نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، هەنگاوێکی زۆرباشە و هاوکێشە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی کورد دەشکێتەوە.
رۆژی شهممه ٢٠-١-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكوەزیرانی ههرێمی کوردستان، به سهرۆكایهتی شاندێكی ههریمی كوردستان، گهیشته بهغدا و لهگهڵ حهیدهر عهبادی كۆبووهوه، کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا باسکرا، هەر ههمان شاندی ههرێم، ئێوارهی رۆ ژی شەممە گەیشتنه تارانی پایتهختی ئێران و ئەمڕۆش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبوونەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و تاران رایگەیاند “دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی زۆرباشە و سەردانی شاندەکە گرینگی خۆی هەیە لەم کاتەی ئێستادا، هەردەرگایەکی گفتوگۆش، کە بکرێتەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبێ لەم قۆناغەی ئێستا”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کورد نەتەوەی دووەمە لە عێراق و دەبێت بەپێی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە لە عێراق هیچ شتێک بەبێ کورد ناکرێت و ناتوانرێت بەڕێوە بچێت.
لەبارەی کاریگەری سەردانی شاندەکە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان، شیلان جەعفەر گوتی “بێ گومان ئەم سەردانە کاریگەری ئەرێنی زۆر باشی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و هاوکێشە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی کورد دەشکێتەوە”.