بارزانی‌: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی‌ نابین هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌وێته‌ ژێر فه‌رمانی‌ مالیكی

0

بارزانی‌: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی‌ نابین هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌وێته‌ ژێر فه‌رمانی‌ مالیكی

نوچەنێت . خه‌ندان

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستپێشخه‌ر نابێت له‌ هه‌ڵگیرسانی‌ شه‌ڕ‌و ته‌قه‌كردن له‌ سوپای عیراق كه‌ ره‌وانه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان كراون، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی‌ نابن هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌وێته‌ ژێر فه‌رمانی‌ مالیكی.

 مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ (المدی‌) جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ كێشه‌ی‌ كوردستان ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ هه‌رێمه‌وه‌، مۆركێكی‌ كه‌سیشی نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكه‌ له‌ كێشه‌ی‌ حوكمكردن له‌ عیراق. وتیشی: “كاتێكیش ده‌مانه‌وێت چاكسازی‌ له‌ حوكمكردن بكه‌ین، ئه‌وه‌ له‌ پێناو هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ گه‌لی‌ عیراقدا ده‌بێت”.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، نوری‌ مالیكی، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ هه‌ولێر‌و پێچه‌وانه‌یه‌تی، بۆیه‌ كاریگه‌ریی‌ خسته‌ سه‌ر هه‌موو هاوبه‌شه‌ سیاسییه‌كان.

سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، وتیشی: “مالیكی ویستی‌ هه‌موو رێكه‌وتنه‌كان به‌په‌له‌ له‌ بیر بكات، واته‌ هه‌موو ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ی‌ له‌بیركرد كه‌ ئه‌و (مالیكی)یان كرد به‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت، چونكه‌ ئه‌و به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ راسته‌وخۆ نه‌هاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ك به‌ كوده‌تای‌ سه‌ربازیش نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو به‌ ته‌وافقی په‌رله‌مانی‌ بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ رێكه‌وتنی‌ سیاسی له‌گه‌ڵ كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كاندا، خۆی‌ به‌ فیرعه‌ون ده‌كات”.

سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ته‌نها، ئه‌وكات به‌ یه‌ك په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌كرد، وتیشی:”به‌ڵام كێشه‌كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ ته‌واو نابێت، به‌ڵكو كێشه‌ی‌ مه‌ترسیدارتری‌ دیكه‌ش دێنه‌ ئاراوه‌‌و سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ته‌نها له‌گه‌ڵ كوردستاندا نا، چونكه‌ مالیكی به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پڕه‌ له‌ هه‌ڵه‌، وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات”.

بارزانی‌، له‌ دیداره‌كه‌شیدا باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ نوری‌ مالیكی، له‌ ساڵانی‌ 1982ه‌وه‌ ده‌ناسێت‌و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌شدا ژیاوه‌، له‌كاتی‌ رووخانی‌ (سه‌دام حسێن)یشدا مالیكی نه‌یتوانی‌ له‌ ناوه‌ڕاست‌و خوارووه‌وه‌ بێته‌ ناو عیراق “هات بۆ كوردستان‌و ئێمه‌ كارئاسانیمان بۆ كرد بگاته‌ به‌غدا، دواتر چه‌ند جارێك پشتگیریمان كرد‌و هه‌ر ئێمه‌ش بووین متمانه‌مان پێبه‌خشی‌‌و كردمان به‌ سه‌رۆك وه‌زیران”.

سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌شداربن له‌ راستكردنه‌وه‌ی‌ رێڕه‌وه‌ی‌ سیاسی، وتیشی:”ئێمه‌ ئاماده‌ین به‌ته‌نها خۆمان باری‌ مالیكی چاك بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ بێده‌نگی‌ هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ نیشتمانی‌ بێت‌و هه‌موولایه‌ك هاوبه‌شبن تێیدا بۆ راگرتنی‌ هه‌ڵسه‌وكه‌وته‌كان‌و ئه‌و شێوازه‌ی‌ وڵاتی‌ پێ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هیچ بڕیارێك نادات تا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان به‌ ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌.

وتیشی: “دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ به‌غدا، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان‌و حزبه‌كان بانگهێشت ده‌كه‌م‌و هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی‌ گفتوگۆكانی‌ وه‌فده‌كه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو، پێكه‌وه‌ بڕیارێك ده‌ده‌ین، زۆر به‌ راشكاویش، ئه‌گه‌ر مالیكی پێداگریی‌ كرد له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ سه‌ربازی‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ش ئاماده‌ین، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی‌ نه‌كشێنێته‌وه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تا‌ووتوێی ده‌كه‌ین، ئێمه‌ش هێزه‌كانمان له‌به‌رده‌م هێزه‌كانی‌ ئه‌واندا ده‌هێڵینه‌وه‌‌و رێگه‌ی‌ پێناده‌ین به‌ره‌و كه‌ركوك‌و ناوچه‌كانی‌ پێشڕه‌وی‌ بكات، ئه‌گه‌ر ته‌قه‌یان كرد، ئێمه‌ جارێك تا دووجار دان به‌خۆماندا ده‌گرین، به‌ڵام دواجار ناچار ده‌بین ئێمه‌ش وه‌ڵامی‌ سه‌ربازیانه‌یان بده‌ینه‌وه‌”.

پێشتر نوری‌ مالیكی، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نووسینگه‌كه‌ی‌ وتی‌:”له‌ رێكه‌وتنی‌ 2009دا هاتووه‌، كه‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ نێویشیاندا هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی‌ نووسینگه‌ی‌ سه‌ربازیدا ده‌بێت، به‌ڵام بارزانی‌ ئه‌و لێدوانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌‌و ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌دا نه‌هاتووه‌.

بارزانی‌، وتیشی:”به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رازی‌ نابین پێشمه‌رگه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی‌ مالیكی_دا بێت، چاره‌سه‌ریش وه‌ك له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی‌ هاوبه‌شدا بێت، چونكه‌ مالیكی ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شێك بێت له‌ سوپای عیراق، ئایا جێی باوه‌ڕه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران تائێستا بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ نه‌دابێت‌و خۆی‌ له‌هه‌موو رێكه‌وتنه‌كان بدزێته‌وه‌، پاشان ببێته‌ فه‌رمانده‌یان، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش له‌ ده‌ستوردا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ دیاریكراون‌و دانیش به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هێزێكی‌ به‌رگری‌ هه‌بێت كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش به‌ خوێنی‌ كورد‌و قوربانیدانیان هاتوونه‌ته‌ دی و ده‌ستیان لێهه‌ڵناگرین”.

دواجار، سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وتی‌:”پێشمه‌رگه‌ هێزێكی‌ عیراقییه‌‌و من ئاماده‌م خۆم سه‌ركردایه‌تی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌م بۆ به‌رگریكردن له‌ به‌سره‌ یان هه‌ر شارێكی‌ دیكه‌ی‌ عیراق ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی‌ بكرێته‌ سه‌ریان، ئه‌گه‌ر مالیكی داوای‌ یارمه‌تی‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ بابه‌تێكی‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ی‌ مالیكی بیه‌وێت یاری‌ به‌ دواڕۆژی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بكات”.

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سۆران كه‌ریم

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com