خالید رەنجدەر: ئایا مەلا بەختیار لەپێشتر نیە كە بدرێ بە دادگا؟.

0

خالید رەنجدەر: ئایا مەلا بەختیار لەپێشتر نیە كە بدرێ بە دادگا؟.
نوچەنێت

لەوەڵامی لێدوانێکی مەلا بەختیار کە دەڵێت م. کرێکار تاوانباری سیاسییە. خالید رەنجدەر برای م. کرێکار دەڵێت”بۆ ئەوەی بزانین مەلا بەختیار كێیە، تەنھا ئەوەندە بەسە كە ئاماژە بۆ كتێبەكەی نەوشیروان مستەفا بکەین کە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات مەلا بەختیار لە شەڕی 23/8/1983 ەوە گلاوە كە لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حیزبی سۆشیالیستدا ڕویدا و 25 كوژراو و برینداری ھەردولای لێكەوتەوە”.
دوای ئەوەی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەوەڵامی لێدوانێکی رابەری نوێی بزوتنەوەی ئیسلامی، کە وتبووی کار بۆ گێڕانەوەی مەلا کرێکار دەکەن بۆ کوردستان، بۆ سۆمەریەنیوز وتی”م. كرێكار تاوانبارێكی سیاسیە و زیاتر لە 200 هاوڵاتی كوشتووە، گەرانەوەی لەدەستی هیچ لایەنێکدا نییە” خالید رەنجدەر برای م. کرێکار لەوەڵامدا دەڵێت”كارێكی ژیرانە نیە ئەندامێكی سەركردایەتی حیزبێك كە بانگەشەی دیموكراتی دەكات و لایەنێكی گرنگە لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتی عێراق و ھەرێم بێت و ھەڕەمەكی لێدوانی ئاوا بدات و بەرامبەرەكەی بێ بونی بەڵگە بە تاوانبار ناوبەرێت و، پێش دادگا بكەوێت”.

هەر لەوەڵامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە مەلا بەختیار لەشەڕەکانی ناوخۆدا تێوەگلاوەو پێشی وایە کە مەلا بەختیار لەپێشترە بۆ ئەوەی بدرێتە دادگا.

دەقی وەڵامەکەی خالید رەنجدەر

مەلا بەختیار شەریكە سیاسیەكانی خۆی بێدەنگ دەكات و دەست لە كاروباری دادگاش وەردەدات
چاوم بە بەشێك لەو لێدوانە كەوت كە مەلا بەختیاری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق ڕابەرایەتی دەكات، بۆ السومریە نیوز لە 24/7/2012 داویەتی سەبارەت بە لێدوانێكی ڕابەری نوێی بزوتنەوەی ئیسلامی، كە وتبوی ھەمو ھەوڵێك دەدەین (مەلا كرێكار) بێنینەوە بۆ كوردستان.
مەلا بەختیار كە ڕەگەزنامەی ئەوروپایی ھەیە، بەم لێدوانەی دەست لە كاروباری دادگا وەردەدات كاتێك دەڵێ: براكەی من تاوانباری سیاسیە و زیاتر لە 200 خەباتگێڕ و ھاوڵاتی كوشتوە و، گەڕانەوەی لە دەستی ئێمەدا نیە وەك حیزبی سیاسی و لە دەست بزوتنەوەشدا نیە.
كارێكی ژیرانە نیە ئەندامێكی سەركردایەتی حیزبێك كە بانگەشەی دیموكراتی دەكات و لایەنێكی گرنگە لە بەرێوەبردنی دەسەڵاتی عێراق و ھەرێم، بێت و ھەڕەمەكی لێدوانی ئاوا بدات و بەرامبەرەكەی بێ بونی بەڵگە بە تاوانبار ناوبەرێت و، پێش دادگا بكەوێت، لە كاتێكدا تا ئێستا دادگا یەك تاكە داوای لە ھاوڵاتیەكی عێراقی یان ھەرێمەوە لەسەر مامۆستا كرێكار پێ نەگەیشتووە. ئایا ئەم لێدوانەی مەلا بەختیار دەست تێوەردانێكی ئاشكرا نیە لە كاروباری دادگا؟ بەڕاستی جێی سەرسوڕمانە مەلا بەختیار ھەوڵی بێدەنگ كردنی ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی بدات تەنھا لەبەر ئەوەی وتویەتی بزوتنەوەكەی ھەوڵی ھێنانەوەی مامۆستا كرێكار دەدات و، مامۆستا كرێكار ھاوڵاتیەكی بێ تاوانە.
بۆ ئەوەی بزانین مەلا بەختیار كێیە، تەنھا ئەوەندە بەسە كە ئاماژە بۆ كتێبەكەی نەوشیروان مستەفای ھەڵسوڕێنەری ئێستای گۆڕان و سەركردەی دووەمی پێشوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكەین، (پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن؛ دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983) كە لە لاپەڕە (210) یدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە مەلا بەختیار لە شەڕی 23/8/1983 ەوە گلاوە كە لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حیزبی سۆشیالیستدا ڕویدا و 25 كوژراو و برینداری ھەردولای لێكەوتەوە، ئەمە جگە لە شەڕی براكوژی نێوان حیزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەشتا و نەوەتەكاندا! ئایا مەلا بەختیار لەپێشتر نیە كە بدرێ بە دادگا؟.
خالد ڕەنجدەر
برای مامۆستا كرێكار

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com