پێكهاتەكانی کەرکوک هەڵوێستیان لەبارەی هێزی دیجلەوە نەگۆڕاوە

0

پێكهاتەكانی کەرکوک هەڵوێستیان لەبارەی هێزی دیجلەوە نەگۆڕاوە

نوچەنێت . کەرکوک ناو

پێكهاتەكانی كەركوك سوربوونی خۆیان لەسەر هەڵوێستەكانی پێشوویان دەردەبڕن، لەبارەی پێكهێنانی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە لەو پارێزگایە، كە نوری مالیكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە مانگی تەمووزی رابردو بڕیاری پێكهێنانیدا.
كوردو توركمان دەڵێن هەمان هەڵوێستی پێشوویان هەیە كە لە ئەنجومەنی پارێزگا پێكهێنانی هێزەكەیان رەتكردەوەو داواكاری تریان هەبوو، عەرەبیش پشتگیری خۆی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە دەردەبڕێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە سەرەتای مانگی رابردوو لە كۆبوونەوەیەكدا بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان ئۆپەراسیۆنی دیجلەی رەتكردەوە، بەڵام كوتلەی عەرەبی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی كردو هێزەكەیان رەتنەكردەوە.
ئەڵماس فازڵ، ئەندامێكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا بە (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە وەك ئەنجومەن بە زۆرینەی دەنگ ئەو هێزەمان رەتكردەوەو ئێستاش پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ لێدوانەكانی پارێزگاری كەركوك دەردەبڕین‌و هەڵوێستمان نەگۆڕە.”
پێشتر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك پێكهێنانی هێزەكەی بەنادەستووری وەسفكردو رایگەیاند كە ئەوان بە خێرهاتنی ئەو هێزە ناكەن‌و پێكهێنانیشیان قبوڵ نییە.
ئەڵماس وتی “ئەگەر هاتوو ئەو هێزە بەبێ گوێدان بە بڕیارەكانی ئەنجومەن پێكبهێنرێت‌و كار بكات، ئەوا دەبێتە مایەی گرژیی‌و ئاڵۆزی لە شارەكە.”
هاوكات رێبوار تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن وتی “ئەو هێزە دەیەوێت گرژیی‌و ئاڵۆزیی‌و ئاژاوە بنێتەوە.”
پێكهاتەی توركمان هەرچەندە، لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەن پێكهێنانی هێزەكەیان بەو شێوەیە رەتكردەوەو داواكاری تریان هەبوو، بەڵام نوێنەریان لە نمایشی سەربازی دیجلەدا بەشداربوو كە هەفتەكانی رابردوو بەڕێوەچوو، دەنگۆی ئەوەش هەیە جێگری یەكەمی فەرماندەییەكە بە توركمان درابێت‌و جێگری دووەمیش بە كورد.
تەحسین كەهیە نوێنەری توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگا وتی “ئێمەی توركمان لە ئەنجومەنی پارێزگا رای خۆمانمان وتووەو هەڵوێستمان نەگۆڕە.”
وتیشی “داواشمان كردووە كە هێزێكمان قبوڵە تەواوی پێكهاتەكان بە هاوبەشی تێیدا بەشداربن‌و هاوسەنگیی نەتەوەیی تێدابێت.”
هاوكان محەمەد خەلیل جبوری، ئەندامی گردبوونەوەی عەرەبی وتی “هەموو ئەندامانی ئەنجومەن دیجلەی رەتنەكردووەتەوە، پێكهاتەی عەرەبی بەتەواوەتی لەگەڵ پێكهێنانی ئەو هێزەدایەو ئەندامانی توركمانیش رای خۆیان هەبوو نە پشگیریان لێكردووەو نە رەتیان كردووەتەوە، بەڵام ئەوەی هێزەكەی رەتكردووەتەوە لیستی برایەتی كەركوكە.”
ئەحمەد شوانی ـ كەركوك ناو
ش.خ

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com