یەکێتی و گۆڕان باجی پشتیوانی لەمالیکی دەدەن، پارتی تاکەی بێدەنگ دەبێت؟؟.
نوچەنێت
لەدوای وتارەکەی بارزانی لەنەرورۆزی رابردوودا، لەبارەی پابەندنەبونی مالیکی بە دەستوری عێراق و رێزنەگرتنی لە رێککەوتننامە سیاسییەکان، گرژییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بەرەو گرژی زیاتر رۆشتن، هاوکات بەشێک لەلایەنە عێراقییەکان بوونە هاوڕێی بارزانی بۆ داواکاری گۆڕانکاری لەعێراقداو سەرئەنجامیش کێشەکان بەرەو داوای سەندنەوەی متمانە لەمالیکی رۆشت، بەڵام لەو نێوانەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق، بە پێچەوانەی هەنگاوەکانی بارزانی هەنگاویان نا، بزوتنەوەی گۆڕانیش واژۆی بۆ داوای سەندنەوەی متمانە لە مالیکی نەکرد.
مالیکی ئەم جیاوازییەی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردییەکانی بەدەرفەتزانی و دوای کۆکردنەوەی سوپای عێراق، بەرەو سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێیکردن، بۆ دەستگرتن بەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و سوریا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە زیاتر بەناوچەی پارتی هەژمار دەکرێن، بەبڕیاری سەرۆکایەتی هەرێم پێشمەرگە ئامادەی رووبەڕووبونەوەی ئەو هێزەی عێراق کران، کە بەبێ رەچاوکردنی دەستوری عێراق بەرەو سنوری هەرێمی کوردستان جوڵێنرابوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لەهێزی پێشمەرگە، سەردانی ئەو ناوچانەی کرد کە پێشمەرگە ئامادەی رووبەڕووبونەوەی سوپاسی عێراق بوون، لەودەمیش یەکێتی بێ دەنگی هەڵبژاردو بەشیک لەسەرکردەکانیشی رایانگەیاند، ئامادەکردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبونەوەی سوپای عێراق کێشەکان گەورەتر دەکات، چەند پەڕلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕانیش رایان وابوو کە پارتی دەیەوێ شەڕ بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات، لەکاتێکدا دەکرێ کێشەکان بە حیوار چارەبکرێن، بەڵام بەهۆی ئامادەیی پێشمەرگەوە بۆ رووبەڕووبونەوەیان هێزەکانی مالیکی پاشەکشەیان کرد.
دوای شکستخواردنی مالیکی لەپەنابردن بۆ هێز لەناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی پارتی، وێڕای داوای تاڵەبانی بۆ دواخستنی، مالیکی بەسود وەرگرتن لە بێدەنگی یەکێتی، دامەزراندنی فەرماندەیی دیجلەی راگەیاند و بەرەو سنوری ناوچە دابڕێنراوەکانی ناردن، ئەو ناوچانەی کە یەکێتی بەناوچەی خۆی دەزانێت و دەنگی زۆرینەی خەڵکەکەی بەدەستهێناوە.، لەم سەروبەندەداو بەهۆی هەڵوێستی پێشوویانەوە یەکێتی ئیستا لە رووبەڕووبونەوەی ئەو هێزەدا تەنیا ماوەتەوە، چاودێرانیش پێیان وایە بێ دەنگی پارتی تۆڵەکردنەوەیە لە بێ دەنگی یەکێتی و پشتیوانیان لە مالیکی، یان هەوڵی سەلماندنی ئەوەیە کە پارتی لە هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە مالیکی رێگای راستی هەڵبژاردبوو و یەکێتی لەپشتیوانی هەڵەی مەزنی نەتەوەیی کرد. سەرچاوەیەک لە پارتیش بۆ نوچەنێت دەڵێت، باشترە بڵێین”بێ دەنگی پارتی بۆ هۆشیارکردنەوەی زیاتری خەڵکی کوردستانە، کە پارتی لەکاتی پێویستدا هەنگاو هەڵدەگرێت و لایەنەکوردستانییەکانی دیکە، دژی هەوڵەکانی پارتی دەوەستنەوە کە لەخزمەتی پرسی نەتەوەیی کورددایە، روونتر مەبەست لە خستنەرووی هەڵوێستی نانەتەوەیی ئەو لایەنانەدایە و هۆشیارکردنەوەی خەڵکە کە جارێکی تر ورد بن لە هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی کوردستانی لایەنەکان و بەدوای چەواشە نەکەون”.
چاودێرێکی سیاسی بۆ نوچەنێت پێی وایە، کە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای لەشکرکێشی مالیکی بۆ ناوچەکانی ژێر قەڵەمرۆیی ئەوان، گەشتنە ئەو بروایەی هەڵەیەکی ستراتیژی نەتەوەییان کرد، کە لەسەر ئەساسی دژایەتی هەوڵەکانی پارتی، پشتیوانی مانەوەی مالیکی بوون، بۆیەش ئیستا کەوتنەتە دۆخێکی خراپ، ناچارن بەتەنها رووبەڕووی ئەنجامی هەڵەکەی خۆیان ببنەوە، هەروەها سەردانی نەوشیروان مستەفای رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ کەرکوک، بە هەستکردن بەو هەڵە مێژوویە زانی و چاوەڕوانی ئەوەشی راگەیاند، کە یەکێتی و گۆڕان بە ناچاری رووبەڕووی سوپای مالیکی دەبنەوە لەو ناوچانەدا، وتیشی” من پێموانیە پارتی تاسەر بێدەنگ بێت، بەڵام تا ئەوکاتی یەکێتی بە کردەوە دەکەوێتە دژایەتی مالیکی و بە بەکارهێنانی هێز وەلامی دەداتەوە، پارتی هەنگاوی عەمەلی نانێ، دوای ئەوە بە هێزەوە دەچێتە ناو موعادەلەکە”.
هەر لەو بارەیەوە لە هەواڵێکی رۆژنامەی هاوڵاتیدا هاتووە، “یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەرێگەی ناردنی هێزەوە بۆ كەركوكو دووزو دیالە -كە بەناوچە نفوزی خۆی دەزانێت-، دەیەوێت بەر بەفراوانبوونی دەسەڵاتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە بگرێت، ئەو هەنگاوەش بەبێ بەشداری پارتی دەكات.
وەستا رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بەهاوڵاتی وتووە “یەكێتی قسەی خۆی دەبێتو بێدەنگ نابێت، بۆ زانیاریشتان هێزی زیاتر رەوانەی كەركوكو دووزو قەرەتەپە دەكەین”، هەروەها جەختیكردەوە “هەر ناوچەیەكی جێناكۆك پێویستی بەهێزی زیاتر بێت بڕیارمانداوە بۆی بنێرین”.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەپارتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتـەوە، بۆ هاوڵاتی پێیوایە تاڵەبانی بەرپرسیارە لەتەنگهەڵچنینی دیجلە بەكەركوكو دیالە چونكە “ئەو پرۆژەی لێسەندنەوەی متمانەی لەمالكی شكستپێهێنا”، وتی “ئێستا شەڕ كەوتووەتە نێوان یەكێتیو مالیكییەوە، پارتیش بووەتە تەماشاكەر”.
بەڵام، خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر بێدەنگنەبوونی حیزبەكەی لەحاڵەتی روودانی كێشەدا، بەهاوڵاتی وت “گۆڕانو یەكێتی دژی سەندنەوەی متمانە بوون لەمالیكی، لەكاتێكدا سەرۆكی هەرێم ساڵی 2008 زەنگی رۆیشتنی مالیكی بەرەو دیكتاتۆریەت لێدا”.
هەروەها رونیكردەوە كە روودانی توندوتیژی لەهەر ناوچەیەكی جێناكۆك كاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا وتی “لەهەر كوێیەك توندوتیژی رووبدات ئێمە پشتیوانی یەكێتی دەكەین”.