تیرۆرکردنی پارتییەکانی سلێمانی لەلایەن کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە”پارتییەکان وردەکارییەکان دەگێڕنەوە”

0

تیرۆرکردنی پارتییەکانی سلێمانی لەلایەن کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە”پارتییەکان  وردەکارییەکان دەگێڕنەوە”

“كۆمەڵە بەهاوكاری حكومەتی عێراق، كادرانی پارتی لەناو سلێمانیدا دەكوشت”

 ”سدیقە فەنی كاتێك تیرۆر كرا، تەمەنی 70 ساڵ بوو، چاوەكانیشی زۆر كز ببوون

نوچەنێت. سڤیل

بڵاوبوونەوەی نامە نهێنییەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، لەبارەی بڕیاری كوشتنی كادرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەی كوردستانی، چەندین چیرۆك و بەسەرهات زیندوو دەكاتەوە، (سڤیل) چیرۆكی ئەو كەسانە دەگێڕێتەوە كە لەو هەوڵانە رزگاریان بووە، یان كوژراون و خانەوادەكانیان چۆنیەتی كوشتیان لەلایەن لیژنەی ئیغتیالاتی كۆمەڵەوە دەگێڕنەوە.
دوای خۆڕێكخستنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و دروستبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول، چەندین جار رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەنێوان ئەم دوو حزبەدا روویداوە، بۆ پاكتاوكردنی یەكتریش جگە لەڕووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكان، چەندین شێوازی جۆراوجۆریان بەكارهێناوە، كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، كە ئەوكات باڵێكی سەرەكی بوو لەباڵە پێكهێنەرەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتی دەكرد، لەڕێگای چەندین لیژنەی ئیغتیالاتەوە لەناو شارەكان، كادر و لایەنگرانی پارتی و حزبە كوردییەكانی دیكەی دەكوشت.
وریا وەهاب: ئەوانەم بۆ باوكم نەكوشتووە
ناوی وریا وەهاب، لەگەڵ ناوی كۆمەڵە و لیژنەی ئیغتیالات دێت، ئەو یەكێك بوو لەباوەڕپێكراوانی كۆمەڵەی رەنجدەران و نەوشیروان مستەفا، بەنامەی كۆمەڵە و نەوشیروان مستەفا چەند كادیرێكی پارتی و حیزبەكانی كوشتوە، دوای ئەوەی بابەتی تیرۆركردنی كادیرانی پارتی لەسلێمانی دەنگدانەوە دروست دەكات، گومانەكان بۆ یەكێتی دەچن، ئەوكات جەلال تاڵەبانی رەتیدەكاتەوە كە حیزبەكەی لەپشت ئەو كارەوە بێت، بەڵێنیش دەدات كە بەدوای ئەو بابەتەوە بچێت و هەر كاتێك بەبەڵگەوە دەركەوت یەكێتی لەپشت ئەو كارانەوەیە، جانتاكەی هەڵدەگرێت و كوردستان بەجێدێڵێت، هەر بۆیە نەوشیروان مستەفا داوا لەوریا وەهاب دەكات، كە نامەكان بگێڕێتەوە، بەڵام وریا ئامادە نابێت ئەو نامانە تەسلیمی نەوشیروان و یەكێتی بكاتەوە، پشكۆ نەجمەدین لەكتێبەكەیدا (ئەزموون و یاد) دەڵێ “من وریام چەند رۆژێك پێش بزركردنەكەی، لەگوندی حاجی مەمەند دیت و بۆ یەكەمجار ناسیم. وریا، باسی ئەوەی بۆ كردم كە لەناوەندی كۆمەڵەوە داوا كراوەو بەو مەبەستەش لەشارەوە هاتووە. ئەو گوتی: ناوێرم بچم! داوای هەندەك نامەی ناوەندی كۆمەڵەم لێ دەكەن كە پێشتر بۆیان ناردووم. ئەو نامانە بۆ من گرنگن و پەیوەندییان بەچارەنوسمەوە هەیە! ئاخر خۆ من خەڵكم بۆ باوكم نەكوشتووە. من خەڵكم بۆ كۆمەڵەو شۆرش كوشتووە و تەنها بەڵگەیەكیشم نامەكانن!”.
دەشگوترێ كە وریا وەهاب، نهێنییەكانی لای مەلا بەختیار دركاندووە، كە ركابەر و ناكۆك بوو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا. ئەوانە وادەكەن نەوشیروان مستەفا بڕیاری كوشتنی بدات. وەك شێخعەلیی، كادیری كۆنی یەكێتی لەدیمانەیەكی (سڤیل)دا باسی كردبوو، جەبار فەرمان بڕیارەكە جێبەجێ دەكات و وریا دەكوژن.
دوای كوشتنی وریا، ماوەیەك ئەم باسە بەنادیاری دەمێنێتەوەو كۆمەڵە هیچ زانیارییەك لەوبارەوە نادات، تا كۆنفرانسی سێیەمی كۆمەڵە، لەوێدا فشار دەخرێتە سەر نەوشیروان مستەفا كە چۆن دەبێ كۆمەڵە كادیرێكی خۆی بەنهێنی ئیعدام بكات و بەشەهید وریا ناوی دێنن. پشكۆ دەنوسێ “نەوشیروان، وەك سكرتێری كۆمەڵە و بەرپرسی یەكەم، دەچێتە سەر سەكۆی قسەكردن و وەرام دەداتەوە:
-بەڵێ كوشتوومانە، ئەو شەهید نییە، بەڵكە خایینە! ئەو، نامە و نهێنیی كۆمەڵە و شۆرشی بەنەیارانی ئێمە داوە. وریا، ئەگەر زیندوو بێتەوە، جارێكی دیكە ئیعدامی دەكەینەوە!”.
پشكۆ نەجمەدین لەكتێبەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە نامەكانی نەوشیروان و كۆمەڵە كە لای وریا بوون، ئێستا لای ئەون.
سدیقە فەنی لەدووەم هەوڵدا دەكوژرێت
یەكێك لەو كەسایەتیانەی شاری سلێمانی، كە بەدەستی لیژنەی ئیغتیالاتی كۆمەڵە كوژرا، سدیقە فەنی بوو، سدیقە فەنی لەكۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بەئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە هەڵبژێردراوە، لەدوای شكستی شۆڕشی ئەیلول لەبەر ئەوەی تەمەنی زۆر دەبێت، بەڕەزامەندی مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی، دوای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی گوڵان سدیقە فەنی پەیوەندی دەكاتەوە بەپارتیەوەو وەك رێكخستنێكی نهێنی دەستبەكاردەبێت، هۆشیاری كوڕی سدیقەفەنی گوتی “لەبەر ئەوەی باوكم و كەسانی وەك ئەو خاوەن جەماوەرێكی زۆر بوون، بۆیە بڕیاری تیرۆركردنیان دابوون”.
سدیقە فەنی، دوو جار هەوڵی تیرۆركردنی دەدرێت، جاری یەكەم بریندار دەكرێت، كوڕەكەی سدیقەفەنی چۆنیەتی تیرۆركردنی باوكی دەگێڕێتەوەو دەڵێت “ئێوارەیەك لەگەڕەكی توی مەلیك كۆمەڵێك تەقە كرا، كاتێك باوكم گەڕایەوە گوتی كوڕم پشتم تەڕە، كاتێك تەماشام كرد بینیم خوێن بەپشتیدا دێتە خوارەوە، یەكسەر رامكرد بۆ ئەو شوێنەی تەقەكانی لێكرابوو، دوو منداڵی لێبوو، لێم پرسین كێ بوو تەقەی كرد، گوتیان ئەو كوڕە بوو و سواری تەكسی بوو و رایكرد، ئیتر ئێمەش خەڵكی دڵسۆزی پارتیمان ئاگادار كردەوە، ئەوانیش گوتیان ئەوەی ئێمە بیستومانە هەوڵ هەیە بۆ كوشتنی كادرانی پارتی، ئێوە یەكێك بنێرنە دەرەوە، بزانن بۆ تەقە لەباوكتان كراوە، منیش داوام لەهاوڕێیەكی نزیكی خۆم بەناوی مامۆستا ئەحمەدی سەناعە كرد، بچێت پرسیارمان بۆ بكات، ئەویش چووە دەرەوەو كە هاتەوە گوتی ئەوان گوتویانە ئێمە نین و هیچ دوژمنایەتیەكمان لەگەڵی نییە، بەڵام ئەوان هەموو شتێكیان بەمامۆستا ئەحمەد گوتبوو، ئەو دڵی نەهات بەئێمە بڵێ، تا ساڵی 1987 راستییەكەی پێ گوتین”.
جاری دووەمیش لە 13/8/1981 كاتێك چوو بوو بۆ دوكان لەگەڕەكی برایم پاشا، تەقەیان لێكردبوو و تیرۆریان كردبوو. وەك هۆشیاری كوڕی دەڵێ “ئەو كاتەی باوكم كوژرا تەمەنی 70 ساڵ دەبوو، چاوەكانی زۆر كز ببوون”.
لەبارەی هۆكاری تیرۆركردنی باوكیان لەو تەمەنە زۆرەدا، هۆشیار گوتی “شەڕی كۆنەقینی لەگەڵدا كراوە، جگە لەوەش باوكی من یەكێك بووە لەكەسە دڵسۆز و نزیكەكانی بارزانی نەمر، ئەوانەی باوكمیان شەهید كرد ترسی ئەوەیان لەباوكم و ئەو كەسانەی دیكە هەبوو، جارێكی دیكە خەڵكێكی زۆر لەدەوری پارتی كۆبكەنەوەو زیانی جەماوەری لەوان بدەن”.
هوشیاری سدیقە فەنی شتێكی نوێ لەبارەی هەوڵەكانی تیرۆركردنی كادرانی پارتی باس دەكات، ئەو پێی وایە ئەو كوشتنانە بەهاوكاری و هەماهەنگی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بووە، گوتی “عومەری حەسەن گەورە كە ئێستا عەمیدی خانەنشین كراوە لای یەكێتی، ئەوكات معاونی پۆلیس بوو لەسلێمانی، هاتبوو بۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە، لەڕاپۆرتەكەی خۆیدا لەسەر رووداوەكە نوسیبووی لەوكاتەی فڵان كەس كوژراوە، جێبێكی حكومەتی عێراقی بەرامبەر دوكانی كوژراوەكە لای مزگەوتی سەڵاحەدین وەستاوە، بەڵام راپۆرتەكەیان دڕاندبوو، كاك عومەریشیان زیندانی كردبوو، وای بۆ دەچم هەر كەس كادرانی پارتی تیرۆر كردووە بەپشتگیری و هەماهەنگی حكومەتی عێراق بووە”.
لەو ماوەیە بەدیاریكراوی لەدوای ساڵی 1981ەوە بەبڕیاری كۆمەڵەی رەنجدەران، زیاتر لە 50 كەس لەلایەنگر و كادرانی حزبەكانی دیكە كوژراون، ئەمە جگە لەوەی چەندین كەسیش لەو هەوڵانە رزگاریان بووە.
فایەقە رەش نۆ گولەی لێدەدرێت
یەكێك لەو كەسانەی لەهەوڵی كوشتنی لەلایەن لیژنەكانی ئیغتیالاتی كۆمەڵەی رەنجدەرانەوە بەبرینداری رزگاری بووە، فایەق تۆفیق ناسراوە بەفایەقەڕەش، كە ئێستا بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمە، فایەقەڕەش كە ئەوكات كادرێكی دیاری پارتی بووە لەسلێمانی دەڵێت “ئاگاداری هەوڵی كوشتنم بووم، ئەوان ئاگایان لەجموجۆڵمان بوو لەسەر دووبارە رێكخستنەوەی پارتی لەسلێمانی و بەوەیان زانیبوو، كاغەزێكی گشتییان بۆ هەموومان نوسیبوو، بەڵام بۆشاییەكیان جێهێشتبوو، لەو بۆشاییە ناوەكانیان دەنوسی، ناوەڕۆكی نامەكە دەیوت واز لەم كارانەتان بێنن، ئەگینا بەسزای گەلتان دەگەیەنین، ئەگەر واز نەهێنن ئەمە دوا ئاگاداركردنەوەیە، هەتا دوای راپەڕینیش ئەو نامانەم مابوون و پیشانی هەندێ كەسیشمان دان”.
بە وتەی فایەقەڕەش ئەوان دەیانزانی هەوڵی كوشتنیان هەیە، بەڵام دەڵێت “پێمان عەیب بوو دەمانچە هەڵبگرین، هەتا كاك نوری حەمەعەلی بەڕەحمەت بێت، جارێكیان گوتی زۆر ناخۆشە بمانكوژن و بكەوینە سەر زەوی و دەمانچەكەمان دەربكەوێت، بڵێن بۆیە كوشتمان دەمانچەی پێبوو، زۆر خۆمان دەپاراست، لەهاتوچۆ و جموجۆڵدا زۆر وردبووین و بەجێگایەكدا نەدەڕۆیشتین كە بمانزانیایە مەترسی هەیە، من بووم كاك عەبدوڵڵا ئاغای رەحمەتی بوو، كاك جەزای عەلی كاتب بوو، نوری حەمەعەلی بوو، بەردەوام ئاگامان لەیەكتری بوو، خۆمان دەپاراست و كەمتر خۆمان دەردەخست”.
هەرچەندە لیژنەی ئیغتیالاتی كۆمەڵە لەناو شاری سلێمانی چەندین چالاكییان ئەنجامدا و چەندین كەسیان كوشت، بۆیە بە لیژنەیەكی مەترسیدار دادەنران، بەڵام فایەقەڕەش دەڵێت “لیژنەی ئیختیالاتی كۆمەڵەو یەكێتی هەمووی مناڵە ورتكە بوون، بەڵام كەس لەئێمە سیلاح و دەمانچەی پێ نەبوو، كەس بەرگری نەبوو، ئەگینا زۆر بەئاسانی دەمانتوانی بەرامبەریان بوەستینەوە و بیشیانكوژین”.
گوتیشی “هەوڵی كوشتنەكان زۆر نهێنی نەبوو، زۆر كەس لەدەرەوەی شار ئاگاداری ئەو هەوڵانە بوون، بۆ نمونە كاك قادر جەباری لەسۆسیالیست بوو، جوابی بۆ ناردم گوتی ئاگاتان لەخۆتان بێت هەوڵی كوشتنتان دەدەن”.
هەرچەندە لەنامەكاندا مۆر و ناوی ڕێكخستنی ناوخۆی لەسەرە، بەڵام فایەقەڕەش دڵنیایە لەوەی سەركردایەتی كۆمەڵە لەشاخ ئاگاداری ئەو هەوڵانەن و دەڵێت “كوشتنی خەڵك گاڵتە نیە، بڕیاری كوشتنی ژمارەیەك كادری پارتی تەنها لەڕێكخستنی ناوشاری كۆمەڵەوە نەبووە”.
فایەق تۆفیق بڕوای وایە هۆكاری سەرەكی هەوڵی كوشتنی ئەوان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵكی دیار و ئیشكەر بوون و كاریگەرییان لەسەر خەڵك هەبوو، “لەڕێكخستنەوەی پارتی لەسلێمانی رۆڵمان هەبوو، بۆیە هەوڵیان دەدا بەو رێگەیە كۆتاییمان پێبێنن”.
ساڵی 1981 لیژنەی ئیغتیالاتی كۆمەڵە هەوڵی كوشتنی فایەقەڕەش دەدەن و بە نۆ گوللە بەسەختی برینداری دەكەن، بەڵام بەپێكەنینەوە دەڵێت “باش بوو، شانسم هەبوو، خوا نەیكوشتم”. گوتیشی “ئەوانەی هەوڵی كوشتنی منیان دا ناسراو بوون، بەڵام پێویست ناكات ناویان بڵێم”.
بۆچی سلێمانی؟
ئەوەی جێی پرسیارە بۆچی پارتییەكانی سلێمانی، ئامانجی لیژنەی ئیغتیالاتی یەكێتی بوون؟ كادیرێكی پارتی لەوبارەوە دەڵێ “شەڕی لاوازكردنی پارتی لەسلێمانی ئەوكات و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوان نایانەوێ پارتی لەسلێمانی جموجۆڵی هەبێت و پێش بكەوێ، هەركات هەستیان بەوە كرد، شەڕی لەگەڵ دەكەن”.
ئەو كادیرە كە بەپێویستی نەزانی ناوی بهێنرێت، نموونە دێنێتەوە، “ئەو كەسانەی كە كۆمەڵە بڕیاری كوشتنیانی دەركردبوو، كادیری پارتی بوون، نەك خەڵكی ناپاك. ئەوان دەیانزانی ئەو كادرانە جموجۆڵیان هەیە، بۆیە بڕیاری كوشتنیان داون. ساڵی 1992 كە هەڵبژاردن كرا، پارتی 90 هەزار دەنگی لەسلێمانی بەدەست هێنا، ئەو ژمارەیە ئەوانی توشی شۆك كرد، كە چۆن دەبێ سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتییەو دووری پارتی لەسلێمانی لەسەردەمی شەڕی نێوخۆی شاخدا، پارتی خاوەنی ئەو هەموو دەنگە بێت لەسلێمانی. بۆیە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا و پارتیان لەسلێمانی بەزەبری هێزی سەربازی دەركرد.. هەروەها لە دووساڵی پێشوودا، دوای ئەوەی پارتی لەسلێمانی گوڕو تینی دا بەخەڵكەكەی و كۆمەڵێك كاری ئەنجامدا، ئەم جارەش هێرشیان كردەوە سەر و ئەوەی لە 17ی شوبات روویدا، كە بووە هۆی ئەوەی پارتی جارێكی دیكە نەوێرێ زۆر بە ئاشكرایی كار بكات. بۆیە من ئەو بارودۆخەی پارتی لەسلێمانی هەیەتی، بەشێكی بۆ ئەو هۆكارە دەگێڕمەوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com