سڵاو رۆژھەڵات (٣)

0
هاوبیرانی دیموکرات
 
بەشی یەکەمی پڕۆژەی “سڵاو رۆژھەڵات”، بە ھێنانەگۆڕی پێنج پرسیار کۆتایی ھات.
لە بەشی دووەمدا زۆر بە کورتی وەڵامی چوار لە پرسیارکان درایەوە و سەبارە ت بە پرسیاری پێنجەم، کە “بۆشایی دەسەڵات چۆن پڕدەبێتەوە”؟ باسمانکرد ئەو پرسیارە ناوەڕۆک و جەوھەری پڕۆژەکەی ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکراتە.
 
ئەوە، کە بۆشایی دەسەڵات چۆن پڕ دەبێتەوە؛ لە سەر یەک ھەموو لایەنەکانی ئیدارەی: ئەمنی، کۆمەڵایەتی، کلتووری، ئابووری و ھەر وەھا سیاسی دەگرێتەوە.
لە درێژەی ئەم باسە دا، بەشی یەکەم، لە لایەنی ئیدارەی ئەمنی ئەم بۆشاییە شی دەکەینەوە
 
دەستپێک:

قەیرانێکی قووڵ و چارەسەرنەبوویی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژی، تەخت و بەختی رێژێمی گرتۆتەوە. بە ھەموو پێوانەیەکی نێونەتەوەیی، دەتواندرێ بسەلمێندرێ، کە ئەو قەیرانە، گەرووی کۆماری ئیسلامی رێک دەگوشێ! ئەو گرفت و گێژاوەیەی رێژیم لە ماوەی چەند ساڵی ژیانیدا، ویستی و کاری بۆ کرد، وڵاتانی جیھان، بەتایبەت رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێ نائەمن بکات، ئێستا لێی لە برەوکەوتووە، و لە چەندین لایەنی نێونەتەوەیی، ناوچەیی و نێوخۆیشەوە لێی لەقاو دراوە.
 
ھەرگیز لەو ٤٠ ساڵە وا رووینەداوە، کە وەک ئێستا بەربەستی بەکردەوە بۆ کۆماری ئیسلامی بێتە پێش. ئەو رێژیمە قەیران خوڵقێنەکە، بەرە بەرە بەرەو ئەوە دەڕوا بۆخۆی ببێتە قوربانی گێژاو-و قەیرانە خۆکردەکانی و لە ھەرەسھێنانی کۆتایی نزیک بۆتەوە، گوێ بۆ ھیچ بۆچوونێک شل ناکات.
 
لێکدانەوەی ھاوبیرانی دیموکرات ئەوەیە، کە دوو ڕێگا لە رەوتی ژیانی داھاتووی کوماری ئیسلامی جێی بیرلێکردنەوەیە:

_ رێگای یەکەم ئەوە، کە رێژیم، وەڵامی ئەرێنی بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و خواستی خەڵک بداتەوە و بە پاشەکشەکردن لە کردەوەی ناشایست و نائەمنی خوڵقێنەکانی پێشووی، ببێتە رێژیمێکی ئارام و خاوەن نۆڕم و ھەموو گێرەشێوێن و تێرۆریستەکانیشی بکێشێتەوە نێوخۆی سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی لە ئێران. دیارە لە پێناوی ئەوکارەشیدا چاوەڕوانی ئاسایکردنەوەی پێوەندییەکانی لە گەڵ جیھانی دەرەوە، بە تایبەت جیھانی رۆژاوا بکات. ھەر چەند زۆربەی وڵاتانی جیھان، بەو ھیوایە کەوتوونەتە دایالۆگ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و وڵاتی وەک ئەمەریکاش، ھەر بەو ھیوایە، لە بەرەبەرە گەمارۆئابوورییەکانی زیاد دەکات، بەڵام ٤٠ ساڵ لە ژیانی پڕ لە درووشم، ھێرش، کوشتار، سەرکێشی و سنووربەزێنی رێژیم، بە ئاسانی ئەوەمان پێدەگەێنێ، کە ھەرگیز شتی وا روونادا و گۆڕانی ئەرێنی و ملدان بە نۆڕمی جیھانی لە لایەن رێژیمەوە نایەتە ئاراوە. بۆیە ھیواکان لەو بوارەدا نایەنەدی و تەنیا وەک ھیوای بێ ئاکام دەمێننەوە.
 
_ رێگای دووەم ئەوە، کە گەمارۆ ئابوورییەکان، وەک گەمارۆ لە سەر ھەناردەکردنی نەوت و گازی سرووشتی، بەستنی ژمارە حسابی بانکی لە دەرەوە و لێدانی بنکەی ھێزە تێرۆرستییەکانی رێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. ئەو دەسەڵاتە رەشە، بە چۆک دابێنێ. لەم حاڵەتەدا رێژیم بێ سیستەم تر دەبێ، جەستەی بە تەواوی زامدار دەبێ و دەلەرزێ و تێکدەڕمێ.

ئێمە لە کۆڕی ھاوبیرانی دیموکرات، لەو باوەڕەداین، کە رێگای دووەم، کە رێگای رووخان و نەمانی کۆماری ئیسلامییە، واقیعبینی زۆرتری پێوە دیارە. چونکە پێناچێ، کە رژێم، لە بەرانبەر خەباتی نێوخۆیی دا، پاشەکشەی ھەنگاو بە ھەنگاو-و سیستەماتیک بکا و بەرەبەرە وای لێبێ، ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە پڕۆسەی تێکۆشانی مەیدانییان دا، خۆبگرن و گەشە بکەن. بەڵکە وا دێتە بەرچاوکە رێژیم رابوەستێ تا تێکدەڕمێ. ئەوەش زۆر ناکێشێ و خەڵکی وەزاڵەھاتووی ئێران و پێش ئێرانیش رۆژھەڵاتی کوردستان، دەرەتانی ھەر چەشنە پشوودانێکی لێ دەبڕن و تێکیەوە دەپێچن.

 
بۆیە ئێمە، ھاوبیرانی دیموکرات پێمان وایە، کە بە رووخانی رژێم، بۆشاییەکی ئەمنی لە ناکاوـ و خێرا و یەکجێ، دێتە ئاراوە. کەوابوو ئەگەر بەرنامە و بە مشووری و ھاوکاریی و ھەماھەنگی بۆ ئەو قۆناغە نەکرێ؛ بێ گومان شانەی بۆشایی دەسەڵات لە سەری خەبات و شۆڕشگێڕان دا دەشکێ و کارەسات دەخوڵقێ.
 
یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکان و خێراترین بڕیاری نەتەوەیی لە رۆژھەڵاتی کوردستان ئەوەیە، کە لەو بۆشاییەدا چۆن پێش بە خوێنڕێژی بگیریێ؟ شاراوە نییە، کە دەسەڵاتی جینایەتکاری ئێران، ھەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو، کە پێشمەرگە لە چیاوە پاشەکشە پێ بکا بۆ دەشت و ئاوارەیی، بەڵکە لە ژێر ناوی دین، و لە ڕێگای فریوی دەسەڵات و بەکرێگرتن لە شێوەکانی سیخوڕی، چەکداریی، پێنووس فرۆشی و بە سیاسی کردنی تێکڕای جومگەکانی تێکۆشانی کۆمەڵگای کوردەواری و ھەروەھا وەڕێخستنی چەرچیگەرییەتی بە وەگەڕخستنی پارە و قەرزی بچووک بۆ هەژارەکان، پاشەکشەی فەرھەنگیشی بە بەشێک لە ھاونیشتیمانانمان کردووە.
 
ئەو رێژیمە بە ھەزاران تاک و بنەماڵەی کوردی کردۆتە دژ بە یەک و دوژمنی خوێنی یەکترین. بەرهەمھێنانی دەسەڵاتی رێژیم، ئەو بەشە دەکەونە پاکانە حیساب لە گەڵ یەکتر، بنەماڵەی؛ شەھیدان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە و ئەندامانی ماڵ و حاڵ لێ زەوتکراویی کورد، دەکەونە بیری تۆڵە ئەستاندنەوە. نەبوونی کۆنتڕۆڵ بەسەر ئەو وەزعەدا، پاشاگەردانی، شڵەژان، دەخوڵقێنێ و ھەر لە یەکەمین کاتەکاندا، کوشتار دێتە پێش. ئەوەش لە گەڵ بنەمای ئازادیی، بە یاسایکردنی کۆمەڵ، مافی مرۆڤ و بە سیستەمکردنی کۆمەڵگا یەک ناگرێتەوە. بێ گومان لە ڕێزی سیخوڕ و جاشی رێژیم، بە دەیان نا، بگرە بە سەدان کەس، کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەستیان بە خوێنی خەڵک و شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە سوور بووە، بەدی دەکرێ، بەڵام بەو حاڵەش، ئەرکی خەڵکی تێکۆشەر و ئێمە خەباتکارانی دێرینە، کە بە ھەموومان، وارسی رۆژی ئازادی گەلین، ئەوەیە، کە نەھێڵین بە ھیچ شێوەیەک و لە ژێر ھیچ ناوێک و لە لایەن ھیچ کەسێکەوە، سەربەخۆ ھێرش بکرێتە سەر گومانلێکراو- و تاوانباران. ئەگەر کەسێک تۆمەتبار یان تاوانبارە دەبێ بکەوێتە ژێر چەتری یاسای ئازاد و سەربەخۆ لە سیاسەت و ھەست بە ئەمنیەت بکات. پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کوردستان و ئەو کەسانە، کە تۆمەتبار و تاوانبارن.
 
زۆر ھۆکار وەک ئەو ھۆکارانەی خوارەوە، ئەرکە و ئەرکێکی گرینگی نەتەوەییشە ئەگەر گومان لە سەر کەسێک ھەیە، یان کەسێک تاوانبارە، دەبێ رێنوێنی بکرێ بۆخۆی بچێتە بەردەم دادگا، یان بە رێزەوە دەستگیر بکرێ و رادەستی دادگا بکرێ. نابێ بە ھیچ شێوەیەک ترس و وەحشەت بخرێتە نێو دڵی بنەماڵەی گومانلێراو- و تاوانباران.
پاراستنی ئاسایشی بنەماڵەکانیان لە ئەستۆی ھێزە سەربازییەکان، ژێر دەسەڵاتی یاسایە، چونکە ئەو بنەماڵانەش بەشێکن لە کۆمەڵگای کوردەواری.
زۆر جار و بە پێی ئەزموونی ساڵی ١٩٧٩ وا ھاتۆتە پێش، کە سیخوڕ و چەکدارەکانی رژێم، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، بۆ خۆیان دەکەونە گیانی یەکتر، لێرەوە دەبێ ئەو بەرچاوڕوونییە ھەبێ، کە نابێ ئیزن بەو جۆرە کارە نەشیاوانە بدرێ. چەند خاڵێکی دیکەی پێوەندیداری زۆر گرنگ لە رەوتی تێکۆشانی تەشکیلاتی – سیاسی ئۆپۆزسیۆندا دەبینین، کە ئەندامی تەشکیلاتی لایەنێکی سیاسی، لە لایەن لایەنێکی دیکەی سیاسی ھاوخەباتەوە، گومانی خراوەتەسەر، لێرە دا دەبێ لایەنی یەکەم بە بێ یەک و دوو لێکردن، ئەندامەکەی بۆ لێپرسینەوە، رادەستی یاسا و دادگا بکات و تا روونبوونەوەی بڕیاری یاسا، ئەو ئەندامەی لە ئەندامەتی ھەڵپەسێرێ. لە کلتووری کوردەواری ئێمە دا واباوە، کە ئەوەی خۆی بە دڵسۆز و خاوەن رابردووی خاوێن دەزانێ؛ زۆر سنگی ناھێنێتە پێش و بەڵکە چاوەڕوانی ئەوەیە ئاوەڕ بدرێتەوە سەری. ھەروەھا ئەوانە، کە بە جۆرێک دڵۆ لە رابردووی خۆیان دا دەبینن، بە پەلەقاژە و بە خێرایی فڕین، خۆیان دەخزێننە نێو رێزی ھێزە کوردییەکان و بە یەکشەوە دەبنە ئەندام و رابردووەیەکی تێکۆشەرانەش بۆخۆیان دروست دەکەن. وا ھەڵدەکەوێ، کە ئەو کەسە ھەلپەرستانە ئەوەندە تەپ و تۆز لە دوای خۆیان بەرھەم بھێنن، کە کەس بۆی نەبێ ئاوڕ بداتەوە سەر رابردووی خۆبەدەستەوەدەرانەیان. بۆیە دەبێ لەو بارەوە ھۆشیار بین.
لەو لاشەوە بەداخەوە لە وەزعی ناجوور و زۆر پڕشوبڵاوی ئێستای ھێزە سیاسییەکان دا، مەترسی ئەوەش ھەیە، کە کاتی سەرکەوتنی شۆڕش، ھەر کامە لەو حیزب و رێکخراوانە، کە تینووی دەسەڵات برینکردنن، کۆمەڵێکی زۆر لە و تاوانباران بخەنە رێزی خۆیانەوە، ئەم کارە قەبیحە و دەبێ حەرام بکرێ. کەوابوو بۆ ئەوە، کە ٣ خاڵی لاوازی سەرەوە نەیەتەدی، دەبێ ھاوئاھەنگی نەتەوەیی، خەمخۆرانە و بە کردەوەی ھێزە سیاسییەکان بێتە ئاراوە.
پرسێکی زۆر گرینگی دیکە ئەوەیە، کە ئەرکی خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆز ئەوەیە، کە بزانن کوردستان بە حیزبێک و دوو حیزب و یان سێ چوار لەتە حیزب، (لەو پرشوبڵاوییە دا) بەڕێوە ناچێ. بۆیە خەڵک دەبێ پێیوابێ، کە ١٠٠٪ ی حەق لە لای ئەو حیزبە نییە، کە ئەو خۆشی دەوێ، یان تێیدا ئەندامە. ئەگەر خەڵک ئاوا بیربکاتەوە؛ بێ گومان دەرفەت بۆ گەشەی بەرژەوەندی حیزبی نامێنێ، و حیزبەکان ناچار دەکرێن، مل بە ھاوئاھەنگی، ئیدارەی ھاوبەش و بڕیاری ھاوبەش رابکێشن.
ئەو بڕیارە، کە دەبێتە سەرەتای دامەزرانی ھاوبەشی دێمۆکراتی، ھەستی خۆبەھەموو شتزانی، حەکەمییەت و بڕیاردانی تاکە کەسی و یەکلایەنە و دەمچێشتبوونی چەند کەسێک، کە خۆیان کردۆتە عەقڵی تەواو-و ئەوانی کردۆتە نەخۆشی چەپڵە بۆ لێدان و پێداھەڵخوێنی.

ئەودیاردە قێزەونە، کە بەرھەمی ئاوارەییە، نابێ لە ئازادیی سبەی رۆژی رۆژھەڵاتی کوردستان دا، دەرەتانی گەشەی پێبدرێ. ئەوەش بڵێین، کە باشترین چەپڵەلێدەر و خۆشیرینکاریش، دەکرێ لە رێزی ئەو کەسانەدا ببینینەوە، کە دەستپەروەردە و خۆبەدەستەوەدەری کۆماری ئیسلامی بوون. ئەو جۆرە نەخۆشانە، کە باسمانکرد؛ پێیانخۆشە ساڵۆنی کۆبوونەوەکانیان بەو چەپڵەلێدەرانە بۆ پڕببێتەوە، چونکە خەڵکی بە ئەزموون، خەڵکی خاوەن پڕۆژە، خەڵکی لایەنگری سیستەم و ئاوەدانی، تا چەپڵەیەک لێدەدا، دوو جار و سێ جار چاوەڕوانی ھەیە و داوای کار و تێکۆشان دەکات، ئەوەش رەنگە بۆ نەخۆشەکانی خولیای چەپڵە زۆر دڵخواز نەبێ.
ئەو دیاردەیە نەشیاو-و نابەجێیە و نابێ رێگەی پێبدرێ. بەڵام ئەگەر کەسێکی لایەنگری پێشووی رێژیم دەیەوێ لەکار و تێکۆشانی حیزبەکاندا بەشداری بکا، بەڵێ بەخێر بێ؛ بەو مەرجانە، کە دەبێ؛ رێگە بدا بنەماڵەی شەھیدان، زیندانیانی سیاسی، کوردپەروەر و… ھتد. دوایی لە ساڵۆنی کۆبوونەوەکاندا لە رێزەکانی یەکەم و دوویەم و سێیەم دابنیشن و ئەوان لە رێزی دواوەتر بۆ رێنوێنی وەرگرتن دابنیشن و کۆبوونەوەکان وەک کۆڕس و دەورەی پێداچوونەوە بە شێوە بیرکردنەوە و بۆچوونی پێشتری نەخۆشیان، چاو لێ بکەن.
ئێمە لە ھاوبیرانی دیموکرات کورت و روون لە سەر ئەو باوەڕەین، کە حیزب و رێکخراوی سیاسی، ناشێ و نابێ ببێتە بەڕێوەبەر و بڕیاردەری کارە رۆژانەیەکانی کۆمەڵگا. حیزب و رێکخراو دەبێ رێنوێنی بدا، پڕۆژەداڕێژەر بێ و رێکخەری جومگەکانی خۆ ئیدارکردنی گەل بێ و چی لە توانای دایە بۆ بە سیستەمکردنی کۆمەڵ ئەنجامی بدا. بە پێی ئەزموونی گەلان و بەر لە ھەموویان گەلی خۆمان لە باشوور، ئاواتە خوازین و لە سەر ئەو ھەڵوێستە پێداگری دەکەین، کە حیزب دەسەڵاتی بەڕێوەبەری کاری رۆژانە و ئیدارەی وڵات بداتە دەست یاسا، شوڕای ھەڵبژێردراو و پەرلەمانی کوردستان و دەوڵەتی بنیاتنەری سیستم و نۆڕم.
خوێنەری بەڕێز و ھاوبیری تێکۆشەر؛ بەشی یەکەم، شێوازی ئیدارەی ئەمنی باسکرا. شیکردنەوەی دووەممان لە نووسینی داھاتوودا دەبینن و تکایە چاوەڕوان بن.

سەرکەوێ یەکڕێزی ھێزەکانی کوردستان، بۆ پێشەوە بەرەو گەشەپێدانی بیر و سەروەرییەکانی کۆماری کوردستان.
لە گەڵ رێزماندا
ھاوبیرانی دیموکرات مانگی جۆزەردانی ٢٧١٨ی کوردی تێکۆشەری کوردپەروەر، خوێنەر و ھاوبیری بەڕێز!
تێبینی: نووسراوەکانی ئێمە لە پڕۆسەی نووسینەکانی “سڵاو رۆژھەڵات” تەنیا پڕۆژەی پێشنیاریی ئێمەیە و دەکرێ بە بۆچوونی ئێوەی خۆشەویست دەوڵەمەندتر بکرێ.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com