نێچیرڤان بارزانى: سنورمان دانەخستووە، له‌ پێشخابوور پردێك بۆ گه‌یاندنى كۆمه‌ك بۆ ڕۆژاوا ده‌كه‌ینه‌وه‌

0

nechirvanنێچیرڤان بارزانى: سنورمان دانەخستووە له‌ پێشخابوور پردێك بۆ گه‌یاندنى كۆمه‌ك بۆ ڕۆژاوا ده‌كه‌ینه‌وه‌

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7ى كانوونى دووه‌مى 2013، له‌ ته‌لارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ هه‌ولێر، له ‌وه‌ڵامی هه‌ڵمه‌تی دژایه‌تیكردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ڕۆڵی ئه‌وانه‌وه‌ بۆ گه‌یشتنی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ كوردانی سووریا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌ره‌ڕای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌، تیشكی خسته ‌سه‌ر چه‌ندین پرسی گرنگی سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌.

حكوومه‌ت سنووری دانه‌خستووه‌..

نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كرده‌وه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌یه‌ كه‌ له‌ چه‌ندین كه‌ناڵی میدیاییه‌وه‌ له‌باره‌ی داخستنی سنوور به‌مه‌به‌ستی نه‌ گه‌یشتنی كۆمه‌ك بۆ ڕۆژئاوای كوردستانه‌ و گوتی:

هه‌موولایه‌ك به‌خێرهاتن، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ لێره‌دا باسی لێوه‌ بكه‌م، قسه‌ و باسی چه‌ند كه‌ناڵێكی میدیایه‌ كه‌ وه‌ك ئاگادارن به ‌شێوه‌یه‌كی زۆر چه‌واشه‌كارانه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان وسه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ سنوورمان له‌سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان داخستووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ ڕوونی بكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئێوه‌ وه‌كوو ڕۆژنامه‌نووس ده‌توانن بچن له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ ببینن، ئێمه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ به ‌توندی ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سنوور له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دانه‌خراوه‌. ئه‌وانه‌ی شاره‌زای جوگرافیای ناوچه‌كه‌ن ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن ئێمه‌ له‌ یه‌ك شوێندا هێڵی ته‌ماسمان له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه،‌ئه‌ویش كه‌ ئاوه‌ له‌ نێوانماندا، ته‌نها شوێنێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له ‌سه‌ر بێت، خاڵی سنووریی پیشخاپووره‌، دوای ئه‌وه‌ ناوچه‌ی زوممار ده‌ستپێده‌كات كه‌ ڕاسته‌ ناوچه‌یه‌كی كوردییه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی فه‌رمییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای مووسڵه ‌و هێزی پاسه‌وانی سنووریی عێراقی لێیه‌ كه‌ فه‌رمان له‌ به‌غدا وه‌رده‌گرن، نه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و مكوڕبوونه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سنووری داخستووه،‌ دووره‌ له‌ ڕاستی، وه‌ك خۆشتان ده‌زانن ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وا بڵاو بووه‌وه‌ ئێمه‌ سنوورمان كردۆته‌وه،‌ جه‌نابی مالیكی هێزی بۆ ئێمه‌ نارد.

ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ بڵێم تاكو ئێستا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 60 هه‌زار په‌نابه‌رى له ‌سووریا قبووڵ كردووه‌ كه‌ له ‌سووریا به‌هۆی بارودۆخی وڵاته‌وه‌ ڕایانكردووه‌ و ئێستا نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستانن. سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتگیریی مرۆییه‌ له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت درێغی ناكه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ده‌ستمانه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بۆمان بكرێت دروستكردنی پردێكی په‌یوه‌ندییه‌ بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ كوردانی ئه‌وبه‌ری سنوور، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش هه‌میشه‌ حه‌زمان كردووه‌ بیكه‌ین و چه‌ندین ساڵه‌ كارمان له‌سه‌ری كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك جار له‌ لایه‌ن دیمه‌شق و له‌لایه‌ن به‌غداشه‌وه‌ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌. ئێستاش بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ موعاناتی خه‌ڵكی ئه‌وبه‌ری سنوور كه‌م بكه‌ینه‌وه،‌ ده‌ستمان به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و كۆمه‌كانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌ خه‌مخۆریی خه‌ڵكی خۆمان له‌ كوردستان كۆ ده‌كرێته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك بۆ سووریا بنێرین، به‌ ڕێگایه‌ك كه‌ زیاتر كراوه‌ بێت بۆ گه‌یاندنی هاوكاری وكۆمه‌كی دۆستانه‌ بۆ گه‌لی سووریا .

ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ بۆ سنوور و شوێنه‌كانی دیكه‌ گرنگه‌، حه‌ز ده‌كه‌م به ‌ڕاشكاوی بڵێم ئه‌وله‌وییه‌تی ئێمه‌ پاراستنی ئاسایش وسه‌قامگیریی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌ و مومكین نییه‌ قبووڵی ئه‌وه‌ بكه‌ین شتێك له‌ هه‌ر سنوورێك بێت، ببێته‌ هۆی دروستبوونی گرفتی ئه‌منی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش كه‌ ده‌كرێت زۆر زاڵمانه‌یه‌ و دووره‌ له ‌ڕاستی و ئه‌وانی ده‌یكه‌ن بێگومان مه‌رامی سیاسیی خۆیان هه‌یه‌ و ده‌مه‌وێ بۆ گه‌لی كوردستانی ڕوون بكه‌مه‌وه،‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌.

پاڵپشتیی خواسته‌ ڕه‌واكانی خه‌ڵك..

سه‌رۆكی حكوومه‌ت پاڵپشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر ویست و خواستێكی خه‌ڵكی عێراق نیشان دا، به‌و مه‌رجه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بن و گوتی: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵاى كوردستان له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌نبار هیچ په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌ و ئێمه‌ش وه‌ك‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان پشتگیریی خواسته‌كانی خه‌ڵك له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا ده‌كه‌ین و هیوادارین ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌ستیپێكردووه‌ هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بمێنێته‌وه‌ و داوكاریی ڕه‌وای خه‌ڵك بن و ده‌ستی دیكه‌ نه‌یه‌ته‌ نێو ئه‌م خۆپیشاندانانه‌، به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زه‌ره‌ر به‌ سوننه‌ و پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بگه‌یه‌نێت و له ‌ئه‌نجامدا ئێمه‌ش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین. به‌ڵام ئێمه‌ نه‌مانبیستووه‌ خۆپیشانده‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوه‌تیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردبێت.

حكوومه‌ت درێغی ناكات..

هاوكات سه‌رۆكی حكوومه‌ت دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌ی بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تیی مرۆیی بۆ ئاواره‌كانی ڕۆژئاوا به‌ تواناكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و به‌غدا هیچ یارمه‌تییه‌كی نه‌داوه.‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ و گوتی: ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ كه‌مپێكی دیكه‌ بۆ ئاواره‌كانی ڕۆژئاوا له‌ سلێمانی بكه‌ینه‌وه‌ و بێگومان ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ پێی بكرێت درێغی ناكات، ئێمه‌ پاڵپشتی له‌ گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ كوردی سووریا ده‌كه‌ین و هیچ ڕێگریش ناكه‌ین و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌گرن مه‌به‌ستی سیاسییان هه‌یه‌ و به ‌ئێمه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت. من ده‌مه‌وێ پێتان بڵێم ئێمه‌ ناتوانین سنوور به‌ ته‌واوی بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌منییه‌تی خه‌ڵكمان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، نه‌بادا تیرۆریستان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بقۆزنه‌وه‌ و دزه‌ بكه‌ن بۆ نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان. ئێستا ئێمه‌ هه‌وڵی كاراكردنی ئه‌و خاڵه‌ سنوورییه‌ ده‌ده‌ین كه‌ پێی ده‌گوترێت پیشخاپوور، بۆ ئه‌وه‌ى كۆمه‌كه‌ پێویسته‌كان‌ به‌ ده‌ستی ئه‌وان بگات. بێگومان ئێمه‌ش له‌ گه‌یاندنی كۆمه‌گ له ‌ڕێگه‌ی پیشخاپوور حكوومه‌تی به‌غدا ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هاریكاریی ئێمه‌ بۆ خه‌ڵكی ڕۆژئاوا؛ هاریكاریی مرۆیین وله‌ گه‌یاندنی به‌رده‌وام ده‌بین.

ڕۆڵی ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ گه‌یاندنی كۆمه‌ك..

سه‌رۆكی حكوومه‌ت سوپاسی ئه‌و ڕێكخراوانه‌ى كرد كه‌ كۆمه‌كی مرۆییان بۆ په‌نابه‌رانی كوردی سووریا گه‌یاندووه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاسانكاری بۆ گه‌یشتنی ئه‌و یارمه‌تییانه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها سوپاسی خه‌ڵكی كوردستانی كرد كه‌ زۆر به ‌په‌رۆشییه‌وه‌ خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كن بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماوی كوردی سووریا و گوتی: ئێمه‌ داوای كۆمه‌كمان له ‌ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و ئێمه‌ ئاگاداری چالاكییه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوانه‌ین و هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌ و ئمه‌ هیواخواز بووین حكوومه‌تی عێراق بێته‌ سه‌ر هێڵ و یارمه‌تیی ئه‌وان بدات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌یكرد. دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سوپای ئازاد له‌و ناوچه‌یه‌دا بوونى نییه‌، به‌ڵام به‌ كردنه‌وه‌ی سنوور له‌وانه‌یه‌ بازرگانی وچالاكییه‌كانی گه‌یاندنی یارمه‌تیی مرۆیی كاراتر بكرێت. هیواداریشین كێشه‌ی ئێستای سووریا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ تاكو ئێستا له ‌ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێك بۆ خه‌ڵكی سووریا نه‌هاته‌ دی و پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك بگه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ده‌بێ كۆتایی به‌ موعاناتی خه‌ڵكی سووریا بێت و هیوادارین له‌ چوارچێوه‌ی سووریادا و به ‌شێوه‌یه‌كی سیاسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت. بێگومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ڕاده‌وه‌ستین كه‌ تا چه‌ند ئه‌و كۆمه‌كانه‌ ده‌گاته‌ خه‌ڵك.

بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ته‌لبه‌ندكردنى نێوان دوو گوند..

نێچیرڤان بارزانی له‌ وه‌ڵامی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی وا نیشان ده‌دات شوێنێك ته‌لبه‌ند ده‌كرێت و وا ڕاگه‌یندرابوو كه‌ ئه‌وه‌ له ‌سه‌ر سنوور ده‌كرێت، ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ نێوان دوو گوند له‌وبه‌ری سنوور كه‌ هێزی سه‌ربازی لێ نه‌بووه‌، نزیكه‌ی 700 مه‌تری لێ ته‌لبه‌ند كراوه‌ و گوتی: ئه‌و ته‌لبه‌ندكردنه‌ 700 یان 800 مه‌تر بێت یان هه‌ر چه‌ند بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كاری ئێمه‌ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌، كردنه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ش له ‌ده‌ستی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو پۆلیسی فیدراڵ له‌ وێ هه‌ن، به‌ڵێ پێشمه‌رگه‌شی لێیه‌، به‌ڵام پاراستنی به‌ ده‌ستی پۆلیسی فیدراڵه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردیشی لێیه‌، به‌ڵام فه‌رمان له‌ به‌غدا وه‌رده‌گرن. ئه‌گه‌ر ئێستا ئێمه‌ بڵێین پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرین و هیچ په‌یوه‌ندیمان به‌ به‌غداوه‌ نییه‌، دیسان هه‌ڵلایه‌كی دیكه‌ دروست ده‌بێت به‌وه‌ی ئێمه‌ عێراقمان تێكدا و پارچه‌پارچه‌مان كرد، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و شته‌ بكات و چونكه‌ پیشخاپوور له‌ ناو هه‌رێمی كوردستانه‌؛ ئێمه‌ ئه‌و شوێنه‌مان بۆ گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی ده‌ستنیشان كردووه‌.

كاریگه‌ریی دواكه‌وتنی بودجه..‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ دواخستنی بودجه‌ كاریگه‌ریی به ‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌بێت و ئێستا هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌درێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقدا به‌زووترین كات ته‌واو ببێت و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند بكرێت.ه ه‌روه‌ها گوتی: جاران یه‌كێك له ‌كێشه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ بودجه‌ دره‌نگتر ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت، یه‌كێك له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مساڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی بۆ دا، ناردنی بودجه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مان له‌ كاتی خۆیدا و تا له‌عێراقدا بودجه‌ په‌سه‌ند نه‌كرێت؛ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت به ‌ڕوونی له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕه‌فتار بكات وسیاسه‌تی ئێستای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ ده‌نێرینه‌ په‌رله‌مان و له‌وێ په‌سه‌ند ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش له ‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌غداوه‌ كرا، به‌و پێیه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و گۆڕانكارییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ین.

پاڵپشتیی هه‌نگاوه‌كانی ئاشته‌وایی له‌ توركیا..

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پاڵپشتیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك نیشان دا كه‌ ببێته‌ هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا و گوتی: ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێستا ده‌ستیان پێكردووه‌ ئێمه‌ به ‌به‌رزی ده‌نرخێنین و بێگومان هه‌نگاوی دیكه‌ی پێویسته‌ و هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوانه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ توركیا به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ جێی په‌سه‌ند بۆ هه‌موو توركیا.

گرنگیی ڕۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ عێراقدا..

نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی سه‌رۆك تاڵه‌بانی له‌ بارودۆخی ئێستای عێراق به‌ ڕۆڵێكی گرنگ له‌قه‌ڵه‌م دا و نیشانی دا كه‌ هه‌میشه‌ به‌ڕێزیان هه‌وڵی داوه‌ گرفته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ و به ‌دیاڵۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت و گوتی: ئێستا له‌و قه‌یرانه‌ی عێراق تووشی بووه‌، جێگه‌ی مام جه‌لال دیاره‌، به‌ڵێ ڕاسته‌ مام جه‌لال نه‌خۆشه‌، به‌ڵام هه‌موو دكتۆره‌كان ئه‌و هه‌واڵه‌یان به‌ئ ێمه‌ داوه‌ كه‌ په‌نا به‌خوا باری ته‌ندروستیی به‌ره‌و باشتر ده‌چێت و تا باری ته‌ندروستیی باشتر ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هیچ قسه‌یه‌كمان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی جێگرتنه‌وه‌ی به‌ڕێزیان نییه‌ و پێویسته‌ پزیشكه‌كان بڕیاری ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ ئایا ده‌توانێت ئه‌ركه‌كانی خۆی وه‌ك سه‌رۆك كۆمار به‌جێ بگه‌یه‌نێت یان نا؟، تا ئێستاش پزیشكان له‌چاكبوونه‌وه‌ی گه‌شبینن و نه‌ له ‌ڕووی ئه‌خلاقی و نه‌ له‌ ڕووى سیاسیشه‌وه‌ هیچ دروست نییه‌ له‌ ئێستاوه‌ به‌دیل بۆ مام جه‌لال ده‌ستنیشان بكه‌ین.

متمانه‌مان به‌ وه‌زاره‌تی ڕ‌ؤشنبیری هه‌یه‌..

له‌باره‌ی خه‌ڵاتكردنی داهێنه‌ران له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌وه‌، سه‌رۆكی حكوومه‌ت نیشانی دا كه‌ ئه‌و كاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریدا‌ كراوه‌ و متمانه‌ی خۆی به‌ وه‌زیری ڕۆشنبیری نیشان دا و ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك شت هه‌ڵه‌ی تیادا كرابێت و ده‌كرێ دواتر هه‌ڵه‌كان ده‌ستنیشان بكرێت و دووپاتی كرده‌وه‌ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ كه‌مپینی بۆ بكرێت و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌وی له‌باره‌وه‌ بكرێت، ئه‌وه‌ قابیلی قبووڵ نییه‌، هه‌ر كه‌موكوڕییه‌كه‌یش هه‌بێت ئاساییه‌ و پێویستی به‌ هه‌ڵلا نییه‌ و ساڵی دادێ ده‌كرێ ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ چاكتر بكرێنه‌وه‌.

ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌..

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنى نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌تن و پاره‌ی خۆیان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌شیان پێ نه‌درێت ئه‌وان ناتوانن كاری خۆیان بكه‌ن و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناتوانێ گوشاریان بخاته ‌سه‌ر و گوتی: به ‌داخه‌وه‌ به‌غدا مامه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌كات، په‌یامی ئێمه‌ زۆر ساده‌یه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌وان پاره‌ی كۆمپانیاكان بده‌ن؛ كۆمپانیاكان پابه‌ندی ناردنی نه‌وت ده‌بن و ئه‌گه‌ر نا، ناتوانن ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.

كۆبوونه‌وی‌ سه‌ربازی، سه‌ره‌تایه‌كی باش..

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی نێوان شاندی سوپای عێراق و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانى به ‌سه‌ره‌تایه‌كی باش له‌قه‌ڵه‌م دا و نیشانی دا كه‌ پێشنیاره‌كان له ‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌شی ئه‌وان كرا بوو و گوتی: ئێمه‌ تا گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری؛ به‌رده‌وامی به‌ كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ده‌ین. مه‌سه‌له‌ی سنووریش وه‌ك ده‌زانن مه‌سه‌له‌یه‌كی سیادییه‌ و ده‌بێ له‌باره‌یه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت، له‌ هه‌ندێك شوێنیش به‌ڵێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی هه‌بووه‌، به ‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌باره‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌، واتا ناكۆكییه‌كه‌ له‌ سه‌ر خاك نییه،‌ به‌ڵكو به‌شێكی گرنگی خاكی كوردستانن و ده‌بێ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

پاراستنی یه‌كڕیزیی كورد له‌ سووریا..

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی سووریا كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا كه‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی بۆی نییه‌ خۆی به‌ زۆر به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیدا بسه‌پێنێت و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هه‌بوون و به‌رده‌وامبوونی ناكۆكییه‌كان و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و ناكۆكییانه‌وه‌ گوتی: په‌یامی ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوونه‌ به‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك بۆی نییه‌ خۆی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردیدا بسه‌پێنێت له‌ سووریا و بێگومان گه‌لی كورد له ‌سووریا ئه‌مه‌ قبووڵ ناكات و ئێمه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌مشێوه‌ هه‌نگاوانه‌ ناكه‌ین. ئێمه‌ هیواخوازین ئه‌وان تووشی كێشه‌ نه‌بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، چونكه‌ ئه‌ركی ئه‌وان پاراستنی یه‌كڕیزیی گه‌لی كورده‌ له ‌سووریا و هیوادارین ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆده‌نگ بن و به ‌خۆسه‌پاندن هیچ شتێك تا سه‌ر به‌رده‌وام نابێت و كه‌سیش ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ قبووڵ ناكات.

دامه‌زراندنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی كوردستان..

بارزانی ئه‌وه‌ی نیشان دا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان وا خه‌ریكن دیراسه‌تی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ن و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌داته‌وه‌ و نیشانی دا كه‌ هیچ كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هیچ كاتێك لایه‌نێكی سیاسیی ڕه‌تكراوه‌ نه‌بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئاساییه‌ هه‌ر كاتێك سه‌ردانیان بكرێت، به‌ڵام جارێ هیچ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ سه‌ردانی ئه‌وان‌ نییه‌.

په‌یوه‌ندیمان به‌ هیچ كه‌تیبه‌یه‌كی سه‌ربازیی سه‌ر سنووره‌وه‌ نییه..‌

له‌باره‌ی پێكهێنانی كه‌تیبه‌یه‌كی سه‌ربازی به ‌ناوی بارزانییه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوور و هه‌بوونی نیگه‌رانی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یان پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یوه‌ندیی پێیه‌وه‌ هه‌بێت، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمه‌ وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ په‌یوه‌ندیمان به‌ه یچ كه‌تیبه‌یه‌كی سه‌ربازی و ناوه‌كانیانه‌وه‌ نییه‌ نه‌ له ‌دوور نه‌ له‌ نزیك، چونكه‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌ قبووڵ ناكات كه‌تیبه‌ی سه‌ربازی به‌و ناوه‌ دروست ببێت و ئێمه‌ له‌دژی ده‌وه‌ستین و ڕێگه‌ی پێناده‌ین و دروستكردنی كۆمبوونی له‌مجۆره‌ به‌م ناوانه‌وه‌ وا لێك ده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ چه‌واشه‌كردنی هه‌ندێك شتی دیكه‌‌ داندراوه‌ و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بێت هێز بنێرین ده‌توانین له ‌هه‌ر كاتێكدا بینێرین و ئێمه‌ توانای ئه‌وه‌مان هه‌یه‌. سیاسه‌تی ئێمه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ چه‌ك چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌كان بكه‌ین و ئێمه‌ چه‌ك له‌دژی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردی ڕۆژئاوا هه‌ڵناگرین و دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ یه‌كڕیزیی ئه‌وان له ‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌.

چاكسازییه‌كانی نه‌ورۆزی ڕابردوو..

هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاكسازییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت به‌وه‌ی پێیی بكرێت له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌دات و درێغی ناكات.

فشاری توركیامان له‌سه‌ر نییه‌..

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ‌توندی ئه‌و قسانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان گوشاری توركیای له‌سه‌ر بێت بۆ نه‌گه‌یشتنی یارمه‌تیی مرۆیی بۆ كوردانی ڕۆژئاوا و گوتی: وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران له‌وه‌ به‌رپرسم كه‌ دووپاتی بكه‌مه‌وه‌ هیچ گوشارێكی توركیامان له‌سه‌ر نییه‌ و هیچ قسه‌ى له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌كردووه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ناتوانێت له ‌ڕێگه‌ی زومماره‌وه‌ یه‌كلایه‌نه‌ بڕیار له‌ گه‌یشتنی كۆمه‌ك و یارمه‌تی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بدات و هه‌وڵدان بۆ كاراتركردنی خاڵی سنووریی پیشخاپوور به‌رده‌وامه. له‌باره‌ی هۆكاری كردنه‌وه‌ی كه‌مپێكی دیكه‌ی په‌نابه‌رانیش له‌ سلێمانی ئه‌وه‌ی نیشان دا كه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌مپه‌ له‌ سلێمانی له‌سه‌ر داوای خۆیانه‌، چونكه‌ به‌شێكیان له‌ وێ نیشته‌جێن.

ئه‌مه‌ریكا له‌ پێشكه‌وتنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا ڕێگر نه‌بووه‌..

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ دۆستایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ كورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا بووه‌ و ئه‌مه‌ریكا شتێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كوردستاندا نه‌بووه‌ و نیشانی دا ئه‌مه‌ریكا له ‌پێشكه‌وتنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا هیچ ڕێگر نه‌بووه‌ و مومكینه‌ بیروبۆچوونی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ڕێگر نابێت و نیشانی دا كه‌ هیچ شتێكی شاراوه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا نییه‌ و گوتی: توركیا هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كیی ئێمه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ سنوورێكی دوور و درێژمان هه‌یه‌ و له ‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ هاوبه‌شی یه‌كه‌مه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ڕۆژ به ‌ڕۆژ له ‌پێشكه‌وتندا بێت و به ‌بۆچوونی ئێمه‌ توركیا له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ڕه‌فتار ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانیش، هه‌ر وڵاتێكیش هه‌ر بۆچوونێكی هه‌بێت ئه‌وه‌ ئازاده،‌ به‌ڵام به‌ دڵنییاییه‌وه‌ هیچ كه‌سێك گوشار ناخاته‌ سه‌ر ئێمه‌.

پێویستیمان به‌ په‌یوه‌ندیی باشی دراوسێتییه‌..

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستیی به‌ په‌یوه‌ندیی باشی دراوسێتی هه‌یه‌ و پێویستیی به‌وه‌شه‌ له ‌ڕووی دراوسێتییه‌وه‌ ئاگاداری پێشكه‌وتنه‌ تازه‌كان بێت و ئێرانیشی به‌ وڵاتێكى گرنگ و دۆستێكی گرنگ له‌قه‌ڵه‌م دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا له‌و سه‌فه‌ر چه‌ند سه‌عاتییه‌ی كه‌ دوو ڕۆژى ڕابردوو بۆ ئێران كردی، پرسی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی باسی هه‌ردوولا بووه‌ و گوتی: هه‌میشه‌ له‌ هه‌ر زه‌مان و بارودۆخێكدا بۆچوونمان ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كانمان له ‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ و به ‌ڕێگه‌ی دیاڵۆگ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و پێشمانوایه‌ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن ده‌بێ به‌غدا بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا ئاماده‌ی ئه‌و گفتوگۆیه‌یه‌ و ده‌یه‌وێ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و یه‌كڕیزیی خاكی عێراقدا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

سواڵكه‌ری به‌غدا نین..

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه‌ی ڕوون كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت وه‌كو بودجه‌ 11%ـه‌ نه‌ك 17 و گوتی: پێویسته‌ ده‌وڵه‌تی یاسا و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت كه‌ ئێمه‌ سواڵكه‌ری به‌غدا نین، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ به‌غدا هاوبه‌شێن و عێراقی ئێستامان به‌یه‌كه‌وه‌ دامه‌زراند و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێككه‌وتووین ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی بودجه‌یه‌ ئه‌وان خێرمان پێناكه‌ن و بۆیان نییه‌ و ناتوانن به‌ قه‌د یه‌ك زه‌ڕه‌ش بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی له‌مجۆره‌ نرا، بێگومان كاردانه‌وه‌ی یه‌كجار زۆری ده‌بێت و پێموایه‌ ده‌بێ ده‌وڵه‌تی یاسا و حكوومه‌ت ده‌رك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ مه‌حاڵه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دابنیشێت و چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمی ده‌وڵه‌تی یاسا بكات كه‌ ئایا بودجه‌كه‌ ده‌بڕن یان نا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ستوورییه‌ و ده‌بێ لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وان 11%مان پێده‌ده‌ن.

 چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی عێراق..

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئه‌وه‌ی نیشان دا هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هیچ یه‌ك له‌ چاره‌سه‌رییه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت یان په‌رله‌مان نییه،‌ چونكه‌ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ پێویسته‌ به ‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و ئه‌و چاره‌سه‌رییانه‌ كێشه‌كانی عێراق زیاتر ده‌كه‌ن.

 دادگا بێلایه‌نه‌ كارى خۆى بكات..

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست له‌باره‌ی كه‌یسی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه‌ دادگا كاری خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نه‌ بكات و ڕایگه‌یاند كه‌ هیچ مه‌به‌ستێكی سیاسیی تیادا نییه‌ و هه‌موو هیواش ئه‌وه‌یه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی عادیلانه‌ و یاسایی ته‌واو ببێت.

 ڕه‌وشی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان..

نێچیرڤان بارزانی نه‌یشارده‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌ندروستی پێویستیی به ‌ژێرخانێكی گه‌وره‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ شه‌و و ڕۆژێك چاره‌سه‌ر ناكرێت و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستى به‌ تایبه‌تی وه‌زیر و هه‌ڤاڵانی له‌ كاره‌كانی خۆیان درێغی ناكه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا هه‌رێمی كوردستان له‌چاو وڵاتانی دیكه‌وه‌ له‌م بواره‌دا دواكه‌وتووه‌ و چاره‌سه‌ركردنیشی پێویستیی به‌ كادیر و دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی زیاتر، هه‌یه‌ به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ هیچ درێغییه‌ك ناكات.

هێڵی نه‌وتی كوردستان – توركیا..

سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتی: هیوادارم مه‌سه‌له‌ی دروستكردنی بۆڕیی نه‌وتی نێوان كوردستان و توركیا كۆتایی پێهاتبێت، زانیاریی ته‌واوم له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام هیوادارم كۆتایی پێبێت. ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕاكێشانی ئه‌و بۆڕییه‌ جددین كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراقدا ده‌بێت و سیاسه‌تی ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ شاراوه‌ نییه‌. هیوادارین مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئیمزای سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا مابێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com