د.ڕیدار محەمەد ئەمین
پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان
زۆرجاران دایک و باوک گرنگیەکی زۆر بە منداڵ دەدەن و هەردەم لە گەڵیانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، پێیانوایە جارێ منداڵەکانیان بچووکن و ناتوانن خۆیان کێشەکان چارەسەر بکەن!
ئەوان دەڵێن: کاتێک منداڵ گەورەبوون، ئەوا فێر دەبن چۆن خۆیان چارەی کێشەکان بکەن.
ئەمە تێڕوانینێکی زۆر هەڵەیە! چونکە کاتێک تۆ بەردەوام کێشەی منداڵەکەت چارەسەر دەکەیت، ئەوا هیچ بوارێکی بۆ ناهێڵیتەوە ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات، (سواریش تا نەگلێ نابێتە سوار!).
تۆ دڵت خۆشە هەموو کێشەکانی ئێستای بۆ چارەسەر دەکەیت، بەڵام ئایا کێشەکانی ژیان کۆتاییان دێت؟ ئایا هیچ کێشەی تری نایەتە ڕێ؟ ئەو کاتەی گەورە بوو، کێ کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات؟
تۆ ئێستا وەک ئامێری شۆڤڵ یان بلدۆزەری و هەموو ڕیگایەکانی بۆ ڕاست دەکەیتەوە، وەک ئەوەی لەسەر مافووری سوور بڕوات، دڵت خۆشە،! منداڵەکەت بی کێشەیە، دڵت خۆشە! ئەگەر چی ماندووی و وەک هێلی کۆپتەر بەسەری منداڵەکەتدا بەردەوام دەخولێیتەوە! بەڵام ئەگەر هیلی کۆپتەرەکە کەوتە خوارەوە، بلدۆزەرەکە شکا! ئەو کات منداڵەکە چی دەکات؟
ئێستاکە هەست دەکەیت، بەم رەفتارەت چ زوڵمێک لە جگەرگۆشەکەت دەکەیت؟!
هەست دەکەیت، منداڵەکەت کردۆتە کەسێکی لەرزۆک، بێ ئیڕادە، بێ هێز، بێ توانا و کەم شارەزا؟ نەک رەشەبا، بەرامبەر کزەبایەکیش چۆک دادەدا و دەچەمێتەوە؟
ئێستا، کە تێگەیشتی ئەم رەفتارەت هەڵەیە؟
دڵنیام دەپرسی چی بکەم باشە؟
من پێت دەڵیم، با ئەوڕۆ منداڵەکەت ئازار بچێژێت، تاکو بەیانی ئارام بژێت، نەک تۆ لە جیاتی ئەو ئازار بچێژیت و بەیانیش پێکەوە ئازار بچێژن!
چونکە ئازار تاکە رێگای فێربوونە، قەرزێکە لەسەر منداڵ، ئەمڕۆش نەیچێژی، بەیانی دەبێت بیچیژێت، رەنگە ئەو وەختە، قەرزەکە قورستر و درێژخایەنتر بێت!
کەواتە:
کاتێک منداڵەکەت نان دەخوات و هیلاک دەبێت، تاکو پاروویەک قووت دەدات، یان بەخۆی دادەرێژێت، ئەوا خێرا پارووی بۆ درووست مەکە، نیگەران مەبە، جلشۆرەکە لەوێیە، یارمەتیت دەدات!
کاتێک منداڵەکەت، بەڕێگایەکدا دەڕوات و دڕکی لە پێ دەچەقێت، ئەوا دڕکەکە لەزەوی دەرمەهێنە، دڕکەکان کۆتاییان نایەت، بەڵکو فێری بکە چۆن خۆی لە دڕک لابدات.
کاتێک منداڵەکەت نازانێت پەیوەندی لەگەڵ منداڵان دروست بکات، نەچیت خۆت بۆی دروست بکەیت.
با منداڵەکەت چاوەڕیی ئەوە نەکات، هەرکاتێک هەڵەی کرد، تۆ لەوێی و بۆی چارەسەر دەکەیت.
با منداڵەکەت چاوەڕێی ئەوە نەکات، تۆ شتێکی پێ دەدەی جیاواز لە منداڵی تر، شانازی بەوە مەکە منداڵەکەت بەهۆی تۆوە لەناو منداڵان تاکە!
با منداڵەکەت لە منداڵی تر زیاتر وەرنەگرێت، بۆ نموونە کاتی زیاتر، دیاری زیاتر، پارەی زیاتر.
با منداڵەکەت خۆی چارەسەری ئەو کێشانە بکات، کەوا ڕووبەڕووی بووینەوە و لێیان ڕانەکات، تەنها ئەو کاتە یارمەتی بدە، کە مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو.
لێی گەڕی با سزای سەرکێشی و کەللەڕەقی و عینادی خۆی وەربگرێت.
ئەو شتانەی بۆ تەواو مەکە، کە خۆی دەبێت بیانکات، بۆ نموونە ئەرکی ماڵەوە.
لێمەگەڕی بۆ خۆ دزینەوە لە قوتابخانە، خۆی نەخۆش بخات.
دەکرێ دووربینێکت پێ بێت و لە دوورەوە (هەندێکجار )سەیری منداڵەکەت بکەیت،
بەڵام مەبە بە هێلی کۆپتەر.
ڕەنگە دەرەوە پڕ لە مەترسی بێت بۆ منداڵەکەت، بەڵام ناکرێت لەناو شووشەی دابنێت.
لێیگەڕی با بەرەنگاری ناخۆشییەکان بێتەوە.