فەرحان جەوهەر
ئایا خەباتی گەلی ئێمە لە پێناو ماف و شوناسی کورد بوون بوو؟
حەقە هەر تاکێکی کورد لەهەر شوێنێک بێت ئەو پرسیارە لە خۆی و خەڵکی تریش بکات، ئایا خەباتی گەلی ئێمە لە پێناو ماف و شوناسی کورد بوون بوو؟ یان لە پێناو عراقێکی خاوەن سەروەری و یەکگرتوو بوو؟ دیارە گەلی کورد ئەو هەموو خوێنەی داوە و ماڵوێرانیەی بینیوە لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و سەلماندنی شوناسەکەی بووە، بۆیە بەدرێژایی مێژووی دروست بوونی عێراق و پێش ئەو مێژووەش کوردایەتی خەمی ئەبەدی ئەو میللەتە بووە، کە پێمانوایە هیچی لەو میللەتانەی تر کەمتر نییە، کە ئەمڕۆ بەناحەق و ستەمکاری خۆیان کردۆتە کەڵەگا بەسەرمانەوە، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ماف و شوناسە بەرگەی ئەو هەموو سەختیە و ماڵوێرانییەی گرتووە.
ئەگەر خەباتی ئێمە بو عراقێکی یەکگرتوو خاوەن سەروەریش بووە، وەک ئەمڕۆ هەندێک هێز و لایەنی کوردستانی پێشبڕکێیان لەسەر عیراقی بوونە و هەریەکەیان دەیانەوێ پێش ئەوی تر وەلاو دڵسۆزی خۆی بۆ عیراقی یەکگرتوو بسەلمێنێ. ئێمەش وەک پارتی بە دژە عێراق نیشان بدەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە پێیان دەڵێین “ئێمە بەشانازیەوە خەباتمان بۆ کوردایەتی و پاراستنی شوناسی کوردبوون بووە و خۆشمان بەمیراتگری خوێنی هەموو ئەو شەهیدانە دەزانین، کە ڕۆژانێک لە پێناو خاک و کوردایەتیدا گیانیان بەخشیوە”.
گەر خەباتی گەلی کوردستان، وەک ئەمڕۆ هەندێک لایەن ئیدیعا لە پێناو عێراقێکی یەکگرتووبوایە؟ ئەو هەموو خوێن و ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەییە لە پێناو چی بوو؟ هەرکەسێک لە سەردەمی رژێمی بەعس و پێش بەعسیەکانیش بێنە سەر حوکم، لەگەڵ عیراقی یەکگرتوو بایە، ئەوا بەسەت جار زیاتر ماف و ئیمتیازەکانی لە ئەمڕۆ زیاتر دەبوو، بەتایبەتی گەلی کورد لە کوردستان. گەر وەک ئەمڕۆ هەندێک لایەنی سیاسی شانازی بە عیراقی بوونی خۆیانەوە دەکەن و خەمی عیراقی یەکگرتوویانە، ئەوا لەسەردەمی سەددامدا نە دووچاری کیمیاباران و نە ئەنفال و راگوازتن و ئاوارەیی نەدەبووین و مافەکانیشمان زیاتر لە ئەمڕۆ بەدەستدەهێنان.
ئێ خۆ حوکمڕانانی عیراقیش هەر لە مەلیکەوە تا سەددام، هەر ئەوەیان لە گەلی کورد دەویست، کە شانازی بە عیراقی بوونی خۆیانەوە بکەن، ئیتر ژیانێکی شاهانە دەژیاین، بەڵام گەلی کورد شوناسی کوردبوونی خۆی لە هەموو شتێک پێ باشتر و گرنگتر بوو، بۆیە لەو پێناوەدا خوێن و نرخێکی زۆر گرانیدا.
ئەمڕۆ هەندێک لایەن هێرش دەکەنە سەر پارتی و تاوانبارمان دەکەن بە وەی لە دژی عێراق، پیلان دەگێڕین و باوەڕمان بە عێراق نییە، تەنها بۆ ئەوەی لای خەڵکی تر لە بەغدا و دەرەوەی بەغداش زیاتر دڵسۆزی خۆیان بسەلمێنن، پێموایە ئێستا کاتی ئەو پرسیارەیە لەو هێزانە بکەم و پێیان بڵێم “مادام ئێوە ئەوەندە باوەڕتان بە عیراقی یەکگرتوو هەیە و تا ئەو ڕادەیەش بۆی دڵسۆزن، بۆچی کاتی خۆی لە دژی عیراق لەگەڵ لایەنی دەرەکی پیلانتان گێڕا و هەڵەبجەتان بەو دەردە برد”.
کەواتە بەپێی ئەو لۆژیکەی ئێوە بێت، خوێنی هەڵەبجە و ئەنفال لە ئەستۆی ئێوەیە، چونکە لەگەڵ وڵاتێکی بیانی پیلانتان لە دژی عیراقی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری گێڕابوو، خۆ ئەگەر خەباتی ئێمە بۆ عیراقی یەکگرتوو بایە هیچ کاتێک گەلی کورد بەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیە نەدەکەوت و کوردستانیش خراب نەدەبوو، بۆیە پێویست دەکات ئەو هێزانە داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکەن و خۆشیان لە خوێنی ئەو شەهیدانە بەری بکەن. رەنگە هەندێک لایەن بڵێن ئێمە لەو سەردەمەدا نەبووین! بەڵام زۆربەی کاراکتەرەکانیان لەو سەردەمەدا بوون.