلیژنەی تایبەتمەند دەكرێت و لەوێش كات دیاری كراوە، نەك لەهۆڵی پەڕلەمان؟
ئیسماعیل كامیل: بەڵێ وایە، لەوێش كات هەر دیاری كراوە، خۆ ناكرێت لەوێش بە ئارەزووی خۆی پەڕلەمانتار بێ حسابكردن بۆ كات قسە بكات، چونكە تۆ حساب بكە لەلیژنەیەكدا ٨ كەس ئەندام بێت، هەر ئەندامەی ١٠ دەقیقە قسە بكات، دەكاتە ٨٠ دەقیقە، بۆیە لەوێش كات دیاری كراوە، بەڵام بۆ نمونە ئێستا من لەپارتی گەلم، ٦ ئەندامی ئەو لیژنەی كە منی تێدام، رەخنەی لەپرۆژەیەكی حزبەكەی من هەبێت، رەنگە من لەوكاتە بۆم هەبێت ٣٠ دەقیقە قسە بكەم، چونكە ئەوان روویان لەپارتەكەی منەو منیش نوێنەرایەتی پارتەكەم دەكەم لەو لیژنەیەدا، بۆیە ئەگەرچی كاتی دیاریكراو دەبێت بۆ قسەكردن و مناقەشە لەسەر پرۆژەیەك، بەڵام رەنگە بەپێی جیاوازی پرۆژەكان كاتەكانیش جیاوازی بەسەردا بێت، پرۆژە هەیە رەنگە پێویستی بە ٤٠ دەقیقە بێت، هەبێت بە سەعاتێك، هەشبێت پێویستی بە ٤ سەعات بێت.
رزگار رەزا چوچانی: لەو ماوەی لەپەڕلەمانی سویدیت، پرۆژە یاسایەك هەبووە، لەناو لیژنەی تایبەمەند مناقەشەی لەسەر بكرێت و نەگەنە رێكەوتن، دواتر لە هۆڵی گشتی كێشەو ئاڵۆزی لەسەر دروست بێت؟.
ئیسماعیل كامیل: شتی وا نەبووە لەپەڕلەمانی سویددا شتی واش نابێت، بۆیە پێم وایە شێوازی كاری پەڕلەمانی لەسوید و ئەوروپای غەربی، ئەگەر ببرێتە كوردستان زۆر زۆر باشترەو سودی گەورەشی دەبێت.
رزگار رەزا چوچانی: شێوازی پرسینەوەتان لەوەزیرەكانی حكومەت چۆنە؟ چەند كات دەتوانی قسە بكەی وەك پەڕلەمانتار؟.
ئیسماعیل كامیل: بۆ پرسینەوە لەوەزیرەكانی حكومەت بۆ نمونە رۆژێك دیاری كراوە، كە وەزیر بێتە پەڕلەمان، لەو دانیشتنەش كات دیاریكراوە، كاتێك من وەك پەڕلەمانتار بمەوێ قسە بكەم دوو جار كاتی یەك دەقیقەیی دەتوانم قسە بكەم، دەقیقەی یەكەم پرسیار دەكەم، وەزیریش بەیەك دەقیقە وەڵامم دەداتەوە، ئەگەر نەگەیشتمە وەڵام رەخنەم هەبوو، دیسان یەك دەقیقەی دیكە پرسیار دەكەم، وەزیریش بەیەك دەقیقەی دیكە وەڵامم دەداتەوە، لەوە زیاتر من و وەزیر ناتوانین قسە بكەین، ئەوە كاتی دیاریكراوە، بۆ پرسینەوە لەوەزیر یەك سەعات كات دیاریكراوە، لەوە زیاتر نییە، زۆركات پێنج وەزیر پێكەوە دێنە پەڕلەمان بۆ پرسینەوەی پەڕلەمان، ئەوكاتیش بۆ هەر پێنج وەزیرەكە یەك سەعات پرسینەوە هەیەو زیاتر نییە، هەر كەسی یەك دەقیقە قسە دەكات چونكە بەپێی ئەو كاتژمێرە دابەشكاری كات دەكرێت، بۆ ئەوانەی قسەیان هەیە، ئەگەر من دەقیقەیەك زیاتر لەكاتی خۆم قسە بكەم، ئەوە مافی پەڕلەمانتارێكی دیكەم بردووەو قبوڵكراو نییە، لەپەڕلەمانی سوید، ئەو كاتژمێرە كە دیاری كراوە بۆ پرسینەوە، تێیدا هەر پەڕلەمانتارێك بۆی نییە قسە بكات، بەڵكو هەر پارتەو نوێنەری خۆی دیاری كردووە، بەپێی ئەو كاتەی بۆیان دیاری كراوە، ئەو نوێنەرانە قسە دەكەن، نەك هەموو ئەو پەڕلەمانتارانەی كە ئامادەی دانیشتنن.
رزگار رەزا چوچانی: ئێوە ئێستا حزبەكەتان بەشێكە لەدەسەڵاتی سوید، دیسان بەبەراورد بەكوردستان پرسیارێك دەكەم، لەكوردستان پارتی كاندیدێكی بۆ وەزارەتێكی حكومەت هەبوو، چەند پەڕلەمانتارێكی یەكێتی، كە حزبەكەیان هاوبەشی دەسەڵاتەو هاوپەیمانی پارتییە، دەنگیان بەو وەزیرە نەدا و بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، ئایا لێرە شتی وا هەیە؟. دەكرێت تۆ لەدەرەوەی حزبەكەت دەنگی دژ بدەی بەوەزیرێك؟.
ئیسماعیل كامیل: چۆنیەتی وەزیردانان و وەزیرگۆڕین لەسویددا بەو شێوەیە نیە، لێرە كاتێك حكومەت تەشكیل دەبێت سەرۆك وەزیر ناوی وەزیرەكان دەنێرێتە پەڕلەمان و تەنها زانیارییان لەبارەوە دەنێرێتە پەڕلەمان و پەڕلەمان دەنگ نادا بەوەزیر، كاتێك یەكێك لەوەزیرەكانی حكومەت ئیستیقالە دەدات یان نەخۆش دەكەوێت، حزبەكەی ئەو وەزیرە بڕیاردەدات كێ دەكاتە وەزیر لەجێگای ئەو، كاتێكیش كە ئەو حزبە كەسێك دیاری دەكات بۆ وەزیر هەم هاوپەیمانەكانی لەدژی نابن بەهیچ شێوەیەك و هەمیش ئۆپۆزسیۆن لەدژی وەزیر نابن، چونكە ئەوە مافی ئەو حزبە خۆیەتی، بۆ نمونە ئێمە چوار حزبین كە لەدەسەڵاتین لەنێوان ئەو چوار حزبە رێككەوتن دەكرێت، هەر حزبەو بەپێی رێژەی دەنگی حزبەكە وەزارەتی خۆی وەردەگرێت، دوای ئەوە حزبەكە خۆی بەرپرسە لەوەی كێ دەكاتە وەزیر و كێ كاندید دەكات، مافی هیچ پارتێك یان ئەندامی هیچ پارتێكی دیكە نییە لەدژی بێت و دەنگدانیش لەسەری ناهێنرێتە پەڕلەمان، تا بزانن ئایا پەڕلەمان دەنگی پێدەدات یان نا، كاتێك دەنگی زۆرینە حكومەت دروست دەكات، سەرەتا لەپەڕلەمان رێگەی دەدات حكومەت دروست بكات، دواتریش وەك گوتم حكومەت تەنها زانیاری دەنێرێتە پەڕلەمان، دەڵێت ئێمە ئەوەندە وەزیر بۆ ماوەی چوار ساڵ كار دەكەین، نەك بڵێ دەنگ بدەن بەم وەزیرە.
رزگار رەزا چوچانی: بەڵام هەندێ جار لێرەش هەبووە كە ئەندامێك بەپێچەوانی سیاسەتی حزبەكەی، دەنگ بدات بە پرۆژەیەك؟
ئیسماعیل كامیل: ئەوە شتێكی دەگمەن یان زۆر كەمە كەجێی باس نەبێت، ئەگەرنا ئێمە ئەو چوار پارتەی كە لەحكومەتین، ئەگەر نەڵێم لە %٩٩ ئەوە دەتوانم بڵێم لە % ٩٥ی هەموو ئەو پرۆژانەی لەلایەن حكومەتەوە دێنە پەڕلەمان، هەموو پەڕلەمانتارانی ئەو چوار حزبە دەنگی پێدەدەن، ئەگەرنا زۆر زۆر كەم شتی وا رویداوە كە تەنها پەڕلەمانتارێك لەو چوار پارتە دەنگی پێچەوانەی دابێت، چونكە ئەوان لەو چوار پارتە وەك هاوپەیمان ئەو حكومەتەیان دروستكردووە، كە پرۆژەكە دەنێرێت بۆ دەبێ دەنگی دژیان هەبێت.
رزگار رەزا چوچانی: گوتت حەزت لەبەراورد نییە، بەڵام خوێندنەوەی خۆت چییە لەسەر ئەوەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەڕلەمانی كوردستانی كرد، بۆ قسەكردن لەسەر كێشەكانی عێراق، بەڵام بەشێك لەپەڕلەمانتاران رەخنەیان گرت، پێیان وابوو دەبوو سەرۆكی هەرێم بچێتە پەڕلەمان. تۆ رات چییە؟.
ئیسماعیل كامیل: من ئەگەر لەسویدەوە سەیری ئەو پرسە بكەم، ئەبێ باسی مەلیكی سوید بكەم، چونكە مەلیكی سوید بەسەرۆكی ئەم وڵاتە حسابە، مەلیكی سوید هەرگیز نایەتە پەڕلەمان، بەڵام پەڕلەمانتارانی سوید دەچنە لای ئەو، مافی ئەوەشی هەیە داوا بكات سەرۆكی فراكسیۆنەكان بچنە لای، بۆچی چونكە پەڕلەمان بۆ ئەندام پەڕلەمان و حكومەت و وەزیرەكانە، ئیستا لەكوردستانیش كاك مەسعود بارزانی ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان نییە، لەهەمانكات وەزیریش نییە تا تابعی پەڕلەمان بێت، ئەو وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردراوە لەلایەن خەڵكەوە، بۆیە بەرای من دروست نییە سەرۆكی هەرێم بانگهێشت بكەی بۆ پەڕلەمان و لەوێ قسەو دانیشتنی لەگەڵ بكرێت، ئەو سەرۆكی وڵاتە نە وەزیرە نەسەرۆك وەزیرە نە پەڕلەمانتار، بەچ مافێك بێت بۆ پەڕلەمان؟ دەكرێت سەرۆكی هەرێم داوەتی پەڕلەمان بكرێت یان داوەتی دانیشتنێك بكرێت، نەك بانگی بكەی بۆ موناقەشە، وەك چۆن ئێمە لەدانیشتنی كردنەوەی خولی پەڕلەماندا مەلیك بانگهێشت دەكەین، ئەویش بۆ بەشداری لەمەراسیمی كردنەوە نەك بۆمناقەشە، دەكرێ سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەك سەرۆكی وڵات مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دەبێت واش بێت، لەسوید نەك هەر مەلیك سەرۆكی حكومەتیش دەتوانێت داوەتی سەرۆك فراكسیۆنەكان بكات بۆ كۆبوونەوەیەك لەدەرەوەی پەڕلەمان، دەتوانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان دابنیشێت و كۆبوونەوە بكات، یان سەرۆك وەزیر بۆخۆی بڕیار دەدات كۆبوونەوە لەگەڵ كام فراكسیۆن دەكات و لەگەڵ كام نایكات، بۆنمونە ئەوكاتیش كە سۆسیال دیموكرات حكومەتی بەدەست بوو، سەرۆكی حكومەت پەیوەندی بە پارتی لیبرالەوە كرد، كە دەیەوێ لەگەڵ ئەو پارتە موناقەشە لەسەر یاسای باج بكەن و لەگەڵ ئەوان بگەنە ڕێكەوتنێك، ئەوە بەئاشكرا كۆبوونەوەی لەگەڵ دەكردن و بانگهێشتی دەكردن لەدەرەوەی پەڕلەمان كۆ دەبوونەوە، یان سبەینێ مناقەشە لەنێوان سەرۆكی پارتەكانی سوید دەبێت، ئەو چوار پارتەی كە لەناو حكومەتن و ئەو چوار پارتەی كە لەناو ئۆپۆزسیۆنن، هەموو دادەنیشن و موناقەشە دەكەن، بۆیە ئەو كۆبوونەوانە لەدەرەوەی پەڕلەمانیش دروستەو لەدنیای پێشكەوتووش هەیە، پێم وایە هیچ پێویست بەرەخنە ناكات، كە سەرۆكی فراكسیۆنەكان چوون لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دانیشتوون و پێویست نییە سەرۆكی هەرێم بچێتە پەڕلەمان.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com