كێ پێشینەكانی دایە خەڵك، نێچیرڤان بارزانی یان بەرهەم ساڵح؟

0
فەرسەت سۆفی 
 
بەپێی هەموو پێوەرەكان كابینەی حكومەت بەرپرسیارێتی هاوبەش (تضامن)ـی دەكەوێتە ئەستۆیان، لەهەمانكاتدا بەشێوەیەكی هاوبەشیش خاوەندارێتی لە دەستكەوتەكان دەكەن. لۆژیك ئەوە هەڵناگرێت تۆ لە دەستكەوتەكان شەریك بیت و لە كەموكوڕییەكان تەریك.
 
لەماوەی هەڵمەتی راگەیاندن زۆر بەچڕی كار لەسەر ئەوەكرا، پێدانی پێشینەكان وەك دەستكەوتێكی كەسی بۆ بەڕێز سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی بچەسپێندرێن، لەكاتێكدا ئێمە پێمانوایە دەبووایە ئەم گفتوگۆیە لەكاتی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بكرێت نەك بەغدا. دەبووایە بەڕێزیان باسی كردارەكانی لە بەغدا بكات لەو ماوەیەی كە پۆستی گرنگ و كاریگەری هەبوون. 
بەڵام بۆ دەرخستنی راستییەكان هەوڵدەدەین بە پشتبەستن بە دیكۆمێنتی یاسایی و بەڵگەی حاشا هەڵنەگر راستی پێدانی پێشینەكان بۆ رای گشتی روونبكەینەوە.
1. پێشینەی خانووبەرە: لەكابینەی پێنجەمدا لەماددەی 12ـی یاسای بودجەی ژمارە 3ـی ساڵی 2008ـدا، جێگیركراوە و ئەمەش دەقی ماددەكەیە: “سولفەی خانووبەرە بۆ هاووڵاتیان بەپێی هەلومەرجێك خەرجدەكرێت كە وەزارەتی دارایی دەستنیشانی دەكات”.
هەر دوای دەرچوونی ئەم یاسایە لە رۆژی 20-5-2008، وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ خەرجكردنی سولفەی خانووبەرە دەركرد و بڕی 12 ملیۆن دینار بۆ سەنتەری پارێزگاكان و 9 ملیۆن دینار بۆ قەزا و ناحیەكان دیاریكرا. ئینجا لەكابینەی شەشەمدا بەپێی پڕۆژەی یاسای بودجەی حكومەت كە بۆ پەرلەمان نێردرا، هەمان دەقی بودجەی ساڵی 2009 دووبارەكرایەوە بەبێ دەستكاری كە لەسەرەوە ئاماژمان پێدا. لەلایەن پەرلەمانیش وەك خۆی پەسەندكراو، بووە یاسا. 
لە یاسای بودجەی ساڵی 2010ـدا هەمان دەق دووبارە كرایەوە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ، لەلایەن پەرلەمانی كوردستان 15 ملیۆن دینار بە یەكسانی بۆ پارێزگا و قەزاو ناحیەكان دیاریكرا. ئینجا لەساڵی 2011 بووە 20 ملیۆن (ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی نووسراوی ژمارە 2765 لە رۆژی 8-3-2011 بەواژۆی سەرۆكوەزیرانی كابینەی شەشەم هەر 15 ملیۆنی ساڵی پێشوو دیاریكرا، بەڵام پەرلەمان لەكاتی گفتوگۆی یاسای بودجەدا كردیە 20 ملیۆن)، لە ساڵی 2012 لەسەردەمی كابینەی حەوتەم بۆ پارێزگا و قەزاو ناحیەكان 20 ملیۆن و بۆ گوندەكان 25 ملیۆن دینار دیاریكرا، ئەمەش لە ماددەی 14 و 15 لە یاسای بودجەی ژمارە 8ـی ساڵی 2012 جێگیر كرا.
2. پێشینەی كشتوكاڵی: زۆر بە روونی لە ماددەی 13 لە یاسای بودجەی ژمارە 3ـی ساڵی 2008 لەسەردەمی كابینەی پێنجەم جێگیركراوە، كابینەی شەشەم لە یاسای بودجەی ساڵانی دواتر تەنیا ئاماژەیان بەوەداوە كە بەردەوام دەبن لەپێدانی پێشینەی كشتوكاڵی و بڕێك پارەی لە بودجە بۆ تەرخانكراوە.
3. پێشینەی هاوسەرگیری: بەپێی یاسای ژمارە 17ـی ساڵی 2010 یاسایەكی تایبەت بە ناوی یاسای هاوسەرگیری لە هەرێمی كوردستان دەرچوو، ئەم یاسایە لەلایەن رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان پێشكەشكراو بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەر 10 ئەندامی پەرلەمان و زیاتر دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشكەش بكەن، بۆیە پێشینەی هاوسەرگیری دەستكەوتی سەرەكی فراكسیۆنی كوردستانی پارتی و یەكێتییە كە لە 59 ئەندام پێكهاتبوو. 
ئینجا كابینەی شەشەم لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2011ـدا لە بڕگەی 4 لە ماددەی 15 لەبەر رۆشنایی ئەم یاسایە بڕی 2 ملیۆن و 500 هەزار دیناری دیاریكرد، پاشان پەرلەمان كردیە 5 ملیۆن دینار و بۆ كەسوكاری شەهیدانیش كردییە بەخشین ، نەك قەرز.
4. بەپێی یاسای ژمارە(2)ی ساڵی 2011 بە ناوی یاسای سندووقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان كە لە لایەن رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان پێشكەشكراو پەسەند كرا، ئەم قەرزە بچووكە لەلایەن پەرلەمان بەسەر حكومەتدا سەپێندرا و لەلایەن كابینەی شەشەم پێشنیاز نەكرابوو ، ئینجا دواتر بەردەوامبوو تاوەكو قەیرانی دارایی لەساڵی 2014.
5. یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 2011ـی یاسای جێبەجێكردنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان: ئەم یاسایە لەكاتێكدا دەرچوو کە كابینەی شەشەم تەمەنی كۆتایی هاتبوو و پڕۆژەكەش لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئامادەكرا و پێشكێشكرا و پەسندكرا ، كە بووە هۆی زیادكردنی مووچەی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس .
6. كورتهێنانی بودجە و قەرزی حكومەت: كۆی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2009 كە لە بەغداوە هاتووە تەنیا نزیكەی 8 ترلیۆن و 800 ملیار دینارە، بە گوێرەی ماددەی 2 لە یاسای بودجەی ژمارە 8ـی ساڵی 2009 ، هەر بەگویرەی هەمان یاسا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2009 هیچ كورتهێنانێكی لە بودجەدا نییە ، بەڵام لە بودجەی ساڵی 2010ـی كابینەی شەشەم ، كۆی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە بەغداوە هاتووە بەرزدەبێتەوە بۆ 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینار، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و هەر بەگوێرەی ماددەی یەكەمی یاسای بودجەی ساڵی 2010 كە كابینەی شەشەم ناردوویانە، حكومەت 800 ملیار قەرزدار دەبێتەوە و كورتهێنانی دەبێت.
ئەم بڕە لەسەرەتای ساڵی دووەمی كابینەی شەشەم لە 2011 بەرزدەبێتەوە بۆ یەک ترلیۆن و 564 ملیۆن دینار بە گوێرەی بڕگەی دوو لە ماددەی دووی یاسای بودجەی ژمارە 6ـی ساڵی 2011. 
لەكۆتایی ساڵی 2011 و سەرەتای 2012 واتە لەگەڵ تەواوبوونی كابینەی شەشەم، كورتهێنان و قەرزی حكومەت بەرزدەبێتەوە بۆ دوو ترلیۆن و 44 ملیار دینار و847 ملیۆن دینار. 
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com