هەورامی: لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا گرێبەستێک کرابوو بە 5 ملیۆن دۆلار ئێمە هەڵمانوەشاندەوە کردمانە 500 ملیۆن دۆلار

0

ئاشتی هەورامی نەوشیروان مستەفا بە “هەڕاجكردنی خاك و سامانی كوردستان” تۆمەتبار دەكات

نوچەنێت . رووداو

د.ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان وردەكاری گرێبەستێكی نەوت ئاشكرا دەكات كە لە ئیدارەی پێشووی سلێمانی بە رێنمایی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆمپانیایەك واژۆكراوەو ئەوە بە “هەڕاجكردنی خاك و سامانی كوردستان” ناودەبات.

هەورامی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو)، بەبێ ئەوەی ناوی كۆمپانیاكە بێنێ، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو گرێبەستە كاتی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای وێسترن زاگرۆس كرابوو، دەڵێ “بەڕاستی ئەو گرێبەستەی كە لەسەر داوای بەڕێز نەوشیروان مستەفا كرابوو، ئەوەندە نەشارەزایانە و نەزانانە كرابوو كە لە یەك كاتدا مایەی پێكەنین و گریان بوو”. وەك ئەو گوتی، زەویەكی زۆر بەگوێرەی ئەو گرێبەستە لە سلێمانییەوە تاوەكو گەرمیان، لە كەلار و باوەنور درابووە كۆمپانیای ناوبراو. بەڵام هەورامی گوتی “ئەو ناوچەیەی كە درابووە ئەو كۆمپانیایە، ئێمە كردمانە چوار ناوچەی گرێبەستكردن و لەگەڵ پێنج كۆمپانیا گرێبەستمان بۆ كرد”. گوتیشی كە ئەوان هەموو گرێبەستەكەیان بەو ناوچە زۆرەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا بە 5 ملیۆن دۆلار بۆنەس (شیرینی یاخود بەخشین بۆ پڕۆژەكانی ژێرخانی كوردستان) كردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ناچەكەیان كردە چوار ناوچە ” لەجیاتی 5 ملیۆن دۆلار بۆنەس، 500 ملیۆن دۆلار بۆنەس و پڕۆژە دەهێنێ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، واتە 100جار زیاتر لەو گرێبەستەی پێشتر لەگەڵ كۆمپانیاكەدا كرابوو”.

هەورامی لەدرێژەی قسەكانیدا باس لە رێژەی داهات و قازانجی كۆمپانیاكە دەكات كە بەپێی قسەی ئەو سێ جار زۆرتربووە لەوەی ئەوان دواتر داویانەتە هەر پێنج كۆمپانیاكە پێكەوە لە هەمان ئەو ناوچەیەدا. گوتیشی “ئێستا رێژەی كۆمپانیاكە لە 10% كەمترە، بەڵام لە گرێبەستە كۆنەكەدا لە 30% زیاتربوو”.

هەروەها دەڵێ رێژەیەكی شاراوەیان لەو گرێبەستەدا دۆزیەوە كە لە داهاتی نەوتی ئەو گرێبەستە درابووە دوو كەس كە “رێژەی 5%ی وەك بەش لە گرێبەست و نەوتی ئەو هەموو ناوچە زۆرەی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان درابووە كەسێكی كورد و كەسێكی عێراقی، ئەویشمان لادا و خستمانەوە سەر رێژەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گێڕامانەوە بۆ خەڵكی كوردستان لەجیاتی ئەوەی بە شاراوەیی بۆ دوو كەس بچێت”.

ئاشتی هەورامی هەروەها دەڵێ “ئەگەر هەرێمی كوردستان بەپێی رێنمایی و شارەزایی بەڕێز نەوشیروان مستەفای بكردبا، هەموو ئەو ناوچانەی كوردستان كە بۆ گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت دیاریكراون لە هەرێمی كوردستان، بەشی 8 گرێبەستیان دەكرد، بەڵام ئێمە تائێستا 50 گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە”.

وەزیری سامانە سروشتییەكان باسی هەندێ گرێبەستی دیكەش دەكات كە هەر ئەوكات لە سنووری ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ هەندێ كۆمپانیای بچووكدا كراون و دەڵێ ئەوانەش ئەوكاتە كراون كە نەوشیروان مستەفا كەسی یەكەم بووە لەو ناوچەیەدا و دەسەڵاتی یەكەمی بەسەر حكومەتدا هەبووە “لە هەندێ لەو گرێبەستانەدا بەشاراوەیی و لە پشتەوە رێژەی 20% بۆ هەندێ كەس دانرابوو، ئێمە ئەو رێژانەمان دۆزینەوەو بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان هەموومان خستنەوە سەر رێژەی حكومەت”. ئاشتی هەورامی دەڵێ هەقبوو نەوشیروان مستەفا دەستخۆشی لەوەبكات، نەك راگەیاندنی گۆڕان بەو شێوەیە هێرشی بكاتە سەر.

بەڵام كاردۆ محەممەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە كە نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتی گرێبەستەكانی نەوتی كردبێت و دەڵێ “ئەوە راست نییە، چونكە دڵشاد عەبدولڕەحمان، كە پێشتر وەزیر بووە و سەرپەرشتی مەسەلەی نەوتی دەكرد، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو گوتی ئەوە راست نییە نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتی ئەو گرێبەستانەی كردبێت”.

هەر لەو هەڤپەیڤینەدا ئاشتی هەورامی ئەوە رەتدەكاتەوە كە پشكی كۆمپانیا بیانییەكان لە داهاتی گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا لە 10% زیاتربێت و ” “هەروەها هیچ حیزبێك پشك و رێژەی نییە لە داهاتی نەوتیدا بەپێی ئەو گرێبەستانە، بەڵام وادیارە ئەوان بەپێی پێوەری خۆیان ئەو شتانە دروستدەكەن، كە ئەو كاتەی گرێبەستكردن لەژێر سەرپەرشتی ئەواندا كراون، رێژەی خەیاڵییان داوەتە كۆمپانیاكان و رێژەیان بەشاراوەیی داوەتە كەسانێك، وادەزانن ئێستاش هەروایە”. ئاشتی هەورامی دەڵێ گۆڕان دەزانێ سیاسەتی نەوتیی سەركەوتووە، بەڵام لەوە دەترسێ بەوهۆیەوە دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی بەهێزتر ببێت.

ئاشتی هەورامی ناوەڕۆكی نامەیەكیش ئاشكرا دەكات كە دەڵێ دەگوترێ لەلایەن بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ حوسێن شەهرستانی نێردراوە، كە ئەوكات وەزیری نەوتی عێراق بووە . هەورامی دەڵێ “ئەو نامەیە و داواكارییەكانی ناوی بەداخەوە هیچی كەمتر نییە لە سیخوڕیكردنی ژێراوژێر لەسەر كوردستان، كە ئەوە بەهیچ شێوەیەك نابێ لە هیچ كەسێكی نیشتمانپەروەر و هیچ لایەن و حیزبێكی كوردستان بوەشێتەوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com