شەڕی راگەیاندن لەنێوان پارتی و ئۆپۆزسیۆن سەرهەڵدەداتەوە

0

PDK

شەڕی راگەیاندن لەنێوان پارتی و ئۆپۆزسیۆن سەرهەڵدەداتەوە

نوچەنێت

لەدواین کۆبونەوەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن، تەئکیدیان لەوە کردەوە کە دەبێت سیستەمی سەرۆکایەتی لەکوردستاندا بگۆڕدرێت بە سیستەمی پەڕلەمانی، رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی رەسمی پارتی ئەو بڕیارەی وا ناوبرد، کە ئۆپۆزسیۆن جورئەتی ئەوەیان نییە راستەخۆ لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردرێن، بۆیە چاویان لە مامەڵە و سەفقەی سیاسییە. لەبەرانبەردا رێبین هەردی نوسەرو رۆشنبیر و نزیک لە بزوتنەوەی گۆڕان، لە وتارێکدا پارتی بەدیکتاتۆر ناودەبات و سۆران عومەر راوێژکاری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەستیانگرتووە بەسەر سامانی میللەتدا.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، لەدواین کۆبونەوەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆندا، تەئکید لەوە کراوەتەوە کە دەبێت سیستەمی سەرۆکایەتی کوردستان بکرێتە سیستەمی پەڕلەمانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەرێگای پەڕلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەر بدرێت، لەبەرانبەر ئەو داوایەی ئۆپۆزسیۆندا رۆژنامەی خەبات کە ئۆرگانی رەسمی پارتی یە، بەتوندی هێرشی کردە سەر ئەوانەی ئەو داوایە بەرز دەکەنەوە نوسیویەتی”ئەم هەوڵەی ئۆپۆزیسیۆن لە لایەك قۆرخكردن و وەرگرتنەوەی گرنگترین مافە لە خەڵك، لە لایەكی دیكەوە زوڵمێكی گەورەشە كە بە ناوی میللەت لە میللەتی دەكات. بە دیوێكی دیكە، وەلانانی میللەت لە پرۆسەیەكی ئاوا گرنگدا كە لە زۆربەی وڵاتە دیموكراسییەكاندا پێڕەو دەكرێ، لەخۆیدا ترسە لە دەنگی میللەت، واتە بانگەشەكەری ئەو تێزە خۆی جورئەتی ئەوەی نییە راستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە هەڵبژێردرێ، بۆیە میللەت نەفی دەكات و هەر چاوی لە مامەڵە و سەفقەی سیاسییە، بەڵام لە لای پارتی دیموكراتی كوردستان، میللەت سەرچاوەیە، هەمیشەش لە سەرجەم هەنگاو و بڕیارەكانیدا پشتی بەو سەرچاوەیە قایمە، هەرگیز بۆ بەرژەوەندییەكی كاتی سازشی لەسەر ناكات. هیچ كاتێكیش دەرگای گفتوگۆی بۆ قسەكردن لەسەر هیچ پرسێك دانەخستووە بەو مەرجەی لە خزمەت یەكریزیی میللەتدا بێت.”

دوابەدوای ئەو راگەیاندنەی پارتی، نوسەرو رۆشنبیر، رێبین هەردی نزیک لەبزوتنەوەی گۆڕان، بەتوندی هێرشی کردە سەر پارتی و پێی وایە، ناکرێ پارتی بە ٣٠ کورسی پەڕلەمانەوە بەناوی هەموو میللەتی کوردەوە قسە بکات، هەردی لەنوسینێکدا دەڵێت”هیوادارم هه‌موان سه‌روتاری خه‌بات به‌وردی بخوێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ببینن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چ عه‌قڵیه‌تێک و چ بیرکردنه‌وه‌یه‌کدا ئه‌ژین..که‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی و نه‌رمی و بیمانای یه‌کێتیه‌وه‌، ئه‌م عه‌قڵیه‌ت و بیرکردنه‌وه‌یه‌ خۆی لێ بۆته‌ هه‌موو کوردستان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌ ته‌نها 30 کورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌، خۆی لی بووه‌ به‌وه‌ی به‌ناوی هه‌موو وڵات و گه‌له‌وه‌ قسه‌ بکات”.

رێبین هەردی زیاتر هێرش دەکاتە سەرپارتی و نوسیویەتی”کۆمیدایا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م سه‌روتاره‌ به‌ناوی به‌رگری له‌ ده‌نگی خه‌ڵکه‌وه‌ قسه‌ ئه‌کات،،گوایه‌ ئه‌وه‌ی رازی نه‌بێت سه‌رۆکی هه‌رێم له‌رێی خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت، دژی ده‌نگی میله‌ته‌..له‌کاتێکدا رێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین سه‌رۆک له‌ خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت، ته‌نها له‌به‌رئه‌ویه‌ چاودیری خه‌ڵک و لێپرسینه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌ بهێڵنه‌وه‌ و دیکتاتۆرێک دروست نه‌بێت وه‌ک سه‌دام حسێن و قه‌زافی…ئه‌وه‌ی پارتی ئه‌یه‌وێت ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستورێکمان هه‌بێت که‌ تیایدا سه‌رۆکی هه‌رێم (که‌ له‌ خه‌یاڵی خۆیاندا دایانناوه‌ بۆ هه‌تایه‌ لای بنه‌ـاڵه‌ی بارزانی بێت)”.

هەر لەو بارەیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، هێمن هەورامی لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئێن ئارتی وتی” ئێمە لەپارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەکۆمەڵێک نیگاوە سەیری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەین، لەچوارچێوەیەکی دیموکراسیدا، پێمانوایە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەوپێیەی لەدەنگدانێکی ئازادانەو دیموکراسیانەدا نەیانتوانیوە متمانەی خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنن، بونەتە ئۆپۆزسیۆن، ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، براوەی هەڵبژاردنەکان بوین و خەڵکی کوردستان ئەو متمانەی پێداوین، واتە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسیانەدا ئێمە براوەی موتڵەقین و برایانی ئۆپۆزسیۆنیش دۆڕاوی موتڵەقن، ئێمە لەم چوارچێوەیەدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین، لەچوارچێوەی پرۆسەی سیاسیشدا مامەڵەیەکی هاوسەنگیان لەگەڵ دەکەین، بەوەی کە ئێمە هاوخەباتی هاوچارەنوسین لەڕووبەڕوو بونەوەی ئەو مەترسیانەی کە لەسەر خەڵکی کوردستانە، پێکەوە ئەبێ شان بەینە بەر ئەو بەرپرسیارەتییانەی کە هەن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئێمە مافی خۆمانە ئەو پرسیارە لەبرایانی ئۆپۆزسیۆن بکەین، وروژاندنی کۆمەڵێک بابەت، هەم لەرووی ناوەڕۆکەوە هەم لەرووی تەوقیتەوە لەم کات و ساتا بۆ؟، لای ئێمە ئەوە کۆمەڵێک پرسیار دەوروژێنێت، لەوانە کە هێشتا کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەتەنگەژەیەکی قوڵدان، هێشتا سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق بەتەنگەژەیەکی قوڵدا تێدەپەڕێت، هێشتا دۆخی تەندروستی جەنابی سەرۆک مام جەلال بەقۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەمەش ئیستیحاقێکی قەومییە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، نەک تەنها بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کەچۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت، هێشتا مەسەلەی ئێمە لەسوریا، و مەسەلەی ئەو کرانەوەو ئەو پێشکەوتنەی کە لە تورکیا هەن، بۆچی هەندێ پرس دەوروژێنرێت، بۆ ئەوەی برایانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆبونەوەی سێ قۆڵی رایانگەیاندووە، لەمەسەلەی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و ئەو بابەتانە، ئێمە پێمان وایە کە بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن جارێکی تر دووپاتیان کردەوە، کە ئەزانن چیان ناوێ، بەڵام نازانن چیان ئەوێ، ئەوان پێ لەسەر ئەوە دا ئەگرن کە سیستەمی حکومڕانی بگۆڕدرێت بەبێ ئەوەی رونکردنەوەیەکی لەم لایەنەوە بخەنە ئارا”.

دوابەدوای لێدوانەکەی هێمن هەورامی، راوێژکاری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، سۆران عومەر بەتوندی هێرشی کردە سەرپاتی و یەکێتی و لە نوسراوێکدا دەڵێت”ئه‌م لۆژیكی قسه‌كردنه‌ كه‌دیدگای حوكمڕانی 21 ساڵه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ پارتی دیموكرات و یه‌كێتی نیشتمانییه‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتییان پێكردووه‌، ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ كه‌پێی وایه‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دۆڕاوی موتڵه‌قی هه‌ڵبژاردنن بۆیه‌ بونه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌مان ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه‌ كه‌جگه‌ له‌خۆیی پێ قبوڵ نیه‌و به‌جۆرێك خۆی به‌سه‌ر كوری حوكمڕانی دا سه‌پاندوه‌و كه‌تاكو ئێسته‌ له‌ماوه‌ی 21 ساڵی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دا ته‌نها (3) هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی ئه‌نجامداوه‌و یه‌كه‌م ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنیشی به‌ سیستمی (50 به‌ 50) بۆخۆیان قرۆخ كردو پاشان شه‌ڕی ناوخۆیان به‌سه‌ردا هێنا”.
عومەر پارتی و یەکێتی بەبردنی سامانی میللەت تاوانبار دەکات نوسیویەتی”سه‌یره‌ هێزێك كه‌ تێوه‌گلاوه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی دارایی له‌هه‌رێمی كوردستان و ملیاره‌ها ترلیۆن دۆلاری قوتی ئه‌م میله‌ته‌ی خواردووه‌ له‌ گومرگه‌كانی ئیبراهیم خه‌لیل و خاڵه‌ سنورییه‌كانی باشماخ و حاجی هۆمه‌ران و په‌روێزخانه‌وه‌ تاكو ده‌گاته‌ بردنی شیرینی نزیكه‌ی 50 گرێبه‌ستی نه‌وتی و شه‌راكه‌تی 53 بیره‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و ده‌یان پاڵاوگه‌وی نه‌وت و هه‌زاران كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی و ملیۆنه‌ها دۆنم زه‌وی موڵكی گشتی و داگیركردنی ده‌یان گردو هاوینه‌هه‌وارو ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ئابوروی بازاڕی ئه‌م هه‌رێمی كوردستانه‌، ماف به‌خۆی ده‌دات ئۆپۆزسیۆن تاوانبار بكات به‌ وروژاندنی سۆزی شه‌قام به‌وه‌ی داوا ده‌كات سیسته‌می حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی بێ نه‌ك سه‌رۆكایه‌تی”.

هەر بۆ وەڵامی هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەختیار شاخی کادری راگەیاندنی پارتی و بەرپرسی ماڵپەری رەسمی پارتی لە وتارێکدا نوسیویەتی”ئۆپۆزسیۆنی كوردستان، چوونكە ساوایە، زۆر دەكەوێتە هەڵەوە. ئەگەر وەكخۆیان لێكدانەوە بكەین، دەتوانین بڵێین ئەوان ئەو ڕەفتارانە بەهەڵە نازانن و بەبیركردنەوەی پێشوەختە و پلانەوە و بۆ خەڵەتاندن، یان بەقەولی خۆیان گەوجاندن، ئەو كارانە دەكەن”. و زیارتریش دەڵێت”لە خوولی یەكەمی سەرۆكایەتیی هەرێمدا، كە سەرۆك بارزانی لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، تیۆریسیەنەكانیان شاشەی تەلەڤزیۆنەكانیان بەر نەدەدا ودەیانگووت: ئەو سەرۆكایەتییە بەرهەمی سەفقەیەكی سیاسی و ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتییە و مادەم لەلایەن خەڵكەوە هەڵنەبژێردراوە ناشەرعییە. لەم خوولەدا كە سەرۆك بارزانی بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵك، ئەویش بە ڕێژەی %70ی دەنگدەران هەڵبژێردرا و بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییە بوێرانەكانیشیەوە رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی هەوادارنی زیاد دەكات، بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن كەوتوونەتەخۆ كە بەحیسابی خۆیان ئەگەر نەشتوانن جەماوەری سەرۆك كەم بكەنەوە هەوڵ بدەن هەڵبژاردنی سەرۆك ببەنەوە پەرلەمان تا لەوێ دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم ببەستنەوە بە سەفقەی سیاسییەوە و بە حیسابی خۆیان هەندێ ئیمتیازاتی پێ وەربگرن، هەمانكار كە لەكاتی دەنگدان بە سەرۆك كۆمار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردیان”.

شاخی لەوەڵامی ئەو پرۆژەیەش کە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی کوردستان، بۆ گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی کوردستان ئامادەی کردووە و واژۆی پەنجا پەڕلەمانتاریان بەدەستهێناوە، نوسیویەتی”ئەوانەی دەیانەوێ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بگۆڕن و بە میزاجی خۆیان پڕۆژ یاسایەكیان خستۆتەڕوو و بێ پەروا ڕایدەگەیەنن كە ئەگەرچی ئەو پڕۆژەیاسایە لەگەڵ پڕۆژەی دەستوور ناكۆكە بەڵام ئەوە پڕۆژەی دەستوورە كە دەبێ خۆی لەگەڵ یاساكەی ئەواندا بگوونجێنێت جگە لەو باكگراوەندە داخ لە دڵییەی لە پشتیەوەیەتی، ئەنجامی پێنەگەیشتن و تێنەگەیشتنی داڕێژەر و هەڵسووڕێنەرانیەتی، تێنەگەیشتن لەوەی كە چی بكەن تا خۆشەویستیی بارزانی لە دڵی خەڵك دەربهێنن”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com