روونکردنەوەیەک بەر لە شیکردنەوەی پرسیارەکان، کاتێک باسی ئۆپۆزسیۆن دێت، مەبەستمان ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستانە، نەک ئێران.
ئۆپۆزیسیۆنی رۆژھەڵات، دەکرێ بە سێ بەشی سەرەکی پێناسە بکەین:
– خەڵکی سیڤیلی ناوخۆی رۆژھەڵات.
– رووناکبیرانی رۆژھەڵاتی، دیاسپۆرا!
ھەر چەند ھەرکام لەو سێ بەشە چاوەڕوانی کارایی زیاتریان لەوەی دیکە ھەیە، بەڵام دوو بەشی خەڵکی سیڤیل و رووناکبیرانی پەرتەوازەی ھەندەران، چاوەڕوانی زیاتریان لە تێکۆشانی حیزب و رێکخراوەکان ھەیە. ئەوەش بە سەرنجدان بە مێژوو، ئەزموونی تێکۆشانی حیزبەکان بێ گومان چاوەڕوانێکی رەوایە!
شیکردنەوە لە سەر ئۆپۆزسیۆن چی دەکا بۆ ئیدارەی وەزع؟
بەو جۆرە، کە لە بەشی چەند رۆژ پێشدا باسکرا، ئێمە لە ھاوبیرانی دیموکرات، پێمانوایە “دەبێ تا درەنگ نەبووە هەوڵ بۆ پلان و پڕۆژە و پلاتفۆڕمی گۆڕانکاریی نوێ بدرێ. بێ گومان کەوتنە ناو دۆخێکی نوێیەوە، بەبێ بەرنامە و پلان، جیا لە دەستەوستان، شتێکی دیکەی لێ چاوەڕوان ناکرێ”.
شیاوی باسە بگوترێ، کە چەند حیزبێک، کۆمەڵە کارێکیان لە ناوخۆو دەرەوە ئەنجامداوە و دەکرێ بگوترێ لە ھیچ باشترە، بەڵام وەڵامدەروە و پێشکەوتوو نییە. بە راوێژ نەکراوە و بۆچوونی گشتی لەسەر نییە.
جێی داخە حیزبەکان هەوڵ بۆ شاردنەوەی ئەو کارە کەمە دەدەن، کە خەریکن بیکەن. حاشاھەڵناگرێ و بەڵێ “دەبێ رێکخراو و تێکۆشانی ناوخۆ، نھێنی و شاراوە بمێنێتەوە. بەڵام دیاریکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ یەک بە یەکی جومگەکانی ئیدارەی وڵات لە کاتی دەستپێکردنی پڕۆسەی گۆڕان، کە دەبێ بگەیێندرێتە کۆمەڵانی بەرینی خەڵک و بەرچاوڕوونی ئەوە بدا، کە دەبێ چی بکرێ و چۆن ئەرکی نیشتیمانی خۆیان بە ئەنجام بگەیەنن، شتێکی ترە.
بۆیە حەز دەکەین ئەوەمان لێ قەبووڵ بکرێ، کە خۆ خافڵاندن بە کارە بچووکەکانەوە، زیاتر دانیشتن بە ھیوای قەزاو قەدەرە، تا خەمخۆرییەکی نەتەوەیی.
تێکۆشانی ئۆپۆزسیۆن لە سێ بواردا دەرەتانی ھەیە و جێی چاوەڕوانییە:
– ناوخۆی کوردستان، زیاتر لە ٣٥ ساڵە رێژیم خەڵک دەگرێ، دەکوژێ، دوور دەخاتەوە و لە رێگای تۆڕە سیخوڕیەکانیەوە، بەربەستی بۆ تێکۆشانی حیزبەکان دروستکردووە. بۆیە تێکۆشان لەناوخۆدا، زۆر زۆر لاوازە و وەسف ھەڵناگرێ.
ئەو تێکۆشانە بە دایم لە ژێر ھەڕەشەی تێرۆرستی دایە. ھەروەھا بە تووندیی و رۆژانە کەوتۆتە، مەنگەنەی دیپڵۆماسی حیزبکانی باشوور و تاڕادەیەکیش حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێرانەوە.
روونتر بگوترێ باشوور وەک جیران و بەرژەوەندی پارێزی دوو لایەنە، چاو لە ئێران دەکا.
لێکدانەوەمان بۆ ئەو دیپڵۆماسی یە چۆن دەبێ ببێ، بەڵام دەبێ ئەوە روون بێ، کە بۆ باشوور، ناکرێ بشمان حەوێنێتەوە و وەک ئێمەش بچێتە سەنگەری دژی ئێرانەوە. حکومەتی ھەرێم دەسەڵاتە و دەبێ وەک وڵاتان لە گەڵ جیرانەکانی ھەڵسوکەوت بکا. کەوابوو، دەبێ بەڵێین، دەستڕاگرتن و پشووی سیاسەتی تێرۆرستی ئێرانە، کە بووەتە ھۆی ئەوەی، کە حیزبەکان ئاوا بە ئاشکرا؛ ماڵ، حاڵ، بارەگا و شوێنی دیاریان ھەیە، دەنا لە و وەزعەش دا نەدەمانەوە.
بەڵام مخابن، حیزب و رێکخراوەکان بە ھیچ شێوەیەک نەیانویستووە، بەئەرکی خۆیان ئاشنا بن و سیستەم بە تێکۆشانی دەرەوە بدەن. باشە ئەی لێرەدا گرفتی کار لە کوێدایە؟ گرفتەکە ئەوەیە، کە بەو رێبەرییە سونەتی و خۆویستە، کە بە دایم لە هەوڵی ئەوەدایە، ھەموو کردەیەکی باش و بەرنامەیەکی نوێ و کۆپی بیری وڵاتانی دەرەوەی خەڵکی بە پەرۆش، لە بەرژەوەندی مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات دا، بە ھیچ بگرن، ئاڵوگۆڕی ئەرێنی پێکنایە.
ئەرک و تێکۆشانی دەرەوە زۆرن، کە بەشێکیان ئەوانەن، کە لە دەرەوە دەبوو لۆبی ھەبێ؛ کە نییە. لە دەرەوە، دەبوو پڕۆژەی ھەڵسووڕاندنی پڕۆگڕامی بووژانەوەی توانای ئابووری حیزبەکان ھەبوایە، کە نییە. لە دەرەوە دەبوو لە هێز و زانست و دۆستایەتی بەشێکی بەرچاوی ھێزی کوردی خاوەن بڕوانامەی بەرز و شارەزا لە دیموکراسی و سیستەمی کاری جیھانی کەڵک وەگیرابایە، کە نەکراوە. لەدەرەوە دەبوو، پیلان و جینایەتی رێژیم لە رێگای جۆراوجۆرەوە و سیستەماتیک لەقاو بدرایە، کە نییە. ئەوەش بووەتە ھۆی ناڕازیبوون و تەریککەوتنەوەی سەدان کەس لە خەڵکە بە ئەزموون، شارەزا و بە تواناکە.
بەڵگە ھێنانەوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە لە ئاکامی تا ئێستای ئەو پرسیارەدا دەردەکەوێ، کە دەڵێ، بۆ خۆیان لە گەڵ خۆیان چۆن دەبن؟ ھەر دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرێک سەرنج بداتە نێو خۆی یەک بە یەکی حیزبەکان وەک خۆیان و پێوەندی حیزبەکان لە گەڵ یەکتر دەبینێ، کە نە دڵ و دەروون و نییەتی یەک بەرنامەییان تێدا بەدی دەکرێ و نە دەشتوانن ئەو کارە بکەن. ھۆی سەرەکی ئەو حوکمەشمان ئەوەیە، کە لە بارودۆخی ئێستای بەڕێوەبەری حیزب و رێکخراوەکان دا، پاراستنی کورسی و بەرژەوەندی تاکەکەسی، کەوتۆتە پێش بەرژەوەندی گشتی و ئاوڕدانەوە لە دواڕۆژی جەماوەر.
ئێمە پێمانوایە، کە کێشە خوڵقێنی، دژبەریکردن، و نەھێشتنی جیابیر لە نێو رێزی حیزبەکانی رۆژھەڵات، خراپتر لە باشوور دەبێ و باشتر نابێ. زۆر نموونە ھەیە باس بکرێ، کە چۆن لە ئاوارەییدا و زۆر جار پێج بۆ شەش ھەزار کیلۆمەتر دوور لە وڵات هەوڵدراوە، تێرۆری کەسی بکرێ و رێزەکانی حیزبەکان لە ناڕازییان پاک بکرێنەوە.