ئامینه عومه‌ر
نوچه‌نێت . تایبه‌ت
تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ره میللییه‌كانی هه‌ولێر وه‌ك دواین به‌رهه‌م، دوو تابلۆی هونه‌ریی پێشكه‌ش ده‌كات، به‌تابلۆیه‌ك نمایشی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه ده‌كات له‌كوردستان و له‌تابلۆی دووه‌میشی نمایشی گۆڤه‌ندێكی ناوچه‌ی بادینانه.
له‌باره‌ی دواین كاره هونه‌رییه‌كانی تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ره میلییه‌كان، به‌در هه‌ولێری به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌كه به‌نوچه‌نێتی راگه‌یاند” چالاكی نوێمان نمایشی دوو تابلۆی هونه‌رییه، تابۆلی یه‌كه‌م گوزارشت له‌پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی بێ جیاوازیی نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی كورد و توركمان و عه‌ره‌ب و ئاشوری و كلدان ده‌كات له‌كوردستان، سیناریۆو مه‌شقكردن له‌سه‌ر ئه‌م تابلۆیه له‌لایه‌ن راهێنه‌ران هیمداد له‌شكری و سه‌ركه‌وت خدر‌و هاشم عه‌بدوڵاوه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌در هه‌ولێریش كاری موسیكی بۆ كردووه، تابلۆی دووه‌میش بریتییه له‌نوێكردنه‌وه‌و نامیشكردنه‌وه‌ی گۆڤه‌ندێكی ده‌ڤه‌ری بادینان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رزی هونه‌ریانه” .
به‌ڕێوه‌به‌ری تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ره میللیه‌كانی هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه‌قه‌یرانی دارایی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر باشبه‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانیان دروستكردووه، بۆیه ” نه‌مانتوانیووه چالاكی وه‌رزیی ساڵانه‌ی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین، له‌كاتێكدا به‌ر له‌م قه‌یرانه ساڵانه به‌رهه‌می نوێ و تا پێج تابلۆی هونه‌ریمان ئاماده ده‌كرد، و پێشكه‌شمان ده‌كردن، ساڵی پار بۆ چالاكیمان زۆر بووبه‌شداریمان كرد له‌بۆنه‌كانی ئادار و نه‌ورۆز و به‌رزڕاگرتنی رۆژی سیمای جیهانی و فیستیڤاڵی كه‌لتوری دهۆك و چه‌ند چالاكییه‌كی تر، به‌ڵام ئه‌مساڵ تاكو ئێستا هیچ جۆره چالاكییه‌كمان ئه‌نجام نه‌داوه” .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ره میللیه‌كان، به‌هۆی قه‌یرانه‌وه نه‌یتوانیووه خۆی بۆ چالاكییه وه‌زرییه‌كانی ئاماده‌بكات، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌كه ده‌ڵێت” هه‌میشه نه‌مانهێشتووه ساردبینه‌وه له‌كاره‌هونه‌رییه‌كانمان، به‌پێی توانا كارمان كردووه، بۆ خزمه‌تكردنی هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی و به‌رنامه‌شمان له‌پێشه له‌یاده‌كانی نه‌ورزدا چالاكیمان هه‌بێت”.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ره میللییه‌كان نمایشی هونه‌رو كلتورێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات، ره‌نگه سه‌ره‌نجی زۆرێك له‌كۆمپانیاكانی له‌سه‌ر بێت، كه‌له‌ڕێییانه‌وه زیاتر خۆیان بناسێنن و له‌به‌رانبه‌ردا سپۆنسه‌ری كاره‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و تیپه رایده‌گه‌یه‌نێت” تائێستا هاوكاریمان له‌هیچ كۆپمانیایه‌ك وه‌رنه‌گرتووه، پێمان خۆشه له‌داهاتوودا له‌وباره‌یه‌وه هه‌وڵ بده‌ین”.
هۆكاری ئه‌وه‌ش كه‌تائێستا سودیان له‌سپۆنسه‌ری كۆمپانیاكان وه‌رنه‌گرتووه، به‌گوته‌ی به‌در هه‌ولێری ئه‌وه‌یه” كاری ئێمه زیاتر په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه هه‌یه، له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیریی بودجه‌مان دابین ده‌كرێت، هه‌ر پێداویستییه‌كمان پێویست بووبێت له‌ڕێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیرییه‌وه بودجه‌ی بۆ ته‌رخان كراوه، له‌لایه‌ن كۆمپانیا هونه‌رییه‌كانیش ته‌كلیف كراوین، وه‌ك به‌شداریكردن له‌فیلم و كلیپ، به‌پێی توانا گه‌ر زانیتبێتیمان هه‌ر كارێك له‌خزمه‌تی هونه‌ری وڵاتدایه، هاوكاریمان كردووه‌ن، به‌ڵام كاری تجاریمان نه‌كردووه چونكه كاری ئێمه تایبه‌ته به‌هونه‌ره‌كه‌ی خۆمان، ئه‌ویش هونه‌ریی میللییه، ناتوانین به‌بێ ره‌زامه‌نی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری هیچ جۆره چالاكییه‌ك ئه‌نجام بده‌ین، به‌هیوام له‌داهاتوودا فۆرمێك بدۆزینه‌وه كه‌چۆن بۆ كاره‌كانمان سپۆنسه‌ر په‌یدابكرێت، بێ ئه‌وه‌ی له‌گرنگی و بایه‌خی هونه‌ره‌كه‌مان كه‌م بكاته‌وه” .
تیپی نه‌ته‌وه‌یی هونه‌ره میللییه‌كانی هه‌ولێر، له‌ساڵی ١٩٧٩ دامه‌زراوه، تاكو ئێستا له‌كارو چالاكییه‌كانی به‌رده‌وامه، ساڵانه به‌پێشكه‌شكردنی تابلۆ ناوازه‌كانی خزمه‌تی هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی و زیندوو راگرتنی كلتوریی كوردستان ده‌دات، بۆ گه‌یاندنی ئه‌و كلتوره‌ش به‌دونیا، به‌شداریی چه‌ندین فیستیڤاڵی كلتوریی نێوده‌ڵه‌تی كردووه له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات.