ھاوبیرانی دیموکرات
سەرەتایەک، حزب و حزبایەتی مانایەکی دیکەی جیا لە ناساندنی بەرنامەی خزمەت بە کۆمەڵ و نیشاندانی رووخساری شیاو و جوان و پڕ لە فیداکاریی و دیموکراسی نێوخۆی نییە.
ھەر لەو سەرەتای تێکۆشانی حزبی دیموکراتەوە تا بە ئەمڕۆ، باس و دیالۆگ و دەربڕینی بۆچوون و بە خۆداھاتنەوە، بەشێکی گرینگ لە دیموکراسی نێوخۆیی بووە.
مێژووی دیموکراسی نێو حیزب، دیموکراسی لە حیزبی دیموکرات دا، لە گەڵ دامەزرانی حیزب دەستیپێکردووە.
مێژوو پێمان دەڵێ، کە داڕشتنی تەشکیلاتی حیزب، و بیری دیموکراتیکی پێشەوا قازی محەمەد؛ بوون بە مایەی گەشەی پێکھاتەی کۆماری کوردستان. کۆمارێک کە جوانترین کۆمەڵگەی دێمۆکڕاسیی گەلەکەمان بووە.
شاراوە نییە، کە بەر لە حیزبی دیموکراتیش، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، یەکەمین ئەرکی پەیڕو کردنی دیموکراسی ئەزموون کردووە.
بەڵگەش ئەوەیە، کە کۆمەڵەی ژێ کاف، تەشکیلاتی لە سەر شانە دامەزراندبوو. لە شانەوە رای خەڵکی پێدەگەیشت. ھەر لە رێگای شانەشەوە، کۆمەڵانی بەرینی گەلی لە راسپاردەکانی خۆی ئاگادار دەکردەوە.
چ کۆمەڵەی ژێ کاف و چ حیزبی دیموکرات، کۆمیتەی، ناوەندیی، بەڕێوەبەرییان ھەبووە. کۆمیتەیەک، کە ئەرکی دیاریکردنی خەت و سیاسەت و تەنانەت دیاریکردنی ستراتێژی حیزبیش بووە. وەک باسمانکرد ئەو ئەرکە، بە شێوەی دیموکراتیک ناردراوەتە خوارەوە. ئەم دەسەڵاتەش واتە بەڕێوەبەری پێی سپێردراوە، لە پێشدا گوێڕایەڵ بێ و لە جێی خۆشیدا بڕیار بدا. ئەوە ش ناکرێ شتێکی، دیکە ببێ جگە لە سانترالیزمی دیموکراتیک.
بەو پێیە ھەر چەند ھەموو خەباتێک بە خەباتی کۆمەڵەی ژێ کاف و حیزبی دیموکراتیشەوە، لە ئەزموونی گەلانی تر کەڵکی وەرگرتووە و بۆ سانترالیزمی-دیموکراتیک-یش ئەو ئەزموونە وەرگیراوە، بەڵام دەتوانین بڵێین، کە ناوەڕۆک و پڕێنسیپی سانترالیزمی دیموکراتێک، نە ھی بێگانەیە، نە داتاشراوە و نە بیرۆکەی مارکسیزم-لێنینیزمە.
بەڵکە تەواو خۆماڵییە و پێویستی رۆژی تێکۆشانی کۆمەڵگای کوردی بووە. دێمۆکراسی گەل و دیکتاتۆری دوژمن، ھەر کاتێکیش سەرنج بدەینە کێشەی نێوان کورد و داگیرکەری کوردستان، دەبینین، کە خەڵک و دوژمن تێگڕایی تێکھەڵچوونەکانیان، لە دوو ووشەی داوای ئازادی و کردەوەی دیکتاتۆری دا کورت دەبێتەوە.
ئێمە پێمان وایە، کە ئەگەر داگیرکەری کوردستان خاوەنی عەقڵی سانترالیزمی -دیموکراتیک بویایە و بە کردەوە ئەو پڕۆسەیەی پیادە کردبایە ئەوە، بەرھەڵستی نەتەوەیی بەو شێوە چڕ و پڕە نەدەبوو کە ئەمڕۆ ھەیە.
بۆ دژایەتی لە گەڵ سانترالیزمی-دیموکراتی؟
کە وابوو پرسی سانترالیزمی-دیموکراتیک ھەم لە حیزبایەتی دا، و ھەم لە پێوەندی لە گەڵ داگیرکەردا پرسی رۆژ و زانستییە. بۆ ئەو پڕۆسەیە لە حیزبی دیموکرات دا لادەبردرێ؟ زۆر سەرنجڕاکێش و جێی لێوردبوونەوەیە. لە ڕێڕەوی تێکۆشانی حیزب دا ھەمیشە سانترالیزمی-دیموکراتیک محەک و پێناسەی پێشچوون و دەست نیشانکردنی خاڵە بە ھێز و لاوازەکان بووە. ھەتا ئێستاش کەس نەیتوانی وتارێک بۆ رەتکردنەوەی سانترالیزمی-دیموکراتیک بنووسێ، کە جێ بگرێ. گەڵاڵەیەکیش، کە بووەتە جێگرەوەی سانترالیزمی-دیموکراتیک بێگانەیە لە گەڵ بنەمای دیموکراسی حیزبی دیموکرات و ھیچ پێناسەیەکی دیموکراتیکی تێدا بەدی ناکرێ.
سانترالیزمی-دیموکراتیکی زەمانی قاسملوو، دکتۆر قاسملووی نەمر، پاش کۆماری کوردستان و پێشەوا؛ سانترالیزمی- دیموکراتیکی لە گەڵ دیموکراسی جیھانی، ئیدئۆلۆژی مارکسیست-لێنینیستی و سۆسیال دیموکراسی ئەوروپا لە محەک دایەوە.
سانترالیزمی-دیموکراتیکی تێکۆشانی حیزب ئەم جارەیان لە سەر دوو بنەمای سەرەکی داڕێژرایەوە، یەکەم: رەخنە بگری و رەخنەش لە خۆت بگری. دوویەم: بەر لەوە بزانی حیزب چی بۆ تۆ کردووە، بزانە تۆ چیت بۆ حیزب کردووە. بە مانایەکی دیکە ئازادی رادەربڕین و، ئەرکی لێپرسینەوە ھەبوو.
لە زەمانی قاسملوو دا، مانای واقیعی سانترالیزمی-دیموکراتی، دیموکراسی و دیسیپلین بوو، لە ژێر رێبەریی و بەڕێوەبەریەتی قاسملوو دا، حیزبی دیموکرات، خەباتی جەماوەری، چەکداری، تەشکیلاتی، کاری سیاسی و دیپڵۆماسیی دەکرد، و بڕیاری شۆڕشگێڕانەشی دەدا. حیزبی دیموکرات زۆر زوو توانی پێگەی دیموکراتیکی خۆی و گەلی کوردی رۆژھەڵات، بە جیھانی بکا و تەنانەت کۆماری ئیسلامیش وەک رێژیمێکی خۆپارێز، دیکتاتۆر و کۆنەپارێز، بە جیھان بناسێنێ. ئەوەش ھەمووی لە سایەی سانتڕالیزمی-دێمۆکراتیک داکرا. ئەوانە، کە بە ئینسافەوە، چالاکی ئەو دەورەیە لە حیزب ھەڵدەسەنگێنن، با بڵێن لە کوێ و لە چ ئاستێک دا پڕۆسەی سانتڕالیزمی-دیموکراتیک پێشی بە گەشانەوەی کار و تێکۆشانی حیزب لە کاتی خەباتی شار و شاخ دادەگرت؟
ئەوەی جورئەت بە خۆی دەدا، سانترالیزمی-دیموکراتیک ھەڵوەشێنێتەوە، چ فۆرمۆلێکی دەوڵەمەندتری پێشکەشکرد، جگە لە خۆدیارکردنەوەی دووبارەی؟
دێمۆکڕاسی بێ سەر و بێ سەرپەرست کرا، ھەموومان ئەوە دەزانین، کە پیادەکردنی دیموکراسی و پڕنسیپی سانترالیزمی-دیموکراتیک، کاری رۆژێک و دوو رۆژ نییە، بەڵکە پرۆسەیەکی دایمییە و شان بە شانی گەشەی کۆمەڵگا و حیزبێک دەچێتە بەرەوە. بە داخەوە لە دوو قۆناغی سەرەکی دا چالاکی سانترالیزمی-دیموکراتیک، بێ سەرپەرست مایەوە. یان بڵێین سانتڕالیزمی-دیموکراتیک بە لە سێدارەدانی پێشەوای بلیمەت و تێرۆری قاسملووی نەمر، سەری لێدرا.
پاش ئەو دوو ڕێبەرە، کەسایەتی بە توانا و دڵسۆزی گەلەکەمان دکتۆر سادق شەرەفکەندی، ھەوڵیدا، درێژەبە سانترالیزمی-دیموکراتیک بدا، بەڵام بە داخەوە ئەویش تێرۆرکرا.
ھاوبیرانی دیموکرات، بەر لەوە بچینە سەر ئەو باسە، کە سانترالیزمی-دیموکراتیک، چی بەسەرھات، دەچینە سەر شیکردنەوەی سێ خاڵ لە سەر ئەو چەمکە:
١- قازانجەکانی سانترالیزمی-دیموکراتیک
– سانترالیزمی-دێمۆکڕاتیک ورەو هێز و باوەڕبەخۆیی دا بە تاکەکانی نێو حیزبی دیموکرات، لە جەرەیانی خەباتی چەندین ساڵەی حیزب دا بە سەدان و بگرە بە ھەزاران خەڵکی ئاسایی شار و لادێ، کە بۆ تێکۆشان دەھاتنە نێو ریزەکانی حیزب، خۆیان ناسی، دنیایان باشتر ناسی و جوانتر دەکەوتنە بیرکردنەوەو ھەڵس و کەوتکردن.
– بۆ پەیڕەوکردنی سانترالیزمی-دیموکراتیک، بنەمایەکی باش بۆ پەروەردەی فیکری، و پێگەیاندنی ئەندام و کادری حیزبی داندرا.
– یەکەمین و سەرەکیترین مەرجی سانترالیزمی-دیموکراتیک، دیالۆگ و ھێنانە بەرباسی بیر و بۆچوونە جیاوازەکان بوو، ھەر ئەو کردارەش دەبوو بە ھۆی دیتنەوەو گەشەی بیری نوێ بۆ بە قەناعەت گەیاندنی جیا بیر و سەرئەنجام تێکۆشانی حیزبی زیاتر پێ دەچۆ پێشەوە.
– لە سانترالیزمی- دیموکراتیک دا ھەموو ئەندامان حیزبیان بە ھی خۆیان و خۆیان بە بەشێک لە حیزب ھەژمار دەکرد.
– لە سانترالیزمی-دیموکراتیک دا بڕیار بە کۆمەڵ بوو، کەسی یەکەم تەنیا بەرپرسی ھەماھەنگی بوو.
٢- لاوازییەکانی بەردەم پڕۆسەی سانترالیزمی-دیموکراتی دەکرێ لە دووخاڵی سەرەکی دا ئاماژە بە لاوازی سانترالیزمی-دیموکراتیک بکەین:
– سانترالیزمی-دیموکراتیک بە ئاسانی کەڵکی خراپی لێوەر دەگیرا، چونکە کەس یان کەسانی خۆویست و بەرژەوەندیخواز، ھەوڵیان دەدا لە دیموکراسی نێو حیزب کەڵکی خراپ وەربگرن. زۆر جار لە حیزبی دیموکرات دا دەبیندرا لە کاتێک دا بەشێکی بەرچاوی تێکۆشانی نێوخۆیی حیزب بێ بەرپرس و کادر مابووە، بە دەیان کەس خۆیان وەبن باڵی فڵان ئەندامی رێبەری دەدا و خۆیان دەپاراست لە چوونەوە ناوخۆ و ئەستۆگرتنی کار و چالاکی.
– زۆر جار تەگەرە دەکەوتە سەر رێگای ھاوئاھەنگی کردنی نێوان سانترالیزم و دیموکراسی. بە واتایەکی تر ئۆرگانەکانی حیزب لە ھێندێک شوێن زۆر ناوەندگەرا بوون بڕیاری وشکیان دەدا، ھەر لەو کاتەدا لە ھێندێک ناوەندی بڕیاریش تەنیا باوەشیان بۆ دیموکراسی کردبووەوە و خەبەرێک لە پیادەکردنی سانترالیزم و بڕیاری سەرەوە نەبوو.
ئێمە ھاوبیرانی دیموکرات، کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرین لە تێکۆشانی نێو حیزب دا، باوەڕمان وابووە و وایە، کە دەکرا، لە رێگەی پێداچوونەوە بە کارنامە و لێپرسینەوەی دیموکراتی، بەر بەو لاوازییە بگیریێ.
٣- پێویستی ھەبوونی سانترالیزمی-دیموکراتیک، کە باس لە دروشمی خەبات دژی داگیرکەر دەکەین و قسە لە دیموکراسی نێوخۆیی، و دابینکردنی کۆمەڵێکی ئازاد و دیموکرات دەکەین؛ دەبێ دەستبەجێ ئەوەمان بێتە بیر، کە بە بێ پەیڕەوکردنی سانترالیزمی-دیموکراتی، مەحاڵە بەو ئاواتە بگەین.
پرسیار ئەوەیە، کە کێ ھەیە دژی سانترالیزمی- دیموکراتیک ببێ و بڵێ دەمەوێ دیموکراسی دامەزرێنم.
ئایا دیموکراسی بە کەسێک، کە بۆ خۆی دژی دیموکراسییە دادەمەزرێ؟ یا خۆ، داخوا قەت لە مێژووی مرۆڤایەتی دا ھەڵکەوتووە، دیکتاتۆرێک دێمۆکراسی لە کۆمەڵ دا پیادە بکا؟
شکستی سانترالیزمی-دێمۆکراتی و زاڵبوونی پاشاگەردانی و ئانارشیزم خۆێنەری بەڕێز و تێکۆشەرانی ھاوڕێ و ھاوبیری دیموکرات.
لە ئەنجامی نووسینی بەشی سەرەوە دەمانەوێ بەو ئاکامە بگەین، کە بە داخەوە، پاش تێرۆری دوو سکرتێری حیزبەکەمان، لایەنی بەرژەوەندیخواز لە رێگەی نان بە نرخی رۆژخواردن و دەمکوتکردنی جیابیران و برەوپێدانی کردەی دزێوی دەروێش سفەتی و دواکەوتوویی بە تەواوی باڵی بەسەر حیزب داکێشاوە.
ھەر بۆیە دوای ئەو رەوتە ناحەز و دیموکراسی شکێنە، گرتنی کۆنفرانس و کۆنگرە مانایەکی نەداوەتەوە؛ ئەوە نەبێ، کە ئاکامی کار بگیرێتە خزمەتی ئەم یان ئەو تاکەوە. دەسەڵاتی رەھای دوو یان سێ کەسێک بە درێژایی دەیان ساڵ مانەوە لە بنکەی جێگیر و ئۆردوگانشینی ھیچ دەرەتانێکی بۆ مافی ئەندام نە ھێشتۆتەوە. تەنانەت ئەو ئەرکانەش، کە دابەشدەکرێن، بە سەلیقە و خواستی کەسی دیاریکراوە، کار بەڕێوەبەریش زیاتر وەک کارمەند « موتیعولئەمر» ە. نەک ئەندامی حیزبێکی دیموکرات.
ئەوڕۆ ئێمە لە گەڵ سیاسەتی کارمەندی لە حیزبی دیموکرات دا رووبەڕووین. تازە ئەگەر کارمەندێک پاش ٦ مانگ دەبێتە دایمی؛ لەو سیستمە نوێیە، لە زۆر کات دا تەنیا بۆ شەش مانگ کار دەدرێ و دواتر لە کارەکەی دوور دەخرێتەوە و یەکێکی تر دەخرێتە شوێنی.
ئەو رەوتەش لە درێژەی زاڵبوونی سیاسەتی پاڵپێوەنان، تەسلیمکردنی جیابیر و برەوپێدانی دووڕوویی و تۆڵەستاندنەوە و سابوون لە بەری پێدان و نان بە قەرزدان ھاتەئاراوە و زابوونی خۆی حەتمیکرد.
ئێمە لە کۆڕی ھاوبیرانی دیموکرات دا، لە سەر ئەو باوەڕەین، کە حیزبی دیموکرات لە کۆی تێکۆشانی دوو لایەنی خۆیدا، کە بریتین لە لایەنی پەیڕەوی نێوخۆیی و ھەروەھا بەرنامە و پڕۆگرامی سیاسی دا، کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵەوە. ئەوە کە ئێستا بە نێوی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبی دیموکرات ھاتۆتە ئاراوە، بێگانەیە لە دینامیزمی دیموکراتیکی ناوخۆیی حیزب.
ھەر وەھا نەک لە دەیان ساڵی رابردووەوە ھیچ تێئۆری و فۆرمۆلبەندییەکی نوێ بۆ خەباتی رۆژھەڵات نەکراوە، بەڵکە بە پێچەوانە برەو پێدان بە ئێرانچێتی و گەشکەبوون بە ھاوپێوەندی لە گەڵ سەڵتەنەتخوازەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەشی بە خۆوە دیتووە.
ئێمە لە سەر ئە باوەڕەین، کە تێکۆشەری دیموکرات لە ھەر شوێنێک نیشتەجێیە و بە ھەر شێوەیەک، کە بۆی دەکرێ، پێویستە پشتی ھاوبیرانی دیموکرات بگرێ بۆ راگرتن و راستکردنەوەی دۆخی نالەباری ئێستای حیزبی دیموکرات.
سەرکەوێ خەباتی بێ وچان بۆ زیندوو راگرتنی بیر و تێکۆشانی کۆماری کوردستان و دارشتنەوەی حیزبی دیموکرات.