خێری شەنگالی جێگری مەڵبەندی موسڵی یەكێتی ئاشکرای دەکات، بۆچی یەکێتی جێهێشت چووە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بۆچی گۆرانی بەجێهێشت و گەرایەوە ناو یەکێتی.
خێری شەنگالی:
زێرەڤانی دەیویست لە تەوالێت زیندانیم بكات
یەكێتی لەناو ئێزیدیاندا گرنگی بەچەند بنەماڵەیەك دەدات
گۆڕان بڕوای بە خەڵكی بادینان نییە
پارتی خزمەتی زۆری ئێزیدییەكانی كردووە، بۆیە 75%یان پارتین
لەوەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەری گشتی بووم كورسیم نەبوو لەسەری دانیشم، ئێستاش جێگری مەسئولی مەڵبەندم حیمایەم نییە
رزگار رەزا چوچانی
خێری شەنگالی جێگری مەڵبەندی موسڵی یەكێتی، لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (سڤیل)، هۆكارەكانی رەنجاندنی لەیەكێتی باس دەكات و دواتریش چونە ناو بزوتنەوەی گۆڕان و هۆكاری جیابوونەوەی لەبزوتنەوەو گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی دەخاتەڕوو، كێشەی دەڤەری ئێزیدیان باس دەكات و رەخنەی لەدەسەڵاتی كوردستان هەیە كە وەك خۆی دەڵێت گرنگی بەناوچەكەیان نادات.
سڤیل: لەم ماوەیەدا ئێوە لەگەڵ بازگەیەكی زێرەڤانی كەوتنە كێشە، ئەو كێشەیە چۆن روویدا؟
خێری شەنگالی: من جێگری مەڵبەندی موسڵم، ئەركەكەم لەشەنگارە، لەو دەڤەرانە شەش كۆمیتەمان هەیە، من و برادەرێكی دیكە سەرپەرشتیان دەكەین و كارەكانمان بەشكردووە، یەكێك لەكارەكانی من بەدواداچوونی كاری رێكخستنە، لەهەفتەی پێشوو بۆ ناحیەی سنونێ دەچووم بۆ كارەكانی رێكخستنی خۆمان، بەرەو شەنگار دەگەڕامەوە، لەبازگەكەدا كە سەر بەپارتی و زێرەڤانییە، من و كوڕەكەمیان وەستان، كە شۆفێرمە، ئێمەش وەك هاوڵاتییەك لەبازگەكە وەستاین، گوتیان خەڵكی كوێن؟ گوتمان فڵان جێگا، گوتی ناتانناسم. كوڕەكەشم گوتی ناسینی بۆچییە خۆ لەبەسرەوە نەهاتووین، هەر لەگەڵ كوڕەكەی من وای گوت، ئەوەی بازگەكە گوتی گەوادی كوڕی گەواد دابەزە، چۆن وا دەڵێی، كوڕەكەمی دابەزاندو بەقۆناغە تفەنگ لێیداو چەكی لێ راكێشا، منیش ناچار دابەزیم گوتم كاكە من جێگری مەڵبەندی یەكێتیم، ئێمە برای یەكین، كە پەلاماری چەكیدا منیش چەكی خۆم داگرت لەسەیارەكەم، ئەویش هاواریكردو هەموو زێرەڤانیەكان هاتن، چەند كەسێك هاتن چەكەكەیان لەمن سەندو لێیان داین، منیان بەڕاكێشان لەسەر جادەوە بردە سەر خۆڵەكە، نزیكەی ٢٠ كەسبوون، هەندێكیان لەكوڕەكەی منیان دەداو هەندێكیشیان لەمنیان دەدا، ئەوە جگە لەوەی كە سوكایەتییەكی زۆریان بەخۆم و بەیەكێتیش كرد، چونكە ئەوان دوای ئەوەی كە زانیان جێگری مەڵبەندم، ئەو هەموو ئیهانەیان پێكردم، بۆیە دەڵێم كێشەی سیاسییە.
سڤیل: هەڵوێستی یەكێتی چی بوو؟
خێری شەنگالی: یەكێتی وەكو راگەیاندن هیچیان رانەگەیاندووەو هیچ وەڵامێكیان نەبووە تا ئێستا، بەڵام كاك هەرێم وەكو مەسئول مەڵبەند پەیوەندی بەهەندێ لایەنی پارتیەوەكرد، ئازادیانكردم. بەرلەوە ئەوان دەیانویست لەتەوالێتێكدا زیندانمان بكەن، جیا لەوەی دەستیان بەسەر چەك و سەنەوی و سەیارەو هەموو شتەكانی ئێمەدا گرتبوو.
سڤیل: ئەی دواتر كە زانیان جێگری مەڵبەندی یەكێتیت پارتی هەڵوێستیان چی بوو؟
خێری شەنگالی: پارتیش هەڵوێستێكی باشی نەبووە، كاتێك هەواڵەكە بڵاوكرایەوە، زێرەڤانی لەسەرەوە بروسكەی كردبوو بۆ جەماعەتی خۆیان كە لیژنەیەك پێكبهێنن، بزانن بۆچی ئەو رووداوە روویداوە، دواتر لیژنەكە فراوانكرا بە بەشداری كارگێر لقێك و ئەندامی مەڵبەندێك، بەڵام كێشەكە لەوەدایە، ئەو لیژنەیە هاتوون ئەو كەسەیان كردووە بەشاهید كە پەلاماری منی داوە، ئیفادەی چوار پێنج كەسیان وەرگرتووە، لەوانی زێرەڤانی هەموویان بوون بەشاهید لەسەرمن، ئەوەش ناعەدالەتیە، منیش چاوەڕێم بزانم بڕیار چی دەبێت، ئەوكات وەڵامم هەیەو لەحەقی خۆم خۆش نابم، بەڵام چاوەڕێم بزانم رای یەكێتی چییە، چونكە ئەمە كێشەیەكی سیاسییە، كێشەی من نییە بەتەنها.
سڤیل: تۆ سەرپەرشتی رێكخستی یەكێتی دەكەیت، یەكێتی لەو ناوچەیە دۆخی چۆنە؟.
خێری شەنگالی: دۆخی یەكێتی لەو ناوچەیەدا وەك دۆخی من وایە، كە هێرشكرایە سەرم، چەندین كێشە بۆ كادرەكانی یەكێتی دروستدەكرێت، بەڵام بێ دەنگ دەبن و یەكێتیش بێدەنگە، دەڵێن ئەوە دەسەڵات دەسەڵاتی پارتیەو ناوچەكە لەژیر دەستی ئەودایە. لێرە هیچ كادر و ئەندامێكی یەكێتی لەهیچ دامودەزگایەكدا نییە، ئیدارە هەموو سەر بەپارتییە، بچۆ لای قایمقام هەتا موافەقەت لەلق وەرنەگرێت ناتوانێ لێدوانێكیش بدات، نەك كارێك بكات، ئیتر دەبێت یەكێتی دۆخی چۆن بێت.
سڤیل: با باسی خۆت بكەین، ماوەیەك كادری یەكێتی بووی، بۆچی دواتر جیابوویتەوەو بوویتە گۆڕان؟
خێری شەنگالی: من لەئاسایشی گشتی دەوامم دەكرد، نە داوامكردبوو نە هیچ، مام جەلال ناردی بەشوێنمدا، گوتی تۆ بەڕێوەبەری گشتی لەكاروباری ئێزیدیان، لەحكومەتی سلێمانی چوار ساڵ بەڕێوەبەری گشتی بووم، لەوەزارەتی ئەوقاف، كاتێك حكومەت یەكیگرتەوە، چوینە هەولێر لەوەزارەتی ئەوقاف كورسییەكم نەبوو وەكو بەڕێوەبەری كاروباری ئێزیدیان لەسەری دابنیشم، گوتم كامە جێگا و رێگای ئێمەیە، گوتیان، تۆ لەهەیكەلی وەزارەتی ئەقافدا نیت، لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی زۆرم هەوڵدا، چومە لای كاك كۆسرەت، چومە لای مام جەلال، چومە لای كاك عومەر فەتاح، چوومە لای كاك عیماد ئەحمەد، گوتم ئەمە پۆستی یەكێتییە من بەڕێوەبەری گشتیم، بە چ حەقێك ناهێڵن دەوام بكەم، نامەیان دەناردو محەمەد شاكەلی وەڵامی نەدەدایەوە، ئاخر جار نامەیەكی مام جەلالم برد بۆ لای محەمەد شاكەلی، بەنامەی مام جەلالەوە شەش سەعات لەنوسینگەكەی دانیشتم، تا دەوام كۆتایی هات بانگی نەكردم، كێشەكە بەردەوام بوو، دواجار ئەمرێك دەرچوو بە خانەنیشینكردنم، بێ ئەوەی داوا بكەم، بێ ئەوەی ئاگاداربم، یەكێتی نەبانگی كردم نە وتی كێشەكەت چییە، نە لێیان پرسیم، منیش لەوەی كە حساب بۆ نامەی مام جەلال نە دەكراو ئەو بەرپرسانە لەكێشەی منیان نە دەپرسیەوە عاجز بووم و هەڵوێستم گۆڕی، دیارە برادەرانی گۆڕانیش كە هەموویان یەكێتی بوون هەموومان باش یەكتر دەناسین، چوومە ناو گۆڕان و كاك نەوشیروان و برادەرانی بەڕێزەوە پێشوازیانكردم.
سڤیل: ئەی كە بەڕێزەوە پێشوازیانكردی چی وایكرد جارێكی دیكە گۆڕان جێبهێڵیت؟
خێری شەنگالی: كە چوومە ناو بزوتنەوەی گۆڕان میحوەری ئێزیدیان بەمن سپێردرا، كارێكی زۆرباشمانكرد بۆ گۆڕان لەو ماوەیەدا، لەیەك ئۆردوگای ئەو ناوچەیەدا ٢٢ بنكەی بانگەشەی هەڵبژادنم كردەوە، دوای ئەوەی هەڵبژاردن تەواو بوو بەپێی رێنماییەكانی گۆڕان، ١٢ كۆمەڵگای ئێزیدیان هەیە، كە هەر كۆمەڵگەیەك لە ٣٠٠٠ – ٦٠٠٠ خێزانی لێیە، هەڵبژاردنی بازنەكانی گۆڕانمان كردو لەلایەن رێكخستنەوە چەند پیاو و ژن هەڵبژێردران، بەڵام كێشەیەكمان بۆ دروستبوو، گۆڕان مەسرەفی بارەگاكانی نەدەكردین، بارەگای سەرەكیمان هەبوو لەشەنگار، گۆڕان پارەی حەرەسەكەی نە دەدا، كاك مستەفای سەید قادر دەیوت ناتوانین پارەی حەرەسەكەشتان بۆ بدەین، برادەران پەیوەندیان كردبوو بەكاك مستەفاوە گوتبوویان حەرەسەكان دەڵێن ئەگەر پارەی ئێمە نەدەن، كەلوپەلی ناو بارەگاكە دەبەین، كاك مستەفاش بێ ئاگاداری من كە بەرپرسبووم لەگۆڕان لەو ناوچەیە، گوتبووی بارەگا دابخەن و خۆتان تەسەروف بەكەلوپەلەكانەوە بكەن، ئەوەش بۆمن جێی قبوڵكردن نەبوو، كە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبێت كرێی پاسەوانی بارەگاكە بدات، بڵێ دایبخەن و تەسەروف بەكەلوپەلەوە بكەن، منیش لەسەر ئەم هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان توڕەبووم، گوتم مادام سەركردەكانی گۆڕان بەو شێوەیە سوكایەتی بە بارەگاو بەخەباتمان دەكەن، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیان نامێنم، بۆیە گەڕامەوە سەرخەباتی رابردووی خۆم و هاتمەوە ناو یەكێتی. لەڕێی كاك عیدۆ بابەشێخەوە گەڕامەوە، كاك عیماد ئەحمەد وەك بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن پێشوازی لەمن كرد، رێزی زۆری گرتین و باسی ئەوەی كرد كە خەبات و خزمەتی من لەناو یەكێتی رێزلێگیراوەو كادرێكی چالاكی یەكێتین و یەكێتی خۆشحاڵە بەگەڕانەوەت.
سڤیل: بۆچی گۆڕان گرنگی بەو ناوچەیەی ئێوە نە دەدا؟ ئایا خەڵكی نەبوو لەوێ، یان چی؟
خێری شەنگالی: لەمەنتیقەی ئێمە كار و رێخكستنی گۆڕانمان والێكردبوو لەدهۆك بەهێزتر بوو گۆڕان، یانی هۆكار ئەوە نییە كە خەڵكی نەبوو، بەڵكو هۆكار ئەوەیە، كە تەنها سلێمانی بۆ گۆڕان گرنگەو گرنگی پێدەدات و كاری بۆ دەكات، بادینان و ناوچەكەی ئێمە بۆ گۆڕان گرنگ نەبووە، بۆ نمونە كەسێك لەسلێمانییەوە هاتووە بەرپرسی بادینانە، ئەگەر گۆڕان خەڵكی ئەو ناوچەیەی بۆ گرنگ بوایە، دەبوو كەسێكی خەڵكی بادینان سەرپەرشتی كاری گۆڕانی بكردایە، نەوەك لەسلێمانییەوە كەسێك بهێنێت، دیارە ئێمە وەك ناوچەكانی شێخان و بادینان جێگەی بڕوای بزوتنەوەی گۆڕان نەبووین و بڕوای بەخەڵكی ئەو ناوچانە نەبووە، بۆیە خەڵكی لەسلێمانیەوە بۆ هێناوە.
سڤیل: لەناوچەی ئێزیدیان جەماوەری كام حزب زۆرینەیە؟.
خێری شەنگالی: ناوچەی ئێزیدیان كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی پارتی، پێم وایە لە 75%ی ئێزیدییەكان پارتین، وەك رێكخستن. یان وەك لایەنگر لەگەڵ پارتیدان، لەرێی حزبییەوە نەك حكومی، پارتی خزمەتی زۆری كردووە بە ئێزیدییەكان، من جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیم، بەڵام یەكێتی وەكو پێویست خزمەتی بەخەڵكی ئەو ناوچەیە نەكردووە، یەكێتی لەناو ئێزیدیاندا گرنگی بەچەند بنەماڵەیەك دەدات، وا دەزانن ئەو هەموو خەڵكەی ئیزیدی لەژێر كۆنترۆڵی ئەو بنەماڵانەدایە، بۆیە جێی خۆیەتی یەكێتیش بەخۆیدا بچیتەوەو گرنگی بەخەڵكی فەقیر و خاوەن شەهادە بدات، نەوەك تەنها چەند خانەوادەیەك ئەگەر یەكێتی خۆی راستبكاتەوەو گرنگی بەخەڵكی ئێزیزیدی بدات، بێگومان ئەوان زیاتر لەیەكێتی نزیكن و حەزیان لەوەیە یەكێتی بن، چونكە هەڵسوكەوتی یەكێتی جیاوازە لەحزبەكانی دیكە، بەڵام یەكێتی بەدەم خەڵكەوە ناچێت، پارتی بەدەم خەڵكەوە دەچێت و گرنگی بەخەڵكی ئێزیدی دەدات، كاتێك من عاجز بووم برادەرانی پارتی پەیوەندییانكردووە گوتویانە چیت دەوێت بیكەین و خزمەتت بكەین، بەڵام خۆم مەبدەئ و بڕوای خۆمم بۆ گرنگ بووە نەچووم، ئەی خەڵكی دیكە وایە؟ نەخێر، خەڵكی دیكە هەستی كرد گرنگی پێنادرێت و لایەكی دیكە گرنگی پێدەدات پەیوەندی پێوەدەكات، من یەكێتی چۆتە خوێنم و بڕوام بەوە نییە هەرگیز واز لەیەكێتی بهێنم.
سڤیل: ئەگەر خەڵكی ئێزیدی حەزیان لەوەیە یەكێتی بن و دەزانی یەكێتی گرنگیان پێنادات، تۆ كارت چییە وەك بەرپرسێكی یەكێتی؟ چۆنە حزبەكەت ئاگادار نەكردۆتەوە لەوە؟
خێری شەنگالی: من جێگری بەپرسی مەڵبەندم راستە، ئەوە ساڵێكە لە شنگار دەوام دەكەم، ئەو ناوچەیەش لەناوچە نائارامەكانە، تەقینەوە، تیرۆر، رفاندن، هەموو شتی لێیە، هەتا ئێستا یەكێتی حیمایەیەكی بۆ دانەناوم، وەك ئەوەی شانسی من لەناو یەكێتی وابێت، لەوەزارەتی ئەو قاف لەسەر حسابی یەكێتی بەرێوەبەری گشتی بووم كورسیم نەبوو لەسەری دانیشم، ئێستاش جێگری مەسئولی مەڵبەندم حیمایەم نییە، سەیارەم نییە، بە سەیارەو بەنزینی خۆم هاتوچۆ دەكەم، نەسرییەیەكم پێ دەدرا ٥٠٠ هەزار دینار بوو، ئەوە سێ مانگە ئەویشیان بڕیوە، ئاخر ئەگەر من سێ چوار كەسم لەگەڵ بوایە، وەك بەرپرسی حزبەكانی دیكە، زێرەڤانی نەیاندەتوانی ئاوا سوكایەتیم پێبكەن، بەرپرسی حزب بەشێكە لەهەیبەتی حزب، هەرحزبێك ئەگەر بەرپرسەكانی خۆی نەپارێزێت، خۆیی نەپاراستووە، هەموو ئەو رەخنەو گلەییانەشمان بەیەكێتی گەیاندووە، لەهەموو كۆبوونەوەكاندا من باسی دۆخی خەڵكی ناوچەكەو خۆشم بەشەخسی كردووە، ئەوانیش هەر دەڵێن دەكرێت و ئەوەیە كە دەكرێت.
ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە