چاودێرێكی سیایسی: سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی شاندی هه‌رێم، هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ بۆ ده‌ستپكردنی قۆناغێكی نوێ

0

نوچەنێت

دوای چەندین مانگ لە بڕینی پەیوەندییە دیبلۆماسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ باشووری كوردستان، دواجار كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئاستی باڵا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد، بەرپرسانی تاران، ئامادەیی خۆیان بۆ نێوبژیوانی نێوان هەولێر و بەغدا نیشان دا.

له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێچیرڤان بارزانی، له‌ دوای شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ڕۆژی ٢٠-١-٢٠١٨، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم و به‌رپرسانی به‌غدا ئه‌نجام درا. به‌ رای چاودێرانی سیاسیی، ده‌كرێ ببته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستان له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢١-١-٢٠١٨، شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامێتی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، فوئاد حوسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌فین دزه‌یی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌ لە تاران له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن رووحانی، سه‌رک كۆماری ئێرانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور[١]

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٠-١-٢٠١٧ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ری شاندێك، كه‌ پێکهاتبوو هه‌ریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوون، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشتنه‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراقی فیدراڵ ، له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌.

له‌ دیدارێكدا دوا پێشهاته‌ سیاسیی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق، گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا. هه‌ردوولا هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر‌ دوا پێشوه‌چوونه‌كانی گفتوگۆكانی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر پرسی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم كرد. هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ و دیدارانه‌یان به‌مه‌به‌ستی هه‌رچی زوو ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان‌، دووپات كرده‌وه‌‌. تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ بواره‌كانی نه‌وت و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووری عێراقه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

دوای دیداریان له‌گه‌ڵ عەبادی، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم، به‌ره‌و تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێكه‌وت. هەروەها سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێم بۆ تاران دوای داوه‌تێكی فه‌رمی كۆماری ئیسلامی ئێران هات.

چارەسەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور[٢]

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق،دوای کۆبوونەوەی  نێچیرڤان بارزانی و عەبادی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و چارەسەر کێشەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەپێی دەستوور کراوە. عەبادی هەڵوێستی حکومەتی عێراقی دووپاتکردەوە بە گرنگی پابەندبوون بە سنووری هەرێمی کوردستان، کە لە دەستووردا نووسراوە.

عەبادی، جەختی لەسەر بەردەوامی کاری لیژنەی تایبەت بە فڕۆکەخانەکان کردووەتەوە، بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بگه‌ڕێته‌وه‌. هەروەها پێویستە دەسەڵاتی حکومەتی ئیتیحادی بگەڕێتەوە بۆ هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانەکان، کە بەپێی دەستوور لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدان.

حەیدەر عەبادی باسی لەوەش کردووە، كه‌ گرنگە هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی دەسەڵاتی ناوەندی بکات و ، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی حکومەتی ناوەندییەوە بێت.

لەبارەی کاری لیژنەکان بۆ وردبینی مووچە، عەبادی بە پێویستی زانیوە لیژنەکان کارەکانی تەواو بکەن، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و جەختیشی لەسەر پەلەکردن لەو پرسەدا کردووەتەوە. عەبادی جەختی لەسەر یەکێتی و سەروەری خاکی عێراق کردووەتەوە و رایگەیاندووە، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە گەلی عێراق.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و حه‌سه‌ن روحانی[٣]

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (یەکشەممە٢١-١-٢٠١٨) حەسەن وو شاندی کوردستاندا بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، رووحانی پاراستنی په‌یوه‌ندییەکانی هەولێر و تارانی به‌پێویست زانیوە به‌ تایبه‌تی، كه‌ هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌ ئاسایشی ئێران و ناوچه‌ سنوورییه‌كان ده‌دات، خوازیاریش بوو سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیر ببێت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ خۆشگوزه‌رانیدا بن”.

لەبارەی دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆککۆماری ئێران، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و فه‌راهه‌مكردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور به‌‌ پێویست زانیوە، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ ڕۆژی شەممە له‌ به‌غدا بووه و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كێشه‌‌ هه‌ڵواسراوه‌كان ده‌ستپێكردووه‌.

رووحانی گوتوویەتی “هەموو نەتەوەکان لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت کوردی عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتانە،  بە مافە شەرعی و یاساییەکانیان بگه‌ن”.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كردووەتەوە، سیاسه‌تی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه‌ فاكته‌ری سه‌قامگیریی بن له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌رواش ده‌مێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌پێویستی زانی له‌كاتی دروستبوونی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراودا، هه‌ماهه‌نگی و گفتوگۆی زیاتر له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌بێت.‌

 نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاندووە،  چاوه‌ڕێده‌كرێت ئێران بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ و دابینكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام بێت، ئەگه‌ر زووتر ئه‌و كێشانه‌ به‌پێی ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر كرابان، به‌شێكی زۆر له‌و رووداوانه‌ی كه‌ هاتنه‌ئاراوه‌، روویان نه‌ده‌دا.

لەبارەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆک کۆماری ئێرانی گوتووە “كردنه‌وه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان، پاڵپشتییه‌كی باش بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی بۆ بازرگان و سه‌رمایه‌داران و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ له‌و سنوورانه‌دا كار ده‌كه‌ن. هیوای خواستووە هه‌وڵه‌كان بۆ فراوانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان به‌رده‌وام بن و، له‌وباره‌یه‌‌وه‌ ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ئاسانكارییه‌ك نیشاندا”.

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عه‌لی شه‌مخانی[٤]

له‌ دووه‌م وێستگه‌ی دیداره‌كانی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ تاران، پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢١-١-٢٠١٨، شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن عه‌لی شه‌مخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كۆماری ئیسلامی ئێران، پێشوازییان لێكرا.

ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، عه‌لی شه‌مخانی هیوای خواستووە، هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق و به‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن. ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هاندانی هه‌ردوولا له‌ گفتوگۆكاندا نیشاندا. هه‌روه‌ها هیوای خواست سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیر بێت. به‌شێوه‌یه‌ك بژێوی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت.

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه كرد‌ووە، كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه‌، هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندیی باش و دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌گشتی و به‌تایبه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌بێت.

نێچیرڤان بارزانی به‌ پێویستی زانیوە، ئێران له‌و گفتوگۆیانه‌ی ئێستا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چن‌، هاوكار بێت و رۆڵی خۆی بۆ له‌یه‌كدی نزیككردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و دابینكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بگێڕێت، چونكه‌ گه‌ر مادده‌ و به‌نده‌كانی ده‌ستووری عێراق، وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێن ئه‌وا زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌بن و بارودۆخی هاووڵاتیانی عێراق، به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر ده‌چێت. دووپاتیكردووەتەوە،‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌رده‌م فاكته‌ری سه‌قامگیری بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و هه‌ر واش ده‌مێنێته‌وه‌. زۆر گرنگی به‌ جێگیربوونی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ ده‌دات.

دەبێ مافی یاسایی کورد بە باشی پارێزراو بێت[٥]

بەگوتەی سەعدوڵڵا مەسعودیان، سەرکونسوڵی ئێران لە سلێمانی، حەسەن رووحانی سەرک کۆماری وڵاتەکەی لە دیدارى لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە دەبێ مافی یاسایی و هەموو نەتەوەکان بەتایبەتی کورد، بەباشی پارێزراو بێت.

سەرکونسوڵی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رووداو گوتوویەتی، رووحانی هەموو دیپلوماتکارانی وڵاتەکەی راسپاردووە، کە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ نزیک بوونەوەی بەغدا و هەولێر. دەشڵێت ” جارێکی دیکە سنوورەکانمان لە گەڵ هەرێمی کوردستان داناخەین.

 بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی هەولێر و بەغدا[٦

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە بارەی سەردانەكەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند “سەردان و دیدارەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، زۆر گرنگ بوون. لە هەموو دیدارەكان پشتیوانی ئێران بۆ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكرایەوە”.

نازم دەباغ، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی سەردان و دیدارەكان گوتی، دووپات لەوە كرایەوە، كە ئێران هاندەرێكی باشی حكومەتی بەغدا دەبێ بۆ ئەوەی گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستان لاببات. بە نێچیرڤان بارزانییان گوت “لەهەركات و شوێنێك پێویستتان بە هاوكاری ئێران هەبوو، ئێمە درێغی ناكەین لە هاوكاریكردنتان. چاوەڕوانیش دەكرێ دواتر ئێران لەگەڵ عەبادی، پەیوەندی هەبێ بۆ ئەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەنجامیان هەبێ”.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی[٧]


ئەمڕۆ دووشەممە 22-1-2018، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوەو ، ئاماژەی بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی بەغداو تاران کرد.

سەرۆک وەزیران گوتی، لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆبووینەوەو باسمان لە کێشەکانی موچە، نەوت، فڕۆکەخانەو دەروازە سنوورییەکان کرد. بەردەوام دەبین لە پەیوەندی و ئەوان لیژنەیان بۆ ئەم مەبەستە داناوە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ تاران، بارزانی ئاشکرای کرد، کە لەم کۆبوونەوانەدا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە. بەڵکو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بووە.

نێچیرڤان بارزانی، یەکێک لە بەشداربووانی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسە، کە سبەی سێشەممە ٢٣-١-٢٠١٨، دەستپێدەکات و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت، رایگەیاند، کە لەوێ جارێکی تر لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق، کۆدەبێتەوە و چاوی بە وەزیری نەوتی عێراقیش دەکەوێت، ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامیدان دەبن بە کۆبوونەوەکانی رابردوو.

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم، لەسەر هێرشەکانی سەر عەفرین سەرۆک وەزیرانی هەرێم نیگەرانی خۆی خستەروو”ئەوەی لە عەفرین روودەدات جێی نیگەرانی گەورەی هەرێمی کوردستانە، هیوادارین و داوا دەکەین بەزووترین کات بە کەمترین زیان بگەنە ڕێککەوتن، نیگەرانی گەورەی ئێمە ئەو مەدەنییانەن کە لە عەفریندان”.

هەرێمی كوردستان هاوسەنگی په‌یوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و ئێران رابگرێت[٨]

چاودێرێكی سیاسیی، كە هاوكات شارەزای سیاسەتی ئێرانە پێیوایە، چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران لەم قۆناغەدا گرنگە و ئەنجامی باشی دەبێت، چونكە مەرجەعی بڕیارەكانی بەغدا لە تارانە.

 هۆشەنگ تاجر، چاودێری سیاسیی، كە هاوكات شارەزای سیاسەتی ئێرانە بە ”وشە”ی ڕاگەیاند “چوونی ئەو شاندە بۆ تاران ئەنجامی باشی دەبێت، چونكە ئێستا مەرجەعی بڕیاردانی عێراق تارانە و هەموو بریارەكان لەوێوە دەدرێن”. 

 هۆشەنگ تاجر گوتویه‌تی، چوونی ئەم شاندە دەرگای چارەسەری بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكاتەوە، بەڵام پێویستە كورد بە هۆشیارییەكی گەورەوە مامەڵە لەگەڵ وڵاتاندا بكات.

ئەو چاودێرە سیاسییە بەپێویسی زانی، كە هەرێمی كوردستان هاوسەنگی په‌یوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و ئێران ڕابگرێت.

ناونه‌هێنانی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا كارتی فشاره‌[٩]

ناونه‌هێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ كراوه‌، په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق ده‌ڵێت “مانای وا نییه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌، به‌ڵكو ته‌نیا كارتێكی فشاره‌ و تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو، حكومه‌تی ئێستا شه‌رعییه‌”.
 
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، سامی ئه‌تروشی ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق به‌ “وشه‌”ی راگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سیفه‌تی فه‌رمی و له‌سه‌ر داوای حكومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ و به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ فه‌رمییه‌كان كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ مانای شه‌رعیه‌تبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌غدا ناوی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌هێنێ.
  
ئه‌و په‌رله‌مانتارە ده‌ڵێ، بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه‌ باس له‌ شه‌رعیه‌تبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، كه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك و سه‌رچاوه‌ی یاسادانانه‌، هه‌ر به‌ په‌رله‌مان و خه‌ڵكیش شه‌رعیه‌تی نامێنێ.
 
ناونه‌هێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ ته‌نیا كارتێكی فشار بووه‌ و ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی گه‌ڕێكی نوێی دانوستان له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و له‌ رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق، به‌ سیفه‌تی فه‌رمی و یاسایی و ده‌ستووری، دانی به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌، ئه‌تروشی وای گوت.
 
كۆبوونەوەكان سەرەتاییەكی باشن بۆ رێككەوتن و كۆتاییهێنان بە تەواوی كێشەكان[١٠]

د. فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عیراق، كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و بەغدا و سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بووە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكانی هەرێم و بەغدا.

 لەبەشێكی تری گوتەكانیدا دكتۆر فوئاد مەعسوم رایگەیاند، كۆبوونەوەكان سەرەتاییەكی باشن بۆ رێككەوتن و كۆتاییهێنان بە تەواوی كێشەكان راشیگەیاند: ئاسۆی رێككەوتنی كۆتایی لە ئێستادا دەركەوتووە.

عادل عەلی، چاودێری سیاسیی، لە لێدوانکی تایبەت بە نوچەنێت، پێیوایە ئەم سەردانەی ئەمجارەی شاندی حکومەتی هەرێم، هەنگاوی یەکەمە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم.

کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەری لەسەر تاران دەبێ[١١]

مامۆستایانی زانكۆ ده‌ڵێن، تاران بە شێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بەغدا هەیە، بۆیە سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، هەم پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران ئاسایی دەكاتەوە، هەمیش ئێران یارمەتیی هەولێر و بەغدا دەدات، كە كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، چونكە چارەكردنی كێشەكان لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدایە.

دكتۆر ساڵح مەلاعومەر، مامۆستای زانكۆ، كە دكتۆرای لە زانستە سیاسییەكاندا هەیە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند”ئەگەر تەماشای كوردستان و عێراق بكەین، پەیوەندییەكان دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر تێك چووبوون، بەغداش ڕۆژ بە ڕۆژ گوشارەكانی لەسەر كوردستان زیاتر دەكرد، وەكو داخستنی فڕۆكەخانەكان و سنوورەكان، كێشە لە دوای كێشەی دروست دەكرد، هەتا بۆ چارەكردنی كێشەكان ئامادە نەبوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابنیشێت، بەڵام ئەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەغدا بووە هۆی ئەوەی كە پەیوەندییەكان لەجیاتی دروستكردنی كێشە بەرەو خاوبوونەوە بچن، ئەوەش دەرفەتێكی باشتر دەڕەخسێنێت، كە كێشەكان چارە بكەن.”

دكتۆر ساڵح مەلاعومەر روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌”ئێران دەتوانێت ڕۆڵێكی ئه‌رێنی هەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، چونكە تاران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بەغدا هەیە، تا راددەیەكی زۆر عێراق لە ژێر هه‌ژمونی ئێران كار دەكات، ئێران پاڵپشتییەكی تەواوی لە شیعە دەكرد بۆ ئەوەی لە دژی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوە بوو كە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لە نێوان هەولێر و تاران نەبوو، چونكە ئێران وای بیر دەكردەوە كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دژی ئێرانە، بەڵام ئەوە دژی هیچ وڵاتێك نەبووە، بەڵكو بە هۆی ئەو كێشانەی لە ناو عێراق هەن، وای لە كوردستان كرد كە پەنا بۆ ئەو پرۆسەیە ببات، بۆیە سەردانی نێچیرڤان بارزانی هەم پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران باشتر دەكات، هەمیش ئێران یارمەتی هەولێر و بەغدا دەدات، كە كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، چونكە ئەگەر كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەبن لە بەرژەوەندیی تارانیشدا نییە.”

دكتۆر هەوار نێروەیی، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك دەڵێت “پاش ڕووداوەكانی١٦ی ئۆكتۆبەر سەركردایەتی كورد زیاتر بەوە خەریكن، كە خۆیان ڕێكبخەنەوە، كە بابەتێكی زۆر گرنگ و هەستیارە، بەتایبەتی حكومەتی هەرێم لە هەوڵدایە خۆی رێكبخاتەوە هەر لەبەر ئەوە ئەو سەردانانە دەكرێن و هەر جارە و سەردانی وڵاتێكی جیهان دەكەن، لە داهاتووشدا سەردانی توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە دەكەن، ئەوەش پەیوەندیی بە رێكخستنەوە هەیە، چونكە ١٦ی ئۆكتۆبەر بناغەی سیستەمی سیاسیی كوردستانی هەژاند، بۆیە خۆڕێكخستەوە زۆر گرنگە، هەنگاوی دووەم ئەوەیە جارێكی تر پەیوەندییەكان لەگەڵ جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران نۆرماڵ بكرێنەوە، چونكە ئێران رۆڵێكی گرنگی لەسەر هەیكەلی حكوومەتی عێراق هەیە، ئەگەر ئێران رازی بێت، عێراقیش رازی دەبێت، بۆیە سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ ئێران زۆر گرنگە و ئەو وڵاتە دەتوانێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكات، بۆیە ئەو سەردانە هەنگاوێكی گرنگە”.

ئەنجام 

به‌لێكدانه‌وه‌ی دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه‌و چاودێرانی سیاسیی، ده‌كرێت ئێستاو له‌ قۆناغی خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردن، كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌غدا نه‌رمی بنوێنێت، هه‌روه‌ها دۆخی ناوخۆی ئێران و خۆپیشاندانه‌كان، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دانوستانه‌كان ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت كورد ئه‌م جاره‌ به‌ سیاسه‌تێكی نوێ و ئه‌زموونێكی نوێوه‌ بچێته‌ ناو گفتوگۆ و دانوستانه‌كان.  هەروەها یەکدەنگی کورد گرنگییەکی تری قۆناغەکەیەو  پێویستە کورد ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە، ئەم هەلە لە دەست نەدات و بەسیاسەتێکی نوێوە هەوڵی جێگیرکردنەوەی پێگەی هەرێم لە سیاسەتی ناوچەکە بدرێت و هه‌رێم به‌ سیاسه‌تێكی نوێوه‌ بچێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی دانوستانه‌كان.

زۆرێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و چاودێرانی سیاسیی، سه‌ردانه‌كه‌ به‌ گرنگ و سه‌ره‌تایه‌كی باش باس ده‌كه‌ن.

سەرچاوە

١ـ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=56316

٢ـ http://www.nuche.net/?p=113365

٣ـ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=56319

٤ـ http://cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=040000&l=13&a=56320

٥ـ http://www.radionawa.com/kum/view.aspx?n_=157403&m_=1

٦ـ http://www.rudaw.net/mobile/sorani/middleeast/22012018

٧ـ http://www.nuche.net/?p=113550

٨ـ http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=36177&Jor=1

٩ـ http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=36142&Jor=1

١٠ـ http://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=109882

١١ـ http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=106292

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com