بارزانی : کێشەی شەخسیم لەگەڵ مالیکی نییە هەر کەسێک دەتوانێت کێشەکان لەگەل مالیكی چارەسەر بکات، با فایلەکانی بخەینە بەردەست
مسعود بارزانی
بە پێویستم زانی بە مەبەستی خستنەڕووی راستیەکان و تیشک خستنە سەر کرۆکی تەنگژەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و بیرهێنانەوەی هۆکاری کێشەکان، نووسینێکی وا بخەمە بەر دیدی گەلی خۆشەویستمان.
کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی عێراقە و دوای پرۆسەی ئازادی بەشداریی کاریگەری هەبووە لە بنیاتنانی عێراقی نوێ. دەستووری نوێی عێراق و کارپێکردنی، تاکە زامنی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی عێراقە. هەوڵمانداوە لە چوارچێوەی ئەم دەستوورە پرۆڤەی ئەرک و مافەکانمان بکەین، بەڵام کەسانێک هەن کە دوای ئەوەی پێگەیان بەهێز کردووە، خۆیان لە پابەندبوون بەم دەستوورە دەدزنەوە و کار بۆ قۆرخکردنی زیاتری دەسەڵات دەکەن.
هەندێجار لە ناوخۆی هەرێم بە جۆرێک باسی ئەم تەنگژەیە دەکرێت وەک ئەوەی هۆکارەکەی ((کێشەی شەخسی من بێت لەگەل مالیکی)). من هیچ کێشەیەکی شەخسیم لەگەل بەڕێز مالیکی و هیچ کەسێکی دیکەی ناو لایەنەکانی تەنگژەکە نەبووە. مالیکی ساڵانێک لە کوردستان بووە و خۆی وەک دۆستێک نواندووە. دۆستێکی نزیکی منیش بووە و بەردەوام لە پەیوەندیدا بووینە و هەوڵم داوە کێشەکان لەگەلیدا بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەو پابەندی هیچ بەڵێنێک نەبووە و تاكڕەوانە هەڵسوکەوتی لەگەل بابەتەکان کردووە و دەیکات. من ئەو کاتە لە مالیكی نائومێد بووم کە لە ساڵی ٢٠٠٨سوپای عێراقی بە تانک و زرێپۆشەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پێشمەرگە ڕەوانەی دەورووبەری خانەقین کرد.
کێشەمان لەگەل ئەو عەقلییەتەیە کە لە بری زمانی دایەلۆگ بڕوای بە بەکارهێنانی هێزی چەک هەیە، مەترسیەکەم بۆ ئێستا نییه، بۆ چەند ساڵی داهاتووە کە ئەگەر ئەم عەقلییەتە بەو ئاراستەیە بواری بۆ بڕەخسێت و هێزی هەبێت، کێشەی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەنێتەوە.
بە پێی ئەو دەسەڵات و بەرپرسیارییە دهستووریانەی لە ئەستۆمانە، ئەمساڵ کە هەڵوێستمان لەبەرامبەر ئەم عەقلییەتە نواند، هیچ کێشەیەکی نوێمان دروست نەکرد وەک ئەوەی باسی دەکرێت، بەڵکو تەنیا باس و خواسی کێشەیەکمان وروژاندەوە کە ساڵانێکە هەیە و وەکو پێویست هەڵوێستی لەبەرامبەر وەرنەگیرابوو. چەندین ساڵە بەڵێنی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی دەستوور و کێشە هەڵواسراوەکان دەدرێت، بەڵام هەنگاوی جددی و جێگەی ئومێد نەنرا. نە مادەی ١٤٠ هەنگاوی کرداریی بۆ نرا، نە بابەتی بودجە و پێداویستی پێشمەرگە جێبەجێ کرا و نە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز کاری بۆ کرا، لە ناو سوپای عێراقیشدا دژایەتی بەرپرسان و ئەفسەرانی کورد کرا و هەوڵی دوورخستنەوەیان درا . لە دوای ڕێککەوتنی هەولێریش بەردەوام خۆیان لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە دزیوەتەوە، بۆیە چەمکی شەراکەتی راستەقینە لە حوکمڕانیدا زۆر بێڕەنگ بووە و ئەوەی بەدی کراوە تەنیا پاوانخوازی و گەڕانەوە بۆ عەقلییەتی دیکتاتۆری بووە. دوای ئەو هەموو بەڵێنانەیان بابەتی داڕشتنی پەیرەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیان پشتگوێ خست و ئەوەی بەدی دەکرا تەنیا دەسەڵاتی رەهای مالیكی بوو لە گشت بوارەکانی ئیداری و ئەمنی و سەربازی و ئابووری، ئەمەشیان پێشێلکردنی چەمکی دەستووریی سیستەمی حوکمڕانیی عێراقە، چونکە بە پێی دەستوور سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە نەک سەرۆک وەزیران. لە نێوان ئەم دوو ناونیشانەشدا جیاوازییەکی زۆر هەیە، بەو پێیەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سیاسەتی پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەکات و ناتوانێت تاكڕەوانە هەنگاو بنێت.
بودجەی پێشمەرگە ساڵانێکە پەسند کراوە، بەڵام رێگری لە گەیشتنی بە هەرێم دەکرێت و ئەمەشیان دەست بەسەرداگرتنێکی ئاشکرای پشکی هەرێمە لە سامانی نیشتمانیدا ، چونکە ئەو بودجەیە وەک خەرجییە سیادییەکان لە بەشی هەرێم دەبڕدرێت . پێشتر هەرێم و بەغدا بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان ڕێککەوتن، کە پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق گشت پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێت و لە بودجەی بواری بەرگریی عێراق پاڵپشتیی دارایی بکرێت، لە سەر ئەم بنەمایەش چەک و پێداویستی بۆ پێشمەرگە دابین کرا، بەڵام وا چەند ساڵە لە کۆگاکانی سەربازگەی (تاجی)دا دەستی بەسەردا گیراوە و رێگری لە گەیشتنی بە پێشمەرگە دەکرێت.
لە بارەی مامەڵە لە گەل فایلی گرێبەستەکانی نەوتیش ماوەیەکی زۆرە چ لە ئاستی ناوخۆی کوردستان و چ لە بەغدا قسەی لەسەر دەکرێت. گرنگە گشت لایەک بزانن چەند ساڵێکە داوا دەکەین لێژنەیەکی شارەزا و بێلایەن پێداچوونەوە بە گشت فایلەکانی تایبەت بە نەوت لە هەرێم و عێراق بکات و گشت لادانە دەستووری و کەموکوڕیەکان دەستنیشان بکات ، بەڵام خۆیان لەم بابەتە دەدزنەوە، هەرجارە و ڕادەگەیەنن کە لێژنەیەکیان پێکهێناوە و دواتر بێدەنگ دەبن، ئەم خۆدزینەوەیە بۆ؟ ئایا ئەم هەرایە لە سەر نەوتی هەرێم بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی نییه تا ئاوڕ لە هەڵسوکەوتەکانی وەزارەتی نەوتی بەغدا لە گەل فایلی نەوت لە عێراق بە گشتی نەدرێتەوە؟.
ئێمە پشوومان فراوان بووە وبەردەوام داوامان کردووە کە لایەنە عێراقی و کوردستانییهکان بە دانوستان و گەڕانەوە بۆ دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە بەردەوام چاوەڕوانی چارەسەرییەکی عێراقییانە بووین و دەرگای دانووستانمان لەگەل هیچ لایەنێک کە بڕوای بە دانوستان هەبووە، دانەخستووە، بەڵام گەر چارەسەری عێراقییانە لە ئارادا نەبوو ، زانیمان پێگیری بە دەستوور ناکرێت ئەوکات پەنا بۆ چارەسەریی کوردستانی دەبەین و بۆ ڕا و ویستی خەڵکی کوردستان دەگەڕێینەوە. پەیامی من لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا تەنیا هەر ئەمە بوو.
ئەوەبوو دواتر کۆبوونەوەی لایەنە عێراقییەکان ئەنجام درا تا چارەسەریی کێشەکان بکەن، بەتایبەت داوا لە هاوپەیمانی نیشتمانی کرا کە کار بکەن بۆ ئەوەی مالیكی پێگیربێت بە دهستوور و ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان گشت لایەنەکانی ناو پرۆسەی سیاسی واژوو کراون.
بابەتی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی لە نێوان هەڵوێستە جیاجیاکاندا قسەی زۆری لەسەر کرا. هەندێک وا پیشان دەدەن کە ئەمەیان پرۆژەی من بووە، بەڵام ڕاستییەکەی وا نییه و پرۆژەی کەسانی دیکە بوو نەک هی من. من پێشنیاری دیکەم هەبوو بۆ گۆڕینی ئەو نەهجەی کە مالیكی لە سەری دەڕۆیشت. پێشنیارم کرد چاکسازیی ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی عێراقدا بکرێت و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبوڵ کردن پتەو بکرێن، چونکە کڕۆکی کێشەکە ئەمەیە، بەڵام دوای ئەوەی هێزە سیاسەکانی دیکە بە ئامادەبوونی بەرێز سەرۆک کۆمار کۆبوونەوە، بابەتی سەندنەوەی متمانە بوو بە داواکاریی ئامادەبووانی دانیشتنەکە و منیش پاڵپشتیی ئەو کۆدەنگییەم کرد و لاریم نەبوو، چونکە ڕاستییەکەی ئەزموونەکانی ڕابردوو لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان و پابەندنەبوون بە دەستوور دەرگای ئومێدی بە مالیكیی داخستبوو.
من لەم هەڵوێستەم پەشیمان نیم و ئەرکی سەرشانی خۆم جێبەجێ کردووە.
بەداخەوە لە ناوەوەی هەرێم ئەم بابەتە هەستیارە ئاوێتەی بابەتی شەخسی و ململانێ و موزایەداتی سیاسی کرا، ئەمەشیان کارێکی ناڕەوابوو بەرامبەر ماف و داخوازییەکانی گەلەکەمان و زیانی بۆ ناوماڵی کوردستانی و پێگەی لە عێراقدا هەبوو. بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی ئەم هەڵوێستە دەرببڕم و هۆشداری ئەوە بدەم کە ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا کاری بۆ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا مەترسیی گەورەی بۆ گشت لایەک لێدەکەوێتەوە، بابەتەکەم وروژاند تاکو گشت لایەک بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن.
ئێستاش هەر کەسێک لەو بڕوایەدایە دەتوانێت کێشە هەڵواسراوەکان لەگەل مالیكی یەکلابکاتەوە، رێگا لەبەردەمی کراوەیە و ئامادەم بە پێی دەسەڵاتی خۆم فایلی ئەم کێشانەیان ڕادەست بکەم. کێ دەتوانێت بێت و سیستەمی دیموکراسی و حوکمڕانی لە عێراقدا بخاتە سەر ڕاستەڕێی و لە دەست پاوانخوازی و قۆرخکاری دەریبێنێت با هەنگاو بنێت.
کورت و پوخت من ویستوومە داکۆکی لە مافە دهستووریەکانی کورد بکەم و لە هەمانکاتیشدا بەرگری لە سیستەمی دیموکراتیک لە عێراقدا بکەم. ویستوومە ئەوە بڵێم گەر رەوشەکە بەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، دوای چەند ساڵی دیکە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر مافەکانی کورد و سەرجەم پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دروست دەبێت.
دەبێت گشت لایەک بزانن کە کێشەکە تەنیا پەیوەست بە هەرێم نییه، کێشە بارودۆخی تێکڕای عێراقە. ئێمە بەشدار بووین لە دروستکردنی عێراقی نوێ و قوربانیمان بۆی داوە . ئێمە خێر و خۆشیی هەموو گەلانی عێراقمان دەوێت. ئاواتمان ژیانێکی شایستەیە بۆ تێکرای پێکهاتەکانی عێراق. بەڵام بڕیاربەدەستان لە بەغدا داخوازییەکانی گەلانی عێراقیان پشتگوێ خستووە و بەردەوام تەنگژە دروست دەکەن تاکو کەموکوڕیەکانیان پەردەپۆش بکەن. بە پێی هەموو پێوەرەکان حکومەت لە بەغدا لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانیدا سەرکەوتوو نەبووە. حکومەتی عێراق لەم ساڵانەدا زیاتر لە نیو ترێلیۆن دۆلاری لەبەر دەستدا بووە، ئەم سەروەت و سامانە چیی بەسەر هات؟ با گەلانی عێراق بپرسن کوا ئاوەدانی، کوا خزمەتگوزاری؟ زیاتر لە ٢٠ ملیارد دۆلار تەنیا بۆ کارەبا تەرخان کرا، ئەی کوا ئەنجامەکەی؟ با حکومەتی عێراق خۆی بە خزمەتی هاووڵاتیانەوە خەریک بکات نەک بەردەوام کێشە بۆ هەرێم یان لایەنە سیاسییەکان دروست بکات.
لەم وڵاتە دەوڵەمەندەدا هاووڵاتیان شایستەی ژیانێکی باشتر و خزمەتی زیاترن، بەڵام هێشتا دەسەڵات لە بەغدا لە دابینکرنی کەمترین خزمەتگوزاری سەرکەوتوو نەبووە، کەچی لە جیاتی پەلە کردن لە بەرەوپێشبرنی خزمەتگوزاری پەلە لە خۆ پڕ چەککردن دەکەن بۆ ئەوەی بە هەڕەشە و گوشاری سەربازی خۆیان بسەپێنن.
دەمەوێت لێرەدا بە هەڵگرانی ئەو عەقلییەتە بڵێم، سەردەمی ئەوە بەسەرچوو بیر لەوە بکەنەوە جارێکی دیکە هێزە سەربازییەکانیان و ئەمن و پۆلیسیان بێنن و بە سەر گەلەکەماندا بیانسەپێنن. ڕێگە نادەین عێراق بۆ دواوە بگەڕێننەوە و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و گەلانی دیکەی عێراق بکرێتە قوربانی هیچ ئەجندایەکی ئیقلیمی یان ویستی بەرتەسکی شەخسی.
دەڤەرەکە گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە و گۆڕانکاری زۆرتریش بەڕێوەیە،ئێمە لەکاتێکدا پشتیوانی لە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلانی ناوچەکە دەکەین، دیسان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا خوازیارین یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بپارێزرێت.
با گشت لایەک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان لە سەرووی بەرژەوەندییە تەسکەکان دابنێن. ئەم تەنگژانەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەن ئامرازی موزایەدەی سیاسی و بەکارهێنانیان لە دژی یەکتر نین، هەر کارێکی وا بۆ سەر داهاتووی کورد و کوردستان لە دەڤەرەکەدا مەترسیدار دەبێت. ئەم رەوشە بەرپرسیارییەتیەکی گەورەی مێژوویی خستۆتە سەر شانی هەموو لایەک.
هەست بە بەرپرسیاریەتی خۆم دەکەم بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان و عێراق و پرۆسەی دیموکراسی، هەروەها خۆم بە پارێزەری ئازادی و کەرامەتی هاووڵاتیانی کوردستان دەزانم و شانازیش بەم ئەرکەمەوە دەکەم و هیوادارم هەموومان پێکەوە هێز و توانامان بخەینە گەڕ بۆ گەیاندنی نەتەوەکەمان بە کەناری ئارامی ئاشتی و ئازادی و ژیانێکی شایستەتر و پڕ سەربەرزی.