یەکێتی: لەدوای هەڵبژاردن سنور بۆ پارتی دادەنێین
نوچەنێت . دهۆک
بەرپرسێکی یەکێتی لەدهۆک بەنوچەنێتی راگەیاند، لەناوچەی بادینان بەگشتی یەکێتی لەهەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان زیاتر بێبەشکراوە لە بەڕێوەبردن، لایەنگرانیشی بێبەشکراون لەمافەکانیان، بۆیە” لەدوای هەڵبژاردنی ئەمجارە سنور بۆ پارتی دادەنێن”، پێشنیارێکی بادینانیەکانی ئەو حزبەش بۆ سەرکردایەتی حزبەیەکان بۆ نوچەنێت ئاشکرا دەکات.
لەگەڵ ئەوەی رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی دا هەیە، بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستە ئیدارییەکانی کوردستان، بەڵام یەکێتی ناڕازییە بەبەشی خۆی لە حکومەتدا و پێی وایە” پارتی دەستی بەسەر زۆرینەی رەهای پۆستەکاندا گرتووە”. بەرپرسێکی یەکێتی لەناوچەی بادینان بەنوچەنێتی راگەیاند”یەکێتی باش دەزانێ و لایەنگرانیشی دەزانن، کە یەکێتی هیچ دەسەڵاتێکی لەسنوری بادیناندا نییە و رێککەوتنی ستراتیژی تەنها سنوری هەولێری گرتۆتەوە، ئەویش بەشێوەیەکی رێژەیی”. ئەو بەرپرسەی یەکێتی بۆ نوچەنێت زیاتر وتی” بێگومان شوێنەکەوتوو لایەنگرانی یەکێتی لەناوچەی بادینان لە حزبەکەیان توڕەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەنگەریان نەگواستۆتەوە، ئەوان توڕەن و هەڵوێستیان وەرگرتووە، بۆیە لەکاتی هەڵبژاردنەکانیش دەنگیان بەیەکێتی نەداوە، یان بەشداری هەڵبژاردنەکانیان نەکردووە، چونکە هەموو مافەکانیان پێشێل دەکرێت و دەخورێت، لەساڵی ٩٤ ەوە هەتا ئەمرۆ یەکێتی هیچ دەسەڵاتێکی نەبووە و نییە لەناوچەکانی بادینان، بۆیە نەیتوانیوە خزمەتی لایەنگرانی بکات، هەتا ماوەیەکیش لەمەوبەر ئەگەر خانەنشینی بۆ ئەندامێکی کرابێت، دەبوو لە دهۆک و بادینانەوە بچێتە سلێمانی بۆ وەرگرتنی، ئەم بێ دەسەڵاتیەی یەکێتی لەبادینان زەربەی گەورەی لەیەکێتی داوە، چونکە بەهۆی رێککەوتنی ستراتیژیەوە ناتوانێ ئەدای ئۆپۆزسیۆن بوون بکات، لەهەمانکاتدا بەشدار و شەریکی راستەقینەی دەسەڵاتیش نییە”.
بەرپرسەکەی یەکێتی بۆ نوچەنێت وتیشی” ئێستا ئێمە بەگەرمی دەستمان کردوەتەوە بە ئاشتکردنەوەی شوێنکەوتوانی خۆمان لەبادینان، بە داننان بەو راستیەدا کە ئێمە لەبادینان بێ دەسەڵاتین و دەبێ لایەنگر و شوێنکەوتوان و دڵسۆزانمان دەرفەتێکی تر بدەنە حزبەکەیان، بەڵێنمان پێداون، پشتگوێخستنی ئەوان هەتا ئەم هەڵبژاردنەیە، لەدوای ئەوە سنور بۆ پارتی دادەنێین، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بووین، ئەدای ئۆپۆزسیۆن بوون دەکەین، لە دەسەڵاتیشدا بووین شەریکایەتی بێ دەسەڵاتمان ناوێ لەبادیناندا”.
لەسەر ئەو بنەمایەش بەرپرسەکەی یەکێتی پێی وایە”لە هەڵبژاردنی ئەمجارە یەکێتی لەبادینان دۆخی باش دەبێت، و دەنگی زۆر زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەدەست دەهێنێت”.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی، پێشنیارێکی بادینانیەکانی ناو یەکێتی بۆ سەرکردایەتی حزبەکەیان بۆ نوچەنێت ئاشکرا دەکات و دەڵێت” ئێمە پێشنیاری ئەوەمان کردووە، کە مافی لامەرکەزیمان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆمان، دۆخی کوردستان دۆخێکی هەستیار و تایبەتە بۆیە ئەگەر نەشکرا لە رێککەوتنی ستراتیژی بێینە دەرەوە دەبێت یەکێتی سەرکردایەتیەکی تایبەتی لەبادینان هەبێت و ئەوان بڕیار بدەن، لەچوار چێوەی یەکێتی بووندا تا چ ئاستێک پابەندی رێکەوتنی ستراتیژی دەبن، یان رێککەوتن بەو شێوەیە بێت، لەکوێ لەسەر ئەساسی رێککەوتن دەسەڵات و پۆستەکان دابەشکرا، با لەو جێگایە ئیلتیزامی کولی بە رێککەوتنەوە هەبێت، لەو جێگای ئیلتیزام بە دابەشکردنی دەسەڵاتەوە نەکرا، با ئیلتیزامیش بە رێککەوتنی ستراتیژییەوە ئیجباری نەبێت، و بۆمان هەبێت ئەدای ئۆپۆزسیۆن بوون بکەین، با پارتیش ئەو مافەی لەسلێمانی هەبێت، ئەگەر ناڕازین بەبەشی خۆیان”.