نوچەنێت-نەوزاد عەلی
نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر و سەرداوێک هەیە کە نزیکەی ١٢ پێشمەرگەی دیلی دەستی داعش کەوتبێتنە باغۆز.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ژمارەیەک پێشمەرگەیان بەدیل کەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش، بەشێکیان لێ شەهیدکران و بەشێکیشیان بەدیلی مانەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێخ عیرفان بەرزنجی، نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی داعش لەهەرێمی کوردستان، سەبارەت بە چارەنوسی پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش، ڕایگەیاند “ئێمە بەردەوام بەدواداچوونمان کردووە بۆ دیاری کردنی چارەنووسی پێشمەرگە دیلەکانی دەستی داعش، ئەگەر و سەرداوێک هەیە، کە نزیکەی ١٢ پێشمەرگەی دیلی دەستی داعش کەوتبنە باغۆز، ئەوەش لەڕێگەی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی داعش، کە لە باغۆز دەستگیرکراون، دەستکەوتووە. ئێستا بەوردی کار لەسەر ئەو زانیارییانە دەکەین، بەڵام جارێ نەگەیشتووینەتە ئەنجام”.
نوێنەری کەسوکاری پێشمەرگە دیلەکان جەختیشی کردەوە لەوەی، کاری زۆر جددی کراوە لەسەر ئەو زانیارییانە و لە ڕێگەی هەموولایەنە پەیوەندیدارەکانە هەماهەنگی تەواوکراوە بۆدیاری کردنی چارەنووسیان. گوتیشی “ئەو پێشمەرگە دیلانە پێشتر لە باغۆز بوونە، بەڵام قسەش هەیە کە گواسترابنەوە بۆ شوێنێکی تر”.
شێخ عیرفان بەرزنجی زانیاری زیاتری لەسەر پێشمەرگە دیلەکان ئاشکراکرد و ڕایگەیاند “زانیاریمان پێگەیشتووە کۆمەڵێک پێشمەرگەی دیل لە زیندانەکانی بەغدا هەن، کە پێشتر لەگەڵ داعشە دیلەکان گواستراونەتەو، لەلایەن حکومەتی عێراقی”.