بۆچی کەناڵی NRT بەناوی ویکیلیکس ەوە چەواشەکاری دەکات و ئامانجی چییە؟

0

بۆچی کەناڵی NRT بەناوی ویکیلیکس ەوە چەواشەکاری دەکات و ئامانجی چییە؟

نوچەنێت

کەناڵی NRT لە راپۆرتە هەواڵێکدا هەوالێکی چەواشەکاری بەناوی بەڵگەی ویکیلیکس بڵاو دەکاتەوە، لەمەڕ تیرۆرکردنی سێ ژنی سیاسی و چالاکی کورد لە فەرەنسا، لە راپۆرتێکی ئەو کەناڵە کوردییەدا هاتووەبه‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ماڵپه‌ڕی ویكلیكس بڵاوی كردۆته‌وه‌، تیرۆركردنی سێ ژنه‌چالاكوانه‌ كورده‌كه‌ له‌ پاریس چەند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پلانی بۆ داڕێژراوه، لەلایەن دەزگا جاسوسییەکانی تورکیا و ئەمریکا، ئەویش لەکاتێکدا کە لەو بەڵگەنامانەدا بەهیچ جۆرێک باس لە تیرۆرکردن و لەناو بردنی ئەو ژنە چالاکوانانەی کورد نەکراوە.

لەراپۆرتەکەی کەناڵی NRT کە دواتر ماڵپەڕی لڤینیش بڵاوی کردەوە، هێندیک هەڵە یان چەواشەکاری جیدی تێدایە، بەڵام نازانرێ ئایا بە مەبەست ئەو هەڵانەکراوە یان بە هۆی نەزانینی زمانی ئینگلیزیەوە بووە، چونکە لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە کار بکرێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو خانمە چالاک و سیاسیانەی کورد، بەڵام ئەو کەناڵە کوردییە وای بڵاو دەکاتەوە کە پیلان دارێژراوە بۆ تیرۆرکردنیان، لەلایەکی ترەوە NRT بڵاوی دەکاتەوە کە لەو بەڵگەنامانەدا هاتووە، وڵاتانی ئەوروپی یارمەتی دارای پ.ک.ک. دەکەن، لەکاتێکدا لە بەڵگەنامەکەدا بەو شێوەیە باس لەهاوکاری ئەورپا نەکراوە بەڵکو تێدا هاتووە، وڵاتانی ئەورپی هاوکاری ئەمریکایان نەکردووە، بۆ پێشگرتن لە کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ پ.ک.ک.

ئەگەرچی لە بەڵگەنامەکەی ویکیلیکسدا دەردەکەوێت کە سەکینە جانسز، کەسێکی گرنگ بووە و تەنانەت ئەمریکاش حیسابی بۆ کردووە، بەڵام بەو مانایە نا کە لە راپۆرتەکەی کەناڵی NRTدا هاتووە، ئەو کەناڵە کوردییە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت”به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ویكیلیكس، تیرۆركردنی سێ ژنه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كه‌ی كورد له‌ شاری پاریس، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پلانی بۆ داڕێژراوه‌، به‌پشتبه‌ستن به‌ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی و هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌زگا سیخوریی و هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا، به‌تایبه‌ت له‌ به‌ئامانجگرتنی ساكینه‌ جانسز، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری په‌كه‌كه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ فیدان دۆغان له‌یلا سۆیله‌مه‌ز له‌ هێرشه‌كه‌ی شاری پاریس كوژران.”

بەڵام لە بەڵگەکەی ویکیلیکسدا زانیاری لەو جۆرە نەهاتووە، بەڵکو باس لەوە کراوە کە ئەمریکاو تورکیا لە هەماهەنگیدا بن، بۆ رێگری لە کۆمەکی دارایی لە ئەورپاوە بۆ پەکەکە، لەو بەڵگەنامەی یوکیلیکسدا بەهیچ شێوەیەک باس لە پیلانی تیرۆرکردنی ئەو ژنە سیاسیانەی کورد ناکات، بەڵکو باس لە پرۆسەی هەماهەنگی دەکات بۆ رێگری لە چالاکیەکانیان، ئەویش بە دەستگیرکردن و دادگایکردنیان، لەبارەی کارەکانی ریزا ئالتون و سەکینە جانسیز، لە بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسداهاتووە””ئامانجی دەستەبەجێی ئێمە بریتییە لە رێگرتنی پ.ک.ک ە لە بەکاربردنی سیستەمی دارایی و هاتووچوکردنی ئاسمانی ئەوروپا بۆ بەڕێکردنی پارە لە ئەوروپاوە بۆ باکووری عێراق، لە پێناو ئوپێراسیۆنەکانیاندا. ئێمە دەتوانین لە رێگای چالاکی هەواڵگری هاوبەش، پشکنینی وردتر لە فرۆکەخانەکان و سەپاندنی مەرجی تووندتر سەبارەت بە ئاشکراکردنی پارە لە کاتی سەفەرکردندا بەو ئامانجە بگەین. هەروها دەبێ زەخت بخەینە سەر ئەوروپییەکان بۆ رێگرتن لە دوو کەسی بەرچاو کە یارمەتی دارای بۆ پ.ک.ک. لە ئەوروپادا دابیندەکەن، واتە ریزا ئالتون و سەکینە جانسیز. ریزا ئالتون وەکوو سەرەکیرترین دابینکاری دارایی پ.ک.ک. ناسراوە. ناوبراو لە دەست دەزگا یاساییەکان لە فەرەنسا لە مانگی جولای [٢٠٠٧] رای کرد، دەزگا حوکمەتیەکانی نەمسا رێگایان پێ دا لە رێکەوتی ١٣ جولایدا لە وڵاتەکەیانەوە بەرەو عێراق بڕوا. سەکینە جانسیز دابینکاری یارمەتی دارایی و هەروها چەکە بۆ پ.ک.ک. ناوبراو لە ئەڵمانیا دەستگیر کرا بەڵام لە رێکەوتی ٢٧ ئەپریل [٢٠٠٧] لە دادگای هامبۆرگەوە پاش ٤٠ رۆژ ئازاد کرا و ئێستا لە ئەوروپادا ماوەتەوە. گرتنی ئەم دوو کەسە و دادگایکردنیان دەبێتە هۆی سنووردارکردنی چالاکییەکانی پ.ک.ک. هەروها ناردنی پەیامێک دەبێ کە ئەوروپا گۆرەپانی ئازاد نیە بۆ پ.ک.ک. لە کۆکردنەوەی یارمەتی ماڵیدا.”

ئەوەی گومان دروست دەکات، لە ئامانجی کەناڵی NRT شێوەی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەیە کە تێیدا، ناراستەوخۆ ئەو تێرۆرانە دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا و تورکیە، و پەردەپۆشی ئەو گومانانەی تر دەکات کە لەباری تیرۆرکردنەکەوە لە ئارادان، خۆ ئەگەر قسەی ئەو کانەڵە کوردییە راست بێت، و بەدەر لە بەڵگەکانی ماڵپەڕی ویکیلیکس ئەوان بەڵگەی تریان لەبەردەست بێت، کە تیرۆری ئەو سێ کەسایەتیە سیاسیەی کورد، پیلانی تورکیا ئەمریکا بووە، ئەوە هاوکاری باشی کوردان دەکات و وڵاتی فەرانسە دەکات کە بتوانن لە سەر ئەساسی ئەو بەڵگەیە، ئەمریکا و تورکییە تاوانبار بکەن، بەڵام زانیارییەکان لە سایتی ویکیلیکس بەو شێوەیە نیە کە کەناڵە کوردییەکە باسی دەکات.

نوچەنێت وەک کەناڵێکی راگەیاندنی کوردی بەبەدواداچونی راستی بەڵگەنامەکان دەتوانێت، تەئکید لەوە بکاتەوە کە ئەگەر مەبەست نەزانینی زمانی ئینگلیزی نەبێت لە وەرگێرانی ئەو هەواڵەدا، هەواڵەکە چەواشەکارییە لەمەڕ ئەو کەیسە و پێدانی زانیاری هەڵە بە بینەری کورد، کە ئەوەش کارێکی نادروستە و یارمەتی دەدا بە  شوێنبزرکردن یان هەڵگرتنی زوومی کورد لەسەر تیرۆرستان و تاوانباران لە تیرۆرکردنی ئەو سیاسەتوانە کوردانە، هەروها درۆکردن و سوکایەتی کردنە بە بینەری کورد و جەماوەری توڕەی کورد، بۆیە وەک نوچەنێت لەگەڵ هەبوونی گومانی خۆمان لە ئامانجی ئەو هەواڵەدا، هیوادارین ئەو کاناڵە کوردییە بە ئەنقەست ئەو کارەی نەکردبێ.

نوچەنێت ئەو مافەش بەخۆی دەدات کە گومان لە ئامانج و شێوەی ئامادەکاری ئەو راپۆرتە بکات، چوونکە بۆ کەناڵە کوردییەکە ئەوەی بۆ بەڵگەنامەکان زیاد کردووە، کە ئەمریکا چەند ساڵ لەمەوپێش پلانی کوشتنی ئەو ژنانەی هەبووە. ئەمەش گریمانەی ئەوە دەدات بەدەستەوە ئەگەر نەزانینی زمان هۆکار نەبێت، ئەوە هەوڵێک بێت بۆ بەلارێدابردنی رای گشتی کوردی. بۆیە گرنگە ئەم مەسەلە ئاشکرا بکرێت و ئەو کەناڵە رونکردنەوە بدات، کە لەکاتێکی هەستیاردا کە رای گشتی خەڵکی کورد لە سەراپای جیهان بە توڕەیی داوای ئاشکراکردنی تیرۆرستان دەکەن، بۆچی ئەو کەناڵە بێ هیچ بەڵگەیەک تیرۆرستان ئاشکرا دەکات و رای گشتی کورد بە هەڵەدا دەبات.

سەرەنجی خوێنەرانی کوردیش رادەکێشین، کە دەتوانن سەردانی سایتی ویکیلیکس بکەن و بەڵگەکان بخوێنێتەوە، خۆیان بگەن بە راستیەکان و پرسیان هەبێت کە ئاخۆ مەبەست لە ئامادەکاری ئەو جۆرە هەواڵە چی بێت؟

 

http://wikileaks.org/cable/2007/12/07ANKARA2917.html

راپۆرتەکەی NRT

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com