دوا هەواڵ: ئاكانیوز وەستا
نوچەنێت . ئاکانیوز
بەدران ئەحمەد حەبیب*
ئاكانیوز دەوەستێ بگرە لە كاتی نووسینی ئەم وشەیلەدا بە تەواوی وەستاوە. ئەمە گرینگترین رستەیە لەم نووسینەی ئێرەی مندا بەڵام تكایە پەلەم لێ مەكەن و ددان بە خۆتاندا بگرن، چەند كاتۆكەیەكی كەم بۆ خوێندنەوەی تەرخان بكەن.
من لە ژیانی رابردووی خۆمدا لە زۆر دەزگای رۆشنبیریدا كارم كرد، زۆر دەزگاشم بە دەستی خۆم دامەزراند. لە ناو هەموو ئەو دەزگایەلەی داممەزراندن، دڵم بە ئاكانیوز خۆش بوو. پێم وابوو ئەمەیان لە هەموویان زیاتر خزمەت بە پەیامێك دەكا كە لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە هەڵگری بووم ئەویش رزگاركردنی وڵاتەكەم لە دەستی زوڵم و بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی خۆشبژی و ئازاد بوو. ئەوەش بێگومان هەر پەیامی من نەبوو، بگرە پەیامی ئەو بزاوە سیاسییەش بووە كە من تەمەنی خۆمم تێیدا بەڕێ كرد.
ئاكانیوز ئاژانسێكی هەواڵیی تەواو سەربەخۆ بوو. لە ماوەی نێزیكەی چوار ساڵ كاركردندا باییی سەری دەرزییەك بەلای لایەنێكی سیاسیماندا نەشكاندەوە مەگەر بە هەڵە شتێك تێ پەڕیبێ. لە وڵاتێكدا كە سەرتاپێی برێتییە لە ململانەی سیاسیی تەسك، لە وڵاتێكدا كە هەموو شت بە پێوانەی تەسك و تریسكی حزبایەتی دێتە كێشان و پێوان، كارێكی نەكردەنی و دژوارە تۆ بتوانی بێ لایەنانە كار بكەی. بۆ خۆی، ئەمە باشترین بەڵگەی سەركەوتنی ئاكانیوزە. رۆژنامەنووسەیلی كورد، رەنگە ئێستە نا، بەڵام لە داهاتوودا شانازیی تەواو بە لێوەشاوەیی و سەربەخۆییی ئاكانیوزەوە دەكەن. بێگومان تۆ دەتوانی توانج بدەی لە ئاستی هەواڵ یان كەمیی زانیاریی ناو هەواڵی ئێمە، رەنگە هەندێك جار لەگەڵیشتدا بم، بەڵام ئەمە دۆخێكی گشتییە، كەسیش لە ئێمە باشتر نەگەیشتووە بە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری. شانازییەكی زۆر گەورە بوو كە ئاكانیوز بە بڕیارێكی بنەبڕ، بڕیاری دا و جێبەجێی كرد، كە هەواڵی بێ سەرچاوە بڵاو نەكاتەوە تەنانەت ئەگەر دڵنیاش بێ لە راستبوونی، بەڵام میدیای كوردی پڕە لە نەبووكاری و هەڵبەستە.
ئەوانەی بەرژەوەندییەكی تایبەت و جیا لە بەرژەوەندی گشتییان هەیە، رەنگە بۆیان بشێ بڵێن “ئاكانیوز لاواز بوو”، بەڵام مرۆڤێك سەرڕاست و بێ بەرژەوەند بێ، وا ناڵێ. كەوتنی ئەم دەزگایەش ناگەڕێتەوە بۆ لاوازی، هەروەها ناشگەڕێتەوە “تەنیا” بۆ ئەوەی كە سەرچاوەی باربووكەر نەیتوانی بەردەوام بێ لە باربووكردنی. هۆی لە پێشەوەتر زۆرن كە من دەتوانم لێرە ئاماژە بە هەندێكیان بكەم.
یەكەم: ئاژانسێكی هەواڵیی سەربەخۆ بۆ ئێستەی كوردستان، هێشتا كاتی نەهاتووە. لە هیچ وڵاتێكی دەوروپشتیشدا ئاژانسی هەواڵیی سەربەخۆ و پرۆفیشیناڵ نییە. تەنانەت لە توركیاش كە تاكە وڵاتێكە لەم ناوچەیەی ئێمەدا كراوەترین و دیموكراسیتیرین بێ، هیچ سەرچاوەیەكی بڕوا پێكراوی هەواڵ نییە، باشە بۆ لە كوردستان هەبێ؟
دووەم: هیچ لایەنێك نەبوو لە بەرژەوەندیدا بێ ئاژانسێكی هەواڵیی وا هەبێ. حەوتووێكە هەواڵی وەستانی ئاكانیوز بڵاو بووەتەوە، نە پەرلەمانتەرێك نە وەزیرێك نە رۆشنبیرێك نە سەرنووسیارێك، كەس پرسیاری لێ نەكردووین ئاخۆ پرس چییە؟ میدیای كوردی پێش چوار ساڵ كە تازە دامەزرابووین، خۆی لە ئێمە دەبوارد و هیچ هەواڵێكی ئێمەی وەرنەدەگرت. پاشان بەرەبەرە كەوتنە تاڵان و دزینی هەواڵی “ئاكانیوز” بێ ئاماژەكردن بە سەرچاوەكەی. من هەر ئامۆژگاریی هاوەڵانم دەكرد و دەمگوت “ناڕەحەت مەبن، گرینگ ئەوەیە هەواڵی بێ لایەنانە بگا بە میدیای كوردی، چش با ئاماژە بە ئێمە نەكەن”. رۆژ هەبووە بەڵاوۆكی دەنگوباسی دەزگایەك پازدە هەواڵی لە ئێمە وەرگرتووە بەڵام ئاماژەی بە سەرچاوەی هیچی نەداوە، گرینگیش نەبوو بە لامانەوە.
سێیەم: وێڕای ئەم دەست پیسییەی میدیای كوردی، بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی ئەو میدیایە، تەقەلایان دا بۆ لێڵكردنی دیمەنی ئاكانیوز لەلای بەرپرسان. من گوێم بەوەش نەدا و هەوڵیشم نەدا بەرگری بكەم. ئەوەش بۆ من تاقیكردنەوەیەك بوو: ئاخۆ بەرپرسی كوردستان گوێ لە یەك لا دەگرێ یان لە هەردوو لا تا بگا بە هەڵسەنگاندنێكی بێ لایەنانە و راست؟ دواجار، گوێگرتن لە یەك لا سەركەوت. خۆی ئەمەش بەڵگەیەكە كە پرۆفیشیناڵیەتی زۆر ماوە بۆ ئێمە.
ئاكانیوز نەیدەتوانی لەو هەلومەرجەی كە تێیدا رسكا، یەكسەر دەست بە فرۆشتنەوەی هەواڵ بكا تا بتوانێ بە داهاتی خۆی بژی. میدیا لەم ناوچەیەی ئێمەدا داهاتی نییە، هەمووی پاڵپشتیی داراییی بۆ دێ، بە تایبەتیش ئەگەر ئاژانسێكی هەواڵیی رێزدارانە، هەواڵی هاڕووژاندن و نەبووكاری “بوختان” بڵاو نەكاتەوە، كە زۆرینەی خەڵك هەڵوەدای ئەمانەن. ئامانج بۆ ئێمە ئەوەبوو زۆرترین هەواڵی پیشەیی و بێلایەنانە لەبارەی كوردستان و عێراقەوە بە ناوەوەی خۆمان و بە دنیا بگەینین. لەمەشدا سەركەوتین و كەس ناتوانێ جیای ئەمە بڵێ. بە هەزاران هەواڵی ئێمە كەوتنە سەر لاپەرەی رۆژنامەیلی بیانی لە سەرتاسەری دنیا. ئێمە راستگۆترین كەناڵ بووین لە عێراق كە وڵاتێكە دەنگی راستەقینەی زۆر كەم لێوە دێتە بیستن.
هەرچۆن بێ و بێینەوە سەر قسەی هەرە گرینگ كە وەستانی ئاكانیوزە. دەمەوێ لێرەدا قسەیەك بڵێم بۆ مێژوو، ئەویش ئەوەیە من خۆم بڕیاری وەستاندنی ئاكانیوزم داوە لەبەرئەوەی هیچ كۆنتراكتێك نەبوو لە نێوان ئاكانیوز و سەرچاوەی پارەپێدەریدا. هەروەها پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش خەمیان نەخوارد لەوەی یاسایەك دەربكەن بۆ ئەوەی بە شێوەی دیوەدەرانە و روون پارە بدەن بە دەزگایەلی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ناویشیاندا ئاكانیوز و ئاراس. من ئەم داخوازەم گەیاند بە گشت شوێنێك لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هەروەهاش لەگەڵ زۆربەی بەرپرسەیلی كەناڵەیلی راگەیاندندا بیرمان گۆڕییەوە كە شتێكی وا بكەین حكوومەت ساڵانە پارەیەك تەرخان بكا بۆ بواری رۆشنبیری و راگەیاندن. راگەیاندن و رۆشنبیری هیچ جیاواز نین لە بوارەیلی خزمەتگوزاریی گشتیی وەك شارەوانی و تەندروستی و پەروەردە. ئێمە وڵاتێكین لە سیستەمێكی سۆسیالیزمی كەوتووی “عیراق”ەوە هاتووین بۆ ناو سیستەمی باژێڕی ئازاد، كاتێكی زۆرمان دەوێ تا میدیا بتوانێ بە پێی خۆی بڕاو بە ڕێوە. بە داخەوە من زۆرم لەم قسانە ڕست لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و كەمم وەڵامی ئەرێنی بیستەوە تەنانەت لە سەرنووسیارەیلیشەوە. كێشە نییە و با هەر گوێ نەگرن، ئەمڕۆ ئاكانیوز و ئاراس دەكەون، سبەی نۆرەی ئەوانە.
گرتنەوەی پارە لە ئاراس و ئاكانیوز زوڵمێك نییە، تكایە كەس نەیباتە ژێر ئەو چەترەوە. بەپێچەوانەوە هەڵەیەك بوو دەبوو بێتە راستكردنەوە. پاڵپشتییەك بێ یاسا و كۆنتراكت بێ، هەڵەیە. ئێستە هەست بە دڵنیاییی زیاتر دەكەم. خەمباریش نیم، دیمەنەكە لەلای مندا وەك ئەو منداڵەیە كە تا پێ دەگرێ زۆر جار دەكەوێت و رەنگە برینداریش ببێ، بەڵام دواجار دەكەوێتە رێگە، ئەمە بۆ من دیمەنی داهاتووی میدیای كوردییە.
دوا وشە، لە ئاكانیوزدا سەتان كادیری رۆژنامەنووس چ وەك پەیامنێر و چ وەك نووسیار پێ گەیشتن كە بە شێوەی پرۆفیشیناڵانە كار دەكەن. ئەمانە زۆربەیان بەچاوی فرمێسكاوییەوە ئاكانیوزیان بەجێ هێشت. من زۆر سوپاسیان دەكەم بۆ دڵسۆزییان بۆ ئەم كارە رەوشت بەرزانەیەی خۆمان كە رۆژنامەنووسیی پیشەیییانەیە. بێگومان ئەوانە لە هەركوێدا كار بكەن، ئەو ئەزموونەی لە ئاكانیوز فێری بوون، دەیپارێزن و پەرەی پێ دەدەن بۆ ئەوەی گیانی ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس “ئاكانیوز” هەر زیندوو بمێنێ.
*بەڕێوەبەرى گشتیی ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس ” ئاكانیوز “