سه‌رجه‌م حزبه كوردستانییه‌كان: هەموو له سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌دا ده‌وه‌ستینەوە
نوچەنێت
خه‌ندان ـ ئیسماعیل حه‌مه‌ره‌حیم
هه‌ریه‌كه له گۆڕان‌و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن له سه‌نگه‌ری میلـله‌ت و خه‌ڵكی كوردستاندا ده‌بن و هه‌ر ئه‌ركێكیان پێ بسپێردرێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.
له‌پاش دروستبو‌ونی ئاڵۆزیی ئه‌منیی له ناوچه‌ی دوزخورماتوو و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و پۆلیسی فیدراڵی، حزبه كوردستانییه‌كان پشتیوانیی له پێشه‌مه‌رگه‌ی جوڵه‌پێكراو ده‌كه‌ن‌و جه‌ختده‌كه‌نه‌وه هه‌رچییان پێبكرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه نیشتمانییه‌كان، ده‌یكه‌ن.
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوو ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، خواستێك هه‌یه له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ دروستكردنی شه‌ڕێك بۆ ئه‌وه‌ی ببێته به‌دیل بۆ شه‌ڕێك كه به‌ڕێوه‌یه‌و مۆركی مه‌زهه‌بییان هه‌یه. ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی سۆسیالیستیش ده‌ڵێت: خه‌ڵكه سه‌ربازییه‌كانمان خستووه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و ته‌نها چاوه‌ڕێی فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌كه‌ین.
ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتو‌وی ئیسلامیی كوردستان، به (خه‌ندان)ی راگه‌یاند: دروستبو‌ونی ئه‌م كێشانه‌ی ئێستا له ناوچه دابڕێنراوه‌كان رو‌ویداوه، كه‌ڵه‌كه‌بو‌ونی كێشه‌كانی رابردووه له جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستو‌ورو ماده‌ی 140 و خۆدزینه‌وه له ماده ده‌ستو‌ورییه‌كان، وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان.
وتیشی: “چاره‌سه‌ره‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌ستو‌ورو گفتوگۆی ئاشتییانه‌و كاركردنی پێكه‌وه‌یی لایه‌نه‌كان‌و خۆبه‌دورگرتن له چاره‌سه‌ر به چه‌ك و توندوتیژی”.
لای خۆشییه‌وه مام رۆسته‌م، هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به (خه‌ندان)ی راگه‌یاند: ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربازی هیچ كه‌سێك هیچ پرسێكی پێنه‌كردووه له‌م بارودۆخه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیشی پێنه‌كرێت، ئه‌و هه‌ر له ریزی میلـله‌تی خۆیدایه.
مام رۆسته‌م جه‌ختیكرده‌وه، كه چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه دروستبوو له ناوچه‌ی دوزخورماتوو به ناردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێز چاره‌سه‌ر ناكرێت و پێویسته له به‌غدا كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانی عیراق كوردن.
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، كه‌پێشتر حزبێكی چه‌كداربوو، جه‌ختده‌كه‌نه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانیان ناردووه بۆ ناوچه نائارامه‌كان، به‌ڵام كه‌سه سه‌ربازییه‌كانیشیان له ئاماده‌باشیدان بۆ دانانی نه‌خشه‌ڕێگه.
عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به (خه‌ندان)ی راگه‌یاند: هێزه‌كانی ئه‌وان له چوارچێوه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندایه‌و به فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جوڵه‌یان پێكراوه‌و چو‌ونه‌ته ناوچه نائارامه‌كانی دوزخورماتوو.
عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود جه‌ختیكرده‌وه سه‌رجه‌م كه‌سه سه‌ربازییه‌كانی خۆیان خستۆته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه و چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ئه‌و شوێنانه‌و نه‌خشه‌رێگا دابنێن.
هاوكات شوان قه‌ڵادزه‌یی، وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان، ئاماده‌یی حزبه‌كه‌ی نیشاندا بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك، هه‌رچه‌نده وتی: “ئێمه هیوادارین كێشه‌كان گه‌وره نه‌كرێن‌و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا ئاسایی بێت”.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه هه‌موو ته‌عه‌دا‌و ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم ئیدانه ده‌كه‌ن‌و وتی: “ئه‌گه‌ر كار بگاته ئه‌وه‌ی پێویست به ناردنی هێزه‌كانیان بكات، ئه‌وا هه‌موو شێوازێكی ئاماده‌ییان تێدایه شانبه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌رگریی بكه‌ن”.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵ ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌وان له‌سه‌نگه‌ری میلـله‌تی خۆیان ده‌بن و چی‌یان پێبكرێت درێغی ناكه‌ن.
محه‌مه‌د حه‌كیم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان بۆ (خه‌ندان) وتی: “كۆمه‌ڵ له‌سه‌نگه‌ری میلـله‌تی خۆی ده‌بێت و هه‌ركارێك به كۆمه‌ڵ و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكرێت درێغی ناكه‌ن.
مام رۆسته‌م، هه‌ڵسو‌وڕاوه‌كه‌ی گۆڕان ر‌وونیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر هێز و حزبی دیكه‌شی لێ نه‌بێت، ئه‌وان وه‌ك گۆڕان له به‌رگریی داده‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت خاكی كوردستان داگیربكه‌ن.
ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو هه‌رچه‌نده ئه‌وان حزبێكی مه‌ده‌نی بێچه‌ك بوون و ئێستاش بێ چه‌كن، به‌ڵام وه‌ك هاوڵاتییه‌كی ئه‌م كوردستانه هیچ سازشێك ناكه‌ن له‌سه‌ر بابه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و هه‌ركارێكیان پێبسپێردرێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.