سیاسەتی رۆژ، تاکتیک و ستراتێژی ھاوبیرانی دیموکرات

0
هاوبیرانی دیموکرات
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
بنەماڵەی شەھیدانی گەل و خەباتکارانی زیندانی سیاسی
دۆستانی نەتەوەیی
ھاوڕێیان و ھاوبیرانی دیموکرات
وێڕای سڵاو

پێنج مانگ بەر لە ئێستا ھاوبیرانی دێمۆکرات، لە رێی بڵاو کردنەوەی خاڵە سەرەکییەکانی بیر و بۆچوونی و پاش چەندین جار راوێژ و سەنگ و سووککردنی لێکدانەوەکانی، تێکۆشانی خۆی بە شێوەی نیوە نھێنی راگەیاند.
بە پێویستی دەزانین بۆچوونمان لە راگەیەندراوی یەکەمدا، دووبارە لە رێی لینکی خوارەوە بخەینەوە بە نەزەری ئێوەی خۆشەویست:

http://www.nuche.net/?p=115385

لە سەر ئەو بنەما ھیزرییە لە لینکی سەرەوەدا باسکراوە؛ خاڵە گشتییەکانی سیاسەتی ھاوبیرانی دێمۆکرات دێنینە گۆڕێ:

ئا) سیاسەتی رۆژی ھاوبیرانی دیموکرات:

نەرم دەچینە پێشەوە و بەو مەنتقە تێدەکۆشین، کە سەرنجی حیزب و جەماوەر بۆ لای بیرو بۆچوونمان رابکێشین.

ھەرگیز لە پڕێنسیپەکانی وەک: خزمەتی گشتی، راوەستان لە بەرانبەر بەلاڕێدابردنی ھیزری نەتەوەیی و سازان لە سەر بنپێکردنی مافی رەوای کوردستان و گەلەکەی پاشەکشە ناکەین.

دایالۆگ، فۆڕمۆڵەکردنی ئیدئۆلۆژی کوردایەتی، دیتنەوەی خاڵی ھاوبەش بۆ تەبایی و یەکڕێزی، ئەرکی رۆژانەی ھەر ھاوبیرێکی دێمۆکراتە.

بە ھیچ شێوەیەک لە دەستەواژەی نەشیاو، ئازاردەر، زڕاندنی ناوی ھاوڕێیانی نەیار، کەڵک وەرناگرین.

لە دایالۆگ کردن دا، باسی گشتی نەتەوەیی، ئاماژەکردن بە مێژووی خەبات، ھۆیەکانی سەرنەکەوتنی تا ئێستای گەلی کورد، شانازییەکانی کۆماری کوردستان، وەسیەتی پێشەوای نەمر، زانایی و کلتور و کەسایەتی بەرزی قاسملوو، بیری کوردایەتی دکتور شەرەفکەندی کەڵک وەردەگرین.

ئەرکێکی سەرەکی ئێمە، دایالۆگە لە گەڵ پێشمەرگە و تا بۆمان دەکرێ مانای بوون و خەباتی پێشمەرگە، رۆژانە بێنینە بەر باس.
سیاسەتی رۆژی ھاوبیران باسکرا، ئەوسیاسەتە ھی ئێستایە، کە ھەم حیزب و ھەم ئێمە لە دەرەوەی رۆژھەڵاتین، سیاسەتێک، کە زۆر بە نەرمی، بەڵام قایم و نەتەوەیی بۆ داڕشتنەوەی ھیزری کوردایەتی لە نێو حیزب دا تێدەکۆشێ.

بێ) تاکتیکی تێکۆشانی ھاوبیرانی دیموکرات:

ئەم بەشە لە سیاسەتمان، ھەڵگری قۆناخێکی نوێیە؛ لەو قۆناخەدا، دەبێ ھەڵسەنگاندنمان بۆ ئاستی بەرەوپێشچوونی خەباتی ناوخۆ، روونکردنەوە لە سەر سیاسەتی راگەیندراوی حیزب و بڵاوکردنەوەی زیاتری ھیزر و باوەڕی کوردایەتیمان چڕتر بەکەین. بۆیە سیاسەتی تاکتیکیمان ھەڵگری ئەو خاڵانەی خوارەوەیە:

تاکی ھاوبیر لە سەر بنەمای کوردایەتی و رزگاری نەتەوەیی، دەتوانێ بە گژ ھەر چەشنە لاوازیی، بەربەست و لادان لە رەوتی نەتەوەیی دابێتەوە.

بە گەشانەوەی زیاتری خەباتی رۆژھەڵات؛ تێکۆشانی تێئۆری (نووسین و راگەیاندن)، کردەیی (بوون لە مەیدانی خەبات لە ناوخۆ)ی ھاوبیرانی دیموکراتیش پەرەدەستێنێ.
لە گەڵ واقیعی گەشانەوەی خەباتی رۆژھەڵات، جارێکی دیکەش داوا دەکەین، رێگە بدەن لە ناو رێزەکانی تەشکیلاتی حیزبدا، وەک باڵی نەتەوەیی حیزب تێبکۆشین.

نائومێدبوون لە پێکەوە تێکۆشان لە تەشکیلاتێک دا، ھاوبیرانی دیموکرات، لە رەوتی تێکۆشانی نەتەوەیی نائومێد ناکا. ئێمە گوتوومانە و دووپاتی دەکەینەوە، کەس ناتوانێ سەنگەری تێکۆشانی نەتەوەیی حیزب بە ئێمە چۆڵ بکا، بۆیە لە سەر ئەو بنەمایە، ئاشکراتر و بە ھەموو توانای تەشکیلاتیمانەوە دێینە مەیدان. لەو حاڵەتەدا با ئەوان لە رێی تەشکیلاتی خۆیان ھەوڵ بدەن و ئێمەش بە توانای تەشکیلاتیمانەوە، بۆ روانگە، توانا، مێژوو، رەسەنایەتی نەتەوەیی؛ کۆماری کوردستان، قازی محەمەدی پێشەوا، و رێبەری مەزن دوکتور قاسملو و سکرتێری نەتەوەیی حیزبی دیموکرات، دوکتور شەرەفکەندی و بە گشتی بۆ حیزب تێدەکۆشین.پێ) ستراتێژی تێکۆشانی ھاوبیرانی دیموکرات:

جەوھەر و بنەچەی تێکۆشانی ھاوبیرانی دیموکرات، کوردایەتی و رزگاری نەتەوەییە.
بیری کۆمار، وەسیەتی پێشەوا، تێئۆریی و ھیزری رێبەران قاسملو و شەرەفکەندی و گەشەی ئەو ھیزرانە لە تێکۆشانی ئێستادا؛ ھەوێنی چالاکی و خەباتی ستراتێژیکی ھاوبیرانی دیموکراتە.

سیاسەتمان دۆستایەتیە لە گەڵ ھەموو حیزبەکانی کوردستان و شەھیدانیان بە شەھیدی خۆمان دەزانین، رێزی تایبەتی مان ھەیە بۆ رێبەرانی شەھیدی حیزبەکانی دیکەی کوردستان.ھاوبیرانی دیموکرات، لە پێناوی گەشەی ئامانجی نەتەوەیی کورد و کوردستانیدا؛ دژی ھیچ چەشنە پێکھاتن و شەراکەتێک لە گەڵ؛ یەک، دوو، یان چەند نەتەوەی تر ناوەستێتەوە.

ھاوبیرانی دیموکرات، تێئۆری ئەزموونە شکستخواردووەکانی پێشوو وەک: خودمختاری ئیسلامی، فیدڕاڵ- دیموکراسی ئێرانی، خۆئیدارەکردنی کلتووری؛ دووپات ناکاتەوە و تێدەکۆشێ لاوازییەکانی ئەو دەستەواژە شکستخواردووانە، بە ھەموو تواناوە لەقاوبدا و بە کۆمەڵانی گەلی تێکۆشەری کوردستانییان، بناسێنێ.

لە پاشەکشە و رووخانی رێژیمی ئیسلامیدا؛ رێگەنادرێ، «ئاغا باڵا سەری دیکە» بە سەر کوردستاندا، حاکم ببێتەوە.

ھیچ ئێراچییەک، بە تایبەت فارسی شۆڤینیستی ئێرانی، نابێ و ناتوانێ، بە ویستی خۆیی و بەبێ قەبووڵکردنی سەروەرییە سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان؛ وەک ساڵی ١٩٧٩ لە کوردستان دا کار بۆ ئێرانچێتی بکا.

لە ھوتێل و دامودەزگا ئەمنییەکان، دەبێ ناوی ھاتوو-و دەرچوو، بۆھاتنی کەسانی دەرەوەی سنوورەکانی كوردستان ئەرشیڤ بکرێ.

حیزب و رێکخراو یان بەرەیەک لە حیزب و رێکخراوەکان، نابێ کار و تێکۆشانی ئیداریی رۆژانەی کوردستان بەڕێوەببەن، بەڵکە حیزبەکان و بەرە، داڕێژەری بەرنامەی تێکۆشانن بۆ کوردستانێکی ئازاد. دینامیکی نێوخۆیی کوردستان و کارەئیجڕایی و رۆژانەکان، کارمەندی ئاسایی و پسپۆڕانی زانستی و ئیداری بەڕێوەی دەبەن. حیزب و رێکخراو یان بەرە، لە یەکەمین دەرفەتی ئازادیدا، دەبێ ھەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی شووڕای کوردستان بکەن.

کوردستان بە ھەموو شێوەیەک دەبێ سیویلیزێرە بکرێ و دامودەزگای ئابووری، داد و ئاوەدانی، لە ژێر چاودێری شوڕای ناوچە، شار، شارستان، پارێزگا و کوردستان دا بەڕێوە دەچێ.

ھەموو ئیلتیزام و پاراستنی تێکۆشان و ئاسایشی گەل لە کوردستاندا، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستەبەری دەکا. ئەو ھێزە واتە ھێزی پێشمەرگە بە سەر بەشەکانی: پاراستنی ئاسایش، پۆلیس و ھاتووچۆ و پاراستنی سنوورەکانی کوردستان دا دابەش دەبێ و ھێزی پێشمەرگە ھێزی کوردستانە، نەک ھێزی حیزب یان بەرەیەک لە حیزبەکان.

سەرکەوێ یەکڕێزی ھێزەکانی کوردستان، بۆ پێشەوە بەرەو گەشەپێدانی بیر و سەروەرییەکانی کۆماری کوردستان.
لە گەڵ رێزماندا
ھاوبیرانی دیموکرات
١٤ی مانگی پووشپەڕی ٢٧١٨ی کوردی
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com