جەعفەر حامیدی
قاسملووی نەمر دەیگوت “هەر کات شەڕی جیهانی سێیەم روویدا، سنوورە فەرمییەکان بایەخیان نامێنێ و کورد دەبێ بە هیوای سەربەخۆیی کورستان، خەباتی نەتەوەیی خۆی چڕتر بکاتەوە”.
شەڕی ئێستا نێوی بنێین سێیەم یان نا، شەڕێکی جیهانییە
بە تایبەت ئێستا، کە پرسی ئابووری چین و ئەمەریکا، لە لایەک و ئاڵۆزی سیاسی – دیپڵۆماتیکی دژی روسیا و داگیرکاری ئێران و تورکیا، لە لایەکی تر بەڕێوەیە. بۆ یەکەم جارە پاش شەڕی جیهانی دوویەم، سنوورەکان کەم رەنگ بوونەتەوە و ناوەندی ئەم شەڕەش کوردستانە.
بۆیە یان بە زەرەر یان بە قازانجمان دەشکێتەوە. کورد گوتەنی یان “دەبینە خانی خانان، یان دەبینە تۆزی بانان”، بۆ ئەوە ئەو شەڕە لە خێری کورد دا بشکێتەوە، پێویستە بە کورتی ئەزموونە تاڵەکانی رابردوومان بێنینەوە بەرچاو، ناچینە سەر شیکردنەوەی مێژووی رابردوو، ناچینە سەر ئەو باسە، کێ لە گەڵ رێبەرانی شۆڕش بووە و کێ دژی وەستاوەتەوە، {ناوناهێنن} تەنیا زۆر بەکورتی باسی پێنج شەش، شۆڕشی ئەم دواییانە بکرێ بەکەڵکە بۆ وەبیرھێنانەوە:
١- شۆڕشی شێخ عوبەیدیلا ی شەمزینی (١٨٨٠ز).
٢- شۆڕشەکانی بەشی باکووری پێش و پاش پەیمانی ئاشتیی و پرۆتۆکۆلەکانی سیڤەر و لۆزان (١٩١٤- ١٩٢٥)، وەک شۆڕشی سەید رەزا دێرسیمی.
٣- شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر، لە باشوور.
٤- شۆڕشی سمکۆ، لە باکووری ڕۆژهەڵات لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا.
٥- دواتریش (١٩١٧ – ١٩٢٥)، سەرهەڵدانەکانی پاش ١٩٢٥، تا جەنگەی شەڕی جیهانی دوویەم (١٩٢٦ – ١٩٤٠).
٦- شۆڕشی روناکبیری و نەتەوەیی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە هیزر و دەستی پیرۆزی پێشەوا و سەرکردەکانی تری کۆمار ( ١٩٤١ – ١٩٤٦).
ئەو شۆڕشانە هەر هەموویان رووخان لەبەر ئەو ھۆیانە:
• نەبوونی یەکڕیزی
• خۆ بەکەمگرتن
• بێگانە پەرستی و سەربەردانەوە بۆ دوژمنی سەردەست
• بەرژەوەندی عەشیرەیی و تاکەکەسی
ئەمانە وەک چوار لە کاریگەرترین هۆیەکانی، سەرنەکەوتن و لەنێوچوون.
بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە تاڵانە چەند پات نەبنەوە، ئەم ئەرکانەمان دەکەوێتە سەر شان:
کوردستانی باشوور
هەموومان لە گەندەڵی، رۆتین، نەبوونی سیستیمی وەڵامدەر و ململانێی دەسەڵات ئاگادارین. زۆر قەیرانی تریش بەرۆکی باشووری گرتووە، کە پێویست بە ناوهێنانیان ناکا.
هەموو ئەوانە دەستیان داوەتە دەستی یەک و ئامانجی سەرەکیمان، کە رزگاری نەتەوەییە لاوازکردووە. بۆیە دەبێ لە ئێستا زووتر نییە، تێکڕا هێزە نەتەوەییەکانی بەشدار لە کارایی کۆمەڵایەتی و خەمخۆری نیشتیمانی باشوور، کۆببنەوە و بڕیارێکی چارەنووسساز دەربکەن و یەک دەنگ و یەک دروشم بە کردەوە بێنە مەیدان و، تێگڕای گوتاری حیزبی و تاکە کەسییان، ببێتە گوتاری خەمخۆری بۆ چارەنووسی باشوور.
بەم پێیە زۆر گرنگە، کە هەر هەموویان هێڵی سوور بۆ پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیان بکێشن. لەم رێگوزەرەدا تەنیا بۆ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی، جارێکی تر بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێ.
ئەم جارەیان زیاتر لە جارەکانی پێشووتر، ھەر حزبەی، هەموو کوردستان بە ھی خۆی بزانێ و بۆ بەرژەوەندی گەل و رزگاری نەتەوەیی، لە بازنەی حیزبایەتی بێنەدەر. سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان لە هەموو ئاواتێکی تر بۆ کورد و خەباتەکەی گەورەترە.
کوردستانی رۆژهەڵات
ئەرکی سەر شانی هەموو تێکۆشەران و دڵسۆزانی رۆژھەڵاتییە، کە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی یەکریزی نیشتمانی، ئەمجارەیان بە کردەوە و نەتەوەیی تر، بێنە مەیدان و دژی پڕژ و بڵاویی حزبەکان و سەرەڕۆیی کەسانی شۆڕش فەوتێنەر، بۆ مەبەستی دابینکردنی ئاواتەکانی گەلی کورد بوەستنەوە. ئەمجارە دەبێ بەڵێ بێ بۆ داخوازییەکانی گەل لە رۆژھەڵات.
کوردستانی رۆژئاوا
ئەم بەشە لە کوردستان، پێویستە لە دوو پرسی زۆر بنەرەتی ئێستا تێبگات؛ یەکەم، لەوە تێبگات، کە بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە گەڵ هێزە کوردییەکانی دیکەی رۆژئاوا، سەرکەوتنی دەکەوێتە گومانەوە.
دووەم، نابێ تا سەر پشت ببەسترێ بە عەرەبی ناوچەکە و وڵاتە زلھێزەکان، چونکە هەر کات هەست بەوە بکەن، کە دەبێ پشتیان بەر بدەن، پشتیان تێدەکەن.
کوردستانی باکوور
لە باکوور دەبێ هەرچی زووتر خەسارەکانی شەر و تێکهەڵچوونی ئەو سێ ساڵە هەڵسەنگێندرێ و هەرچی زووتر شەڕێک، کە حکومەتی ناوەندی جینایەتی تێدا خوڵقاند و هێزی کوردیش خوێی بە برینی جینایەتەکەوە کرد، بخرێتە شارە تورک نشینەکانیشەوە، نابێ باکوور لەوە زیاتر وێران ببێ.
خاکەلێوەی ٢٧١٨ی کوردی