سڵاو رۆژھەڵات

0

هاوبیرانی دیموکرات

کورتە لێکدانەوەیەک!

رۆژھەڵاتی نێوەڕاست بووەتە ناوەندی ئاڵۆزیی، جیا لە ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن، کە بەداخەوە ناتوانین بە تەنیا ببینە فاکتۆڕی رووخانی ڕێژیمی ئێران، کۆمەڵێک وڵاتی خاوەن دەسەڵات، بەر لە ھەموویان وڵاتی ئەمەریکاش؛ باس لەوە دەکەن، کە ئێران دەستی لە پشێوی ئەم بەشە لە جیھان داھەیە. لێکدانەوەکان کۆکن لە سەر ئەو بیرە، کە رەنگە پێش بە دەستدرێژی ئێران بگێرێ!

دوو وڵاتی ناوچە؛ ئیسڕائیل و عەرەبستانی سعوودی، بە پشتیوانی سیاسی و میلیتار- لۆجیستیکی ئەمەریکا، کەم و زۆر بەکردەوە، کەوتوونەتە سەنگەری بەرگری لە خۆیان لە بەرانبەر ئێران دا.

ئەوەش دەزانین، کە ئێران زیاتر لە ٣٠ ساڵە، خۆی بە ھەڕەشە و گرفە و لرفەی زۆر گرتووە. بۆیە ئەستەمە بڵێین، کە ئەو وڵاتە دەستبەرداری ئاژاوەگێڕییەکانی دەبێ ئەگەر وەک دیتومانە بۆی بڕواتە پێش.

دیارە ئەوەش جێی باسەکە پشتیوانی روسیە لە ئێران، بەشداری تورکیا لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی؛ روسیە-ئێران-تورکیە، لە سەر پرس و ئاڵووگۆڕەکانی ناوچە، بوونی کۆمەڵێک وڵاتی ناشارەزای ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پشتی ئێران، ( کە یان لە بەر لاوازی تێکۆشانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران یان لە رێگای کۆمەڵێک پێوەندی دیکەوە، دەنگیان لە پشتی سیاسەتی ئێرانە)، جۆرێک لە بلۆک بەندیی و باوەڕ بە خۆبوونی بە قازانجی ئێران لێ سازبووە!

ئاشکرایە، کە ئێستا لەگەڵ دوو بیری گرینگ سەبارەت بە ئێران رووبەڕووین:

یەکەم: ئەوەکە شاراوە نییە، دەسەڵاتدارانی ئێرانی وەک حەیوانی زیانیکەر، کە لە پلاری ھەڕەمەکی خاوەن لەوەڕگە ناپرینگێتەوە، دانە خۆرە بووە و چاوەڕوان ناکرێ بەبێ راوەستانێکی جددی و بە کردەوە، دەست لە سیاسەتی داگیرکاری و ئاژاوەگێڕی خۆی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵبگرێ.

دوویەم: وەڵامی ئەو پرسیارانە کە، بەرەی دژی ئێران چی دەکا؟ چی لەدەست دێ بیکا؟ کەی ئەو شانتاژ و پەستانی سیاسییەی بەکردەوە دێنێتە مەیدان؟ کەی سنوورێک بۆ ئێران دەستنیشان دەکا؟ دەسپێردرێ بەکات و یەکڕێزی زیاتری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دژی ئێران.

لە ئەنجامی ئەو ھەڕەشە و راوەستانە، شێمانەی گۆڕانێکی نوێ دەکرێ. ئەویش ئەوەیە، کە دوولایەنی ئێران و وڵاتانی دژبەری، باش لەوە ئاگادارن، کە سیاسەتی قسە و شەڕەجنێویان، دەبێ بە زوویی کۆتایی پێ بێ.

گۆڕانکارییەک، کە ئەگەر یەکجێش سەر نەکێشێتە شەری راستەوخۆ، دستپێدەکا و پەستۆی زیاتری بە دژی ئێران تێدادەبێ.

زۆر ناواقیعی و خەیاڵی دێتە بەرچاو، کە بڵێین غەیری ئەو سیاسەتە شتێکی دیکە سەبارەت بە ئێران روودەدا. چونکە ھەر پاشەکشەیەکی کۆمەڵگای وڵاتانی ناوچە و ئەمەریکا و ئەوروپا دژی ئێران، راستەوخۆ بە زەرەری عەرەبستان و ئیسڕائیل تەواو دەبێ، دووڵات، کە رۆژاوا پشتیان دەگرێ.

بە پێچەوانە بەروونی دیارە، کە ئێران پێ بزانێ وەک ساڵانی پێشوو لێی قەبووڵ دەکرێ، ئەوە ئاخرین ئاواتی، کە سی ساڵە لێدانی ئیسڕائیلیی موسایی و عەرەبستانی عومەرییە، بەکردەوە دەکاتە ئەمری واقیع.

شارەزایانی سیاسی لەوە ئاگادارن، کە ئێران تا ئێستاش ھەر لە شلوشەوێقی و لە نایەکڕێزی کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی نێوەڕاست و باقی جیھان کەڵکی خراپی وەرگرتووە، تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ، کەوابوو هۆکارێک نابیندرێ، کە بوەستێ، تا نەوەستێندرێ.

ئێمە لە کۆڕی “ھاوبیرانی دیموکرات”، باوەڕمان وایە، کە ھەم ئەمەریکا و ھەم ئەوروپا و دۆستەکانیان، ھاتوونەتە سەر ئەو قەناعەتەکە، کە جددییەتی زیاتر دژ بە ئێران نیشان دەدرێ. ھەموو ئەگەر و ئاماژەکان ئەوەمان دەخەنە بەر چاوکە دەکرێ چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی خێراببین.

رۆژھەڵاتی کوردستان و ئەو گۆڕانکارییە

ھاتنەئارای ھەر گۆڕانێک، شوێن لە سەر رۆژھەڵاتی کوردستان-یش دادەنێ. گەل لە رۆژھەڵات، خاکی داگیرکراوە. پێش بە گەشەی ھیزر و چالاکی ھەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی گیراوە.

باس لەوە ناکەین، کە لە ئەنجامی ھێرشی نیزامی دا، کە بەدووری دەبینین، زەرەر بە خەڵکەکەمان دەگا، دەنا لە ھیچ حاڵەتێکی تردا، ژیانی رۆژھەڵات لەوە خراپتر نابێ، کە ئێستا تێیدادەژی.

ھاوبیرانی دیموکرات پێمان وایە؛ ھەر کردەوەیەکی جیھانی دەرەوە، دژی ئێران؛ شوێنی پۆزیتیڤ لە سەر رۆژھەڵاتی کوردستان دا دەنێ.

یەکەم لێکەوتەی بەکردەوە ھاتنە مەیدان دژی ئێران، لاوازبوونی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە. ئەم لاوازییەش یەکجێ دەبێتە ھۆی لاوازی دەسەڵاتی سەرکوتگەر لە رۆژھەڵاتی کوردستان. جووڵانەوە و ھەستانی گەلیی لە شار و دێھات حەتمی دەبێ. رەنگە چەشنێک لە پاشەکشە و راماڵینیش دژی ھێزە سەرکوتگەرەکان دەست پێ بکا.

لە روودانی وەزعێکی ئەوتۆ، بۆشایی دەسەڵات دێتە ئاراوە، جێگرەوەی پاشەکشەی نیزامی ئیسلامی، چوونە پێشی ھێزی ئۆپۆزسیۆنی لێ دەکەوێتەوە.

ئۆپۆزسیۆن چی دەکا بۆ ئیدارەی وەزع؟ بەرنامەی پێڕاگەیشتنی چۆن دەبێ؟ بۆ خۆیان لە گەڵ خۆیان چۆن دەبن؟ وێکھەڵدەکەن یان تێکھەڵدەچن؟ بە گشتی بۆشایی دەسەڵات چۆن پڕدەبێتەوە؟ تێکدان و رووخان و بگرە و بەردەی شۆڕش دێتە ئاراوە یان بە مشووری و خەمی پڕکردنەوەی دەسەڵات؟ دەبێتە حیزبگەردانی، یان لە لایەن حیزبەکانەوە یارمەتی دەکرێ بە پڕۆسەی ئێدارەی وڵات لە لایەن گەل خۆیەوە؟ ئەوانە و دەیان پرسیاری تر، دەبنە ھەوێنی نووسینی پڕۆژەی “سڵاو رۆژھەڵات”ی ھاوبیرانی دیموکرات و لە چەندین وتار لە حەوتووەکانی داھاتوودا بڵاو دەکرێنەوە.

تکایە چاوەڕوان بن

سەرکەوێ یەکڕێزی ھێزەکانی کوردستان بۆ پێشەوە بەرەو گەشە پێدانی بیر و سەروەری یەکانی کۆماری کوردستان.

لە گەڵ رێزماندا ھاوبیرانی دیموکرات

١٧ ی مانگی گوڵانی ٢٧١٨ ی کوردی

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com