خالد ڕەنجدەر: 31 ی ئاب ھۆكارەكان نەك دەرەنجامەكان

0

31 ئاب ھۆكارەكان نەك دەرەنجامەكان
خالد ڕەنجدەر
ھەمو ساڵێك بە چەند ڕۆژێك پێش 31 ئاب و بە چەند ڕۆژێك دوای ئەویش گەلێك بابەت بڵاو دەكرێنەوە كە وەك من ھەستم پێكردوە ئامانج لە زۆربەیان لێدانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لاوازكردنی خو
دی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و سەرۆكی ھەرێم بوە و، نوسەرەكان یان وتەبێژەكان تەنھا باسیان لە دەرەنجامەكانی ئەو ڕوداوە كردوە و بە ئەنقەست خۆیان لە ھۆكارەكانی بواردوە.
شەڕی براكوژی لایەنەكانی كوردستان ھۆكارێكی سەرەكی زۆرێك لە نەگبەتیەكانی كوردی باشور بوە و دەرەنجامی ھەوڵدان بوە بۆ سڕینەوەی یەكتر و، دەستی پێبردون بۆ مەترسیدارترین تاكتك و زۆر جاریش لایەنەكان سڵیان لەوە نەكردۆتەوە كە مێژو ڕەحم بە كەس ناكات و ھەمو باش و خراپێك دەنوسێ و دەیخاتە بەردەم نەوەكانی داھاتومان.
ھەمو تاكێكی كورد دەزانێت كێ دۆستی كوردە و كێ ناحەز و دوژمنیەتی. دەست خستنە ناو دەستی دۆستەكان ھەمیشە جێی دەستخۆشی میللەت بوە و پەلكێشكردنی دوژمنیش جێی نیگەرانی و ڕەخنە بوە. من لەو باوەڕەدام ئەگەر بە ویژدانەوە و ڕاشكاوانە قسە لەسەر ئەو مەسەلانە بكرێت لایەنی ململانێكان خۆشیان لەو كارەی خۆیان ڕازی نین، بەڵام كە سەیر دەكەن ھەمو ڕێگا چارەكان گەیشتون بە كۆڵانی بن بەست و حەلیمی تێدا حەیران بوە ناچار بون ئەو ڕێیە بگرنەبەر.
لە شەڕی براكوژیدا ھەمیشە ئەو دەنگانە كپ كراون كە داوای راگرتنی ئەو شەڕەیان كردوە. لەسەر كردۆڵكەیەك بە سەدان پێشمەرگە خوێنیان ڕژاوە. لە لایەن باڵاترین كەسایەتی حیزبەوە دەستخۆشی لە سەركەتوانی مەیدانی سەربازی كراوە و، زۆر جار بیستومانە كە فەرماندە شكستخواردوەكانی بەرەی شەڕ دڵخۆشیانە دراوەتەوە و پێیان وتراوە (دەستان خۆش بێت سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار)، وەك ئەوەی ئەو فەرماندانە لە مەیدانی خەبات دژ بە دوژمنەكانی كورد گلابن.
ھاوشانی شەڕ و پێكدادانی سەربازی ھەمیشە شەڕی دەرونی و بەكارھێنانی وشەی وروژێنەر بۆ سوككردنی بەرامبەر و دەرون شكاندنی بەكار ھاتوە. جاری وەھا بوە شكستخواردن لە بەرەی شەڕدا ھیچ لایەنێكی ناچار نەكردوە كە پەنا بەرێت بۆ دوژمن، بەڵام شەڕی دەرونی و بەكارھێنانی وشەی وروژێنەر و سوكایەتی پێكردن كەمجار ھەبوە ھۆكارێك نەبوبێت بۆ پەنابردن بۆ دوژمن لە پێناو لاوازكردن یان لەناوبردنی بەرامبەردا.
كاتێك دەنگی فیشەك و لێدوانی فەرماندە سەربازیەكان زاڵ دەبن و سیاسیە شەڕخوازەكان بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەچننەوە، ئەو كاتە دەنگی خێرخواز و ئاشتتخوازەكان ناگەن بە گوێی ڕای گشتی. گومانی تێدا نیە كە فەرماندەی سەربازیی ھەمیشە بیر لە سەركەوتنی خۆی دەكاتەوە و بەرژەوەندیەكانی میللەت دەكات بە قوربانی ئافەرینێك كە لە لایەن سەركردە سیاسیەكەیەوە لێی دەكرێت.
فەرماندەیەكی سەربازی لە كوشتنی ڕكەبەرێكی سیاسی حیزبەكەیدا بە باڵاترین كەسایەتی حیزبەكەی خۆی بڵێ: كوشتمان و داوای لێبوردن دەكەین كە جار جارێك فاوڵ دەكەین، چۆن بەرامبەر ناچار ناكات كە سەر بكات بە كۆشی بێگانەدا؟!
فەرماندەیەكی سەربازی لە شاری ھەولێرەوە بە لایەنەكەی بەرامبەری بڵێ: تا ماوی دەبێ بە دوربین سەیری ھەولێر بكەیت، چۆن جێی قبوڵە؟!
باڵاترین كەسایەتی حیزبێك بە سەرۆكی حیزبە نانكۆكەی بەرامبەری بڵێ: دەبێ وەك تەیرێك بتخەمە ناو قەفەزێكەوە و بۆم بخوێنی، چۆن قبوڵ دەكرێت؟!
لەبەر ئەوە من پێموایە كە ئەوانەی باسی ئەو ڕوداوانە بۆ مەبەستێكی سیاسی دەكەن زیاتر راستیەكان دەشێوێنن و خەڵكی چەواشە دەكەن. بۆیە ئەركی ھەمو كەسێكی دڵسۆزە كە لایەنە ناحەزەكان بناسن پێش ئەوەی باوەڕ بە نوسین و لێدوانەكانیان بكەن. خستنەڕوی راستیەكان ئەمانەتە لە گەردنی سیاسیەتمەدار و حیزبی و خەڵكانی دەرەوەی حیزب و ڕۆشنبیران.
ئێستا كە كاتێكی تا ڕادەیەك ھێمنە بۆ لایەنە كوردیەكانی ھەرێمی كوردستان جێی خۆیەتی ھەمو پێكەوە یان تاك بە تاك ئاوڕێك لە شەڕی براكوژی و ھۆكار و دەرەنجامەكانی بدەنەوە و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردەوە ھەڵیانسەنگێنن و بزانن كام ڕوداوەیان كردار بوە و كامەیان پەرچەكردار بوە؟ كامیان پاڵنەر بوە و كامیان خیانەت بوە؟! كام سەركردە بیری لە بەرژەوەندی میللەتەكەی كرۆدتەوە و كامیان بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی شەڕێكی كوێرانەی بەرپا كردوە و تەڕ و وشكی پێكەوە سوتاندوە و، میللەتێكی سەبەرزی خستۆتە بەر ڕەشەبای ڕق و قینی دوژمنەكانی؟!

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com