٣١ ی ئاب کردار یان پەرچەکردار
چاودێرێک
بۆ نوچەنێت
…
“کاتێک باسی ٣١ی ئاب دەکرێت خەریکە بێ دەنگی پارتی ئیستغلال دەکرێت بۆ ئەوەی کە لایەنێکی شەڕی ناوخۆ کە هۆکارەکانی داوە بەدەستەوە، ببێتە قوربانی و پارتی ببێتە جەلاد، ئەو ببێتە نیشتیمان پەروەرو پارتی ببێتە خائین، ئەویش بەهۆی نوسینی کۆمەڵێک نوسەری ئامانجدار یان هەرزەکار و سیاسیە شەڕخوازەکان، بۆیە ئەگەر پارتیش ئەم ناسنامەی خائین بوونەی قبوڵ بێت لەپێناو ئامانجێکی تر، ئەوە ئەرکی رۆشنبیرانی بێ لایەن و خاوەن ویژدانە کە، پارتی نین تا رێککەوتنی ستراتیژی بێدەنگیان بکات، یان خەمی دروستنەبوونی ئاڵۆزی بێدەنگیان بکات، بێنەدەنگ و ویژدانانە هەڵسەنگاندن بکەن”.
…..
٣١ی ئاب
میللەتێک نییە لەسەر ئەم زەوییەدا بەهێندەی کورد لاواز لە هەڵسەنگاندن قسە لەسەر رووداوەکان بکات و بەشکڵی لەشتەکان بروانێت، هەر ئەمەشە وایکردووە سیاسییە هەڵتۆقیوەکانی ناو رووداوەکان، بەردەوام بەدوای دەرفەتی دروستکردنی رووداو بکەون، تا هەمووکات لەکاتی یادکردنەوەی ئەو رووداوەدا بە دەهۆڵکوتان و هەرای راگەیاندن مانەوەی خۆیان ئەپدەیت بکەنەوەو وزەیەک بەبەر خۆیاندا بهێننەوە.
رووداوەکانی شەڕی ناوخۆ بەسن بۆ سیاسیە هۆکارەکانی شەڕ، تەمەنێک بە یادکردنەوەی میللەتێک چەواشە بکەن و بەهۆیەوە درێژە بەو جەوە بدەن کە تێیدا گەشە دەکەن و رۆحی شەڕانگێزی و سرینەوەی متمانە لەنێوان خەڵکدا بەرپا بکەن، کەم نین ئەو قەڵەم بەدەستانەش بە مەبەست یان نەزانانە بە ئاوازی ئەو سیاسیانە هەڵدەپەڕن وهەمان نەزمی ئەوان ئەخوێنن، لەناو ئەو قەڵەم بەدەستانەدا تێیاندایە، بووەتە بەشێک لەرۆحی سیاسیە شەڕخوازو هەڵتۆقیوەکانی سەردەمی نائارامی، بوونەتە بەشێک لە پیلانەکانی مانەوەی ئەوان و بێ هەبوونی رای خۆیان، راکانی ئەوان دووبارە دەکەنەوە و بەگوێی خەڵکیدا ئەدەن، بێ بیرکردنەوە لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی وتنەوەی ئەو وتارانە، تێشیاندایە نەزانانە یان بێ مەبەست کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییەو بەهەمان چاویلکەی ئەوان سەیری رووداوەکان دەکات، ئەو چاویلکەش وایکردووە توش بەهەمان خوێندنەوەی ئەوان و هەمانشێوازی قسەلەسەرکردنی ئەوانی بکات، بێ ئاگا لەوەی رەنگە وتنەکانی ئەو کاریگەری لەسەر چەسپاندنی مێژوویەکی چەواشەکارانە هەبێت لە هزری گەنج و نەوەی نوێدا.
شەڕی ناوخۆی کورد زۆر رووداوی نەخوازراوی هێنایە گۆڕێ، کە هەرگیز بکەرەکانیشی خەونیان بەڕوودانیانەوە نەبینووە، بۆیە کاتێک کە باس لەشەڕی ناوخۆ دەکرێت، ئەگەر مەبەست دیکۆمێنتکردنی شەڕەکەبێ وەکو خۆی، جێی خۆیەتی خەڵکی بێلایەن و دڵسۆز قسە لەسەر کۆی رووداوەکانی بکات، ئەویش نەک لەپێناو کولانەوەی برینەکان، بەڵکو بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان.
بەڵام قسەکردنی بێلایەنانە و سودمەند لەسەر رووداوەکانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە ئەوەیە کە لەکاتی قسەکردن لەسەر رووداوەکان، دەبێت هەر رووداوێک پۆلێن بکرێن، لەنێوان کردارو پەرچەکرداردا، راستە وەڵامدانەوەی تاوان بەتاوان هەر تاوانە، بەڵام بەپێی مەنتقی کاری ئینسان و یاسای هەموو دنیاش کردارو پەرچەکردار، دوو شتی جیاوازن.
بێگومان شەڕی ناوخۆش پڕ لەرووداوگەلێک کە لە هەردوو لایەنی کردارو پەرچەکرداردا خۆیان دەبیننەوە، بەڵام جگە لەسیاسیە داینەمۆکانی شەڕ بەداخەوە بە مەستە یان بەنەزانین لەناو رۆشنبیرو قەڵەم بەدەستەکانی ئێمەدا، قسەکردن لەسەر ئەو دوولایەنە خەریکە دەبێتە هەوڵێکی چەواشەکارانە بۆ چەواشەکردنی ئەو مێژووە، چونکە بەبەردەوامی پەرچەکردار لە زوومی قسەکردنەکانەو ئەسڵی کرداریش لەدەرەوەی قسەلەسەرکردنە.
لەهەڵبژاردنی ساڵی ٩٢ پارتی براوەی هەڵبژاردنەکان بوو، بەڵام لەپێناو یەکترقبوڵکردن و روونەدانەوەی ململانێی ناوخۆیی، رازی بوو بە حکومی پەنجا پەنجا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم قوربانیدانەی پارتی ویستی شەڕخوازی بەرانبەرەکانی لەناو نەبرد و بەردەوام دژایەتی پارتی تاو دەدرا.
بەهەرهۆکارێک بوو شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لەدوای یەکەم هەڵبژاردن پارتی خەونی بە دروستبوونی لەشکری یەکگرتووی کوردستانەوە دەبینی، هەموو بارەگاو ناوچەکانی داماڵراوبوون لە پێشمەرگەو هەر بارەگایەک چەند پێشمەرگەیەکی پۆلیس ئاسا پاسەوانیان بوو، ئەو هێزەی کە هەیبوو لەناو لەشکری یەکگرتوودا حەلکران بەتایبەت لەدەڤەری سلێمانی، بۆیە یەکێتی با ئاسانی دەستیگرت بەسەر هەموو بارەگاکانیدا لەو سنورە.
دیسان بەهۆی ئەوەی کە پارتی هێزەکانی لە هەولێر لەجێگا حەساس و ستراتیژییەکاندا کێشابویەوە، لەپێناو ئەوەی شەڕ نەگاتە پایتەخت، پەڕلەمانی کوردستان لەلایەن یەکێتی یەوە بەزەبری هێز داگیرکرا، هەرچی بارەگای پارتی هەیە وێران کرا، ماڵی هەرچی لایەنگری هەیە تاڵانکرا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەیەکی زۆر تەنها مەرجی پارتی بۆ دروستکردنەوەی ئاشتەوایی، داماڵێنی هەولێر لەچەک و چۆڵکردنی ئەو شارەبوو لەسوپای حزبی و گێرانەوەی شەرعیەت بوو بۆ پەڕلەمانی داگیرکراوی کوردستان، بەڵام لەجێی بەدەمەوە چوونی ئەم داواکارییە، یەکێتی بریاری نەفی عامی پارتی و پارتییەکانی دا، سکرتێری گشتی یەکێتی لە یادی دامەزراندنی پارتی لەساڵی ٩٦، وتی دەبێت ئەوان بە دووربنینی قەوس سەیری هەولێر بکەن، راشیانگەیاند یادی دامەزراندنی پارتی دەبێتە یادی لەناوچوونی ئەو حزبە.
بێگومان هەوڵی داگیرکردنی پەڕلەمانی کوردستان بەهێزی چەکدار، ئەودەم و ئیستاش خوێندنەوەی زۆری بۆکراو دەبێت بشکرێت، وەک ئەوەی بە رێنمایی ئێران هەوڵی بێشەرعیەتکردنی پەڕلەمان و لەشکۆدان و کەمکردنەوەی شکۆی تاکە دەزگای هەڵبژێردراوی کوردستان دراو هەوڵی رێگریکردن لە دروستبوونی کیانێکی کوردی بوو، بەدیهاتنی ئەم ئامانجەش بێگومان لەرێگای دوورخستنەوەی پارتیەوە دەبینرا، دیارە ئەم ئامانجەی ئێران گونجاوو یەکانگیربوو لەگەڵ خەونی لە مێژینەی یەکێتی بۆ لەناوبردنی پارتی، هەر بۆیەش تێکەڵبوونی ئامانجی روخاندن و لەشکۆدان و نەهێشتنی شەرعیەتی تاکە دەزگای شەرعی کوردستان و خەونی لەناوبردنی پارتی، بووە هۆکاری دروستبوونی گەورەترین پیلان کە لەدژی پارتی گێڕدرا، لەسنورەکانی حاجی ئۆمەران و سیدەکانەوە بەهاوکاری سوپای ئێران کوردە پێشینەجاشەکان و هێزەکانی یەکێتی بەرەو سنورەکانی پارتی کشان، هەر بە بەهاوکاری ئێران، لە میحوەرێکی ترەوە هێزەکانی یەکێتی تا نزیک سنوری سەری رەش و بناری پیرمام چوون کە سەرکردایەتی پارتی لێبوو، ئەم هاوکارییە سەربازییەی نێوان ئێران و کوردە پێشینە جاشەکان و یەکێتیش دواین زەنگی هەوڵی لەناوبردنی پارتی بوو.
دیارە هاوکاری لەشکری و لۆجستیەکانی ئێران بۆ هێزەکانی یەکێتی، لەهەوڵی لەناوبردنی پارتیدا تەنها بۆ شائامانجی بێ شەرعیەتکردن و تێهەڵدان نەبوو پەڕلەمانی کوردستان، یان بۆ دڵسۆزی بەرەیەک لە هێزەکانی کوردستان نەبوو، بەڵکو هاوکارییە لەشکرییەکانی ئێران و تۆپخانەکانی بۆ هاوکاری یەکێتی، بەدەر لە شائامانجەکە لەبەرانبەر قبوڵکردنی یەکێتی بوو بۆ هێرشکردنی ئێران بۆ سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەسلیمکردنی خەباتگێرانی رۆژهەڵات بوو بەئێران و تۆپبارانکردنی بارەگاکانیان بوو لەسنوری یەكێتیدا، وردبونەوە لەو کارانەش کە لەو دەمەدا لەدژی کەمپی حزبەکانی رۆژهەڵات دەکرا، ئەتگەیەننە بەڵگەی سەلمێنەری ئەو راستیەی، کە یەکێتی ئامادەبووە قوربانی بەخەباتگێڕانی کوردانی رۆژهەڵات بدات، لەپێناو بەدەستهێنانی هاوکاری لەشکریی ئێران لەشەڕ لەدژی پارتیدا.
ئەم پیلانە گەورەش لەدژی پارتی و شەرعیەتی پەڕلەمانی کوردستان و هێرشی یەکێتی بەهاوکاری ئێران بۆ سنورەکانی پارتی، بەداخەوە پارتی ناچار بەوەکرد کە لەپێناو مانەوەی لەو کوردستانەی کە بۆ رزگارکردنی هەزاران شەهیدی بەخشی بوو، بیر لەشێوەیەکی تر لە رووبەڕووبونەوە بکاتەوە، چونکە هاوکارییەکانی ئێران بۆ یەکێتی پارتی لەوە دڵنیادەکات کە شەڕی ناوخۆی کوردستان، بۆتە شەڕی نێوان حکومەتی ئێران و پارتی، لەوە دەرچووە کە شەڕی نێوان دوو لایەنی کوردستانی بێت.
ئاخر بەهەموو پێوەرێک و لەهەر کوێیەکی دنیا، کاتێک پیلانی لەناوبردن و دەربەدەرکردنی کەس یان لایەنێک بچێتە واری جێبەجبەجێبوون، بەئامانجکراویش مافی رەوای خۆیەتی بەهەمان چەک و بەهەمان هێز و بەهەمان پیلان وەڵامی بەرانبەری هەبێت، بێگومان بۆ حزب گروپ و بۆ دەوڵەتیش هەمان پێوەر رەواو کارپێکراوە، لەشکرکێشی یەکێتیش بەهاوکاری ئێران شەڕێکی نابەرابەربوو بۆ پارتی، کە بەچەکێکی سادەی دەستی پێشمەرگەکانیەوە رووبەڕووی توانا سەربازییەکانی ئێران و تۆپخانەکانی بێتەوە، ئەویش لەکاتێکدا لەهەموو سنورەکانیەوە هێزی بەرانبەری بەهاوکاری ئێران لەپێشڕەویدا بێت بۆ لەناو بردنی، ئەم رەوابوونەی بەرگریش بەهەمان چەکی بەرانبەرەکانت بۆ پارتی وایکرد، لای پارتی هەوڵی کوردستان بەردەرکردنی بەهاوکاری سوپای بێگانە قبوڵ کراو نەبێت.
چونکە ئەوە چاوەڕوانییەکی ناواقیعییە، پارتی کە بەو مێژووە درێژەوە خەباتی بۆ رزگارکردنی کوردستان کردبێت، لەکاتی رزگارکردنی کوردستاندا هێزێکی ناوخۆ کە بەدرێژایی تەمەنی دروستبوونی تاکە ئامانجی لێدانی پارتی بووە، بەهاوکاری وڵاتێکی دەرەوە بیەوێت پارتی کوردستان بەدەربکات و لە بەرانبەریدا پارتی بێدەنگ و دەسەوسان راوەستێت، تەماشاکاری مەرگی خۆی و بەرهەمی خەباتی بێت لەکوردستانی ئازاددا.
ئەمە نەک بەتەنها بۆ پارتی قبوڵکراو نەبوو، بەڵکو بۆ ئەو وڵاتانەش قبوڵ نەکراوبوو کە ئەوکات ئەرکی پاراستنی کوردستانیان لەئەستۆ بوو.
بۆیە هەموو خوێندنەوەکانی رووداوەکەش بەو ئاراستەدا ئەرۆن کە ئەو وڵاتانەش گڵۆپی سەوزیان بۆ پارتی هەڵکردووە، تا بەچەکێکی هاو ئاستی ئەو چەکەی یەکێتی دەستی بۆ بردبوو داکۆکی لەخۆی بکات، بیرکردنەوەش لەچەکێک بەهەمان ئاستی ئەو چەکەی پێی لێی دەدرا پارتی گەیاندە ئەوەی کە بەناچاری پەنا بۆ سوپای عێراق ببات و بەهاوکاری سوپای ئەوکاتی عێراق، پیلانەکانی یەکێتی و ئێران لەرۆژی ٣١ی ئابدا بەرپەرچبداتەوەو خەونی لەناو بردنی پارتی بزڕێنێت.
ئەم راستییە لای یەکێتییەکان و لای خەڵکی سادەش روونە کە هۆکارەکانی روودانی٣١ی ئاب ئەوانە بوون کەلەسەرەوە ئاماژەم پێدان، کاتێک باسی ٣١ی ئاب دەکرێت خەریکە بێ دەنگی پارتی ئیستغلال دەکرێت بۆ ئەوەی کە لایەنێکی شەڕی ناوخۆ کە هۆکارەکانی داوە بەدەستەوە، ببێتە قوربانی و پارتی ببێتە جەلاد، ئەو ببێتە نیشتیمان پەروەرو پارتی ببێتە خائین، ئەویش بەهۆی نوسینی کۆمەڵێک نوسەری ئامانجدار یان هەرزەکار و سیاسیە شەڕخوازەکانە، بۆیە ئەگەر پارتیش ئەم ناسنامەی خائین بوونەی قبوڵ بێت لەپێناو ئامانجێکی تر،ب ۆیە ئەوە ئەرکی رۆشنبیرانی بێ لایەن و خاوەن ویژدانە، پارتی نین تا رێککەوتنی ستراتیژی بێدەنگیان بکات، یان خەمی دروستنەبوونی ئاڵۆزی بێدەنگیان بکات، بێنەدەنگ و ویژدانانە هەڵسەنگاندن بکەن.
من دوودڵ نیم لەوەی کە بێدەنگە کردن لەکۆمەڵێک رووداوی دڵتەزێنی شەڕی ناخۆ باشترو بەبایەخترە بەسودترە لەوەی کە بەشێوەیەکی ئامانجدارانە و بەرامی سیاسی، یەکلایەنە باسی رووداوێک بکرێت و وەک خۆی شیکاری بۆ نەکرێت، راستە خەڵکی رۆشنبیری کورد مافی خۆیەتی بەهەموو شێوەیەک باسی رووداوەکانی شەڕی ناخۆ بکات، باسی لاپەرە نابەجێکان بکرێت و گەورەتریش لەخۆیان پێشان بدرێت، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەیان، بەڵام ئەوە دەچێتە خانەی بەردەوامیدان بەشەڕی ناوخۆ، کە بەردەوام رەدفعلەکانی پارتی بکەوێتە بەر زوومی قسەکردن و فیعلەکان نەخوێنرێتەوە، بەوە هەڵە بکەیتە رەدفعلی هەڵە و رەدفعلیش وەک ئەسڵی هەڵە بناسێنیت، قوربانی بکەیتە جەلاد و جەلادیش بکەیتە قوربانی.
بۆیە مەنتق وا دەخوازێت بۆ قسەکردن لەسەر روودانی ٣١ی ئاب، پشت بە گەڕان بەدوای وەڵامی چەند پرسیارێک ببەسترێت، کە بەدڵنایی وەڵامەکان ئەتگەیەننە هۆکاری ئەسڵی ئەو ڕووداوە، وەک ئەوەی، ئاخۆ لەکاتێکدا کە یەکێتی لە سێ شار، دوو گەورەشاری کوردستانی لەژێر دەستدا بوو، بۆچی بەرەوای نەدەبینی ئەو شارەی تری کوردستان لەژێر دەستی پارتیدا بێت؟، بۆچی پەلاماری پەڕلەمانی کوردستان دراو بەهێز داگیرکرا؟. داگیرکردنی پەڕلەمان تاچەند رەوابوو؟. توانا لۆجستییە سەربازییەکانی ئەو هێزەی پەڕلەمانی پێداگیرکرا لەکوێوە دابین دەکرا؟، ئامانج لە داگیرکردنی پەڕلەمان چی بوو؟. چی وایکرد سوپای ئێران و کوردە پێشینە جاشەکان هاوکاری یەکێتی بن لەهێرش بۆ پارتی؟، بۆچی لەناوبردنی پارتی وا چووبووە خوێنی سەرکردایەتی یەکێتی یەوە؟، بۆچی یەكێتی ئامادەبوو کوردانی رۆژهەڵات بکاتە دیاری بۆ ئێران لەپێناو لەناوبردنی پارتی؟، لەسنوری کام هێزەوە تۆپبارانی کەمپە سڤیلەکانی حزبەکانی رۆژهەڵات دەکرا؟، قبوڵکردن و بێدەنگەکردنی ئەو هێزە بۆ هێرشانەی ئێران بۆ سەر رۆژهەڵاتیەکان لەبەرانبەرچی بوو؟ بۆچی وڵاتانی پارێزەری کوردستان گڵۆپی سەوزیان بۆ جوڵەی سوپای عێراق هەڵکرد؟، یان بێدەنگەیان لە جوڵەی سوپای عێراق کرد؟.
بەدڵنیاییەوە ئەگەر بۆخوێندنەوەی ٣١ی ئاب نوسەر یان خوێنەر بەدوای ئەو وەڵامانەدا بگەڕێت، ئەوە بەبەڵگەوە ئەگاتە ئەو وەڵامەی کە ئەگەر ٣١ی ئاب تاوانە، رەدفعلی تاوان بووە، خیانەتە، رەدفعلێکی ناچارانەی خیانەت بووە، شەڕبووە رەدفعلێکی ناچارانەی شەڕ بووە. تێدەگات ئەگەر هێنانی سوپای ئێران بۆ سەر پارتی رەوا بێت، ئەوە هێنانی سوپای عێراقیش هەمان رەوایەتی هەیە، ئەگەر هێرشکردن بۆ سەر سەرکردایەتی پارتی و لەشکرکێشی لە سنورەکانی حاجی ئۆمەران و سیدەکانەوە بۆ سنورەکانی پارتی و هێرش بۆ سەر سەکردایەتی پارتی بەهاوکاری سوپاو تۆپخانەکانی ئێران رەوایە، ئەوە هێرشکردن بۆسەر هەولێریش بە هاوکاری سوپای عێراق رەوایەتی خۆی هەیە، ئەگەر هەردووک هێرشەکەش وەک من پێموایە ناڕەوان ناڕەوابوون، ئەوە بەدڵنیایی هێرشی یەکێتی و ئێران بۆ سەر پارتی ناڕەوان و هێرشی پارتیش بەهاوکاری سوپای عێراق بۆ سەر هەولێر رەفعلی ناڕەوایەتی ئەو هێرشەی ئەوانە.
بەم پێوەرانەش تێدەگەین ئەوانەی پشت بەم وردەکارییە نابەستن و تاک لایەنە باسی رووداوی ٣١ی ئاب دەکەن، لەهۆکارو پاڵنەرەکانی رووداوە نادوێن و بازی بەسەردا دەدەن، یان سیاسیە رق لەدڵەکانن، یان دوژمنە لەمێژینەکانی پارتین، یان نوسەرە تەیارکراوەکانن بۆ شەڕی پارتی، یان ئەو کەسانەن کە زیاتر لەهۆکارێکی شەخسیان هەیە بۆ دژایەتی پارتی، یان ئەو نوسەرە بێ ئاگایانەن کەبەبێ باسکردن لە پێش رووداو باسی رووداو دەکەن و نازانن واتای کردارو پەرچەکردار چییە، یان ئەو خوێنەرە سەرگەردانانەن، کە دەهۆڵیان بۆ لێدە هەڵدەپەڕن بێ ئەوەی بپرسن ئەرێ ئەوە شایی کێیە؟.