عەزیز ئەحمەد حەمە
بڵێم شۆڕس یاخود گڕکانی کوردستان، بڵێم شۆڕش یان یاخی بوونی شاخ و کێو، راپەڕینی دەشت و زۆزان و چیاکان، بڵێم شۆڕش یان لافاوی رق و تۆڵەی بەچکە شێران، بڵێم شۆڕش یان نەبەرد و داستانی مەردی مەیدان. بڵێم گوڵان یان گوڵاڵەی خوێنی ئاڵی شەهیدەکان، بڵێم گوڵان یان هەڵمەتی پڕ نەعرەتەی بڕنەو لە شانی نیشتیمان، بڵێم گوڵان یان تان و پۆی نەخشەی وڵاتی کوردستان، بڵێم گوڵان یان عاشقانی چیاکان.
لە پاش هەرەس، لە پاش گلانی ئەسپە شێی ئەیلولەکەم، بە پیلانی داگیرکەران، لە پاش ئەمە، لەپاش کەمێک پشووی سەنگەر، لە دوای دەمێک، هەڵوێستەیەک بۆ جەنگاوەر، بۆ دڵێر و بۆ قارەمان، لە دوای ووچان، تفەنگەکان جارێکی تر ئەوا لە فیشەک پڕ کران.
کوڕانی پشکۆی ئاگردان، کوڕانی کوانوی گڕستان، مەشخەڵی گڕی ئەیلولیان دایە دەستی نەوەی نوێ، سپاردیان بە قارەمانانی گوڵان؛ جارێکی تر پڵنگی وڵات راپەڕی، جارێکی تر جەرگی شەوەزەنگیان دڕی، جارێکی تر خەنجەر لە کالان هاتنەدەر، جەرگی دوژمنیان هەڵدڕی، جارێکی تر شۆڕەسواران ئەسپی خەباتیان وا تاودا، وەک کازیوەی بەربەیانم فرمێسکی دایکی شەهیدیان، وەک شەونمی سەرگوڵ سڕی.
ئەمجارەیان لە دوای ئەیلول، نیشتیمانە ئازیزەکەم تاجی گوڵانی لەسەرنا و لەسەر تەختی شاهانەی شانازی شۆڕش، هەرزاڵی کردە ماڵی خۆی، وڵات کەوتە ژێر سێبەری باڵی تیژی هەڵۆکانی، شاخ و کێو و هەرد و دۆڵیش، بــزەی هاتــێ و کــەوتــەوە خەندەی جــارانی، سەرقافـڵەشـــی جارێــکی تر ســــپاردەوە بە بـــــارزانی.
شۆڕشی گوڵان، هاتەوە بە هانای دڵان، دڵانی پڕ لە شانازی، دڵانی پڕ لە حەسرەتی سەرفرازی بۆ کوردستان. شۆڕشی گوڵان، بووە چەتری کۆلکەزێڕینەی ڕەنگاوڕەنگ، تیشکی هاویشت بۆ گشت کونجێکی نیشتیمان. لە چوار لاوە هەزاران ئاستەنگ و بەربەست، سەدان لەمپەریان نایە بەر، بەڵام دیسان نەیانتوانی گوڵی پشکوتوی شۆڕشی گوڵانەکەم بژاکێنن، بەڵام هەرگیز پێیان نەکرا مەشخەڵی لوتکەی چیاکان خامۆش بکەن، بەڵام ئاواش داگیرکەران هێزی ئەوەیان قەت نەبوو هیواو ئومێد لە نەتەوە و لە شۆڕشەکەی بستێنن.
شٶڕشی گوڵان، وەکو ئەلەندی بەربەیان، تیشکی هاویشت مژدەی هێنا بۆ هەژار و بێنەوایان، بوو بە مەتەرێزوقەڵا بۆ گەلەکەم، بوو بەڵا بۆ دوژمن و داگیرکەران.
نیشتیمانە ئازیزەکەم! بنازە بە دڵسۆزانت، بنازە بە لوتکە و بەفر، بنازە بە قارەمان و گیانفیدا و سەرفرازانت، بنازە بە هەڵۆ و بازی شاخەکانت، تێر بنازە بە بـــارزانت، تا خاوەنی ئەمانە بی، دڵنیابە تۆ هەرگیز ژێردەستە نابی.
نیشتیمانە سەربەرزەکەم! چاوبگێڕە و سەرنج بدە، شۆڕشی گوڵان لە دوای ئەیلول فەرشی گوڵی بۆ ڕاخستی، گوڵاوپڕژێنیشی کردی، ئاڵای کوردستانی چەقاند لە لوتکەکان، کوردی بردە ڕیزی میللەتانی جیهان. شۆڕشی گوڵان، کاروانی بە مەنزڵ گەیان، ئێستاش کاتی دروێنەی بەروبومی کورد، هەندێک خائین وا خەریکن بۆ دوژمنان دەبن بە پرد، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت، زۆری تریش لە رابردوو، هەوڵیاندا خاک بفرۆشن، بەڵام دواجار بێجگە سەرشۆڕی و زەلیلی، هیچی تریان حاسڵ نەکرد.
لە یادی شۆڕشی گوڵان؛ تاجە گوڵینە بخەنە سەر گۆڕی شەهیدەکانمان. لە یادی شۆڕشی گوڵان، ماچی بکەن دەستی دایکی شەهیدەکان؛ لە یادی شۆڕشی گوڵان پێشمەرگان جارێکی تر هاواریان کرد “یان کوردستان یاخود نەمان”.