ئامانجی رادیۆی نەوا !!
راگەیاندنێک لە تەها بەرواری یەوە
بەردەوام ویستوومە رێز لەهەموو میدیاو میدیاکارێکی کوردستان بگرم، زۆر وتراوە لەبارەیانەوە، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگ بووە بوونی میدیای ئازاد و رەخنەگر و راستگۆ و بەرپرس بووە، چونکە لەهەموو دنیا میدیا ئاوێنەیە، تێیدا کەموکورییەکان پێشان دەدرێت و دەزگای کەمتەرخەم ناچار بەبەخۆیدا چونەوە دەکات و کاری جوان و پێشەنگ بەرجەستە دەکات بۆئەوەی هاندەری گەشە سەندنی کۆمەڵگای مەدەنی بێت.
تێگەیشتنی من بۆ میدیا تێگەیشتنی هەمان مرۆڤە ئازادیخوازەکان بووە کە لە هەر وڵاتێکی دیموکراتیدا هەن، بەڵام هەندێ کات بەشێک لەمیدیا و میدیاکارانی کورد، مرۆڤ ناچار دەکەن بەم تێروانینەی خۆیدا بچێتەوەو بیرێک لەو بڕوایە بکاتەوە کەپێی وایە هێشتا زووە میدیاکارانی ئێمە، نوێنەرایەتی میدیاکارانی کۆمەڵگە پێشکەوتوو دیموکراتیەکان بکەن.
ئەو کات کەلەکوردستان کارم دەکرد، میدیاگەلێک بە مەبەست و بۆ ئامانج هەرچی کاری نامیدیایی بوو بەرانبەر خۆم و کارەکەم کردیان، سەرەتا وامدەزانی ئەوەی دەیکەن هەڵە تێگەشتنیانە لەکاری میدیا، یان پێموابوو بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەسەرەتای قۆناغی گواستنەوەدایە، میدیاش بەو قۆناغەدا گوزەر دەکات، بۆیە هەڵە دەکات و لەکاری خۆی لادەدات، بەڵام ئەنجام تێگەشتم نەخێر ئەوەی هەندێ میدیا بەرامبەر ئێمە کردیان شەڕی سیاسی و مەبەست و مەرامی سیاسی لەپشت بوو.
دواتریش وێڕای ئەوەی لەدامەزراندنی کابینەی شەشەمەوە بەرەسمی هیچ بەرپرسیارییەکی حکومەتی لە ئەستۆی من نییە، بەڵام خەڵکێک هەبوون، هەر لە پەنای ناوی میدیاوە بەردەوامیان بەو قسانەداوە کە لەدژی ئێمە دەکران، ئەوکاتیش دیسان هەندێکیان نیگەرانیان دەکردم، چونکە پێشتر وەکو میدیای پرۆفیشناڵ لێمروانیون، بەڵام قسەی هەندێکیان جێ بایەخ نەبووە لام، چونکە زانیومە نەکارو نە قسەو نە ئاکاری ئەوان، ئاکاری میدیایی نییە و خەریک بەهۆنینەوەی قسەی ئاست نزم و بازاڕین.
ئەوەی زیاتر بووە جێی نیگەرانی من، چوونە ناو گرۆپی میدیا شەڕفرۆش و ناپرۆفێشناڵەکانی رادیۆی نەوایە، ئاخر پێشتر کارەکانی ئەو رادیۆیە هەمیشە جێگای رێز بووە لای من، بێ رەچاوکردنی هەرچی ئەوەی لەبارەیان وترابێت، من زیاتر رێزم لێیانگرتووە، بەڵام وەک تێبینیمکردووە ماوەیەکی زۆرە، وەختە ئەوانیش بچنە ناو چوارچێوەو جوملەی ئاماژەبۆکراوەوە، دواترین نمونەی کاری ئەو رادیۆیەش کە گومانەکانی سەر رادیۆکە و لەدەستدانی پرۆفیشناڵیان لای من زیاد دەکات، ئەوەبوو کەرۆژی ١٤/١/ ٢٠١٣ لە سایتی رادیۆی نەوا هەواڵێک لە سەر وەزیری وهرزش و لاوانیعێراق بڵاوکرایەوە، بەبێ ئەوەی هەواڵەکە لە دوورو نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە وەک وەزیری وەرزش و لاوانی حکومەتی کوردستان، لەکابینەی پێنجەم هەبێت، وێنەیەکی منیان لە سەر هەواڵەکە بڵاکردووەتەوە. کاتێک ئەو هەواڵەم بینی پێویست نەبوو لام بەشێوەی راگەیاندن قسە لەسەر ئەو هەڵەیان بکەم کە لەبەرامبەر من کردویانە، هەنگاوی یەکەم لەرێگای سایتەکەیانەوە ئیمەیلێکم نارد بۆ بەڕێوەبەری رادیۆی نەوا، کە تێیدا رەخنەم لەکارەکەیان گرتووە، و داوای رونکردنەوەم کردووە، کە ئاخۆ بۆچی دەبێت لەسەر هەواڵی لێپرسینەوە لەوەزیرێکی عێراقی، وێنەی من پەخشبکەن، هیوام خواستبوو کە ئەوەی کراوە هەڵەیەکی تەکنیکی بێت.
بەڵام دوای ئەوەی وەڵامم وەرنەگرتەوە، هاوکات چەند بەرێزێکیش لەبارەی ئەو کارەی رادیۆ نەواوە پرسیاریان لەمن دەکرد، کە ئایا بۆچی ئەوە کراوە؟، یان ئایا ئەو هەواڵە چی پەیوەندییەکی بەمنەوە هەیە؟. بۆیە لە وەرنەگرتنی وەڵامی ئەو رادیۆیە، هەمان نامەم لە پەیجی تایبەی خۆم لە فەیسبوک بڵاوکردەوە، پاشان لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیم بەرادیۆی نەواوە کرد، پێموتن دەمەوێ قسە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەتان بکەم، خانمێک وەڵامی دایەوە گۆتی، بەڕیوەبەر لێرە نیە، بەرپرسی کارگێری ئاگادار دەکەم بۆ ئەوەی پەیوەندیت پێوە بکات، منیش ژمارە تەلەفۆنی خۆمم بۆ بەجێهشتن، بەڵام تاکو ئێستا ئەویش پەیوەندی پێوە نەکردووم.
دیسان دوای وەرنەگرتنی وەڵام، لە ڕێگای دۆستێکمەوە ژمارەی تایبەتی بەڕێز بەڕێوەبەری رادیۆی نەوام وەرگرت و بۆخۆم پەیوەندیم پێوەکرد، گوتی من لە بەغدامە و سبەی دەگەڕێمەوە، بە دواچون دەکەم و لەو بارەوە رونکردنەوەیەک ئەدەین. لە ٢٧/١/٢٠١٣ وە ئەو بەڕێزەش نە پەیوەندی کردووە و نە هیچ رونکردنەوەیەکی داوە!.
لێرەدا مافی منە دوای ئەو هەموو نەرمی نواندنەی من لەگەڵ رادیۆ نەواو ئەو چەند جار پەیوەندی کردنە، نەدانی رونکردنەوە لەلایەن ئەو رادیۆیەو هێشتنەوەی وێنەکەی من لەسەر هەواڵێک کەهیچ پەیوەندییەکی بەمنەوە نییە و باسی لێپرسینەوە لەوەزیرێکی عێراق دەکات، بگەمە ئەو ئەنجامەی کە:
• پەخشکردنی وێنەیەکی من لەگەڵ هەواڵێکی بێ پەیوەندی بەمنەوە، یان ئامانجی سیاسی هەیە، یان کێشەیەکی شەخسییە، و هەڵەیەکی تەکنیکی نیە! چونکە ئەگەر هەڵەی تەکنیکی بوایە دوای ئاگادارکردنەوەیان هەڵەکەیان راست دەکردەوە، بەهۆی ئەوەش کە کێشەدارنیم لەگەڵ هیچ میدیایەکدا، ئەتوانم بڵێم لە مەسەلەی شەخسیش دوورە، بەو پێیەش رێگە بەخۆم دەدەم کە بڵێم، ئەوەی رادیۆ نەوا بەرامبەر بەمن کردویانە ئامانجی سیاسییە و هیچی تر.
• دوای ئەو کارە ناپرۆفیشناڵەو ئەو لادانە گەورە لە ئێتیک و ئاکاری رۆژنامەوانی، هیچ متمانەیەکم بە پرۆفێشۆنالی رادیۆی نەوا نەماوە!
• ئەو گومانانەی کە لەبارەی لایەنداری سیاسی و ئامانجی سیاسی پشتی راگەیاندنەکان و لەسەر رادیۆ نەوا لای خەڵکانێک هەبوو، ئەوا لای منیش زیادی کردوو پرسیاری زیاتریشی لا دروستکردم.
• مافی خۆمە رادیۆی نەوا بە رەسمی پۆزشم بۆ بهێنێتەوە و رونکردنەوە بۆ گوێگرانی رادیۆ و خوێنەرانی سایتی نەوا بدات، لەو هەڵەی کردویانە، کە هیچ پاساوێک نابێتە وەڵام بۆی، بە تایبەتی دوای ئەو دەستپێشخەریانەی کە کردم وەکو رێزێک بۆ کاری راگەیاندن، تا بەشێوەیەکی مەدەنی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم چەواشەکاریە بکرێت. من ئەم مافەم لای رادیۆ نەوا هەیەو دەبێت بەڕێزەوە بیگێڕنەوە.
—
بۆ بینینی هەواڵەکەی رادیۆ نەوا، کە تاکو ئێستاش هێشتویانەتەوە لەسەر ماڵپەڕەکەیان، کلیک لەم لینکە بکە:
http://radionawa.com/Detail.aspx?id=4139&LinkID=2#.UQmfuGcrMsK
….