نوچەنێت
گوتەبێژی وەبەهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ تاران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران، دەچێتە قۆناغێكی نوێ.
مەلا یاسین مەحمود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی”سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ كوماری ئیسلامی ئێران جگە لەوەی سوودی گەورەی دەبێت بۆ بوژانەوەی بازاڕ، چەند هەنگاوی دیكەی ئەرێنیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.
مەلا یاسین ئاماژەی بەوەکردوە، کە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران، دەچێتە قۆناغێكی نوێ”لە نزیكترین كاتدا كاربەدەستانی ئێران، حكومەتەكەی عەبادی و هەرێم ناچار دەكەن كێشەكانیان چارەسەر بكەن. بەتایبەت موچە و فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕوی جیهاندا بكرێنەوە، ئەوەندەی زانیویشمە لەمەودوا گەشتەكانی نێوان هەرێم و ئێران، زۆر زیاد دەكات”.
ئەو بازرگانە زانیاری تر ئاشکرادەکات”نەوتی هەرێم ئەوەی كە ماوە لەمەودوا هەوڵ دەدرێت، لە ئێرانەوە هەناردە بكرێت و بایەخدانی زیاتریش بە خاڵە سنورەكانی هەرێم و كردنەوەی خاڵی سنوری سەیرانبەن و كێلێ، ئاسانكاری بۆ هاتووچۆ دەکات، بە تایبەت هەڵگرتنی ڤیزە و كەمكردنەوەی ڕۆتین كە دوای ڕیفراندۆم زیادی كردبوو”.
گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان جەختی لەوەکردۆتەوە، کە، كاراكردنەوەی شارە پیشەسازییەكان، كە بڕیارە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەشویقی كومپانیاكانیان بكەن، بۆ كاركردن لەگەرمیان و پارێزگای سلێمانی، جگە لەوەش ئەم بانگهێشتەی كۆماری ئیسلامی ئێران، وا لە توركیا دەكات كە بانگێشتی نێچیرڤان بارزانی بكەن، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نیوان توركیا و هەرێم.