نوچەنێت
دارا محهمهد ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، و هزیر له كابینهی پێنجهمی حكومهتی كوردستان، لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت، دامهزراندنی حكومهتێكی بههێز به چارهسهری كێشهكانی كوردستان دهزانێت لهگهڵ عێراقدا، دهشڵێت، تا نەبین بەدەوڵەت مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
نوچەنێت: ئێوە لە کابینەی پێنجەم وەزیربوون. سەردەمێک ئەو کابینەیە پێكهات کە ماوەی دەساڵبوو ئیدارە دابەشکرابوو. قۆناغێکی سەخت بوو بۆ متمانە، چۆن لەو کابینەیە توانیتان دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە؟ چؤن ئەو متمانەیە دروستکرا كه هەمووتان کاربکەن بەوشێوەیەی کە هەبوو؟
دارا محەمەد: باردودۆخی ئەوکات جیاوازبوو. بارودۆخێک بوو کە دوای شەڕی ناوخۆو روخانی رژێم و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی بەسەر ناوچەکەدا هات، هەموو کۆک بوون لەسەرئەوەی کە نابێ دووئیدارەیی بمێنێ، ئەگەر بمانەوێ بە مافەکانی خۆمان بگەین دەبێ حکومەتێکی یەکگرتوو دروست بکەین. جگە لەوەی دۆستەکانی کورد لەدوور تانزیک، ئەمریکا تا دراوسێکان سوربوون لەسەر ئەوەی حکومەتێکی یەک ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان بوونی ههبێت.
دەبێ ئەوە نەشارینەوە کە ئەوکاتەی حكومهتی یهكگرتوو دروست بوو، هێشتاش دوو وەزارەتی ناوخۆ، دارایی، پێشمەرگەو دادمان هەبوو، کە ئەوانە ناچاری بوو ئەگەرنا دەبوایە یەک بوایە. ئەوکاتە هەموان باوەڕمان وابوو کە دەبێ حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو دروستببێ، ههر لهبهر ئهوه بوو كه ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامی داواکاریمان تەنیا یەک وەزارەت بوو. هەموان بیرمان لە ئامرازی کارکردن بۆ دروستبوونی ئەو حکومەتە دەکردەوە.
بۆ ئهو یهكگرتنهوهی حكومهتیش سەرۆکی حکومەتی ئەوسا هاوکار بوو، هەرچەندە زۆر کێشە رووبەرووی بۆوە بەڵام خۆی راستەوخۆ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدا و دەچووە ناو مەسەلەکانەوە. من بیرمە جاری واهەبووە لە وەزارەتێک لەسەر هەڵواسینی رەسمێك کێشە دروستبووە بەڵام سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی زۆر بەجددی لەو بوارەدا هاوکاربوون کە رێگە نەدەن کێشە دروستبێت و کاریان بۆ دروستبوونی حکومەتێکی یەکگرتوو دەکرد.
یەک خاڵێ تریش گرنگ بوو ئەوکاتە لەبەرئەوەی لە بەغدا بودجەیەکی باش دەهات، پڕۆژەکان دەستیان بە جێبەجێکردن کرد، سەرەتای دەرهێنانی نەوت بوو لە هەرێمی کوردستان. نرخی نەوت گەیشتە ١٠٠دۆلار کە نرخێکی خەیاڵی بوو. هەموو ئەوانە یارمەتیدەربوون بۆ زاڵبوون بەسەرکێشەکانداو بەرقەراربوونی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان.
نوچەنێت: واته هەماهەنگی نێوان ئێوەو وەزیرەکان و سەرۆکایەتی کابینەکە لە ئاستی پێویست بووە، پێتوایە لەکابینەی داهاتووش کە لە دۆخێكی هەستیارداین بتوانرێت ههموان بەهەمان ئەو رۆحیەتە کاربکرێت؟
دارا محەمەد، کابینەی سەرکەوتوو بەجۆرێک بهدی دێت کە وەکو یەک تیم کاربکەین، سەرۆکی حکومەت کە کەسایەتییەکی تازەیە رۆڵی زۆر گەورەی لهسهره بۆ ئەم مەبەستە. گرنگه بەیەک چاو سەیری وەزیرەکان بکات، لەبەرئەوەی سەرۆکی حکومەت لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە زیاتر گوێ بۆ وەزیرەکانی تربگیرێت و پشتیوانیان بکات، وابکات وەزیرەکان هەست بکەن لەناو ماڵی خۆیاندان، سەرۆکی حکومەت وەکو براگەورە کاریان لەگەڵ بکات، ههروهكو كابینهی پێنجهم.
بیرمە کاتی خۆی هەندێ وردەکێشە لەوەزارەتەکاندا هەبوو، کاک نێچیرڤان کە سەرۆکی حکومەت بوو لایەنگیری خەڵکە پارتییەکەی نەدەکرد، بەبەڵگەو نموونە لامە. ئەوەیەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی کابینەکەی بوو. سەرۆکی حکومەتی ئێستاش دەبێ بەو نەفەسە کاربکات کە دەستوەردانی حزبی لەناو حکەمت ببڕێت و حکومەت ببێتە حکومەتی هاوڵاتی، لەدنیاشدا وایە سەرۆکوەزیران دەتوانێ رۆڵێ گرنگ و سەرکەوتوو لە کابینەی حکومەتدا ببینێ.
نوچەنێت: پێتوایە زەمینە بۆ ئەوە لەباربێت؟
دارا محەمەد: لە سستمی دیموکراسیدا حکومەتی بەهێز ئەوەیە کە زۆرینە پێکیدێنێت و ئۆپۆزسیۆنێکیش هەیە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات، بەڵام لەبەربارودۆخی هەرێمی کوردستان کاتی خۆشی گوتمان، با حکومەتەکە تەوافقی بێت و کەس لەدەرەوەی حکومەت نەمێنێتەوە.
ئەمجارەش بهگهڕانهوهی یەکێتی نێشتیمانی بۆ رێككهوتن دەکرێ بڵێین، ئەو حکومەتە بەهێز دهبێ، دەبێ متمانەی تەواو بەیەکتر هەبێ، بڕیارەکان بڕایری ئەنجوومەنی وەزیران بێت و بڕیاری تاک لایەنەی تێدا نەبێ. حکومەت ئاگاداری هەمووکاروبارەکان بێ، لەوەیاندا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رۆڵی گەورەی دەبێ کە ئەو براگەورایەتی و رابەرایەتی ئەو کابینەیە دەکات.
گرنگه خۆی راستەوخۆ رووبەرووی کێشەکان ببێتەوە، راستەوخۆ تەدەخول بکات ئەگەر بۆی بکرێت زۆرگرنگە بهمەیدانی کێشەکان چارەسەبکات، هەوڵبدرێ لەم قۆناغە لانی کەم وەکو پەنجا بە پەنجا نەماوە ئاسەواری شەڕی ناوخۆ نەهێڵێ، لە خانەقین تا زاخۆ بەسەری بکاتەوە. یەکێک لەو تێبینیانەی کە لەچوارساڵی رابردوو لەسەر حکومەت هەمبووە. کاتێک پڕۆژەیەک دەکرا لەهەندێ شوێن دەیانگوت بەبڕیاری سەرۆکی حکومەت و لە هەندێ شوێن دەیانگوت، بەبڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەت ئەم پڕۆژەیە جێبەجێکرا. ئەمە شتێکی هەڵەیە چونکە بڕیار بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە بڕیاری حکومەتی هەرێمە نەک بڕیاری شەخس، ئەم جۆرە لە کارکردن خزمەتی بەکەس نەکردووە. من ئێستاش باس لەوەدەکەم، کە کاک نێچیرڤان زۆر هەوڵیدا بۆسەرکەوتنی کابینەی پێنجی حکومەت، فعلەن سەرکەوتنیشی بەدەستهێنا.
نوچەنێت: بەگستی کارەکانی کابینەی پێنجەم چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ چۆن بەراوردی دەکەی بەئێستا، کە هەموان دەڵێن لە قۆناغێکی سەختدا بوو؟
دارامحەمە: ئەوکاتە سەرەتای نەهێشتنی دووئیدارەیی بوو. چوارپێنج وەزیری دووبارەمان هەبوو، پەنجابەپەنجا مابوو. ئێستا بارودۆخەکە زۆرگۆڕاوە. کارەساتێک بەسەر کوردستاندا هاتووە بەڵام لەهەمان کاتیشدا دووئیدارەیی نەماوە، ئەوەنەماوە کە تەنیا دووحزب هەبێ. کۆمەڵێک لایەن و پارتی سیاسی هەن. بەشێکیان لە حکومەتن و بەشێکیان لەدەرەوەی حکومەت، هەموو پشتگیرییەکانی ناوخۆو دەرەوەش پشتگیری لە دروستبوونی حکومەتێکی یەکگرتوودەکەن. خەڵک لەگەڵ بەشبەشکردنی کوردستان نییە.
راستە کێشە دارایی ههیە بەڵام کێشەی دارایی ئەمساڵ بە-بەراورد بەساڵانی پێشوو زۆر کەم بۆتەوە، بەرەوچارەسەر دەڕوا. هەم نرخی نەوت بەرزبۆتەوە بۆ ٧٠ دۆلار، هەم بڕە بودجەیەکی باش لە بودجەی فیدڕاڵی بۆ هەرێم تەرخان کراوە. ئەمانە هەموو هاوکارن بۆ سەرکەوتنی حكومهت، پێویسته کەس خۆی لە حکومەت و پەرلەمان بەگەورەتر نەزانێ، ئەگەر پەرلەمان بانگهێشتی وەزیرێکی کرد بۆ لێپرسینەوە بچێت. دووبارە دەڵێم، ئەگەر کابینەی نوێ جەنابی کاک مەسرور کە کاندیدە رێگەنەدات بە دەستوەردانی حزبی بەهەموو شێوەیەک، یەکێتی و پارتیش هاوكاری بن، ئەوە زۆر سەرکەوتوودەبێت.
نوچەنێت: لە ئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
دارا محەمەد: تا ئەوکاتەی دەبینە دەوڵەت مەترسی هەر دەبێت، چونکە ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین تەنانەت دراوسێکانیشمان پشتگیری ئەوەناکەن ئێمە سەربەخۆ بین و وڵاتی خۆمانمان هەبێ، کۆمەڵێك کێشەمان لەگەڵ عیراقدا هەیە هێشتا چارەسەر نەکراوە، کۆمەڵێک مافی دەستوریمان هەیە.
راستە ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاوکارە سەرۆکی کۆمار کوردە هاوکارە، بەڵام دەرئەنجام ئەمە هەڵوێستی هەمووحزبە سیاسییەکانی عێراق نییە، بۆیە ئێمە تا ئەو مافە دەستورییانە وەردەگرینەوە تا کێشەی ناوچە جێ ناکۆکەکان چارەسەردەکەین. تا ئەم دراسێیانەش ئەم هەڵوێستەیان هەبێت، دەبێ بڵێن مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.
هەندێ لە مەترسییەکان دەرەکی و هەندێ ناوخۆن، یەکێک لە مەترسییەکان ترسی دوو ئیدارهییه دهبێت رێگە نەدەین دووئیدارەیی دروست ببێ، چونکە ئەوە زەبرێکی کوشندە دەبێ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە پێویستمان بەیەک حکومەتی بەهێزی تۆکمەیە بۆئەوەی وردەوردە ئەوکێشانەی هەمانە بەتایبەت هەندێ کێشە کە دوای ریفراندۆم دروست بوو، هەوڵ بدەین لەم چوار ساڵەدا چارەسەری بکەین.
داواکاری من ئەوەیە، دوای ئەوەی یەکێتی بڕیاریدا بچێتەوە ناوحکومەت، کە بڕیارێکی گرنگ بوو، چونکە من پێموایە کە یەکێتی بەبێ حکومەت ناتوانێ بژی و درێژە بەکارەکانی خۆی بدا لە پەیامەکانی پێشتوتریشدا هەر گوتومە ئەگەر نەشچوایەته حکومەت پێـموایە کێشەو گیروگرفت دروست دەبوو.
بۆیە ئێستا دەکرێ حکومەتێکی بەهێز دروست بکەین حکومەتە بەپێی یاسا بڕوات بەڕیوە، وەکو یەک تیم کاربکەن، زەمینە بۆ ئەوە لەبارە. پشتیوانی ناوخۆو نێودەوڵەتی هەیە بۆجێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستورییانەی هەمانەو هەروەها ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانن، وەکو کێشەی بودجەو پێشمەرگەو ناوچە جێ ناکۆکەکان، کە ئەمانە لە پێشەوەن. بەدڵنیایی ئەگەر وەکو یەک تیم کاربکەن ئەم کێشانە چارهسهر دەبن.