“کۆسرەت رەسوڵ نیگەران نییە”

0

کۆسرەت“کۆسرەت رەسوڵ نیگەران نییە”

نوچەنێت

دوای ئەوەی عیماد ئەحمەد رایگەیاند کۆسرەت رەسوڵ عەلی براگەورە نیە، دواتریش هەر لەو بارەیەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، لە راگەیاندنەکان وا لێکدرایەوە هۆکاری رونکردنەوەکەی عیماد ئەحمەد، لەژێر فشاری کۆسرەت رەسوڵ بووە، لەبەرانبەریشدا سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ نوچەنێت، ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە.

لەکاتی نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبە، کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی، وەک براگەورە، بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە حزبیەکانی یەکێتی راگەیاند، دواتریش رۆژنامەی هاوڵاتی دیمانەیەکی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی کومەتی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەژێر ناونیشانی (كاك كۆسرەت براگەورە نییەو خوا ئەوە بگرێت ئەم دەستەواژەیەی داهێنا) بڵاوکردەوە، دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ئەو دیمانەیەش، وتەبێژێك لەئۆفیسی تایبەتی عیماد ئەحمەدەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و کە تێداهاتبوو،”مەبەست لەم لێدوانە ئەوە بووە كە دەستەواژەی براگەوەریی لەپەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا نییەو پۆستی حزبیش لەسەر ئەو بنەمایە دیاری ناكرێت، بەتایبەتی بۆ هێزێكی سیاسی و مۆدێرنی وەكو یەكێتی كەخاوەنی  پەیڕەی خۆیەتی و بەپێی رێكاری دەستوری ناوخۆ پۆستەكان دیاری دەكرێن، لەم ماوەیەشدا كاك كۆسرەت و تەواوی دەزگاو ئۆرگانەكانی یەكێتی بەپێی پەیڕەو كاریان كردوەو لەم دیدارەشەدا عیماد ئەحمەد بەهیچ شێوەیەك مەبەستی لەرەتكردنەوەی رۆڵی ئێستای كاك كۆسرەت نەبووە” .

وتەبێژەکە زیاتریش وتبووی”عیماد ئەحمەد تەئكیدیش دەكاتەوە كاك كۆسرەت یەكێكە لەكۆڵەكەكانی یەكێتی و خاوەن پێگەی سیاسی و حزبی رێزلێگیراوی خۆیەتی، لەو ماوەیەشدا كەجەنابی مام جەلال لەسەفەری چارەسەر بووە، كاك كۆسرەت بەپێی پەیڕەو كارەكانی خۆی كردوەو عیماد ئەحمەد-یش   یەكێكە لەهاوكارو پشتیوانەكانی.” تەئكیدیشی کردەوە كە لەسەر ئاستی شەخسیدا كاك عیماد ئەحمەد هەمیشە رێزی تایبەتی بۆ كاك كۆسرەت و رۆڵی شۆڕشگێرانەی ئەو هەیە و بەبراگەورەی خۆشی دەزانێت، بۆیە  پێویست بەهیچ لێكدانەوەیەكی تر  ناكات”.

رونکردنەوەکەی عیماد ئەحمەد لە راگەیاندنەکان وا لێکدرایەوە کە لەژێر فشاری شەخسی کۆسرەت رەسوڵ عەلی و شوێنکەوتوانی بووە. لەبەرانبەریشدا سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوەو تایبەت بە نوچەنێت وتی” ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی نییە کە کاک کۆسرەت نیگەران بوبێت لەو قسانەی کاک عیماد ئەحمەد، کاک کۆسرەت بڕوای تەواوی بە ئازادی دەربڕین هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا کاک عیماد خۆی رایگەیاندووە، کە مەبەستی ئەو لەو قسەیە ئەوە بووە، وشەی براگەورە لە پەیڕەوی ناخۆدا نییە، نەوەک رۆڵی براگەورەیی کاک کۆسرەتی رەتکردبێتەوە”.

سەرچاوەکەی نوچەنێت، زیاتریش وتی” کاک کۆسرەت نەک نیگەران نەبووە لەو باسە، یان نیگەرانی خۆی بە کاک عیماد وتبێت، بەڵکو بەهیچ شێوەیەک نە باش و نە خراپ، یەک وشەی لەسەر ئەو باسە نەوتووە “.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com