بەهرە حەمەڕەش
دوابەدوای توندکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، داوا لەو وڵاتانەکرا، کە نەوت لە ئێران دەکڕن جێگرەوە بدۆزنەوە، بەپێچەوانەوە بەر سزای ئەمریکا دەکەون.
لە سەرەتادا تورکیا، نەیدەویست مل بۆ ئەم هەڕەشەیەی ئەمریکا بدات، کاتێک ئەمریکا هەرێمی کوردستانی وەک جێگرەوە بۆ تورکیا دیاریکردبوو لە رووی مامەڵەی نەوت و گازەوە، بەو بیانووەی تورکیا نایەوێ هەرێمێکی کوردی بەهێز لە ناوچەکە هەبێت.
ئەم نیازەی تورکیا ئاشکرایە و وێڕای پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی هەرێم، مامەڵەی لە گەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی مامەڵەیەکی دوژمنکارانە بوو. ئەوان بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەربڕێ، ئەگەرچی لە ساڵانی پێشتر تورکیا هەمیشە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ ئەم پارچەی کوردستان کردووە.
ئێستا لە کاتێكدا، تورکیا جگە لە مامەڵەکردن لە گەڵ حکومەتی هەرێم، وەک جێگرەوەی ئێران چارەی تری نییە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی هەولێری کرد. بەپێی خوێندنەوەکان تورکیا دەیەوێ وەکو ئاستی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی هەرێم، بۆ ساڵی ٢٠١٤ بگەڕێنێتەوە.
تا ئێرە دەتوانین بڵێن، ئەوە سیاسەتە و شەڕێک هەیە خێری حکومەتی هەرێمی تێدایە، بەڵام ئەوەی پرسیار و جێی سەرنجە، کۆبوونەوەی مەولود چاوش ئۆغڵو بوو لە گەڵ یەکێتی و پارتی بەجیاواز. ئەگەر بڕیارە تورکیا مامەڵە لە گەڵ حکومەتی هەرێم بکات، دەبوایە وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە گەڵ هەردوو بەڕێزان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، پێکەوە کۆبوونەوەی کردبا و وەکو حکومەت بڕیار بدرایە. نەک کۆبوونەوەی جیاواز!
مامەڵەکەی تورکیا بەمشێوەیە لە گەڵ هەردوو حزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، ئامانجی دیارە، بەڵام ئایا یەکێتی و پارتیش بە مەبەست بەجیا لە گەڵ تورکیا کۆبوونەوە یان غافڵگیرکران؟
ئەوە پرسیارێکە و دەکرێ داوای وەڵامی بکرێت.