هاوبیرانی دیموکرات
خوێنەری بەڕێز و ھاوبیری تێکۆشەر
بەشی یەکەمی شێوازی ئیدارەی ئەمنی، کە چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی پاش رووخانی رێژیم لە گەڵ توێژە جۆر بە جۆرەکانی دەست و پێوەندی کۆماری ئیسلامی بوو؛ لە پڕۆژەی “سڵاو رۆژھەڵات” باسکرا. لێرەدا سەرنجتان بۆ شیکردنەوەی دووەم رادەکێشین.
لەم بەشە دا دەمانەوێ باسی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەرکەکانی و *جۆغرافیای ئیدارە و تێکۆشانی ئەو ھێزە کورد پەروەرە بکەین، کە جێگەی ھێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرێتەوە..
ئاشکرایە، کە پێناسە و فەلسەفەی ھەبوونی پێشمەرگە، پاراستنی ئەمنیەتی ناوخۆ و سنووری نیشتیمان و دەستەبەرکردنی ئازادییە سەرەتاییەکانی تاک و کۆمەڵە؛ لەو روانگەیەوە دەتوانین بڵێین، کە پێشمەرگە، ھێزێکی نیشتمانییە، کە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتییەوە، وەک ھێزی نەتەوەیی، بە بێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، سیاسی، رەگەزی، چینایەتی و بە دوور لە ململانێی حیزبی، تێدەکۆشێ.
بۆ بەسەمەر گەیاندنی ئامانجی سەرەوە؛ دەستنیشانکردنی سێ مەرجی گرینگ و سەرەکی دەتوانێ ببێتە کۆڵەکەی بناغەدانەری پێکھێنان و رێکخستنی ھێزی پێشمەرگە:
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھێزی حیزب، ناوچە و سیاسەتێکی کاناڵیزەکراو و تایبەتی و پێناسەکراو نییە؛ ئەو ھێزە، ھێزی نیشتیمانی کوردستانە و لە پێناوی پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی تاک و کۆمەڵی کوردەواری تێدەکۆشێ و دەبێ ھەموو دانیشتوویەکی کوردستان بە رێکخراو-و جەماوەری خەڵکەوە پشتی بگرێ!
ھەر لە سەرەتای سەرکەوتنەوە، پێویستە ھەموو حیزبە خەباتکارە خاوەن پێشمەرگەکان، توانا سەربازییەکانیان بخەنە ژێر چەتر و ھەیمەنەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە. بە واتایەکی تر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە توانای پێشمەرگایەتی ھێزی پێشمەرگەی حیزبە چەکدارەکان و باقی کیژ و لاوی خاوەن ھەستی نیشتیمانی کوردستان پێک دێ.
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لایەن ناوەندی فەرماندەیی نوێنەرایەتی ھاوبەشی حیزب و رێکخراوە چەکدارەکان و نوێنەرایەتی دەستبەجێ ھەڵبژێردراوی شوڕای بەڕێوەبەری ئیداریی – کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتی شار، ناوچە، پارێزگا (ئوستان) و سەرئەنجام لە ئاستی تێکڕای جۆغرافیای تێکۆشان، لە لایەن ئیدارەی کاتی بەڕێوەبەری کوردستان ئیدارە دەکرێ.
ئەگەر لە شار و شوێن و ناوچەیەک، بە پێی پشتیوانی خەڵک، پشتیوانی کردن لە حیزبێک زیاتر بوو (کە بە پێی شارەزاییمان، دەزانین وادەبێ) و ھێزی پێشمەرگە کەوتە ژێر ھەیمەنەی ئەو ھێزەوە؛ دەبێ دەستبەجێ لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی، لە ئاستی بڕیاردەری ھەموو کوردستان، ئەم دیاردەیە، باس و لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ و بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی گەل، ئەو جۆرە دەست باڵاییانە کۆنتڕۆڵ بکرێن.
ئەرکە نەتەوەییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان:
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان چوار ئەرکی دیار و حاشاھەڵنەگری ھەیە؛ یەکەم: ئەرک، کە نایکەینە خاڵێک و لێرەدا دەیھێنینە گۆڕێ؛ ئەرکی پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوخۆیە.
سێ ئەرکی دیکە، کە پێکھێنانی ھاوپێوەندیی و پاراستنی سنوورە بە شێوەی خوارەوە:
١- دەزانین، کە نەتەوەی ئازەری ( تورک) دراوسێی، کوردستانی رۆژھەڵاتە و بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر، سنووری ھاوبەشمان لە لای رۆژھەڵات و باکووری رۆژھەڵاتەوە، پێکەوە ھەیە، بەشێکی بەرچاو لە نەتەوەی ئازەری وەک کورد ھەست بە چەوسانەوەی نەتەوەیی دەکەن، ئەوە ھەم لە لایەک ھاوپێوەندییەکی مێژوویی لە گەڵ کوردستان ھێناوەتە ئاراوە (وەک کاتی کۆماری کوردستان – کۆماری ئازەربایجان) و ھەم کەمە تێکھەڵچوونێکیشی تێدا بەدی دەکرێ ( وەک شەڕی نەغەدە).
بەوەشەوە، ئێمەی رۆژھەڵاتی سێ گرفتی سەرەکیمان لە گەڵ ئەو دراوسێیە ھەیە:
یەکەم: بەشێکی بەرچاوی سیاسییەکانی ئازەری تەماعی خاکیان لە سەر کوردستان ھەیە، و بەشێکی کوردستان بە خاکی ئازەری دەزانن؛ تەنانەت ھێندێکیان رەگەزپەستانە، ھەموو ئەو ناوچە کوردستانیانە، کە پێشتر کەوتوونەتە بەر ھێرشی مەغوول و ناوی تورکی-یان لە سەر داندراوە، بە ھی خۆیان دەزانن. بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانی تورک و ئازەرییە جیرانەکانیان لە پشتە.
دووەم: تێکەڵی زیاد لە ئەندازەی ئابووری- ئایینی ئازەرییەکان و فارسەکان، چەشنێک لە تاران- ناوەندی لە ھزری ئەوان دا، شین کردووە. ئەوەش بووەتە ھۆی لاوازی نەتەوەیی و رەنگە لە درێژ ماوەدا بە دژی کوردستان بەکار بھێندرێ.
سێ یەم: رەنگە خەڵکی ئازەریش هەوڵی چەشنێک لە خۆبەڕێوەبەری بدا؛ سیاسەتی ئێمە ھەم دەبێ ساسەتێکی دۆستانە و ھاوپێوەندی بێ و ھەم دەبێ لە بەرانبەر ھێزی سنوور پارێزی ئازەری، یەک بڕیار و یەک ھێز و یەکگرتوو بێ.
٢- ئەرکی دووەمی پاراستنی سنووری کوردستانی رۆژھەڵات، راوەستانە لە بەرانبەر پاشماوەی دەسەڵاتی سەر شکاوە و برینداری شۆڤینیستی ئێرانی، کە لە سێ لایەنی؛ ئۆپۆزسیۆنی نژادپەرست (بە چەپ و راستیەوە)، تێکشکاوانی ئاخوندیی و شاپەرستان پێکدێ.
شاراوە نییە کە، بەشی ھەرە زۆری راوەستانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر ھێرشھێنان و سەرکوت و پیلانە ئاشکرا و نھێنییەکانی ئەو بیرە ئێرانخوازەدایە. ئەوان بە دروشمە پووچ و بێ بنەماکانی: « مەرزدارانی غیور، میلەتی ئێران و جودایی خواز» دێنە پێش و گومانی تێدا نییە، کە دەست و پێوەند لە کوردستان بۆ خۆیان سازدەکەنەوە و رەنگە ھێزی لەرزۆکی ناوخۆییش لە گەڵیان بکەون؛ ئەو بیرکردنەوەیە و ئەو ھێزە دژی ئازادییە؛ دەیەوێ کوردستان بەرەو دواوە بگێڕێتەوە و دەبێ لە سنوورەکانی کوردستان و لە ھەر جێگەیەک، کە ھەن بخرێنە ژێر دەسەڵات و ھەیمەنەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و جووڵەیان لێ ببڕدرێ.
٣- ئەرکی سێیەم، کە زۆر گرینگ و حەیاتییە بۆ ئێمە؛ ھاوسنووریمانە لە گەڵ کوردستانی باشوور؛ ئەگەر دەرفەتی ئەوە بێتە پێش، کە لەو بۆشاییە سیاسییە دا، (کە لە وتاری پێشوودا باس کرا) ئێمە و باشوور بووین بە یەک ئەوە پیرۆزە و دەبێ سیاسەتێکی ھاوبەشی باشووری- رۆژھەڵاتی بۆ دابڕێژرێ و ھێزی پێشمەرگەش ئەو سیاسەتە جێ بە جێ دەکا. خۆ ئەگەر ئەو دەرفەتەش نەھاتە پێش، ئەوە دەبێ بزانین چۆن لە گەڵ باشوور ھەڵسوکوت دەکەین. لێرەدا قسە لە ھاوپێوەندی و پاراستنی سنوورەکانمان دەکەین، وەک ئەوە، کە دوو ڕۆڵەی بنەماڵەیەکین و ھەرکامەمان بەرژەوەندی خۆمان دەپارێزین. ئێمە وەک دوو بەش لە کوردستانی گەورە، سەدان کیلۆمیتر سنووری ھاوبەشمان پێکەوە ھەیە.
ھاوبیرانی دێمۆکرات؛ چ پێش راگەیاندنی خۆی و چ ئێستا، کە ئاسۆیەکی روون بۆ ئیدارەی ئەمنیەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسی رۆژھەڵات پێشکەش دەکات، لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە سیاسەتی دۆستایەتی و ھاوپێوەندی لە گەڵ سێگۆشەی باشوور، کە بریتین لە : دەسەڵات و حیزبە دەسەڵاتدارەکان، ھێزی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی باشوور دەبێ درێژە پێبدرێ. باشوور لە درێژەی ژیانی ئیداری خۆیدا، بووەتە دەسەڵاتی دۆست، خەمخۆر و ھاوستڕاتێژی بۆ ئێمەی رۆژھەڵاتیی و دەتوانێ لە زۆر بارەوە، یارمەتی رۆژھەڵاتی تازە رزگاربوو بدا. ھەر لەو کاتە دا ئێمەش کۆمەڵێک توانای سەرزەوی و ژێرزەوی مان ھەیە، کە لە گەڵ یارمەتییەکانی باشوور، دەبنە تەواوکەری یەکتر.
خۆشەویستی خوێنەر، ھاوڕێیانی حیزبی و ھاوبیری تێکۆشەر، چاوەڕوانی درێژەی نوسینەکانمان لە پڕۆژەی «سڵاو رۆژھەڵات» بن!
سەرکەوێ یەکڕێزی ھێزەکانی کوردستان، بۆ پێشەوە بەرەو گەشەپێدانی بیر و سەروەرییەکانی کۆماری کوردستان.
لە گەڵ رێزماندا
ھاوبیرانی دیموکرات
١ ی مانگی پووشپەڕی ٢٧١٨ی کوردی
تێبینی: نووسراوەکانی ئێمە لە پڕۆسەی نووسینەکانی “سڵاو رۆژھەڵات” تەنیا پڕۆژەی پێشنیاریی ئێمەیە و بە بۆچوون و پێشنیاری ئێوەی خۆشەویست دڵشاد دەبین!
* جۆغرافیای کوردستان دەبێ لە بڕیارێکی نەتەوەیی و چارەنووس ساز دا دیاری بکرێ. دیارترین خاڵی بنەڕەتی دیاریکردنی جۆغرافیای کوردستان، ویستی دانیشتوانیەتی.