یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا لە خەتەردایە.. PYD ئاڵای بەعس بەرز دەکاتەوە
نوچەنێت . رووداو
ساکار عەبدوڵڵازادە
سەرکردەیەکی پارتی یەکێتی کورد لە سووریا رەوشی رۆژئاوای کوردستان بە نالەبار دەزانێت و دەڵێت “ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی باڵای کورد هەیە”.
عەبدولباقی یوسف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتی کورد لە سووریا لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) رایگەیاند “بە هۆی هەڵوێستەکانی هاوڕێیانی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD، رەوشی رۆژئاوای کوردستان باش نییە و بڕیارەکانی دەستەی باڵای کورد لەسەر ئەرز جێ بەجێ ناکرێت. راستە هاوڕێیانی PYD دەڵێن ئێمە دەمانەوێت رێککەوتننامەی هەولێر جێ بەجێ بکرێت، بەڵام لە راستیدا نەک پابەندی ئەو رێککەوتننامەیە نین بەڵکو ماوەیەکە جۆرێک سەرکوتکاری دروست بووە. گەنجان دەستگیر دەکەن و ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەلپارتی لە شاری دێرک رفێندراوە”.
عەبدولباقی یوسف گوتیشی “هەموومان دەزانین لە شاری دێرک بازگەکان لەژێر دەستی ئاپۆچییەکانە و لە لایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هیچ کەس ناتوانێت لەو شارە کەسێک بڕفێنێت. ئێمە لەرێگەی دەستەی باڵای کورد چەند جارێک داوامان لە هاوڕێیانی PYD کردووە کە چارەنووسی بەهزاد دۆرسن ئاشکرا بکەن، بەڵام ئەوان دەڵێن کە ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو رووداوە نییە”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتی کورد لایەنی بەرامبەر بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی هەولێر تۆمەتبار دەکات و دەڵێت “هێرش بۆسەر بارەگاکانی 4 پارتی کوردی لە کۆبانی پاساو هەڵگر نییە. چەکدارانی YPG بە پاساوی داگرتنی ئاڵای سووریا هێرشیان کردە سەر بارەگای 4 پارتی ئەندام لە دەستەی باڵای کورد. لە کاتێکدا ئەو ئاڵایە، ئاڵای رژێمی ئێستا نییە و ئاڵای سەردەمی سەربەخۆیی سووریایە. هێرشکردنە سەر بارەگای 4 پارتی ئەندام و دامەزرێنەری دەستەی باڵای کوردی نەک بێ رێزیکردنە بە رێککەوتننامەکان بەڵکو پێشێلکردن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی هەولێرە”.
ناوبراو گوتیشی “بۆچی هێرشی ئاڵای رژێمی سووریا ناکەن کە ئاڵای بەعسە و خراپترین پڕۆسە لەدژی نەتەوەی کورد لەژێر ئەو ئاڵایە ئەنجام درا. تەعریب (بە عەرەب کردن) و تەرحیل (راگواستن) و پشتێنەی عەرەبی و لێسەندنەوەی ناسنامە لە کورد لە ژێر سێبەری ئەو ئاڵایە کرا. هەر لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایە لە نەورۆزی ساڵی 2004، زیاتر لە 7 هەزار کورد دەستگیر کران، پتر لە 30 کەس شەهید و 150 کەسیش برینداربوون. باشە PYD بۆ ئەو ئاڵایە داناگرێت کە بە خوێنی کورد سوور بووە و داوا لە ئێمە دەکات ئاڵای سەردەمی سەربەخۆیی سووریا دابگرین؟ ئەو هاوڕێیانە دەیانەوێت ناکۆکی و پێکدادان دروست بکەن. ئەگەر هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت رێککەوتننامەی هەولێر هیچ نرخێکی نامێنێت”.
ئێستاکە زیاتر لە 20 پارت و لایەنی سیاسی رۆژئاوای کوردستان بەسەر دوو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و گەلی رۆژئاوای کوردستان (نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK) دابەش بوون.
هەردوو ئەنجوومەن بە هەوڵەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 2012/7/11، لە بینای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنامەیەکی هاوبەشیان واژۆ کرد کە بە رێککەوتننامەی هەولێر دەناسرێت و بە نەخشە رێگەی رۆژئاوای کوردستان دادەندرێت.
دواتر لە 2012/7/24، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان لە قامشلۆ، دەستەی باڵای کوردی راگەیەندرا کە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتننامەی هەولێرە.
عەبدولباقی یوسف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتی کورد لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ (رووداو) گوتی “ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ پابەندبوون بە رێککەوتننامەی هەولێر سازشی زۆری لە بەرامبەر PYD کرد بۆ ئەوەی کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت و کورد لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی بپارێزێت، بەڵام هەر لەکاتی واژۆکردنی، بەهۆی هاوڕێیانی PYD رێز لە رێککەوتننامەی هەولێر نەگیراوە و نەکەوتووەتە بواری جێ بەجێ کردنەوە”.
عەبدولباقی یوسف بە ئاماژەکردن بە هەڵپەساردنی ئەندامێتی پارتی دیموکراتی کورد (ئەلپارتی) لە دەستەی باڵای کورد، رایگەیاند “ئەگەر هاوڕێیانی PYD رێز لە رێککەوتننامەکە نەگرن و رەوشەکە هەروا بەردەوام بێت، پارتەکانی دیکەش لە دەستەی باڵای کورد دەکشێنەوە. ئەو رێککەوتننامەیە هیچ مانایەکی نامێنێت کاتێک لایەنێکی رێککەوتننامەکە پابەندی نەبێت و رێز لە واژۆکەی خۆی نەگرێت. رێزنەگرتنی PYD لە رێککەوتننامەی هەولێر دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەکە”.
دەستەی باڵای کورد کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری قامشلۆیە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و کۆمەڵێک لێژنەی هاوبەش پێک هاتووە کە سەرجەمیان 10 ئەندامیان هەیە.
ئەندامانی سەرکردایەتی و لێژنەکانی دەستەی باڵای کورد لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان لەنێوان هەر دوو ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان (5 ئەندام) و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد (5 ئەندام) دابەش بووە.
پارتەکانی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی ئەندام لە دەستەی باڵا، هەردەم PYD و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەشێوەیەکی تاک لایەنانە بڕیار دەدەن و پابەندی بڕیارەکانی دەستەی باڵا و رێککەوتننامەی هەولێر نین.