رەوشی ناسیۆنالیزمی کوردی، لەسەردەمی پۆست ناسیۆنالیستدا

0

بەهرە حەمەڕەش

ناسیۆنالیزم “Nationalism” وشەیەکی ئینگلیزییەبە مانای” من هەم”. سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتەر دروستبوو. وەک نەمانی ئیمپراتۆریەتی نەمساوی،  روسی و کۆنفرانسی ئاشتی ڤێتسڤالیا/ ١٦٤٨، بوو کە بوونە بنەما بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە جیهاندا. گەشەکردن و زانستی بوونی ئەم تەڤگەرە، بەتایبەت دوای شۆڕشی فەرەنسی ١٧٨٩ و پەیدابوونی بزووتنەوەی مارکسیزم، بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات هات.

لەم ناوچانە دوای نەمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی  ١٩١٤ -١٩١٨، بزووتنەوەی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم، سەری هەڵدا. واتە تا روخانی ئیمپراتۆریەتەکان، بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم زۆر لاوازبوو. هەموان دەبوایە لە ژێر سایەی ئیمراتۆریەتەکاندا کۆببنەوە.

پێش جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩٠٨، ئیتیحاد و تەرەقی/ جوان تورک دروستبوو. لەوێوە بنەمای نەتەوەی تورک دەستی پێکرد و دروشمی “تورک بە تا بەختەوەر بی” سەری هەڵدا. بوو بە بنەما بۆ کەمال ئەتاتورک کە دەوڵەتێکی عەلمانی بەهێز دابمەزرێنێ. هەروەها جۆرج زیدان، وەک رابەری نەتەوەی عەرەب چەمکی عروبەی داهێنا.

قسەی زۆر لەسەر سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی هەیە. بەشێک لە رۆژهەڵاتناسان مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک رۆشنبیری بۆ قۆناغی نوسینی “مەموزین”ی ئەحمەدی خانی ساڵی ١٦٩٣ دەگەڕێننەوە. کە بۆ یەکەم جار چەوساندنەوەو بەکارهێنانی مرۆڤی کورد –دەنوسێتەوەو دەڵێت”ئەگەر کورد، دەوڵەتی هەبوایە نەیاندەتوانی بمان چەوسێننەوە”. تەمەننا بۆ هەبوونی پادشا یان میرێک دەخوازێت، کە بتوانێ هەموو کورد لە ژێر چەتریکدا کۆبکاتەوە. ئایا ئەمە هەمان خەونی “میری میکاڤیلی” نەبووە، ئایا خانی لە ژێر کاریگەری میکاڤیلیدا بووە؟ چونکە ئەمیش هەمان خەونی میرێکی دەسەڵاتداری ناسیۆنالیزمی هەبووە. بەر لە خانی هیچ کەسێک نوسینی خۆی بە زمانی کوردی نەنوسیوە، بەڵکو نوسەر و رۆشنبیرانی کورد بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی و تورکی، تەعبیریان لە رای خۆیان کردووە.

لەوکاتەدا خانی، نەبوونی قەوارەیەک بۆ کورد بە هۆکاری چەوساندنەوەو نەهامەتییەکانی کورد دەزانێ.

تا ئێستاش را و تێڕوانینی جیاواز لەسەر ئەوە هەیە، کە ئایا نەتەوە ناسیۆنالیزم دروست دەکات یان بە پێچەوانەوە؟ رای بەهێز ئەوەیە کە نەخێر ئەوە دەوڵەتە، نەتەوەو ناسیۆنالیزمیش دروست دەکات.

بەپێی ئەم بۆچوونە، هۆکاری گەشەنەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی نەبوونی دەوڵەت و کیانێکە، کە تێیدا چەمکەکان بەرهەم بێن و بپارێزرێن. کاتێک کار لەسەر چەمک و پاراستنی بەهاکان نەکرا، کارکردن لەسەر گرنگیدان بە تاک ئەستەمتردەبێت و زیاتر لە چوارچیوەی عەقڵی تیرە و خێڵ، دەمێنێتەوەو فراوان نابێ. ئەمەش وادەکات کە مرۆڤی کورد، بەردەوام لە ژێر دەستاڕی فەرهەنگ و ئایدۆلۆژیای نەتەوە سەردەستەکاندا بناڵێنێت.

بەڵام دەکرێت بڵێین، دەوڵەت و نەتەوە دەتوانن یەکتر دروستبکەن و ببنە چوارچێوەیەک بۆ دروستبوونی یەکتر.

پەرەنەسەندی ناسیۆنالیزمی کوردی، فرە رەهەندە. نەبوونی دەوڵەت یەک لە رەهەندەکانە. ناکۆکی ناوخۆیی، فکری عەشیرەتگەرایی و بیری برایەتی ئیسلامی و چەپڕەوی، رەهەندی ترن، کە هەمیشە کورد تێیدا زیانمەندبووە.

رابەرانی سەدساڵەی بزووتنەوەی کوردی، لە ژێر کاریگەری ئایین و فیودالیزم دابوون. لەم دواییانەش هەمووگروپە تیرۆرستییەکان، ئەندامی کوردیان هەبووە گەیشتوونە ئاستێک لە دژبوون بە هاورەگەز و نەتەوەی خۆیان، کە هەڕەشەی “فەتح و جیهادی هەولێر و سلێمانی”یان دەکرد. هەروەها بەشێک لە رۆژهەڵاتناسان دەڵێن، لە ساڵی ١٨٤٧ کوردەکانی تورکیا ، لە جیاتی پەرەدان بە فکری نەتەوەو ناسیۆنالیست هەر گروپە و – وابەستەی ئایدۆلۆژیایەک بوو، بە ئیسلامی و چەپەوە، گروپی بازرگان و ئەرستۆکراتەکانیش خەریکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆیان بوون، لەگەڵ تورکەکان. تا گەیشتۆتە ئاستێک، کە تا ئێستاش بەشێک لەوان بە زمانی کوردی قسە ناکەن یان نایزانن. لە کاتێکدا زمان یەک لە کۆڵەکەکانی دروستبوونی نەتەوەبوو. تائێستا زمان بنەمایەکی بەهێزی پاراستنی بنەماکانی نەتەوەی کوردە. بەپێی سەرچاوە دەرونناسییەکان، هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەی تاکی کوردی باوەڕ بەخۆنەبوو – و بێ شوناس، دروست بێ.

کارکردنی چڕ بۆ بەرژەوەندی کەسی و حزبی، لە ئاستێکە بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی کە کارکردن بۆ گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی، کراوەتە قوربانی و تا راددەیەک کە خودی هەندێ لە حزبەکوردییەکان دەڵێن، سەردەمی حزب یان دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە. ئەو فکرە رێخۆشکارێکی ترە بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکاری و دروستنەبوونی شوناسێکی نەتەوەیی متمانە بەخۆ بوو. لە کاتێکدا کە خودی ناسیۆنالیزم، بەرهەمی مۆدێرنێتەی سیاسییە.

کەواتە کارکردن بۆ پەککەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی و لە قاڵبدانی، نەک هەر لە بەرژەوەندی کورد نییە بەڵکو هەمان ستراتیژی نەتەوە سەردەستەکانە، کە کار بۆ دروست نەبوونی شوناسی نەتەوەیی کورد دەکەن.

فکری برایەتی ئیسلامی، پاشخانێکی قوڵی لە دواخستنی رەوتی ناوسیۆنالیزمی کوردیدا هەیە. لەکاتێکدا سەرجەم ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە ئیدیعای ئیسلامبوون دەکەن، خۆیان خاوەن قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆن و کار بۆ گەشەسەندن و پێشەکەوتنی زیاتری ناسیۆنالیزمی عەرەبی، دەکەن.

بیانوویەکی تر کە زیاتر چەپەکان، بۆ لە قاڵبدانی ناسیۆنالیزمی کوردی هەیانە، ئەوەیە کە گوایە ناسیۆنالیزم بەرەو شۆڤێنیەت دەڕوات. لە کاتێکدا ناسیۆنالیزم بۆ نەتەوە چەوساوەکان دەروازەیەکی رزگاربوون و خۆ دۆزینەوەیە، راتەکانێکە بۆ ئازادبوونی فکر و دروستکردنی مەعریفەیەکی نەتەوەیی، سیاسی و فەرهەنگی، کە بنەماگەلێکن نەتەوە بە زیندوویی دەهێڵنەوەو لە چەوساندنەوە رزگاری دەکەن.

جێی ئاماژەیە، کە سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی کورد، لەسەر بنەمای هوشیاری نەبووە، بەڵکو بەهۆی چەوساندنەوەی زوڵم و داگیرکار و چەوسێنەرانی کورد بووە، کە بیری لە سەربەخۆیی و هەوڵدان بۆ ئازادی کردۆتەوە. بۆیە ناکرێت لێرەدا تێڕوانینی کوردێک بۆ نەتەوەو دەوڵەت، وەک تێڕوانینی هاوڵاتییەکی خاوەن مافی ئەمریکی بێت. لە کاتێکدا کورد هێشتا لە شەڕی قسەکردن و نوسین بە زمانی خۆیەتی و هێشتا ئاڵا و جلوبەرگی قەدەغە دەکرێت. لە سەنگەری بەرگری و مانەوەدایە. کورد هێشتا بواری نەدراوە لە خاک و وڵاتی خۆیدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف بژیت و پلە دوویە.

ئەگەر ناسیۆنالیزم، ئایدۆلۆژیایەک بێ بۆ داڕشتنی ستراتیژی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری، هەروەها پاراستنی بەها نەتەوەییەکان، کورد تائێستا نەگەیشتۆتە ئەم قۆناغە، لەکاتێکدا جیهان بەرەوە پۆست ناسیۆنالیست دەچێ. بۆیە وێڕای کامڵ نەبوونی ئەم فکرەیە رای وا هەن، کە ئیتر باوی کارکردن بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە.

ئێستا لەگەڵ گلۆباڵ و دروستبوونی کۆمەڵگەو پەیوەندی ئەلیکترۆنی، دوای سەدساڵ لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی، کورد هێشتا نەگەیشتۆتە قۆناغی نەتەوە و ناسیۆنالیزم.

ئایا پێویستە کورد پەرە بە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزم بدات یان کار لەسەردروستبوونی وڵات بکات، کە هەموو تایبەتمەندییەکانی وڵاتیشی تێدایە؟

ئایا پێویستە کوردیش وەکو هەر نەتەوەیەک، قۆناغەکانی مێژوو ببڕێت یانیش واز لە فکری نەتەوەو ناسیۆنالیزم بهێنێت و بەرەو جیهانیبوون هەنگاوبنێت؟ ئایا بەکام رێگا دەبێتە مرۆڤێکی خاوەن شوناس و کەسایەتی لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و جەنجاڵیدا، کە تییدا دەمارگیری ئایینی و رەگەزی و مەزهەبی باڵادەستە.

بیرمان نەچێ پێشکەوتن و کرانەوە لە جیهاندا بەهەر ئاراستەیەکدا بێت. ئێمە هێشتا لەسەر بنەمای رەگەز و زمان دەچەوسێنریینەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com